ما 5113 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەگەرچی دەست، باسک، روخسار و بە گشتی جەستەی لێرە و لەوێ بریندار ببوو و دێشا، بەڵام خۆشحاڵ بوو. خۆشحاڵ لەوەی سەرئەنجام بڕوێشەکەی گەیاندبووە کۆترەکانی مەیدانی تەکسیم. ئیتستا ئیتر دڵنیا بوو هەم خۆپیشاندانی خۆپیشاندەرەکانی مەیدانی تەکسیم سەردەگرێ و هەم ئەویش لەپاش ساڵانی ساڵ دەگاتە مەقسەد.

 

مەیدانی تەکسیم١

فەڕۆخ نێعمەتپوور

مەیدانی تەکسیم جمەی دێت. خەڵک وەک شارە مێروولە لەو شەقام و کۆڵانانەوە وا دەگەنەوە سەر گۆڕەپانەکە، دەردەکەون و دواتر وەک ئاوی ناو ئیسفەنج رێک لەناو مەیدانەکەدا ون دەبنەوە! تەکسیم، کۆتایی جیهانە. هەموو رێگاکان دەگەنەوە ئەوێ. هەڵبەت رێگاکان هەر ئەمە نین. شارەمێروولەکە لە ژێر عەرزیشەوە هەڵدەقوڵێ،... لە وێستگەی میترۆکەیشەوە. حەشیمەت کۆتایی نییە. خۆی لە خۆیدا هەڵدەقوڵێتەوە. خۆی سەرچاوەی خۆیەتی. وەک کانیاوێکی بێ شاخ و بێ کەژ لەپشتییەوە،... تەنیای تەنیا. هەر خۆیەتی و بەس.

کەس نازانێ 'شوێن' چۆن دەتوانێ ئەم هەموو جەستەیە لەخۆ بگرێ.

ئەم بە جانتایەک کتێب بەکۆڵەوە و گۆنییەکی دە کیلۆیی بڕوێش بە دەستییەوە رێک لە تەنیشت ئەو پلیکانانەدا راوەستاوە وا دەگەنەوە میترۆکە. کە رۆیشت پێیان گوت گەر رێت دەکەوێتە مەیدانی تەکسیم ئەوا حەتمەن بڕوێشیش لەگەڵ خۆت بەرە. وتیان کۆترەکانی ئەوێ زۆرن و چاوەڕوانی رێبواران. وتیان هیچ خۆپیشاندانێک لەو مەیدانە بەبێ تێرکردنی کۆترەکان سەرناگرێ. وتیان هیچ رێبوارێکیش بە بێ تێرکردنی ئەوان، ئەبەد ناگاتە مەقسەد. ئەمیش بەقسەی کردن،... ئەگەرچی رێگا وەک هەمیشە دووربوو و، ئەویش وەک هەمیشە ماندوو. چاوی گێڕا. مەیدانەکە، لێرە و لەوێ پڕی کۆترەکان بوون. ئەو کۆترانەی سرک دەنیشتنەوە و پاشماوەی ئەو رێبوارانەیان بە دەندوک هەڵدەگرتەوە وا فڕێیان دەدایە سەر زەوی،... ئەو کۆترانەی دانەوێڵەی ئەو رێبوارانەیان بەهەڵەداوان هەڵدەدایە جیکەڵدانەیانەوە وا بە کیسەیەکی بچووک بە دەستەوە هاتبوون رزقیان بگەیەنن. کۆترەکان ئەگەرچی بە گوێرەی عادەت لە مرۆڤەکان دڵنیا بوون، بەڵام جۆرێک لە سرکییان تیا دەبنیرا،... باڵەکانیان هەردەم ئامادەی فڕینێکی تر بوون!... سروشت بەتەواوی جێی نەهێشتبوون.

کتێبەکان قورس بوون و شانیان ئازاردەدا. بە تەلیسی بڕوێشەکەیش، بەری دەستەکانی سوورهەڵگەڕابوون. بەڵام خەنی بوو، خەنی چونکا ئیتر دەیتوانی لەپاش بڕینی ئەو رێگا دوورودرێژە، سەری تەلیسەکە هەڵپچڕێ و بیاندا بە کۆترەکان و ئیتر بۆ هەمیشە قوتاری بێت. ئیتر تەنیا کتێبەکان دەمایەوە. وەک هەمیشە.

بەڵام پەلەی نەکرد. مادام کە گەیشتبوو ئیتر پێویست نەبوو لەوە زیاتر خۆی سترێس بکا. تەلیسەکەی دانا، کۆڵەپشتییەکەیشی داگرت و ئەوسا سمتی دادایە سەر نیوە دیواری پلیکانەکانی میترۆکە. پاشان هەر دوو باسکی لەسەر سینگی قوفڵ کرد و بە جوانی کەوتە رووانینی دەورووبەری. نیگای بەرەو مۆنۆمێنتی جومهورییەت راکێشرا. سەیری ئەتاتورک و پیاوە سیاسی و سەربازییەکانی پشت سەر و دەورووبەری کرد. سەیری ئاڵای تورکیا کە لە تەنیشتیاندا دەشەکایەوە. مرۆڤ کاتێک لە بەرد دروستدەکرێ چەندە بەئیرادە و راوەستاو دەنوێنێ. بە بێ هیچ چەشنە جووڵەیەک. ئەم بیرە لەگەڵ خۆی بردی. کەواتە جوڵە مرۆڤ نەرم و نیان دەکا. دایدەبەزێنێ. خاو و خلیچی دەکاتەوە. کتوپڕ پۆلێک کۆتر لەبەردەمیدا بە پەلە هەڵنیشتن. وەک بڵێی بۆنی گۆنییەکەیان کردبێ و دەیانزانی چی تیایە. کۆترەکان بە لاچاو لە کاتێکدا سەریان بەرەو حەوا بەرزدەکردەوە، لێیاندەڕوانی. لەهەموو هەیکەلیاندا چاوەڕوانی دەخوێندرایەوە. وەک بڵێی دەڵێن دەی زووکە،... چاوەڕوانی چیت! ئەم کە لەراستیدا چاوەڕوانی هیچ نەبوو، لەمانای نیگاکانیان نەگەیشت. لەوە تازەتر بوو بتوانێ ئیشارەتی کۆترەکانی مەیدانی تەکسیم بخوێنێتەوە. بۆیە سەری هەڵبڕییەوە و دیسان کەوتەوە رووانینی دەورووبەری، هەتاوی سەعاتی سێی دووانیوەڕۆ لە پشت ئاسمانی نیوەهەورییەوە خەریکی چاوەشارکێ بوو. بای تەڕی دەریای مەڕمەڕە روومەتی ختیلکەدەدا. دەستفرۆشەکان سەریان قاڵ بوو. دانەیەک لەسەر داشقەکەی خەریکی برژاندنی بەڕوو بوو. بەڕووەکان لە سەر ئاوری ژێریان وەک گوڵ دەپشکوتن. لەولاتر، یەکی تر خەریکی برژاندنی گەنمە شامی بوو، بێ هیچ چەشنە خوێئاوێک لە تەنیشتیدا. وردەواڵەفرۆشەکانی تریش هەر کامەی خەریکی ئیش و کاری خۆیان. پاشان منداڵە سواڵکەرەکان کە لەناو باڵای بەرزی رێبواراندا بە ئاسانی ون دەبوون، ئەو ژنەخۆفرۆشانەی بە سینگی مەڕمەڕین و روخساری تەواو مەکیاژکراوەوە لە هەر رێبوارێکیان وەک مشتەری دەڕوانی. لەناو جمەی خەڵکیدا ئەو دیمەنانە چەندە خێراخێرا گۆڕانیان بەسەردا دەهات. هەموو شتێ چەند خێرا دەبوو بە شتێکی تر، ئەگەرچی ئاپۆرا بە گشتی هەر هەمان ئاپۆرا بوو.

کتوپڕ لەو سەری مەیدان چاوی بە ماشینێکی سەربازی کەوت. لەو ماشینانەی دەڵێن فیشەک نایبڕێ. ماشینەکە راوەستا و ئەوسا ئەم چاوی بە دوو چەکدار کەوت کە لەگەڵ شۆفیرەکەی کەوتنە قسەکردن. پێی سەیری بوو کە بۆچی تائیستا ئەو دووانەی نەبینیبوو. کەمێک رقی لە گەمژەیی خۆی هەستا. ئاخر ئەو کە چیرۆکی ئەم مەیدانەی لەو دیو سنوور خوێندبووەوە و لە رێگای هەواڵەکانەوە ئاگای لەهەموو خۆپیشاندانەکان و هێرش و لێکدە و بەرەکانی پۆلیس و خەڵک ببوو، لەناکاو لەم مەیدانەدا دیمەنی تر سەرنجی قوستبووەوە. سەرێکی راوەشاند و جوانتر لە چەکدارەکان و سەیارەکە وردبووەوە. ئەوان چەند ساڵێک بوو ببوون بە بەشێکی جیانەکراوەی مەیدانی مۆنومێنتی جومهورییەت. وادیار بوو چیدی ئەتاتۆرک و پیاوە بەردینەکانی دەورووبەری نەیاندەتوانی پارێزگاری لە ئارامیی گۆڕەپانی تەکسیم بکەن. لە چاوەکانی ئەتاتۆرکی رووانی، هەستی کرد نیگاکانی تەنیا سارد و پۆڵایین نین، بەڵکو تووڕەیشن.

راست بووەوەو خۆی کێشایەوە. داهێزراوی ماندوویی، هەستی کرد دەبێ هەرچی زووتر خۆی بە هوتێلێکدا بکا، شوێنێکی هەرزان بۆ خۆشۆردن و حەسانەوە. هێشتا رێگا زۆری مابوو. وەک هەمیشە.

دانەوی. گۆنییەکەی کردەوە. بڕوێشی رەنگ سوور دەرکەوت. بزەیەک گرتی. باشە بۆ دە کیلۆ؟ بۆ نەدەکرا تەنیا کیلۆیەک لەگەڵ خۆی بێنێ؟ بەڵام خێرا وازی لەم بیرە هێنا. دڵنیا لەوەی یەکەمجارە کۆترەکانی مەیدانی تەکسیم بە ژیانیان شتی وادەخۆن، دەستی برد و مشتێ بڕوێشی هەڵگرت. فێنکایی دنکەکان سەرسامی کرد. بێگومان ئەوەندە بە ئاسانی لەم دە کیلۆ بڕوێشە رزگاری نەدەبوو. هەموو کۆترەکانی گۆڕەپانەکەی پێ تێردەکرد. ئیتر هەتا دەژیا، دۆعای خێری کۆترە برسییەکانی دراوسێی ئەتاتورکی بە شوێنەوە دەبوو. وەک یەکێک لە دراوسێکانی گوتبووی ئاهەنگی نووسینی هەموو کتێبە پیرۆزەکان لە سەر ئاهەنگی خوێندنی کۆتر چێکرابوو. سەرێکی بادا و بە خەیاڵی مرۆڤ سەری سووڕما.

هێشتا وەرنەگەڕابوو کە فێنکایی باڵ لێدانی چەند کۆترێکی لەسەر روومەتی گەرمی خۆی هەست پێکرد. ئەوان جووڵابوون. کۆترکان لەهەر کەسێکی تر لەناو ئەو ئاپۆرا رەش و بێ ئەژمارەدا باشتر چاوەکانیان دەیانبینی. بزەیەکی هاتێ. گەر سەرەتای ئاوا بێ، ئاخۆ کۆتایی چۆن دەبوو؟ داخۆ چەندەی لێکۆدەبنەوە؟ بەڵام نا، نابێ گوێ بداتێ. گرینگ ئەوەیە کە ئەمە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی ئەو دەیتوانی زۆر خێرا لەدەستی دە کیلۆ بڕوێشەکە رزگاری بێ و بە کتێبەکانییەوە روو لە هۆتێلەکە بکا و لەوێوە ئیتر درێژەی رێگا،... . وەک هەمیشە.

بەڵام هێشتا دەستی لەناو گۆنییەکە دەرنەهێنابوو کە سێبەرێکی گەورە لە پشت نیوەدیوارەکەوە بەپڕتاو دەرکەوت و هەموو دونیای ئەوی تاریک کرد. سێبەرەکە لەیەک چرکەدا بەقەد هەموو ئاسمانی سەر سەری ئەو کشا. سێبەرەکە پەڕییە سەر سەری. جەستەی نیوەچەماوەی تەختی زەوی کرا. بە شوێنی دا چەند کەسی تر لەملاولاوە ئەوانیش بەسەریا کەوتن. دونیا تاریک هەڵگەڕا. هەناسە کێشان کە تا تاوێک لەوە پێش ئەوەندە ئاسان دەهاتە پێش چاو، کتوپڕ بوو بە ئەرکێکی دژوار. رێگای بەرەو جیهانی دەرەوە هەتا دەهات تاریک و تاریکتر هەڵدەگەڕا.

 کۆترە برسییەکان هەراسان دوورکەوتنەوە. ئەم کە لە زمانی سێبەرەکە و هاوڕێکانی نەدەگەیشت، هەوڵی دا بە جوڵاندنی ئەو دەستەی لەناو تەلیسەکە مابووەوە و ئیستا ژێر خۆی کەوتبوو، خۆی لەو ژانە بەژانە رزگار کات کە لە یەک چرکەدا گەیشتبووە ئاسمانەکان. بەڵام مەگەر دەکرا؟ بڕوێشەکە بەلادا کەوت و بڵاوبووەوە. دیسان لە ژێر سینگی رووتی هەستی بە فێنکایی دنکەکان کردەوە. نەڕەنەڕەکان خەریک بوو گوێیان کەڕدەکرد. هەموو جەستەی لەژێر باری گرانی جەستەکانی تردا دەیناڵاند. چەندەی خایاند،... نازانێ. کتوپڕ هەناسەکێشان ئاسانتر بووەوە و خۆی بە کەلەپچەکراوی بینییەوە بە چەند هەنگاو لەولاتر بە چەند پۆلیسی چەکدار بە دەورییەوە. خەڵکێکی زۆر کۆببوونەوە، لە کاتێکدا پۆلیسەکانی تر هەوڵیان دەدا لە شوێنی رووداوەکە دوور و دوورتریان بخەنەوە. ئەم کە هێشتا نەیدەزانی چی بووە و چۆنیەتیی رووداوەکەی بۆ کۆنەدەبووەوە، وڕ و کاس لە دەورووبەری خۆی رووانی.

***

کتێبەکان ئەگەرچی لێرە و لەوێ پەڕەکانیان دڕابوون و بەرگەکانیان ئازاردرابوون، بەڵام بەگشتی لە شوێنی خویان و وەک خۆیان مابوونەوە. ئەم ئارام ئارام خستنییەوە ناو جانتا پشتییەکەی و دیسان دایەوە بە کۆڵیا. وەک هەمیشە.

تا دوورکەوتەوە، ناوەناوە لایکردەوە و لە گۆنییەکەی رووانییەوە. ئەو گۆنییەی لەبەر تەوژمی هێرشی کۆترەکانی مەیدانی تەکسیم، ئیستاکە نەدەبینرا.

ئەگەرچی دەست، باسک، روخسار و بە گشتی جەستەی لێرە و لەوێ بریندار ببوو و دێشا، بەڵام خۆشحاڵ بوو. خۆشحاڵ لەوەی سەرئەنجام بڕوێشەکەی گەیاندبووە کۆترەکانی مەیدانی تەکسیم.

ئیتستا ئیتر دڵنیا بوو هەم خۆپیشاندانی خۆپیشاندەرەکانی مەیدانی تەکسیم سەردەگرێ و هەم ئەویش لەپاش ساڵانی ساڵ دەگاتە مەقسەد.

ئیتر ئەمەیان نەک وەک هەمیشە!

 

ژێرنووس:

 

١ـ مەیدانی تەکسیم مەیدانێکی بەناوبانگی شاری 'ئیستانبوول'ە کە لەم ساڵانەی دوواییدا بووە بە شوێنێکی گرینگ بۆ دەربڕینی ناەڕزایەتی وخۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا. ئەم مەیدانە بەتایبەت بووە بە هێمایەک بۆ ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی ئەردوغان لەم وڵاتەدا.

Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت