ما 7275 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

لەئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

ئەو حیزبانەی بەدەم ئەم هەڵبژاردنەوە هاتبوون، هەر وەک کاندیداکان دوان بوون. بەڕێوەبەرانی ئەم پارتانە هەوڵیان ئەوە بوو، زۆرترین ژمارەی ئەم خەڵکە لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە. هەر تاقمێک لە کاموروکۆ  بە پێی شوێن و گەڕەکی خۆی دابەش ببوون. یەکێک لە باشوور، ئەویدی لە باکووری دێوە. 

 

دێمۆکڕاسی دووڕەگە

لەئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

ڤێنزۆئێلا رۆفینۆ بلانکۆ فۆمبۆنا ١٩٤٤ـ١٨٧٤

بلانکۆ فۆمبۆنا ساڵی١٨٧٤ لە کاراکاس پاتەختی ڤێنزۆئێلا لە دایک بووە. ئەو بە رەگەز لە بنەماڵەیەکی کۆنە بەگزادەی سپانییە.

کار و چالاکییەکانی بلانکۆ تەنیا نووسین نەبوو، بەڵکوو وەک سیاسەتوان، سەربازێکی شۆڕشگێڕ و فەرمانبەرێکی دەولەت، کاری بەڕێوە دەبرد. هەموو ئەمانە لەگەڵ ئەو سروشت و خووە جوان و ئازایانەی کە لەودا هەبوە، یارمەتیدەر بوون بۆ پێکهێنانی کەسایەتییەکی بەرچاو لە سەرتاسەری ئەمریکای لاتیندا.

بلانکۆ زۆر شوێنی ئەم دنیایە گەڕاوە. نووسینەکانی وەکوو: هەڵسەنگان، رەخنە، هۆنراوە، وتاری سیاسی، داستان و کورتەچیرۆکەکانی لە یەکەم کۆکراوەدا سالی ١٩٠٠هاتونەتەدەر. دێموکڕاسی دوڕەگە لەوە دەچێ جوانترین کورتەچیرۆکی بێت.

ئیساک گۆڵدبەرگ ئەم چیرۆکەی کردوە بە ئینگلیسی.

دێموکڕاسی دووڕەگە                                               

گوندەکەی کاموروکۆ لەسەر یەک لەو رێگایانە هەڵکەوتووە کە بەرەو دەشتێ دەچن. جادەی ماشێن، وەک چۆن پیاوێکی تەڕپۆش قژەسەری خۆی لە یەک جیا ئەکاتەوە، رێک ئەم گوندە چکۆلەیەی کردوە بە دوو کەرتەوە و بەرەو دەشتە چۆڵ و بێ دار و درەختەکان دەکشێ. ئاواییەکە لە دوو ریزە ماڵ لە قەراخ ئەم جادەیە پێکهاتوە. ئەم ماڵانە دەڵێی بەدزییەوە دەڕوانن بۆ ئەو رێبوارانەی لەوێوە دێن و دەڕۆن. خانووەکان لە دوو ریزە چۆلەکە دەچن، کە لەسەر دوو هێڵی هاوڕێکی سیمی تەلەگراف هەڵنیشتبن. هەر لەو نزیکانەشەوە چۆمە گەورەکەی گواریکۆ، کە دەشتەکەی پامپاس تێراو دەکا دەڕواتە خوار. لە نێو لمەکانی قەراخ ئاوەکەی ئەم چۆمە، پانکەماسی بەبێجووڵە، هەروەک لەخەودا بن ماونەوە. لە بەستێنەکەشدا تیمساحەکان بە دەمی نیوەکراوەوە لە خەوی نیوەڕۆیاندان.

کات کاتی هەڵبژاردنە؛ پارێزگاری ناوچەکە دەبێ هەڵبژێردرێ. بە گەلێک هۆکاری سیاسی روون، سەرنجی بەشێکی زۆری خەڵکی کۆمارەکە لەسەر مشتومڕی دووبەرەکی کۆ بۆتەوە. ئێلفارۆ رۆژنامەی کوێرە دێکانی نێو دارستانە دوورەکان، کە بەمبۆنەوە دامەزراوە، لە یەکەم ژمارەی خۆیدا دەنووسێ: ''رەنگە یەکەمجار بێت لە کاموروکۆ، کۆتایی بێ بەوەی، هەڵبژاردن تەنیا بە کاری ژمارەیەک وردەسیاسەتوان و خاوەنکارگەکان بزانێ؛ لەوانەیە یەکەمجاریش بێ لە کاموروکۆ ، دەسکەوتی هەڵبژاردن بەرهەمی دەستی خەڵکانی خاوێن و دروستکار بێت.''

ژمارەی کاندیدا پاڵێوراوەکان کەم ببونەوە بۆ دوو کەس. ئێوارەی پێش هەڵبژاردنەکە گەورەپیاوانی ناوچەکە، کە ئاژەڵدارەکان بوون ، خەڵکێکی زۆر لە کرێکاران، جووتیارانی ملکەچ، پیاوانی سادە و ساکاری ئەو دەشتانەیان کە سەریان لە هیچ شتێک تەنانەت لەوەی کە سبەینێ دەبێ چی بکەن، دەرنەدەچوو؛ هێنابوە شارەکەی نزیکیان کە ناوەندیکی بازرگانی دانیشتوانی هەرێمەکە بوو. ئەم خەڵکە وەکوو گاگەل بە ناوی هاووڵاتی واتە دەنگدەر کۆ کرابوونەوە.

جلوبەرگی زۆرترینی ئەمانە، پێکهاتبوو لە: شەڕواڵێکی کار، کراسێکی رێ رێ، سەرپێیەکی کەنەف، کڵاوێکی سپانیولی لێوارپانی قووتکە بڵیندی زافەرانی رەنگ، قایشێکی راست و چەپ بە کەمەریانەوە وەک حەمایلی شمشێر و تەورداسێکیش وەک چەکێکی هەمیشە حازر.

ژمارەیەکی زۆری ئەم هاووڵاتییە ساکارانە، بە باڵا مامناوەندی، ماسوولکەدار، برونزەی بەر خۆرەتاو، یان ئاوێتە خوێنی، پیاوە دەشتنشینەکانی ئاپوور و ئاروکایان ئەهێنایەوە بیر. ئەو پیاوە ترسناکانەی ژێنڕاڵ پائێز لەنێو لەشکرەکەی بولیواردا، ئەو شەڕکەرە بەهێزانەی کە کەشتییە جەنگییەکانی سپانیایان داگیر کرد ، ئەوانەی کە بە سەدوپەنجا کەسەوە هەڵیانکوتابووە سەر شەشهەزار سەربازی مۆریللا لە مێدل کویسێرا.

ئەو قارەمانانەی پامپاس کە لە مێژوودا دەژین، لە چیرۆک و هەڵبەستەکاندا، دەژین، لە هۆنراوەکانی شەڕوشۆردا دەژین، زێدەتر لەوان لە یادی گشتیدا دەژین.

ئەو حیزبانەی بەدەم ئەم هەڵبژاردنەوە هاتبوون، هەر وەک کاندیداکان دوان بوون. بەڕێوەبەرانی ئەم پارتانە هەوڵیان ئەوە بوو، زۆرترین ژمارەی ئەم خەڵکە لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە. هەر تاقمێک لە کاموروکۆ  بە پێی شوێن و گەڕەکی خۆی دابەش ببوون. یەکێک لە باشوور، ئەویدی لە باکووری دێوە. هەر کە دەستەی پیاوانی بێگار گەیشتن، سەرۆکی هەر لایەنێک هەوڵی ئەوەبوو لەسەر ئەویتر سیخوڕی بکا، بۆ ئەوەی بزانێ چەند دەنگدەر بەوانی بەرانبەریان زیاد بوون. ئەوان بە هەندێک لەو کرێکارانەی سەرمەزرا کە جێگای متمانەیان بوون دەگوت:  '' ئاوەرە، بڕۆ چاوێک لەو بێمێشکانە بکە، لە حاڵێکدا کادرەکانی حیزبی بۆ روونکردنەوەی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەی سبەی دەبێ چیبکەن، لەم دەستەوە دەچوونە نێو ئەو دەستەی تر. بەڵام بە پێچەوانەی هەموو ئەم روونکردنەوانە، ئەم لادێیە سادانە هەندێک بەدگومانییان دەخستە روو. زۆریان وایان ئەزانی کە شۆڕشێک لە سازبووندایە. لە دانەیەک لەم دەستە و تاقمانەدا، بەتایبەت ئەم هەستە خێرا پەرەی سەند. دەمەتەقەیەکی دەشتەکیانە سەریهەڵدا. گاوانێکی خرپنە و قەڵەو، سوور هەڵگەڕاو هەر وەک سووسیس، بە پێکەنینەوە گوتی:'' هەڵبژاردن! کوڕە بەم زووانە تەق و تۆق دەسپیدەکا، جا کێ ئازایە خۆ وەشارێ.''

بەرانبەر بە ئەگەری روودانی ئەم چیرۆکە خەماوییە، گاوانێکی تر وتی: '' بەڵێ، بەمزووانە دوو تەقە ئەبیستین، ئەوجا کوڕینە بە خۆتان و قەمەکانتانەوە بڕژێنە دەر." ئەمەش بانگ و هاواری ئەفسەرانی شۆڕشگێڕ بوو لە مەیدانی جەنگدا. لە کاتی نەبوونی تەقەمەنی، شێوەی شۆڕشگێڕان وەها بوو، بەدوای یەک دوو تەقە، بە شمشێری رووتەوە هەڵیانئەکوتایە سەر سەنگەرەکانی دژمن. ئەگەر چی تفەنگی ماوزەری دوژمن یەکسەر تۆڵەی ئەکردەوە و لە چەند خولەکێکدا مەیدانی جەنگ پڕدەبوو لە لاشەی کەوتووی شۆڕشگێڕان، بەڵام ئەو چەند کەسەی کە دەیانتوانی بەزیندوویی بگەنە سەربازەکان، تۆڵەی هاوڕی کەوتووەکانیان دەسەندەوە. چونکە لە شەڕی دەستەویەخەدا، چەکی قورس نەک کۆمەک نییە بەڵکوو کۆسپیشە لە ڕێی خۆپاراستن لە بەرانبەر ئەو قەمە تیژانەدا. نە سەرەنێزەی تفەنگەکان و  نە هیج شتێکی تر سوودی نییە. لەو کاتەدا پیاو دەبێ لە میانی شەڕ و مردندا یەکیان هەڵبژێرێ.

 یەک لەو گاوانانە گوتی: ''ئەوەی کە من لەم کارە خۆشم نایە ئەوەیە کە راستییەکەی بەکەس ناڵێن. ئەگەر ئێمە بۆ شەڕ دەچین، دەی با بچین؛ بەڵام ئەوان نابێ ئەمە لە ئێمە وەشارن.''

هەموو کۆکبوون لەسەر رەوایی قسەی سکاڵاکەرەکە. ئەگەر ئەوان  راستییەکەیان بزانیایە، هیچ نەبێ خواحافیزییان لە ژنەکانیان، لە منداڵەکانیان و لە دایکەکانیان دەکرد.

''ئەمانە ئێمە بە مامر دائەنێن''

''نا، نا، نەک بە مامر، بە قشقەڕەمان ئەزانن.''

''ئەرێ راستە. ئەوان ناترسن ئێمە بۆی دەرچین و وەک ژن و مامران راکەینە پەناگەیەک، بەڵکوو دەترسن، قسەکە بدرکێنین، یان خۆ ناپاکی بکەین و کومەیسەر یان سەرۆکی پۆلیس لە سەرهەڵدانەکە ئاگادار کەین.''

پاشان پیرە پیاوێکی بەئەزموونی دوڕەگ، بە قژەسەرێکی بۆز و نێوچەوانێکی پڕ چرچ و لۆچ، بە هۆی کۆنە برینێکی قووڵەوە، بۆ دامرکاندنەوەی ناکۆکی رایە جیاوازەکان هاتە قسە. ئەو گوتی: ''کوڕینە، ئەمە شێوەی کردنی ئەمجۆرە کارانەیە. لە ٩٢دا کە ئێمە بە فەرماندەریی ژێنراڵ کریسپۆ، دەستمان دایە شۆڕش ...''  ئیتر کەوتە نێو بیرەوەریەکانی رۆژانی سەربازی و خەڵکەکەش بە تامەزرۆییەوە گوێیان بۆ هەڵخستبوو. لە ناوەراستی قسە و بیرەوەرییەکانیدا، یەکێک لە پارتە لیدێرەکان لە دوورەوە بانگی کردە ئەو پیاوە زۆربڵەیە. ''هۆ رەیمۆن، پیرە پیاو!'' 

رەیمۆن پیش ئەوەی وەڵامی بداتەوە، هەوڵیدا قسەکانی کورت کاتەوە. بەڵام سەرۆک دیسان بانگی لیکردەوە: ''رەیمۆن پیرە پیاو وەرە  ئێرە!''

ئەو دەیویست رەیمۆن خۆی تێبگا و ئەوانیتریش تێبگەیەنێ کە، ئەو کارانەی سبەی روودەدەن هێچ پەیوەندییەکیان بەشەر و شۆرەوە نییە و تەنیا هەڵبژاردنە بۆ دیاری کردنی سەرۆکی کاربەرێوەبەریی ناوچەکە.

شەو هات بەسەردا. تاریکی پەردە رەشە مەخمەڵیەکەی بەسەر ئەو دەشتە سەوزە و  ئەو رێگە ، لێرە زەرد و لەوێ خاڵ خاڵ و پەڵەی سوورەدا، بەسەر ئەو ئاسمانە شینە رووناکەدا کێشا . دەنگی شەو دەهاتە گوێ: ورشەی با، بۆڕەی گا، سیڕەی کوللان، واقە واقی بۆقان.

تیشکی ئەستێران سێبەریان سمی و هاتنە خوار، چاوە روونەکانی کواریکۆ بشۆنەوە.

سەعات هەشتە. کاموروکۆ دەچێتە خەو، چونکە ئەم گوندە چکۆلەیە سبەی زوو دەبێ لەخەو هەڵسێت؛ کاتێک ئەستێران چاو هەڵدێنن، ئەو چاوەکانی لێکدەنێ. تەنیا بارەگاکانی ئەم دوو حیزبەیە ، هێشتا ناڵەی گیتاری هەر لێدێ. ئەوەش گریان و سکاڵای دووڕەگەکانە بەرز بۆتەوە. هەموو ئەم دوانیوەڕۆیە بوتڵە ئارەقەکان دەستاودەست گەڕاون. ئەوە دەنگە ئاراملێبڕاوەکەی گیتارە، دێتە گوێ. کوڵی گریان و شین و رۆرۆی دووڕەگەکانی ئەو دەشتانەیە.

 لە گەنجینەی دڵە هەژارەکەمدا دوو ماچ قەت لەبیر ناچن دووهەمیان ئەوەی کە دامە دایکم یەکەمیشیان ئەوەی کە دامە تۆ لەسەر دەرکەی زیندان بە گەچ ئەم شیعرە نووسرابوو:   ئێرە ئەو جێگایەیە پیاوانی چاکی لێ خراپ دەبن و پیاوانی خراپیش خراپتر.

لە کاتی خوێندنی ئەم گۆرانییە، سەرۆکی حیزبەکە لەبەردەم خەڵکەکە دەرکەوت و گوتی: ''چۆنە کەسێک بچێت و چاوێک لەوبەر بکات.'' ئەوبەر واتە ئەو دەستەی تر. بە هەزاران دەنگ هاتنە وەڵام. من. من. من.

ئەو کەسەی بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژێردرا، کوڕە شوانێکی ڕەشکەڵە و چوارشانەی تەمەن بیست ساڵان بوو. هێشتا ردێنی نەهاتبوو. جووتێ چاوی وردی وەک دوو دەنکە ترێی رەش پێوە بوو. هەر کە هەستا بەرەو ئەرکە پێسپێردراوەکەی بروا، خوازیارەکانی تر دەستیان کرد بە گاڵتە کردن و قەشمەری کردنی.''چۆن ئەو مانگایەی دەنێرن؟''

''ئەگەر پیویستیت بە ئێمە بوو، بەدەنگی بەرز بقیژێنە، بیگومان دێین بە دەنگتەوە.''

"با ئەو ژنەش لەگەڵتا بێت.''

سەرۆک هاتە ناو قسەکانەوە. ''بێدەنگ بن بەرێزان، بێدەنگ بن؛ بچن بنوون. سبەی دوژمن دەبەزێنین.'' بەڵام کوڕەکە ، هەر لەبەر چاوی سەرۆکدا بە چەند جوێنی رەشۆکی وەڵامی دانەوە و هەستا کەوتە رێ. بەڕێوە بیری کردەوە: ''ئەم ناکەسانە چی بە مێشکیاندا دێ؟ ئەمە کە ئێمە سبەی دوژمن ببەزێنین؟ ئەمەوێ ئەمشەو شەڕێک هەڵگیرسێ! وائەزانن من ئەترسم. نابێ گوێ بدەم بەمانە، بەم چوارپێیانە!''

رێگا چۆڵ و هۆڵ بوو. سیبەر بەسەر هەموو جێیەکدا کشابوو. نمە نمە بارانیش دەباری. بەسەر باڵی کزەبایێکەوە بەئاستەم دەنگی مووزیکێک دەگەیشتە گوێی. ئەوە دەنگی خۆشی و شادیی حیزبەکەی دیکەیە. کەوتە بیری تانە و توانجی هاوڕێکانی. لەبەرخۆیەوە گوڕاندی: ''ئەم چوارپێیانە!''

لەپڕ لەو تاریکاییەدا، تارماییەک هاتە بەرچاوی، وریا بۆوە. تارماییەکە رووبەڕووی دەهات، کە هاتە پێش، ناسییەوە. پیرە پیاوێک بوو لە حیزبەکەی ئەولا. ''بۆ کوێ دەچی پیرەپیاو؟''

'' لەم دەوروبەرە هەوایەک تازە ئەکەمەوە.''

''هەوایەک تازە ئەکەیەوە یان سیخوڕی!؟ هاتوویە دەر بەسەرمانەوە سیخوڕی بکەی!؟''

''سیخوڕ! هەی دایکت وا، ناکەس.''

ئیتر قسەیەک نەما. دوو قەممە تاریکییان دڕی، سەری پیرە پیاو دووقڵیش بوو ، لە ژێر ئەو بارانەدا، کەوتە زەوی و لە نێو ئەو قوڕوچلپاوەدا وەک سەگ تۆپی.

کوڕە خێرا گەڕاوە بۆ لای لیدێرەکەی، بە بەرچاوی هەموانەوە، بەبێ خۆهەڵکێشان، ئەوەی کە ببوو گێڕایەوە.

یەکێک بە تیزەوە گوتی: ''پیرەپیاوێکت کوشتوە، ئەی بۆ پیرێژنێکت نەکوشتوە؟''

سەرۆک بە رووگرژییەوە بەڕوویا هەڵشاخییەوە: ''ئەتۆ تاوانێکت کردوە کە پێویست نەبوو بیکەی. ئێستاش دێن بە دواتا. من ناتوانم هێچت بۆ بکەم. خێرا دەرچۆ بۆ ئەو

 شاخانە.

کوڕە حەپەسا. "چی؟ راکەم بۆ ئەو کەژانە، وەک ئاژەڵێکی کێوی؟ کە وایە، راستە ئەوە تاوانە؟ بەڵام خۆ ئەو جنۆکە! مەگەر ئەو پیرە پیاوە یەک لەو دوژمنانەی ئێمە نەبوو؟

"برۆ کاکە!  بڕۆ لە کێڵگەکە هەواڵەکانت لێ ئەنێرمەوە."

کوڕە لە نێو پرووشەی باراندا، لەبەرچاوان ونبوو.... سەئەنجام دوای ماوەیەک، وەڕەز و ماندوو لە سووڕانەوە لەو ژیانە پڕمەترسییە، خۆی بە دادگا ناساند. ئەو بەیانییەی کە دەیانبرد بۆ هەڵواسین، ئیتر هێچ هیوایەک نەمابوو بۆ دواخستنی سزاکەی، لەبەردەم دادگادا، فرمێسکی دەڕژاند و بەدەم گریان و هەنیسکدانەوە دەیگوت: "مەگەر نەماندەگوت دەیانبەزێنین. مەگەر ئەوانە دوژمنی ئێمە نەبوون؟''

 Bilderesultat for demokrati kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت