قادر نیکپوور
ده‌ربیجه
که بچینه نێو ناخ و ده‌روونی منداڵ بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که دنیای منداڵ دنیایه‌کی خاوێن و بێ فرت و فێڵه. بار و دۆخی ژیان، هه‌ڵس و که‌وتی دروست و نادروستی ئیمه‌یه چارەنووسی مندال دیاری ده‌کات. بۆ ناسینی دنیای منداڵ پێویست ناکات که پسپۆڕی منداڵ بین، گرینگ ئه‌وه‌یه که بە وردی وشیاری بخه‌ینه سه‌ر شێوەی بارهێنانی دروست که ببێتە بنەمایەکی درووست لە باری پەروەردەیی. هەڵس و کەوتی دروست به‌شێكی زۆر له گیر و گرفته‌کانی بنه‌ماڵە، واتە کۆمه‌ڵگا چاره‌سه‌رده‌کەن. وشیاری خستنه سه‌ر به‌شی تێگه‌یشتن له منداڵ پردیک له نێوان گه‌وره و بچووک دروست ده‌کات کە متمانە و بیر و باوەڕێکی پتەو پێک دێنێت. کاتێک باس له ره‌فتار ده‌که‌ین، به‌و واتایه ره‌فتاری ئێمه راسته‌وخۆ گرێدراوه به ده‌روونی ئێمه. یانی ئه‌و گڕ و تینه‌ی که ئاگر له ده‌روون به‌رده‌دات، بەشێکی زۆر لەم ئاگرە خەڵکی دەور و بەر دەگرێتەوە. "هەر وەک لە قەدیمەوە دەڵێن، هەر کەس لە قەراغ ئاگر بوەستێت، پڕیشکی وی دەکەوێت. ئەمە زۆر شتێکی راستە". ڕه‌فتاره‌کانی ئێمە له یه‌کتری ناچن، به پێی ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز جیاوازییان هه‌یه. بۆ چارەسەر کردنی کێشە دەروونییەکان پێویستیمان به زانستی ده‌روونناسی هه‌یه. تێگه‌یشتن له زانستی ده‌روونناسی هه‌ر له رۆژی یه‌که‌می ژیانی منداڵ پێویستە، بە تایبه‌تی بۆ ئه‌و کەسانەی که چاوه‌ڕوانی منداڵ ده‌که‌ن. گرینگه حاڵه‌ته جۆرا و جۆرەکانی منداڵ به باشی بناسین و به پێی حاڵه‌ته‌کان لە گەڵ منداڵ هه‌ڵس و که‌وت بکه‌ین، که هاوسه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانییەکانی منداڵ.
کاتێک ده‌ڕوانینه مێژووی مرۆڤ، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ته‌نیا ئه‌و گه‌لانه سه‌رکه‌وتوو و به‌خته‌وه‌رن که خۆیان به داب و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییەکان نه‌به‌ستۆته‌وه. کاتێک مرۆڤ ته‌نها هه‌وڵی خۆپاراستنی خۆی هه‌بێت و هه‌وڵ نه‌دات بۆ پێشکەوتن و گەشە ساندن، هەموو زەحمەتەکانی به‌زایه ده‌چێت، ئه‌وه‌ش نیشانه‌یه‌که له دواکه‌وتوویی مرۆڤ.
"بنه‌ماڵه پته‌وترین کۆڵەکەی کۆمه‌ڵگایه، رۆڵێکی گرینگی هه‌یه له راگرتنی هاوسه‌نگی خۆی لە کۆمه‌ڵگا. که‌واته بۆ گۆڕانی کۆمه‌ڵگا پێویستیمان به زانست و زانیاری هه‌یه، پێش که‌وتن و گەشە پێدان لە کردار و رەفتار، نەک لە قسە و گوفتار. زۆرجار ئێمه لە قسە کردن باشترین وه‌ستاین، بەڵام له کردار و ره‌فتار نیوه وه‌ستاش ته‌واو نین. یانی له‌گه‌ڵ خۆمان راستگۆ نین. قسەکانمان دژی رەفتارمانە، گرینگه لە هەر حاڵەتێکدا رەفتارمان لەگەڵ کردارمان یه‌ک بێت. به کورتی، کردارێکی باش له سه‌د گوفتار باشترە".
به‌خته‌وه‌ری و پێشکه‌وتنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک له گرێوی شێوەی په‌روه‌رده و بارهێنانی درووست دایه. بۆ گەیشتن بە ئازادی پێویستمان به شێوازی پەروەردەی درووست هه‌یه.
ده‌روونناسی
وشه‌ی "ده‌روونناسی" له دوو وشه‌ی "ده‌روون" (Psycho) و "ناسین" (Logy) پێک هاتووه، که ئەم دوو وشانە مانای(Psychology) دەدەن که به "زانستی ده‌روونناسی" ناوزه‌د کراوه.
ره‌گ و ریشه‌ی ئه‌م وشه‌یه له یۆنانی وه‌رگیراوه که "ده‌روون" یانی (Psycho) و "فێربوون" یان "ناسین" یانی (Logos). ده‌روونناسی رابردویه‌کی زۆر کۆنی هه‌یه. له‌و رۆژەوە که مرۆڤ گیانی له خۆی گرتووه یانی مرۆڤ خوڵقاوه. بەلام وشەی "سایکۆلۆجی" تازه‌یه.
سایکۆلۆجی، له‌سه‌روبه‌ندی چه‌رخی هه‌ژده خۆی له فه‌لسه‌فه هه‌ڵاوارد و، وه‌ک زانستێکی سه‌ربه‌خۆ ناسرا، که له کۆتایی چه‌رخی هه‌ژده له وڵاتانی ئه‌وروپی گه‌شه‌ی ساند. هه‌ر چه‌ند سایکۆلۆجی زانستێکی ساوایه، بەڵام مێژووی ئەو چیوا له فه‌لسه‌فه که‌متر نیه. ئەوەی کە فەلسەفە بۆمان باس دەکات، مرۆڤ لە هەموو کاتێکدا بیری خۆی به‌وه ته‌رخان کردووه که "میژوو" و "بوونی" خۆی بناسێت. ئه‌وه‌ی که فه‌یله‌سووفه گه‌وره‌کان وه‌ک سوقرات، ئه‌فلاتون و ئه‌ره‌ستو بیریان لێ کردۆته‌وه. لە روانگەی ئەوان مرۆڤ له دووبه‌ش پێک هاتووه، "له‌ش و ڕۆح". به یۆنانی له‌ش یانی (Soma)، روح یانی (Psyken). وە بەم واتایە ره‌فتار و کرداری ئێمە له پێوه‌ندی لە گەڵ "له‌ش و ڕوح" دایه. به پێی ئەم بەڵگانە ده‌رده‌که‌وێت که فه‌لسه‌فه و ده‌روونناسی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نیە.
سیگمۆند فرۆید (Sigmund Freud, 1939-1856) پزیشکی نه‌مسایی کە به باوکی ده‌روونناسی ناسراوه مێژووی سایکۆلۆجی دەگەڕێتەوە بۆ گوستاو تێۆدۆر فخنێر(Gustave Theodor Fechner) یانی پزیشکی ئه‌لمانی، ئه‌و کاته‌ی که کتێبی "سایکۆ فیزیک"ی بلاوکرده‌وه له سه‌ر پێوه‌ندی نیوان "له‌ش و ڕوح". له لایه‌کی دیکه‌وه زۆربه‌ی ده‌روونناسه‌کان له دایک بوونی ئه‌و زانسته گرێ ده‌ده‌نه‌وه به ساڵی 1879 یانی ئه‌و کاته‌ی که ویلهێلم ڤونت (Wilhelm Wundt) یه‌که‌مین شوێنی تاقیکردنه‌وه‌ی به‌شی ده‌روونناسی له شاری لایپزیکی ئه‌لمان دامه‌زراند.
ئەو کات ڤونت بۆ فێر کردنی زانستی ده‌روونناسی قوتابیانی گشت جیهانی کۆکرده‌وه، دوای ئەوە قوتابییه‌کان گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵاتی خۆیان و بنەما زانستییەکانی سایکۆلۆجییان پەرە پێدا. لە ئاکامدا، ئه‌و زانسته چه‌ندین بەشی جۆراوجۆری لێ کەوتەوە.
به‌م جۆره ده‌روونناسی له وڵاتانی ئه‌ورووپی و ئه‌مریکا وه‌ک زانستێکی گرینگ ناسرا، که‌سانێکی زانا و بیرمەند قۆڵیان لێ هه‌ڵماڵی، گه‌شه‌یان به‌و زانسته دا، تاکو گه‌یشتن بە قۆناغە فکرییەکان، وە له‌پاشان له فێرگه‌کان و قوتابخانەکەن وه‌ک ده‌رس گوترایه‌وه. فێرگە فکرییەکان لە چەند بەشی جوراوجۆر پێک هاتوون کە بەداخەوە لە باسەکەی ئەمجارەماندا ناگونجێن.
کاتێک باس له ئه‌زموونه‌کانی سه‌رده‌می منداڵی ده‌که‌ین، به‌و ئاکامه ده‌گه‌ین که به‌شێک له ره‌فتاره‌کانی ئێمه له ژێر کاریگه‌ری ڕابردووی ئێمە دان. دڵپەشێوی و ترسی سه‌رده‌می منداڵی کاریگەری دەخەنە سەر رەفتار و کرداری ئێمە و، بە شێوەی هەمەچەشنی خۆیان نیشان ئەدەن. بەداخەوە ئێمە ناتوانین لەم ئێش و ئازارانەی دەورانی منداڵێ بێ بەش بین.
سیگمۆند فرۆید رۆڵێکی گرینگی له بنیاتنانی ده‌روونناسی گێڕاوه. "فرۆید، ئەنشتێین، داروین و مارکس چوار کۆڵەکەی به‌هێزی فکری چه‌رخی بیسته‌م بۆ گۆڕانکاری ژیانی مرۆڤ ناسراون". توێژینه‌وه‌کانی فرۆید وه‌ک "باوکی ده‌روونناسی مۆدرن"، وە "خولقێنه‌ری شیکاری ده‌روونی" نه ته‌نها بناخه‌دانه‌ری ده‌روونناسییه، به‌ڵکوو توێخی ئه‌ندیشه‌کانی فرۆید به‌سه‌ر هونه‌ر، فه‌لسه‌فه و کۆمه‌ڵناسی، په‌روه‌رده و بارهێنان دیارن. تا ئێستا هیچ خاوه‌ن فکرێک وه‌ک فرۆید فکری مرۆڤی به‌م جۆره به خۆیه‌وه هاڵۆز نه‌کردووه. "فرۆید مرۆڤ و راستییە شاراوەکانی مرۆڤی به نێوی غه‌ریزه‌ی "شه‌هوانی"(Erotic) له ژێر په‌رده‌ی ره‌شی خورافاتی "ئه‌خلاق"، "دین" و "کۆمه‌ڵگه"، کێشا ده‌ر، وە هۆمێدێکی تازه‌ی به ژیانی مرۆڤ به‌خشی.
سیگمۆند فرۆید له ولاتی نه‌مسا (Austrian) له دایک بوو. زۆربه‌ی ژیانی له شاری وییه‌ن(Wien) به‌سه‌ربرد. کاتێک نازییەکان هروژمیان برده سه‌ر وڵاتی نه‌مسا، کۆچی کرد بۆ شاری له‌نده‌ن، هه‌ر له‌وێ ماڵئاوایی له ژیان کرد. فرۆید قوتابێکی ژیر‌و وریا بوو، وازی له خوێندن نه‌هێنا تاکو گه‌ییشته پله‌ی پزیشكی ده‌روونناسی. ئه‌و که‌سانه‌ی که تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌هاتن لای فرۆید ده‌رمان ده‌کران، وە هان ده‌دران تاکو باس له ئێش و ئازاره ده‌روونییه‌کانیان بکه‌ن، به تایبه‌ت ئه‌و ترس و دڵه‌راوکانه‌ی که له کاتی منداڵی پێک هاتبوون. فرۆید به‌و ئاکامه گه‌یشت که ترس و هه‌ڕه‌شه‌کانی کاتی منداڵی کاریگه‌ری به‌هێزیان هه‌یه له‌سه‌ر داهاتووی منداڵ، وە له کردار‌و ڕه‌فتاردا خۆیان نیشان ده‌ده‌ن.
ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی که فرۆید توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌کردن هیچ چه‌شنه برینێکیان پێوه دیار نه‌بوو، ئه‌وان لە باری جسمانی لەش ساغ بوون. ئه‌وان ته‌نها باسیان له ئێش و ئازاره ده‌روونییه‌کانیان ده‌کرد که له رێگه‌ی قسه‌کردن و گێڕانه‌وه‌ی ابردووی خۆیان ده‌خرانه وو. کاتێک مرۆڤ به منداڵی توشی کێشه‌ی ده‌روونی ده‌بێت، رێگای دەرباس بوونی ئاسان نیە. کەچی له تەمەنی گه‌وره ساڵیدا له ڕێگای شیکاری ده‌روونی ده‌رمان ده‌کرێت(Neurotic). شیکاری ده‌روونی زۆرتر له رێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی رابردوو چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، ئه‌و ئازارانه‌ی که مرۆڤ لە ژیان بێزار دکەن، وە ده‌بنه هۆی کۆمه‌ڵێک توند و تیژی و رەفتاری نادرووستی ژیان.
کاتێک مرۆڤ بێوازه، مەیلی که‌مە، هه‌ست به قورسایه‌کی لەش ده‌کات، ته‌پ و له‌شگران ده‌بێت، پێویستی به چاره‌سه‌ر کردن هه‌یه. چونکە توشی نه‌خۆشی دووره په‌رێزی(خه‌مۆکێ) هاتووە. کاتێک مرۆڤ باسی له ئێش وئازاره ده‌روونییه‌کانی کرد هه‌ست به سووک بوونه‌وه ده‌کات، له دەس بێ‌وازی و بێ مەیلی رزگاری دەبێت. ئه‌و هات و هاوارەی رابردوویی نامێنیت، بە جۆرێک دا دەمرکێت. یانی ئاگری دەروون خامۆش دەبێت.
گرینگه که بزانین چۆن له‌گه‌ڵ کێشە دەروونییەکان مامڵە بکەین. بە تایبەت ئەو کەسانەی کە نزیکی ئێمەن، پێویستە بە شێوەی درووست مامڵەیان لەگەڵ بکەین. رابردووی قورس و تاڵی کاتی منداڵی سەر رێمان لێ دەگرێت، مەجالمان پێ نادات سەرکەوین، کۆمه‌ڵێک کێشه‌مان بۆ درووست ده‌کەن کە لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان پێشمان پێ دەگرن، بێ ئەوەی خۆمان هستی پی بکەین.
لێکۆڵینه‌وه‌کانی فرۆید له‌سه‌ر کرده‌وه جۆراوجۆره‌کان به نێوی "هاوکاری ئازاد"(Free association)، کۆمه‌ڵێک زانیاری و به‌ڵگه‌یان هێناوەتە به‌رده‌ست، که به بنەما و بنچینەی "شیکاری ده‌روونی" ناوزه‌د کراون. یانی مرۆڤ دەتوانێ بێ سەنسۆر(Censor) هه‌ر ئه‌وه‌ی که له زه‌ین و بیری دایه بیگێڕێته‌وه. که ئه‌وه وه‌ک گه‌وره‌ترین خزمه‌تی به نرخی فرۆید ده‌ستنیشان کرا، وە بەم سێ قۆناغەی ژێرەوە دابه‌ش کراون:
1. ده‌روونی وشیار (خود آگاه)
2. ده‌روونی نیوه وشیار (نیمه خود آگاه)
3. ده‌روونی نا وشیار (نا خود آگاه)
· ده‌روونی وشیار، باس له عه‌قڵ و شعوور ده‌کات که به‌سه‌ر هه‌ر چه‌شنه کردار و ره‌فتارێکدا زاڵه، ئاگای له هه‌ڵس و که‌وتی ئێمە هه‌یه. له‌وه‌ی ئێمه بیری لی ده‌که‌ینه‌وه، هه‌ستی پێده‌که‌ین، ئاره‌زووی ده‌که‌ین، هه‌روه‌ها زۆر شتی دیکه. له رێگای ئه‌و شعووره وشیاره ده‌توانین خۆمان له‌گه‌ڵ یاریکردن، باخچه‌ی ساوایان، میوانداری، شوێنی کار، کۆمه‌ڵگه رێک بخه‌ین.
· ده‌روونی نیوه وشیار، له بیرۆکهMemory))ی مرۆڤدا جێی گرتووه، یارمه‌تیمان ده‌دات که ئه‌و شتانه‌ی که فێری بووین یان به چاو دیتوومانه بیته‌وه بیرمان. ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی که له کاتی پێویست دێنه‌وه بیرمان. کاتێک خۆمان بۆ تاقی کردنه‌وه‌یه‌ک ئاماده ده‌که‌ین، له‌کاتی تاقی کردنه‌وه شته‌کان دێنه‌وه بیرمان.
· ده‌روونی ناوشیار، گرینگ‌ترین به‌شی ده‌روونییه، و له کۆنتڕۆڵی ئێمه دا نیه. کاتێک شتێکی ناخۆش دێته سه‌ر رێمان، هه‌ستێکی ناخۆشمان پێ ده‌به‌خشێت، ده‌بێته هۆی ئێش و ئازاری ده‌روونی. مرۆڤ حه‌ز ناکات که ئه‌و هه‌سته ناخۆشه بخاته‌وه بیری خۆی یان بیری لێ بکاته‌وه، بەڵام له ژێر ده‌سه‌لاتی خۆیدا نییه. مرۆڤ حه‌ز ده‌کات که به‌سه‌رهاتێكی ناخۆش به بیانویه‌ک له بیر خۆی به‌رێته‌وه، بەڵام ده‌سه‌لاتی هێزی هه‌ستی ناخۆش زۆرتره له هه‌ستی خۆش، چونکی هێزی ناخۆش به دڵی مرۆڤ نییه، ده‌بێته هۆی ئازاری ده‌روونی. زۆرجار له‌ناکاو هه‌ست به‌وه ده‌که‌ین که کێشه‌یه‌کمان هه‌یه بێ ئه‌وه‌ی که بزانین سه‌رچاوه‌ی کێشه‌که له کوێ‌ڕا دێت. دڵخۆشی خۆمان ده‌ده‌ینه‌وه که هێچ نیه، بەڵام له‌هه‌مان کات ئازارمان ده‌دات، وە بە چەشنێک کێشه سه‌ره‌کییەکان به‌رگری لە گەشە کردن دەکەن.