ما 2084 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەمگین بۆڵى

نووسین دەبێت بەرانبەر هەموو رێچکەیەک بێ ئەخلاق بێت و شەقێک لە ئەخلاقى هزرى باو و ئایینى قوتابخانەکان و قۆناغەکان بدات. ئاخر ئەخلاق چییە؟ 

 

خۆنووسینەوە، هیچ میتۆدێکى دیاریکراوى نییەو هیچ ئیمانێکیش لەخۆیدا کۆناکاتەوە، تەنانەت سەر بەهیچ رووگەیەکى دیاریکراویش نییە. دەشێت خۆنووسینەوە وەک بەڕەڵڵاکردنى هەوەس بێت. کەواتە شتێک نامێنێتەوە بۆ چەمکى (ئەخلاق)یش. بۆیە ئەگەر بۆ ئەخلاق لەم نووسینەدا دەگەڕێت، مەگەڕێ! چۆن شەق لە ئەخلاق دەدەم.

 شەق لە ئەخلاقى ناو ئەو نووسینە دەدەم.

 لە سەرەتاکانى نووسینمدا نووسەرێکى ئیمانداربووم بە رێچکەى قوتابخانەکان و ئایینى بیرمەندەکان. چواردەورى خۆم پڕ کردبوو لە رووگە پیرۆزەکان و سنوورەکانى ئەخلاق. بۆیە ئێستا بەیانى ئەوە دەکەم، کە ئەوەى ئەخلاقى نووسینە هەڕاجى دەکەم. نووسین دەبێت بەرانبەر هەموو رێچکەیەک بێ ئەخلاق بێت و شەقێک لە ئەخلاقى هزرى باو و ئایینى قوتابخانەکان و قۆناغەکان بدات. ئاخر ئەخلاق چییە؟ ئەخلاق پۆشینى جلوبەرگى سەردەم و زەمەنەکانى پێش ئێمە بووە. کڵاوى باپیرى باپیرە گەورەم، پێڵاوى باوکى باپیرەم، قەمیسکى باوکم، چەفیەى دایکى باپیرى دایکى دایکم. ئەو هەموو پۆشاکە دەبێت وەک ئەوان بیانپۆشین. وەک ئەوان بیریان لێ بکەینەوە، وەک ئەوان بە پیرۆز لێیان بڕوانین. من یاخى دەبم و هەموو پۆشاکەکانى دادەڕم! ئەخلاق لەم نووسینەدا بە شەق فڕێدەدەمە دەرەوە. خۆم بریار لەسەر شتەکانم دەدەم و خۆم دەبمە چەقى هەموو شتەکانى خۆم. ئیتر بۆم گرینگ نییە بەتەنیابم، بۆم گرینگ نییە لەبەر بێ پۆشاکى کەس سەیرم نەکات، لەبەر بێ پۆشاکى نووسین کەس ئەم نووسینەم نەخوێنێـتەوە. خۆم بە رووت و قووتى و بەتەنیا لەناو ئەم نووسینەدا پیاسە دەکەم. لێرەوە نەخەمى پۆشینى جل و بەرگم هەیە، نەخەمى پارە پەیداکردن.

ئۆههههه پارە!

هەزارانجار تڤم بە پارە داکردووە، کە بۆچى تەنیا یەک تاقەچاوى نییە و بە نابینایى دروستییان کردووە؟ پارە! تۆ ئەگەر تاقە چاوێکیشت هەبوایە بەس بوو، هەر هیچ نەبایە نەدەچوویتە ناو گیرفانى هەموو کەسێکەوە. من تۆم تەنیا لەبەر ئەوە خۆشدەوێت وەسیلەیەکى بۆ ژیان. لەوە عەیبتر چى؟ لەبەر بێ پارەى هەزارانجار کتێبم دزیوە! هەر لەدڵى خۆمدا دزینى کتێبم حەڵاڵ کردووە.

نازانم ئەوە چییە لێم ناگەڕێت و بەردەوامیم پێدەدات، هەمیشە شەڕە لەلام، شەڕمە لەگەڵ خودى خۆم، هەمیشە لەسەر کتێب لەگەڵ خێزانەکەم شەڕمانە. ئەوە درۆیەکى دیکەى نووسەرە درۆزنەکانە کە دەڵێن:" کتێب باشترین هاوڕێى مرۆڤە! ".

زۆرجار کتێب دەبێتە خراپترین دوژمنى مرۆڤیش. وەک چۆن عەشق دڕندە دەکاتە مرۆڤ و مرۆڤیش دەکاتە دڕندە. هەمیشە ماڵەکەمان پڕە لە شەڕ، وشەکان لە ناو خۆیان بەشەڕ دێن، دەستنووسەکان بەرۆکى کتێبەکان دەگرن، پێنووسەکان نووکى یەکترى دەشکێنن، کتێبەکان بەرگى یەکترى لێدەکەنەوە، یادەوەرییەکان ئاوى بەلووعەى ماڵ دەکەنەوە و خۆیان لە خەیاڵەکان بسمیل دەکەن، ئاوێنە هەمیشە چاو لە وێنەکەى ناویدا سوور دەکاتەوە. تاریکى دەستى بە خوێنى ئەجندەکان سوور و سپی دەکات، هێندە شەڕ لە ژوورەکەم کراوە، بوونى خۆشم لەبەرچاو کەوتووە! تەنانەت زۆرجار شەڕە و واهەستناکەم ئاژاوەیەک هەیە، شەڕێکى شێت ژوورەکەمى مارە کردووەو تا مردن ئەم جەنگە ناوەستێنێت. ئەمە کتێب بوو ئەم جەنگەى بەرپا کرد، هەر کتێبیش دەبێت ئەم جەنگە بوەستێنێت! تازە شەڕیش هیلاکبوو لە شەڕکردنم، ئەمێستا خۆزگەى ئەوە دەخوازم خەونێکى دوور و رێژ و قووڵ قووڵ بمباتەوە، ئاخر ئەم شەڕە ناوەستێت!

دەمەوێت هەموو ئەو شتانەى دەچنەوە سەر ڕەچەڵەکى کتێب بیان سوتێنم. دڵم بکەم بە (غەسالە)یەک و هەرچى نووسینە بیخەمە ناوییەوە، وشەکان لەسەر لاپەڕەکان نەهێڵم و لاپەڕەکان سپى سپى بکەمەوە. شەقێک لەم نەخۆشییەم بدەم و لە پەراوێزترین گۆشەى ئەم دنیایەدا، جێگایەکى دوور لە کتێب ڕابخەم. دەمەوێت لە پێناوى مەرگێکى پڕ ژیان بنووم .

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت