ما 1068 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەستی برد وەرەقە سپییە بیست و پێنج ساڵ تەمەنەکەی هەڵگرت و قەد قەد کردییەوە. لەگەڵ هەر کردنەوەیەک، کاغەزەکە قڵشتی دەبرد، دەتەقی و جیادەبووەوە. کە تەواو هەموو قەدەکانی کردەوە لەسەر عەرزەکەی بەردەمی لەتەنیشت یەکا داینان، رێک وەک نامەیەکی تەواو هاتەوە بەرچاو. بەڵام وەک دێڕ و وەک وشە، چی بینی؟... هیچ! 

 

جەعبەی رەش

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نامەکە هەر لەوێیە،... لەسەر تاقەکە،... لەناو جەعبە رەشەکەدا کە دووای یەک هەفتە بۆی کڕی و تێی هاویشت. نامەکە وەک بیست و پێنج ساڵ لەوە پێش هەر بە نەکراویی لەوێ ماوەتەوە.

رێک بیست و پێنج ساڵ لەوە پێش بوو، لە رۆژێکی خۆشی بەهاردا، لەو رۆژانەی وا سروشت سەوزی سەوزە، ئاسمان ئەوەندە شینە کە چیدی شینایی تری لە دونیادا نەهێشتۆتەوە و هەوایش ئەوەندە خۆشە کە دەڵێی تەنیا خۆشی بە خۆی رەوادەبینێ و بەس. ئا! لە وەها رۆژێکدا بوو نامەکەیان پێدا. ئەوەی هێنای، سەرەتا بە ئارامی لە دەرگاکەی دا، پاشان بە هەنگاوی نەرمەوە ئەم دیو کەوت و، ئەوسا سڵاوێکی هێواشی کرد (وەک بڵێی نەیدەویست هارمۆنی ئەو رۆژە تێکبدا)، لە کۆتاییدا دەستی درێژکرد و نامەکەی، کە تەنیا پارچە کاغەزێکی چوار جار قەدکراوە بوو، رادەستی دەستی کرد. ئەم کە هەر لە بەیانی زووەوە رۆژە خۆشەکەی بە نیشانەیەکی خراپ لێکدابووەوە، بە بێ ئەوەی پرسیارێ بکا، بە دەستی لەرزۆک و نیگای نیگەرانەوە سپییە ترسناکەکەی وەرگرت و بێ ئەوەی خوڵقی دانیشتنی بکا، لە کاتێکدا چاوی ئەبڵقی لە سەر پارچە کاغەزە چوار جار تاکراوەکە قەتیسمابوو، بە بێ هیچ وشەیەکی ماڵئاوایی لە بێدەنگیی خۆیدا بەڕێی کرد. نامەهێنەرەکەیش بێ ئەوەی چاوەڕوانییەکی ئەوتۆی هەبێ، ئارام وەرگەڕا و وەک هاتنی، بە هەمان شێوە جەستەی سێبەرئاسای لە چاوانی ئەم ونکرد. کە دەرگاکەی پێوەدا، بێدەنگییەکی قورس، قورستر لەهەموو ساتە تەنیاکانی رابردووی، خۆی بە سەر شانەکانیدا دا. هەستی کرد دەتوانێ ساڵانی ساڵ، بە بێ جوولە لە جێی خۆی دانیشێ و تەنیا بیر لە کاغەزەکە و ئەوەی بکاتەوە وا بۆی ناردبوو.

تا چ ماوەیەک نامەکەی هەروا راگرت،... کەس نازانێ. بەڵام زەمەن گوێ ناداتێ. گۆم چەندە مەندیش بێ، ئەوا هەر تێدەپەڕێ. نامەکەی نەکردەوە. هەستا و بە ئارامی، وەک بڵێی کریستاڵێکی ناسکی بە دەستەوەیە، بە کاوەخۆ لەسەر تاقچەکە داینا. ئەو تاقچەیەی لە کۆنەوە ئاوێنەیەکی بچووک، گڕسۆزێک، وێنەیەکی رەش و سپیی باوکی و کلیلەکانی لەسەربوو. نامەکەی خستە سووچی تاقچەکەوە. بەڵێن بوو بۆ هەمیشە لەوێ بمێنێتەوە. کە جەعبەکەیشی کڕی و تێی هاویشت، هەر لەهەمان سووچ داینا. رەنگی رەشیشی هەڵبژارد، چونکە پێی وابوو رەنگەکەی هەم لە چەشنی ناوەڕۆکی نامەکەیە و هەم رەنگی رەش زیاتر لە هەر رەنگێکی تر دەتوانێ راز لە دڵی خۆیدا رابگرێ، بەتایبەت رازێک کە مرۆڤ نەیەوێت قەت بیدرکێنێ.

لەو رۆژەوە ئیتر قەت سۆراغی نامەنووسەکەی نەگرتەوە. دەیزانی بێسوودە. دەیزانی ئەو نامەیە هاتبوو بۆ ئەوەی هاتبێ و بەس. دەیزانی ئەو دێڕانەی لەوێدان، هاتبوون بۆ ئەوەی بۆ هەموو داهاتوو لەوێدابن. تازە کەس نەیدەتوانی چارەنووسیان بگۆڕێ. نامەنووسەکە لەو نامەنووسانە نەبوو لەخۆوە نامە بنووسێ و، بۆ ئەم و ئەوی بنێرێ. کەس بەقەد ئەو رێزی نووسینی لانەبوو. ئەمە یەکێک لەو شتانە بوو کە ئەمی یەکجار ئازار دەدا. بۆ ئەویش نەیدەتوانی وەک هەموو نامەنووسەکانی تر بنووسێ بێ ئەوەی مەبەستی لە نووسینەکانی بێ؟ بینووسیایە تەنیا بۆ سەرگەرمی، بۆ ئەوەی خۆیەک نیشان بدات و بەس. بەڵام نا، نامەنووسەکە لە چەشنێکی تر بوو، هەر لە سەرەتاوە لە چەشنێکی دیکە بوو. کەی بەمەی زانی؟... نازانێ. رەنگە لە قووڵڕوانینەکانییەوە بەمەی زانیبێ، یان رەنگە لە بێدەنگییە سامناکەکانییەوە. ئەو دەیتوانی بە ساڵیش وشەیەک چیە نەدرکێنێ. دەیتوانی لە بێدەنگی دا دابنیشێ و قووڵ بڕوانێ. بۆ هەمیشە. بۆ هەموو ژیانی. ئەمیش کە یەکجار رقی لەمە بوو، لەم حاڵەتەی. راستییەکەی ئەوەبوو جەعبە رەشەکە لەمێژ بوو چیرۆکە نەخوێنراوەکەی هەم بۆ ئەم باسکردبوو و هەم بە نەخوێنراوەیی لە خۆیدا رایگرتبوو! ئەم پێی وایە هەندێ نامە هەن بە نەخوێندنەوە باشتر دەخوێندرێنەوە. هەر ئەوەندەی سەیریان بکەی بەسە. دیوی سپیی پەڕەکە هەموو شتێ دەڵێ، تەنانەت بەقەدکراویش. ئیستا چوار قەد نا و دەیش، یاخود بیستیش. لای ئەو، ئەم جۆرە نامانە تەنیا بیانوون بۆ وشەکان و رستەکانی ناویان، ئەگینا خودی وشەکان و دێڕەکان لە راستیدا، ئەگەرچی کەمن و زۆریش نین، بەڵام بەردەوام هەر خەریکی هەڵوەرینن لێی. تەنیا چاوێکی باش پێویستە بۆ بینینیان. لەو چاوانەی کە هەموو کەس نیەتی و تەنیا کەسی وەک ئەم خودا ئەو شانس و بەختەی پێداوە کە هەیبێ. هەربۆیە ئەم هەر لەو رۆژەوە نامەکەیان بۆ هێنابوو، خوێندبوویەوە بێ ئەوەی بیکاتەوە. ئەم هەر کە دەرگاکە کرابووەوە و هەنگاوە ئارامەکان ئەم دیو ژوورەکە کەوتبوون، وشە و رستەکانی بینیبوو کە شۆڕشۆڕ دەورین و ژوورەکەیان پڕکردبوو لە خۆیان. ئەو کەلیمانەی خۆیان بە هەموو قوژبن و کەلەبەرێکدا دەکرد و شێتانە دەیانویست هەموو ئەم ماڵە هەم بکەن بە شوێنی ژیانی هەمیشەیی خۆیان و هەم لەخۆیانیان تێبگەیەنن.  

لەو رۆژەوە ئیتر ئەم چاوەڕوانی نامەنووسەکە نەما. ئیستا ئیتر بە تەواوی لە زیرەکیی نامەنووسەکە دەگا. قەت نەیدەزانی لە پشت بێدەنگی و قووڵڕوانینەکان ئەم هەموو سەگیەتییە خۆی حەشاردابێ! لەو رۆژەوە، نامەکە بووە بە جێگری ئەو. لەجیاتی ئەو لێرەیە. ئەمیش ئیستا ئیتر نە بە شوێن ئەودا لە دەرگا دەڕوانێ و نە شەوانەیش لە پشت پەنجەرەوە لە تاریک و روونیی حەوشەکەدا نیگاکانی عەوداڵی سێبەر یاخود جەستەیەکی کتوپڕین. نا ئیتر ناگەڕێتەوە. پارچە کاغەزی ناو جەعبەکە ئاماژەیەکی ئەبەدییە بە بێدەنگیی حەوشە و پلیکانەکان و بە نەبوونی هیچ جووڵەیەک. حەوشە و پلیکانەکان تەنیا وەک خۆیان و بەس. تازە نایانەوێ بە کەسی ترەوە بناسرێنەوە. وەک بڵێی تەنیا بۆ ئەم و بۆ خۆیان چێکراون. وە ئەمیش چەندە رێز لەم یاسا کتوپڕییە دەگرێ. ئیستا نیگاکانی ئەم تەنیا رووانینن بۆ رووانین. ئیتر هیچی تر. ئەو دەڕوانێ چونکە دەبێ بڕوانێ، چونکە چاو بە گوێرەی یاسا و رێسایەکی سروشتی و لەمێژینە، بۆ رووانین دروستکراوە و بەس. چاوەکان گەڕاونەتەوە بۆ یاسا سەرەتاییەکانی خۆیان. وە هیچ کەسێکیش لەم دونیا پان و بەرینەدا بڕواناکا بەقەدەر ئەم پابەندی ئەم یاسایە بێت. ئەم جاری وایە هەست دەکا نیگاکانی لەناو حەوشەکەوە بۆ خۆی دەگەڕێنەوە و لەوێوە لەم دەڕواننەوە. ئەم لەوان و ئەوانیش لەم. جاری وایە تا سبەی، جاری وایشە تەنیا لەو چرکانەدا ئەوەندە قووڵ دەبنەوە کە دەڵێی قەت هیچ رووکەشێک لە دونیادا نەبووە. تەنیا قووڵایی ئاو بە بێ هیچ چەشنە بەستێ و رووکەشێک.

سەیر ئەوەیە کەسیش لێرە لەم گەڕەک و لەم شارە لە نامەنووسەکە ناپرسێتەوە. کەس جارێک لە جاران لەمی نەپرسی کە داخۆ هەواڵێک لەوەوە؟! وەک بڵێی ئەوانیش دەزانن کە هەندێ نامە کتومت دەبێ بە خودی نووسەرەکەی و ئیتر کاتێک نامەکە لە ماڵەوەیە و لەسەر تاقچەکەیە، وەک هەموو شتە لەمێژینەکانی تر، چ پێویست ناکا بپرسرێت کە داخۆ نامەنووسەکە لە کوێیە و چی بەسەرهاتووە. چ پرسیارێکی قۆڕ و مندالانە! تەنیا مێشک پووچەکان دەتوانن پرسیار لەسەر شتە هەرە روونەکان سازبکەن. ئەوانەی کە گەر پەنجە بە چاویشیانا بکەی هێشتا ناتوانن باوەڕ بە پەنجەکان بێنن!

کەواتە ئەم دڵنیایە ئەو هەر لێرەیە. هەر لەو رۆژەوە بۆ خۆی رۆیشت و ئەم نامەیەی نارد، بە بێ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێت گەڕابووەوە. لە راستیدا بە رۆیشتنی مابووەوە. چ فێڵەزانێکە! پێکەنینی بە گەمژەیی کوڕەکەی دێت. لەبیری دێ چەندە خۆی بە زیرەک دەزانی، لەبیری دێ چەندە دەیویست دونیا لەسەر پەنجەی خۆی هەڵبسوڕێنێ. بەڵام،... بەڵام دونیا ئەوی لەسەر پەنجەی خۆی هەڵسوڕاند، هەر لەیەکەم چرکەوە، بە بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ. ئیستا لە سەر تاقچەکە لێی دانیشتووە و پێی وایە سەفەری کردووە و رۆیشتووە کە دونیا بگۆڕێ! ‌حە!... نازانێ هەر لێرە ماوەتەوە،... تازە بگرە بە پێچەوانەی جارانەوە ئەمێستاکە لەناو جەعبەیەکی رەشیشدایە! هەی لەو پیاوە گێژەی! سەرهەڵدەبڕێ و لە جەعبەکە دەڕوانێتەوە. ئەو جەعبەیەی، وێنەی باوکی و ستیلی گڕسۆزەکەی تەنیشتی تێیدا شۆقدەدەنەوە.

ساڵەکانیش،... سالەکانیش ئەگەرچی بیست و پێنجن، بەڵام هێشتا هەر گەنج دەنوێنن. پێی سەیرە. پێی وایە رەنگە هی ئەوە بێ کە هێشتا نامەکەی نەکردووەتەوە،... یان هی ئەوە نامەکەی بە بێ کردنەوە خوێندبووەوە. یان رەنگە هی ئەوەیە کە ئەو لە راستیدا نەڕۆیشتبوو و خۆی کردبوو بە نامە و لەوێ لە سەر تاقچەکە مابووەوە، بە بێ ئەوەی کەس پێی بزانێ، بەتایبەت ئەوانەی وا بە شوێنییەوە بوون و ئیستا پێیان وابوو کە لەدەستیان دەرچووە و هەنووکە ئەو دیو سنوور کەوتووە و ئیدی تەواو. کتوپڕ ترسێک نیشتە دەروونی. نەکا بە جەعبە رەشەکە بزانن و بێن بیبەن؟ لەجێگای خۆی راچەنی. خۆی گەیاندە تاقچەکە. بەڵام نا! لەو ترسە بێ جێیەی لەنەکاو ناخی هەژاندبوو، بە شەرمەوە پەشیمان بووەوە. ئاخر ئەوان بە چی بزانن ئەو هەر لێرەیە؟ کێ دەتوانێ هەواڵیان بداتێ؟ بیری نامەهێنەرەکە کەوتەوە. تەنیا کەسێک دەیزانی ئەو بوو و بەس. کەسی تر لەنێودا نەبوو. ئیستایش لەو ساتەوەختە بیست و پێنج ساڵ تێپەڕیبوو و رەنگە نامەهێنەرەکەیش هەر لەبیری نەمابێ. نامەبەرەکە؟ راستی لەو رۆژەوە ئەم هەر ئاگای لە نامەبەرەکە نیە! داخۆ چی بەسەرهاتبێ؟ باشە بۆ تا ئیستا ئەم پرسیارەی لەخۆی نەکردووە. کەوتە حیسابکردن. هاتەوە بیری نامەبەرەکە دەبێ ئیستاکە لە دەورووبەری تەمەنی پەنجاوپێنج دا بێت. کە بیری لە روخسار و لە هەیکەلی دەکردەوە، وای دەهاتەوە بیر. ئااااای! کەواتە گەر بەڵایەکی بەسەردا نەهاتبێ هێشتا هەر بەگوڕە، ئیستایش دەتوانێ پیاوێکی بەخۆ، بەوزە و بەتەکان بێت. بەڵام راوەستە! نامەهێنەرەکە لە راستیدا کێ بوو؟ ئەوە کێ بوو ئەو رۆژە لە دەرگای دابوو، بە ئارامی هاتبووە ژوورەوە و ناخۆشترین هەواڵی ژیانی بەم دابوو؟ چ گەمژەیەکە! رادەبێ و بە خێرایی جەستەی پیری لەناو ژوورەکەدا دەهێنێ و دەبا. ئیستا دەزانێ بۆ سەرنجی نەدابووە نامەهێنەرەکە. ئیستاکە دەزانێ! خەتای نامەکە بوو. وشە و دێڕەکان سەرنجیان قۆستبووەوە. لەگەڵ خۆیان بردبوویان. ئیتر بۆیە ئەم هەر ئەوانی بینیبوو و بەس.

دانیشتەوە. هەوڵیدا بە جوانی ئەو رۆژە بێنێتەوە بیری خۆی. ورد ورد چووەوە سەر چۆنیەتی شێوازی روخساری نامەهێنەرەکە. گەنجێکی دەورووبەری سی ساڵ تەمەن بە پێستێکی سەوزە و سمێڵێکی رەشی قەترانی و روخسارێکی کشاوەوە. بەو قژە لوولە کەمانەوە رەش رەش دەبریقانەوە. باڵایەکی بچووک و دەستێکی گەورەی پەنجە ئەستوور. ئەو دەستەی کاتێک نامەکەی راداشت، نەدەلەرزی. قایم قایم. کە بە رێگادا دەڕۆیشت، کەمێک شانی راستی بۆ خواردەکردەوە. کە دەیشی روانی، چاوێکی دەفڕی. وەک بڵێی لە هەموو شتێ بەگومان بێ. بە گومان بێ؟ سەرێکی بادا و دیسان راچەنییەوە. ئیستا دەزانێ کێ بوو. دووای بیست و پێنج ساڵ ئەگەرچی پیرببوو، بەڵام چوارچێوە بە گشتی هەمان چوارچێوە بوو. ئەم لە تەواوی ئەم بیست و پێنج ساڵەدا بەردەوام بینیبووی. لێرە و لەوێ لەناو شار. هاتەوە بیری کە بەردەوام سڵاوی لەم کردبوو، ئەو سڵاوانەی کە ئەم نازانێ وەڵامی دابوونەوە یان نا، ئەو سڵاوانەی هەمیشە بزەیەکی شاراوەیان لەگەڵابوو. ئەژنۆی شل دەبێ، چۆک دادەدا و دادەنیشێتەوە.

نامەهێنەرەکە هەر ئەوەی بوو وا کوڕەکەی لەدەستی، خۆی دەربازکردبوو! لەبەر خۆیەوە پیشی دەخواردەوە. باشە چۆن شتی وادەبێ؟ چۆن دەکرێ جەللاد نامەبەری قوربانی ژێردەستی خۆی بێت؟

هەستایەوە و چووە بەر تاقچەکە. رقی لەخۆی بوو. بیست و پێنج ساڵ بوو کوڕەکەی، بە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێ، بەدەستی خۆی لە زیندان هاویشتبوو. زیندانی قوتووە رەشەکە. پەشیمان لە نەخوێندنەوەی نامەکە، جەعبەکەی لەمشت گرت. بەڵام تازە داخۆ خوێندنەوە دەیتوانی ئاکامێکی هەبێ؟ داخۆ دەیتوانی کوڕەکەی ئازادبکاتەوە وا بە ساڵانی ساڵ لێرە بە دەستی خۆی و بە دەستکیسی جەللاد لەزیندانی هاویشتبوو؟ تووڕە لە خۆی کە خۆی دابووە دەست دێڕ و وشەکان و خوێندبوونییەوە بە بێ ئەوەی راستەوخۆ بیانخوێنێتەوە، سەری جەعبەکەی بە ئارامی کردەوە.

دەستی برد وەرەقە سپییە بیست و پێنج ساڵ تەمەنەکەی هەڵگرت و قەد قەد کردییەوە. لەگەڵ هەر کردنەوەیەک، کاغەزەکە قڵشتی دەبرد، دەتەقی و جیادەبووەوە. کە تەواو هەموو قەدەکانی کردەوە لەسەر عەرزەکەی بەردەمی لەتەنیشت یەکا داینان، رێک وەک نامەیەکی تەواو هاتەوە بەرچاو. بەڵام وەک دێڕ و وەک وشە، چی بینی؟... هیچ! ناوەوە وەک رووی دەرەوەی ساڵانی ساڵ لەوە پێشی لێهاتبوو، بە بێ هیچ چەشنە رستەیەک. بەو رەنگە زەردەوە کە نیشانەی تۆزی ساڵانی ساڵ تەمەن بوو. ئەی داخۆ دێڕەکان چییان لێهاتبوو؟

بزەیەک نیشتە سەر لێوەکانی. ئیستا دەزانێ کە نامەکە بە بێ هیچ چەشنە دێڕ و وشەیەک هاتبوو. ئەگەرچی نامەبەرەکە ئەمەی دەزانی، بەڵام هەر هێنابووی. وەک بڵێی هەر لە سەرەتاوە دەیزانی کە ئەم قەت نامەکە ناکاتەوە بۆ ئەوەی بیخوێنێتەوە. وەک بڵێی دەیزانی کە ئەم تەنیا 'لەبەر' نامەی لەم چەشنە دەخوێنێتەوە. کەواتە جەللاد هیچی نەزانیبوو، هیچی نەدەزانی. هەر دوو قۆلی کردەوە و لە خۆشیانا قیڕاندی. راستییەکەی ئەوە بوو کە جەعبە رەشەکە ئەوی رانەگرتبوو. ئەو خۆی راپسکاندبوو و رۆیشتبوو. لەمێژبوو رۆیشتبوو،... هەر لە یەکەم رۆژەوە. بیری کردەوە کەواتە ئۆمێدێک بۆ هاتنەوەی هەیە،... ئا ئومێدێک هەیە. ئەمە یاسایەکی گشتییە 'مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێ بگەڕێتەوە، دەبێ سەرەتا رۆیشتبێ.'

 

لەو رۆژەوە، لە دووای بیست و پێنج ساڵ ئومێدی جووڵەیەک دەکرێ. جووڵەیەک کە لە تاریک و روونیی حەوشەکە دەتوانێ تێپەڕێ،... بگاتە سەر پلیکانەکان و لەوێوە بەرەو دەرگاکەی ژوورەوەیش بڕوات. وەک ساڵی ساڵان. ئەگەرچی بیست و پێنج ساڵیش تێپەڕیبێ. ئەگەرچی زەمەنێکی یەکجار درێژی تری وەک بیست و پێنجی تریش تێپەڕێ!

Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت