ما 6515 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

من بەتەنێم
پاڵم بە دارگوێزێک داوە
نەوتیان بە بندا کردووە
ئەمڕۆ زانیم
ئاوى ژێر دارگوێزى پەلک وەریو
بێ ڕەنگ و تام و بۆن نییە

 

جەنگ لە بێستانى تەماتە سپییەکاندا

نەژاد عزیز سورمێ

"ئەمە هەندێکە لە ڕۆژى من بەڕێزان ڕەجمى بکەن!

بەڵام شەو بۆ من لێگەڕێن

یەحیا جابر

لە (ئەستێرەکانى نیوەڕۆ) دا

 

پەرستگاى لایەنگیریى

هانا بۆ ساقیى خەراباتان دەبا

گەواڵە باجستێنەکان

سێبەر لە شاخ

لە کێڵگەى ئەسترییان دەکەن

بەیداخى هاوار

نرکەى نەخۆشان

پۆلى پەپولان ڕادەکێشن

بە نازەوە

بەهێمنى

لەنجەدار

خەیاڵمان

لە چاڵێکى بەردیندا

دەتگوت بە دەست خۆش کراوە

لێ بەجێما

ئێستا لە بیرەوەریماندا

لە پشووە بەتاڵە

یەک بەدواى یەک هاتوەکانمان

دێنە دەرێ

وەک ئەوەى مێروولە بن

بۆ دەنکە دانەوێڵەیەک

سەرادووى یەکتریان نابێ

من بەتەنێم

پاڵم بە دارگوێزێک داوە

نەوتیان بە بندا کردووە

ئەمڕۆ زانیم

ئاوى ژێر دارگوێزى پەلک وەریو

بێ ڕەنگ و تام و بۆن نییە

ئەمڕۆ زانیم

لەم بەهەشتە بەردراوەدا

تۆخیى گەڵاى درەختان

ڕەنگى نارنجى گریانى

هەزاران ساڵ دەداتەوە

من بەتەنێ بووم

هەور هێشتا ئەستێرەى

ئازاد نەکردبوون

چەندى بانگم کردن

بێدار نەبوونەوە

چەندى هەڵمتەکاندن، نەبزووتن

دەیانگوت بە گوڵەمێخەک کەوتوون

لە بیابان پڕ بووبوون

بەڵام گریانیان نەدەهات

ئێستاش لە خەوى هەرهەریدا

لە ناو تەمى خۆڵباراندان

خەریکن ئاگردانان

بۆ زستانەکانى دادێمان دروست دەکەن.

 

ئەى تەبعى دێوەرەو عەتتاران!

بزانە ئێمە لەکوێ بووین؟

بزانە چ ڕێیەکمان گرتووە؟

سێ وەختەى ڕۆژێ

لەباتى خۆر

لەباتى چرا

لەباتى مۆم

شکۆى ڕەهایى تۆ

 دادەگیرسێنین

گۆرانى بێباکى

لە دەورى دەوارى

قەرەجان دەچڕین

شایى بێهوودەییمان

لەسەر کانى مرادان دابەستووە

کانى چ کانى

ڕامانى ستراتیژیمان ئاسا

شەختەى شوباتێى لێ داوە

داپۆشراو… زیندانى… بەترس

ئیتر لێرەوە

لەگەڵ زایەڵەى سپێدەدا

من و زەمەنە بە هەڵپەکان

من و ئەسەف لێکدابڕاین

بەڵام ئەو دەنگانە چین

بە کەروێشکەى گوڵپەرى

شکارتانەوە دەزرنگێنەوە و نایانبینم؟

ئەو دەنگانە کە دەڵێن

دەستەویەخە ڕووبەڕووى یەک بوونەتەوە

لە وەرزى پەژموردەیى شیعردا

لە کوێ ، لە چ دڵێکى سارددا دەزرنگێنەوە؟

لە بازاڕى کوتاڵفرۆشان ،

کە هەمیشە بە ژنان

هەڕمێنیان بۆ دەگەڕێتەوە؟

یا لە دێر و کەنیسە و مزگەوتانەوەیە؟

ئەو دەنگانە

بۆ لەگەڵ گۆرانییە بێ ئومێدەکاندا

تێکەڵ دەبن؟

ئاى بەهارى نائومێدى!

بنمیچى ئەو سێبەرە

چەند نەوى بوو

زەردە هێشتا

لە سەران ئاوا نەدەبوو

پاڵمان بە پاردەى

تەنیشت چیلەمێوەکە دەداو

ئەو چوکلاتانەمان دەخوارد

بە دزى لە گیرفانمان نابوو

چەند نەوى بوو

ئەو سایەیە ،  بنمیچى چەند نەوى بوو

کە پێم دەگووتى:

تۆ هەمیشە بە فرمێسکەوە جوانترى.

ئەوە خەمى من بوو

بەسەر شانى ڕابوردوودا

نوقڵى لە دایک بوونى دابەش دەکرا.

بڕوانە!

ئەوە بەشى ئێمە بووە

خەمى زێڕین

بە کێڵگەى ئەسترییان

بە باخچەى مرادان وەرکەین

 

(تازە خەتى دانابوو

بیرى لە باخچەى مرادان دەکردەوە

بیرى لە بووکى خەمبارى

دەریا دەکردەوە

کە دەڵێن ماسى لە خۆشى ئەو

لە دەریادا ماونەتەوە

کەچى ئەو لەسەر تاشەبەردێک دانیشتووە

قژى دادێنێ)

 

وەختێ بیر لە باخچەى مرادان

لە کێڵگەى ئەسترییان دەکەمەوە

هەزاران گوڵ دەپشکوون

هەزاران مەل

لەشەقەى باڵیان دەدەن

هەزاران ماسى

هەزاران ماسى دەخۆن

 

تازە خەتى دانابوو

گوێى لە دەنگێک بووبوو

لە بێستانى تەماتە سپییەکانەوە هاتبوو

دەیانگوت برایان

شەڕى مان و نەمانى لەسەر دەکەن !!

ڕوون نەبووە ،

دەنگى خۆر بووە، یا تاریکى

ئێوە دەنگى خۆرتان بیستووە؟

کە لە هاوارى کپى ئۆقیانووس دەچێ؟

لە دەنگى پەپولان دەچێ

کاتێ دێن بە گۆرانى

فریوى گوڵان دەدەن؟

دەنگى تاریکیتان لێک داوەتەوە؟

ئاى لە دەنگى تاریکى

چ دەنگێکى لەسەرخۆیە

لە شەقامە ئەبەدییەکانى بەهەشت دەچێ

پەرى لە شۆستە لازوەردییەکاندا

دەدرەوشێنەوە..

تەماتەى تێدا سوور دەبن .

 

ئاى تەبعى دێوەرەو عەتاران!

ئێمە بۆ؟

بۆ لەو هەموو مەزرەعەو باخچانە

جەنگمان بردە

بێستانى تەماتە سپییەکان؟

ئێمە بۆ قەت با نامان با

باران ڕۆژێ تەڕمان ناکا؟

بۆچى خۆر هەڵمانناکێشێ؟

دەریا هەڵماننالووشێ ؟

ئێمەى ئادەمیزاد

چ دەکەین لێرە

لەسەر ئەم زەمینە

کە هەر دڕکى تیا دەناسین؟

لە ژێر ئاسمانى پێکەوە لکاودا

ئێمە تا دێ

لە ڕوحى سەردەم دوور دەکەوینەوە

ئێمە لە سەدەى ئەفسانان لە دایک بووین

خوێنى تەکنۆلۆژیامان تیا دەگەڕێ!

 

هەمیشە بڵێسەیەک

لە بۆشایی مێژووەوە

تاوى بۆ هێناوین..

هەمیشە بڵێسە تاومان بۆ دێنێ و

بە سرووتى نەفرەت

پەروەردەمان دەکا

ئێمە سەتان ساڵە

خۆمان لێ ون بووە

دەمانەوێ

بە نەخشەى ساویلکەیى

خەونى عاقڵان ببینین

لە لەرینەوەى قامچیدا

با دەناسین.

 

(شەپۆلەکان مەرگهێنەر بوون

ڕەنگى ئێوارە لە ژنێک دەچوو

پڕ پڕ پڕ لە ژنایەتى

بەڵام درێغ

لوتکە لە بیابان کۆ بووبوونەوە

ئاڵاى خەو ڕەنگاوى پێدا

دەهاتە خوار

خەولێکەوتووان

بە هیچ داد و یەخەدادڕینێک

بێدار نەدەبوونەوە)

 

ئێمە ئەگەر

ڕەنگى مردووانمان لێ نیشتبێ

دەبێ بەرگى مردووان بپۆشین

دەزانن؟

ئێوە دەزانن

ئێمە بە پێوانەى پۆشین

چەند ڕووتین؟

چى لە خۆر بکەم

دەگاتە بەر پەنجەرەمان و ناگات

هەڵدەخلیسکێ؟

چى لەو داربریایانە بکەم

لە وەهمیان زیاتر نەگرت؟

 

(میوەى ژەنگاوى

بڕکى دەرد گرتووى تەماتە سپییەکان

لە بیابانى جەنجاڵدا

بێ ئاکام دەیەوێ

تۆزى خۆڵپەرستى

لە خۆیدا بتەکێنێ)

دەمزانى

چاوم بەرى لە ماڵێ نییە

دەمزانى ڕێى گەڕانەوەمان ئەستەم بوو.

دەمزانى

ڕەنگە باسى شیعر و

شتى لەو بابەتەم لێ بپرسى.. دەمزانى

بەڵام چى بکەم

مۆسیقاى غەفڵەت

ماندوویەتى گوڵانمان پێشان دەدا

کە بە هەناسەسوارییەوە

سەر لە ئینجانە دەردێنن

 

(چۆلەکەیەک لە سنگمدایە

  نە جێى دەبێتەوە

  نە بوارى هەیە بفڕێ

  منیش

  وەک ئەوەى

  بچووک بچووک بووبمەوە

لەسەر دوگمەى کراسى ژنێک

ڕاکشابم

لە پرسەى ئاسکە هەتیو کەوتووەکان

دانیشتووم)

 

ئەى نهێنى سەر ئەندازەى وجوود!

با ئەم پێکەیش

لە پەرستگاى لایەنگیریدا هەڵدەین

ئەویدى ،

بۆ ڕێوڕەسمە بە جۆشەکانى

خانەقاى ڕەهایى هەڵدەگرین

بۆ وەختێ

سەماى یاخیبوون

لە ڕووبەڕوو بوونەوەى تەوژمى

تاریکى و بێهودەیى

جەستەى هەڵکوڕوزاوى بە ئێشمان

وێنەى باڵى گرانى

پاسارییەکانى بەر باران

بێ نەزیر... ڕژد

لەسەر سواندە چۆلەکاندا

باڵ دەکەنەوە

دەلەیزن گەرم ببنەوە..

 

وەختێ سەهۆڵ

ئاگرى پێ خۆش دەکرێ ،

ساڵ بە پێش مانگ و

مانگ بەپێش حەفتە و

حەفتە بە پێش ڕۆژ

ڕۆژ بە پێش سەعات

سەعات بە پێش دەققە و

دەققە بە پێش چرکە دەکەوێ ،

ئێمە دەگەینە ڕەهایى

دەگەینە مەیدانى جەنگ

بێستانى تەماتە سپییە ڕەنگ تێنەگەڕاوەکان ..

 

( ئەگەر هەر کیسرایەک بووایە

گرفت نەبوو

ئەگەر هەر سوڵتانێک

هەر میرێک بووایە

گرفت نەبوو..

بەڵام نە هى ئێمە

کیسرایەک و سوڵتانێک و میرێک نییە..

ئاوڕ بە لاى ڕۆژهەڵاتێ دەدەینەوە

هەزار کیسرا

چاو زەق بۆمان ڕاوەستاون .

سەر بڵند دەکەین

سوڵتانەکانى گۆڕستانیش

لێمان هەڵدەستنەوە..

ڕوو بۆ باشور وەردەگێڕین

هەزاران هەزار شمشێرى دوو دەم

هەڵکێشراون..)

 

چیاو مێرگ

بە قەڵەمڕەنگى ئەوان

دروست نەکراون

ئاوى ڕەوان

ئەوان ڕێیان بۆ

هەڵنەبەستووە

ئەوان شەپۆلیان ،

بە گەڵاى سپیدار

نەبەخشیوە

سێبەر بگرن

ڕوناهى لە گیرفانى

تاریکایى بشارنەوە..

ئەوان عاشق نین بتوانن

ڕێبەندانان سەفەر بکەن .

ئاسمان نەبا

لە زەوى ڕۆدەچوون

زەوى نەبا

کێلگەى ئەسترییان

دەرزیئاژنى دەکردن

خۆ خۆرى و شەرمنى ئێمەش نەبا

بە تەنیا دەمانەوە..

 

ئاى نهێنى سەرئەندازى وجوود !

مردم ئەوەندەى

ئادى ئەستیران بکەم .

لێم بڕا ئەوەندەى

ڕووبار و دەریایان ئاو بدەم..

ئەوەندەى دان بەسەر

جۆخین و خەرمانان وەر بکەم

نە ڕێگام دیتەوە

نە کۆدەکانم پێ کرانەوە..

ئێستا بیابان چۆڵ نییە

شەبەقى بۆ کپ کردن ،

ئاگرى ناو پووشە.. تەنیوەتەوە..

ئێمەش هاتووین

چیامان بۆ چەند بیرە نەوتێک

چۆڵ کردووە

بێ ڕۆح ،

لە سەرابى بیاباندا

پاڵمان لێ داوەتەوە ..

نە قومێ ئاوى شینکاڵەکانمان پێیە

نە چەپکە گوڵێکى کیوى

خۆمان بە بیر بێنێتەوە..

ڕووت و قووت

هاتووین چاومان بڕیوەتە سەراب

سەراب و سەراب و سەراب ..

 

ڕەنگە ئەوە دوا عەشقمان بێ

خوایە وانەبێ !

ڕەنگە دوا جارمان بێ

چەکەرەى چرۆیان

کرانەوەى گوڵان ببینین

خوڕەى ئاو و قاسپەى کەو و

جڕیوەى مەلان ببیستین

خوایە وانەبى

خوایە با ئەوە مۆتەکەیەک بووبێ

ڕاستى نەبێ

بێین دار بەڕوو

لە تەنیشت بیرە نەوتان بڕوێنین

ئاسکە کێویلەکانى کوێستان

لە حەوزى نەفرەتیى نەوت باوێین

خوایە وا نەبێ.

 

شوباتى 2016

 Image result for krig kunst

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت