ما 1463 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

شۆڕشگێری جینایەتکار، بەرهەمی سەردەمێکە تێیدا تەنیا سەرکەوتن بە سەر دوژمندا گرینگ دەبێتەوە، لەوەها دۆخێکدا بەها ئەخلاقییەکان دادەبەزن و تەنیا ئامانجە ئامراز دیاری دەکا. شۆڕشگێڕی جینایەتکار، مرۆڤێکی تووڕە لە شکستەکانی خۆیەتی کە بەهەر شێوەیەک بێ دەیەوێ ئەم شکستانە قەرەبوو بکاتەوە،... وەها کەسێک چەندە لە دوژمنەکەی توڕەیە هەر ئەوەندەیش لە خەڵکەکەی خۆی.

 

شۆڕشگێڕانی جینایەتکار

فەڕۆخ نێعمەتپوور

شۆڕشگێر لە مانای وشەییدا کەسێکە خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتی، خوازیاری گۆڕانی پێکهاتەکان بە تایبەت لە بواری دەسەڵاتدا، کە ئەم دەسەڵاتە نوێیە دوواتر دەبێ گۆڕانەکان لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتیش دا لەگەڵ خۆی بهێنێ.

شۆرشگێڕ تەنیا ئەو کەسە نیە کە پێی وایە رەوتی مێژوو رەوتێکی هێڵ ئاسا یاخود مارییە (زیگزاگ) کە بەردەوام بەرەوپێش دەچێ و، بۆیە کردەی شۆڕشیش پنتێکە لەم بەرەوپێشچوونە. ئێمە خاوەن شۆڕشگێڕانی ئەوتۆشین کە داوادەکەن کۆمەڵگا لەباری چلۆنایەتییەوە بگەڕێتەوە بۆ هەندێ دۆخی مێژوویی. لای ئەوان هەندێ قۆناخی بەسەرچوو دەتوانن نموونە و مەبەست بن. ئەمانیش خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتیی دەسەڵاتی سیاسی و هەربۆیە بە شوێنیشیدا پێکهاتە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانن.

بۆیە کاتێک باس لە شۆڕشگێڕی دەکرێ، دەبێ بپرسین کام شۆڕشگێڕ: ئەوەی جۆری یەکەم، یان دووهەم؟ شۆڕشگێری پێشکەوتنخواز، یان شۆڕشگێری پاشکەوتووخواز؟

بەڵام لە نێوان بەشێکی ئەم دوو شۆڕشگێڕەدا لەم ساڵانەی دوواییدا تایبەتمەندییەکی هاوبەش سەریهەڵداوە، ئەویش کوشتنی خەڵک، یان بێ دەربەستبوونە لەئاست کوژرانی خەڵک. واتە شۆڕشگێڕانی جۆری دووهەم ئیستاکە لە رێگای تیرۆر و رەشەکوژییەوە خۆیان راستەوخۆ خەڵک دەکوژن و شۆڕشگێڕانی جۆری یەکەمیش لەرێگای حەز بە دەستێوەردانی دەرەکییەوە خوازیاری کوژرانی خەڵکن. زۆر جار لێیان دەبیستین کە با وڵاتانی بەهێز بێن و بە هێزی سەربازی لە دەسەڵات بدەن، جا چاوی خەڵکی دەرێ چەندەیان لێدەکوژرێ! خۆ بمانەوێ و نەمانەوێ خەڵک هەر دەکوژرێن! ئەوان کە شەڕ بە بەشێکی گرینگی مێژوو و ژیانی مرۆڤ لێکدەدەنەوە، دەربەستی سەرهەڵدانی شەڕ نین و بگرە بە ئاسایی لێکی دەدەنەوە. لێرەوە لەباری ویژدانییەوە لێی ئاسوودە دەبن و بە هەڵوێستگرتن لەپشت واقع بینییەوە بگرە بە خەیاڵێکی ئارامیشەوە باس لە کوشتن و کوژرانی خەڵکی سیڤیل و مەدەنی دەکەن. لای ئەوان مرۆڤ هەمیشە قۆچێ قوربانی دۆخی خۆی بووە. لای ئەوان شەڕ، منداڵدانی لەدایکبوونە میژووییەکانە.

ئەم روانگەیە بەتایبەت سەبارەت بە خەڵکی نەیار رەچاودەکرێ، هەرچەند ئاسەوارەکانی شەڕیش خەڵکی خۆییش بگرێتەوە.

دەتوانین ئەمانە ناوبنێین 'شۆڕشگێڕانی جینایەتکار'. ئەوانەی جۆری دووهەم خۆیان راستەوخۆ دەکوژن و ئەوانەی جۆری یەکەم لە رێگای ئارەزووکردن و دنەدانی وڵاتە زلهێزەکانەوە ناڕاستەوخۆ دەبنە جینایەتکار کە هەڵبەتە لە چەند نموونەیەکیش دا راستەوخۆ بەشدارییان لە هێرشەکاندا کردووە و بۆیە ئەوانیش بەکردەوە بوونەتە شۆڕشگێڕی جینایەتکار.

هەڵبەت با ئەوەیش بڵێین کە ئێمە لێرەدا وشەی جینایەتکار وەک خۆی بەکاردێنین بە بێ وەپاڵخستنی بارێکی پۆزیتیڤی یان نگەتیڤی. چونکە ئەم دوو جۆرە شۆڕشگێرە کە باوەڕیان بە شەڕ و بە جینایەت هەیە، باری نگەتیڤی ناخەنە سەر حەز و کردەکەی خۆیان و بگرە تەنانەت بۆ گەیشتن بە ئامانجیش بە کارێکی رەوا و پێویستی دەزانن. هەرچەند وشەی جینایەت خۆی لەخۆیدا دەستبەجێ هەڵوێستی ئەخلاقیمان تیادەجوڵێنێ.

رەنگە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەردەمی بەجیهانیبوون سەرهەڵدانی چەمکی 'شۆڕشگێڕی جینایەتکار' بێت.

ئەزموون نیشانی داوە ئەم جۆرە شۆڕشگێرە کاتێک بەدەسەڵاتیش دەگا ئەوەی بەلایەوە گرینگ نیە کۆمەڵگا و خەڵکە. ئەوان دەستبەجێ دەبنە مافیا بە سەر ژیانی گەلەوە، هەموو سەرچاوە ماددی و سرووشتییەکان لەدەست خۆیاندا قۆرخ دەکەن و کۆمەڵگایەکی گاگەلی چێدەکەن. واتە کۆمەڵگایەکی ملکەج لەئاست ئەواندا بە بێ هیچ کردەیەکی سەربەخۆ و خاوەن هەڵوێست. کە ئەمەیش رەگ و ریشەی لەهەمان هەڵوێستی ئەواندا هەیە کاتێک بەمەبەستی گۆڕان بێ دەربەست بوون لە ئاست کوژران و تێکچوونی ژیانی خەڵکی دا.

شۆڕشگێڕی جینایەتکار هەر لەو کاتەوەی باوەڕی بە دەستێوەردانی دەرەکی و شەڕ و کوشتاری خەڵکی هەبووە، لە هێما سەرەکییەکانی شۆڕشگێڕی راستەقینەی جۆری یەکەم (واتە شۆڕشگێڕی پێشکەوتنخواز) دوور کەوتووەتەوە و بگرە رۆژ لە دووای رۆژ زیاتر لە قوڕی نەهامەتییەکان دا رۆچووە. ئەم جۆرە شۆڕشگێڕە نەک تەنیا نیشتمانی ئاوەدان نەکردووەتەوە و بەرەو پێشی نەبردووە، بگرە بەتووش دۆخێکی دژوارتری کردووە. هەموو شتێک بە جۆرێک لە جۆرەکان بووە بە کارەسات. ئەگەر لەسەردەمی رژێمە دیکتاتۆرەکاندا لانیکەم هەستی شۆڕشگێرانە دەیتوانی مانا بە ژیان بدا، ئەوا هەنووکە ئەم هەستەیش نەماوە و بۆیە مرۆڤی ناو ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە زیاتر هەست بە نائومێدی و بە رۆچوون لە زەلکاوی رەش بینی دا دەکا.

شۆڕشگێری جینایەتکار، بەرهەمی سەردەمێکە تێیدا تەنیا سەرکەوتن بە سەر دوژمندا گرینگ دەبێتەوە، لەوەها دۆخێکدا بەها ئەخلاقییەکان دادەبەزن و تەنیا ئامانجە ئامراز دیاری دەکا. شۆڕشگێڕی جینایەتکار، مرۆڤێکی تووڕە لە شکستەکانی خۆیەتی کە بەهەر شێوەیەک بێ دەیەوێ ئەم شکستانە قەرەبوو بکاتەوە، جا هەر چۆنێک بێت. وەها کەسێک چەندە لە دوژمنەکەی توڕەیە هەر ئەوەندەیش لە خەڵکەکەی خۆی، چونکە خەڵک ئەوەی نەکرد وا ئەو چاوەڕوانی بوو. بۆیە ئەوەندە بە ئاسانی دەچێتە پاڵ شەڕە گەورەکانەوە.

ئەم جۆرە شۆڕشگێرە چونکە لەبنەڕەتدا لەرێگای هێزی گەلەوە بە دەسەڵات نەگەیشتووە، کاتێک دەگاتە دەسەڵات لە تۆڵەکردنەوەیەکی مێژووییدا هەموو ئەو رەهەندانە وا دەتوانن کەسایەتی سەربەخۆ بدەنە خەڵکی و کلتور بەهێزبکەن، دەخەسێنێ. خۆیان دەبن بە سەرچاوەی هەموو شتێک. ئەوان لە نیشتمانیش گەورەتر دەبن. نیشتمان بەوانەوە مانا پەیدا دەکا، بۆیە بە ویژدانێکی رەحەتەوە هەموو شتێک لەدەست خۆیاندا قۆرغدەکەن.

شۆڕشگێری جینایەتکار، بەرهەمی سەردەمێکە تێێدا چەمکی شۆڕشگێڕی کشاوەتەوە و خەسڵەتی سەرەکی خەڵک و جەماوەر نیە، دیاردەیەک هەندێ لە شۆڕشگێڕان نایانەوێ قبوڵی بکەن و بۆیە لە رێگای دنەدانی زلهێزەکانەوە دەیانەوی بەسەر خەڵکی دا و لە رێگای شەڕە گەورەکانەوە بیسەپێننەوە!  شۆڕشگێری جینایەتکار بەرهەمی سەردەمێکە تێێدا ئیتر خەڵکی سوپای ئەو نین، بەڵکو ئەوە ئەم شۆڕشگێڕەیە دەبێتە سوپای زلهێزێکی تر.

 Bilderesultat for svart revolusjon kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت