ما 2313 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەمگین بۆڵى

هەتا نووسەرانى کوردى سۆرانینووس بە کرمانجى نەخوێنرێنەوە و نووسەرانى کوردى کرمانجینووسیش بە سۆرانى نەخوێنرێنەوە، نابنە نووسەرى کورد. بۆیە پتەوکردنى ئەو پردە، پتەوکردنى کولتووری کوردییە و باشترین خزمەتێکە ئێمە بە نووسەرانى نیوەکوردى دەکەین.

 

 

ئەدەبیاتى گێڕانەوە لەناو مێژوودا

'حەلیم یوسف' بە نموونە

غەمگین بۆڵى

ئەدەبیاتى گێڕانەوە ڕەگێکى قووڵى هەیە بە ڕابردووەوە، وەلێ ئەوەى لە ڕێگەى ئەدەبیاتى گێڕانەوەوە دەنووسرێتەوە، تەواو جیاوازە لە گێڕانەوەیەکى مێژوویی. تۆمارکردنى مێژوو ئەوەندەى نووسراوێکى ستایشئامێز و پیاهەڵگوتن و دروستکردنى کارەکتەرى پاڵەوانى جەنگە، ئەوەندە خەریکى دیوە جوانەکانى مێژووى نەتەوەیی و مرۆیی نییە، یان ئەوەندە خەریکى دیوە شاراوەکان نییە. بۆیە زۆرجار ئەوەى بە مێژوو ناکرێت، بە ئەدەبیات دەکرێت. ئاخر زۆربەى جاران نووسینەوەى لاپەڕەکانى مێژوو لە پێناو مێژوودایە، مێژوویەک ڕووت و بەبێ هیچ ئێستیتیکایەکى هونەرى. ئەوە جگە لەوەى زۆرجارانیش لەناو مێژوودا غەدرى گەورە دەکرێت لەسەر وەختى تۆمارکردندا. بۆ نموونە: لە تۆمارکردن و نووسینەوەى مێژوودا هەرگیز باس لە ئازایەتى و جوامێرى سەربازێک، یان پێشمەرگەیەک ناکرێت، بەڵکو هەمیشە گێڕانەوە و تۆمارکردنەکە لە ڕێگەى پێشەوا و سەرۆکەکەوە دەبێت. مێژوو نووسراوێکى شانازییە بۆ دەوڵەت و سەرۆک و نەتەوەیەک، وەلێ نووسراوى ئەدەبى شانازییە بۆ هەموو کەسێک. چۆن ئەدەبیاتى گێڕانەوە وەک نووسراوى مێژوویی دەستەمۆ ناکرێت و هەمیشە لە هەوڵى هەڵفڕینە، هەمیشە دەیەوێت سنوورەکان ببەزێنێت و بچێتە ئاسمانى دەوڵەتێکى دیکە، دەیەوێت لە ڕێگەى ئیستیتیکاى نووسینەوە جوانى نیشانى سەرۆکەکان بدات، گەرەکیەتى ببێتە موڵکى هەموو نەتەوەیەک.

   دیارە جیاوازییەکانى نێوان مێژوو و ئەدەبیات زۆرن، وەلێ خاڵێکى بنەڕەتى کە لە یەکیان جیا دەکاتەوە ئەوەیە: مێژوو باس لە شتێک دەکات کە ڕووى داوە، وەلێ زۆرجار ئەدەبیات باس لە شتێک دەکات کە دەشێت ڕووبدات. لە نووسینەوەى مێژوودا گرینگ نییە زمانى نووسین و هونەرى جوانیناسى، بەڵکو ئەوەى گرینگە ستایشکردنى جەنگەکان و شانازیکردنى نەتەوە و تاکەکانیەتى بە سەرکردەکانیان. وەلێ لە ئەدەبیاتدا بە بەتایبەت لە ئەدەبیاتى گێڕانەوەدا، ئەوەى گرینگە زمانێکى تۆکمەى گێڕانەوەیە، چیرۆکێکى نایابە، ...هتد. ئەوەى ئێمە لێرەدا دەمانەوێت لەبارەیەوە بنووسین، ئیشکردنى ئەدەبیاتى گێڕانەوەیە لەناو مێژوودا، دیارە لە هەردووکیاندا بەریەککەوتنێک هەیە کە گێڕانەوەی ڕۆژانى ڕابردووە، یان تۆمارکردنى زەمەنێکە. واتە: هەم لە نووسینەوەى مێژوودا و هەمیش لە ئەدەبیاتى گێڕانەوەدا، دەگەڕینەوە ڕابردوو. دیارە مێژووى کوردیش لەم لایەنانەوە پشکى شێرى بەرکەوتووە، چۆن زۆربەى ئەو سەرچاوانەى کە هەن و لەبارەى مێژووى کوردەوە نووسراون، لەلایەن کەسانى بیانییەوە بوونە. بۆیە بەبڕواى من دووبارە دەستبردن بۆ نووسینەوەى ئەو مێژووە، باشترین ڕێگەیە و شێوازێکى نووسین، ئەدەبیاتى گێڕانەوەیە. دیارە نووسەرانى ئێمەیش درکیان بەم بۆشاییە گەورانە کردووە، بۆیە نووسەرانێک بە پرۆژەى بەردەوام کار لەسەر پڕکردنەوەى ئەم بۆشاییە گەورەیە دەکەن. یەکێک لەو نووسەرانەیش (حەلیم یوسف)ە.

حەلیم یوسف نووسەرێکى ڕۆژئاواى کوردستانە و خەڵکى شارى عامودێیە و ئێستا لە وڵاتى ئەڵمانیا دەژیت. ئەم نووسەرە خاوەن بەرهەمگەلێکە، وەلێ لەم چەند ساڵەدا بەرهەمەکانى لە کرمانجییەوە کرانە سۆرانى. پێشتر وەک ناو، تەنیا جارێک چیرۆکێکم بینى لە یەکێک لە ژمارەکانى گۆڤارى (ڕامان)دا بڵاوکرابۆوە. بۆیە دووبارە بەرکەوتنم بە ناو و بەرهەمى حەلیم یوسف نائاشنا نەبوو. وەک خۆشى ئاماژەى بە دەستەواژەى (نووسەرى نیوەکورد) دەکات، کە هەتا نووسەرانى کوردى سۆرانینووس بە کرمانجى نەخوێنرێنەوە و نووسەرانى کوردى کرمانجینووسیش بە سۆرانى نەخوێنرێنەوە، نابنە نووسەرى کورد. بۆیە پتەوکردنى ئەو پردە، پتەوکردنى کولتووری کوردییە و باشترین خزمەتێکە ئێمە بە نووسەرانى نیوەکوردى دەکەین.

کاتێک ماسییەکان تێنوو دەبن:

ئەمە ناونیشانى ڕۆمانێکى ڕۆماننووس حەلیم یوسفە و لە ڕێگەى کارەکتەرێکەوە بەناوى (ماسى)یەوە، خۆڕاگرى شەڕڤانەکان و ژیان و مەینەتى و دژوارییەکانى گەریلاکان دەگێڕێتەوە. ڕۆماننووس لە ڕێگەى (گێڕەرەوەوە) تەکنیکێکى جوانى بۆ هونەرى گێڕانەوەى بەکارهێناوە. کاتێک دەرگەیەکى کۆن دەبێتە گێڕەرەوە، یان نووشتەیەکى بن هەنگڵ، یان سەگێک، یان کڵاوێک، یان قەڵەمێک... هتد. واتە لە هونەرى گێڕانەوەکە ئەوەندە ورد و هۆشیارانە گێڕەرەوەى دروست کردووە، کە خوێنەر بە جۆرێک کەمەندکێش دەکات، زۆرجار بڕوا بەوە دەکات کە بەردێک لە شاخە سەختەکانى کوردستان بۆ گێڕانەوەى واقیعى ژیانى گەریلاکان دێتەگۆ. ڕۆماننووس ئەگەرچى ئەو هەموو گێڕەرەوە لەناو ڕۆمانەکە دروست دەکات، وەلێ بە شێوەیەکى ئەوەندە تۆکمە و هونەرییانەیە کە خوێنەر هەست بە بێزاری و پچڕانى ڕووداوەکان ناکات. چۆن لەناو هەموو چیرۆکەکەدا واقیعێک هەیە کە بوونى کوردە. واتە بوونى ئەو مێژووەیە کە گەلى کورد خەباتى بۆ دەکات. مێژوویەکى بریندار و خوێنبەر ڕۆیشتوو. ئەو مێژووەى کە تێنووە و خەبات و تێکۆشان دەکات بۆ ئاوى سەربەخۆیی. دیارە ڕۆماننووسیش بە مەبەست پەیڤى(تێنوو)ى بەکارهێناوە و دەیەوێت وەک ڕەمزێک بەکارى بهێنێت بۆ گەیشتن بەو ئاوە. زۆرجارانیش بۆ مەینەتى و ئەو ناخۆشیانەیە کە گەریلاکان لە شاخە سەرختەکان بەسەرى دەبن. ڕۆماننووس هێندە ورد و قووڵ چۆتە ناو ڕووداوەکانەوە کە هەرگیز لە مێژوودا وەها باس ناکرێت. ئاخر مێژوو ناتوانێت ئەو هەموو وردەکاریانەى ناو جەنگ باس بکات، یان باسى گەریلایەک بکات بەدرێژایی وەرزى زستان لە ژێرزەمینێک، یان هەڵگرتنى قووى ئاوەتەماتە، یان بوونى ئەڤینێکى ڕاستەقینە لەناو شەڕدا. ئەوانە بۆ مێژوونووس سەختە و مێژوونووس ناتوانێت هێندە ورد بچێتە ناو قووڵایی ڕووداوەکانەوە، یان لەناو دڵى کارەکتەرەکاندا دابنیشێت و هەستەکانیان بخوێنێتەوە. بۆیە دەشێت ئەم ڕۆمانە بەشێک بێت لە مێژووى نەبەردى و قارەمانیەتى گەریلاکان، کە بڕواناکەم هەرگیز لە نووسینەوەى مێژوودا، وەها ورد و جوان بێتە بەرباسەوە.

ژنانى نهۆمە بەرزەکان:

ئەوەیان ناونیشانى کۆمەڵە چیرۆکى حەلیم یوسفە و دووەمین کتێبی چاپ و بڵاوکراوەیەتى و لەدواى بڵاوبوونەوەى کۆمەڵە چیرۆکى (پیاوى ئاوس)ەوە دێت. ژنانى نهۆمە بەرزەکان لە پێنج چیرۆک پێکهاتووە: "ئەڤینى سەرکرمێ- لەداردانى لووتێک- سەردێڕى نووسین- لاشەیەکى خۆبۆغزێن (بەشێک لە ڕۆمانێکى ونبوو)- ژنانى نهۆمە بەرزەکان." بەگشتى ئەم کتێبەیش باس لە مێژووى کورد دەکات و لەناو مێژوویەکى کۆندا چیرۆک دروست دەکات، یان مێژوویەکى کۆن و دەمامکدار دەهێنێت و لەگەڵ مێژوویەکى دیکەدا لێکیان دەدات و چیرۆکێکى تازەیان لێ دروست دەکات. ئەوەى لەناو هەموو چیرۆکەکانیش وەک خەتێکى گشتگیر دەبینرێت، نەهامەتى و ناخۆشییەکانى نەتەوەکەیەتى کە نەتەوەى کوردە. لە چیرۆکەکاندا ژیان و دۆخى خەڵک و مێژووى بەجێماو و تۆمارنەکراوى ئەو ڕۆژانە بوونەتە کەرستەى نووسین و چیرۆکەکانی. واتە بوونى دوو ڕۆژگارى لە یەکتر دوور بە یەکەوە گرێ دەدات و لە ڕێگەى هونەرێکى جوانى گێڕانەوەوە، دەیگێڕێتەوە و دەیکاتە چیرۆکێکى پڕ ڕەهەندى نەتەوەیی. لێرەدا دەمەوێت باسى چیرۆکەکان بکەم و هەر چیرۆکەى بە جیا، بە کورتى لەبارەیەوە هەڵوەستە دەکەم و ڕوانگە مێژوویەکەشى دەخەمە بەر ڕۆشنایی نووسینەوە.

ئەڤینى سەرکرمێ:

ئەم چیرۆکە ئەوەندە ئیشکردنە لەناو مێژوو و نیشاندانى مەینەتییەکانى گەلى کورد، ئەوەندە باسى کارەکتەر و ڕۆژگار نییە. یان ئەوەندەى ئەو ئەڤینەى کە هاتۆتە بەر گێڕانەوەوە ئەڤینێکى نەتەوەیی و خاک و خۆڕاگرییە، ئەوەندە ئەڤینى ئافرەت و سامان و دەستەڵات نییە. ئاخر حەلیم یوسف ئەوەندە ڕاستگۆیانە باسى ئەو ئەڤینە دەکات، کە خوێنەر ناتوانێت لەسەر دێڕەکانى نەوەستێت: " من پێش دوو هەزار و شەش سەد ساڵ مردبووم. کاتێک کە هەڵوەداى ئەڤینى خاک بووم، دەستم بە خواردنى خۆڵ کرد".

لەداردانى لووتێک:

ئەم چیرۆکەیش لە هەوڵێکى چڕدایە بۆ گێڕانەوەى چیرۆکێک لەناو چەند پارچە چیرۆکێکى کۆن و پەراوێز. کە هەموو ڕووداوەکان بە تەنافێک بەستراونەتەوە، کە بوونى لووتێکى گەورەیە. کە ئەمەیش هەم وەک سیمبووڵ بەکارهاتووە، هەمیش وەک گەڕانەوەیەک بۆ مێژوو. ئەو ڕووداوە مێژوویانەیش لە چوارچێوەى چیرۆکدا بەرجەستە بوونە و خەم و ناسۆرى و نەهامەتییەکانى تاکى ڕۆژهەڵات و مرۆڤى کوردى و خاکى داگیرکراو نیشان دەدەن، کە ئەمەیش ڕوونە کە بوونى نەتەوەى کورد بە درێژایی مێژوو باجى بۆ دەدات و لە هەوڵ و تێکۆشانەکانى بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە.

سەردێڕى نووسین:

ئەم چیرۆکە ڕاستەوخۆ ئیشى لە دیوێکى شاراوەى ژیانى ئەحمەدى خانى ( نووسەرى داستانى مەم و زین) کردووە، هەموو چیرۆکەکەیش زەقکراوەتەوە بۆ نیشاندانى مێژوویەکى پڕ برین، کە مێژووى کوردە و ئەم مێژوویەش بە دەستى نەیارانەوە بەردەوام بریندار کراوە و چڤاتى کورد بەم هۆیانەوە خوێنى لەبەر ڕۆیشتووە.

 دیارە لەسەروەختى خوێندنەوەى ئەم چیرۆکەدا، ڕۆمانى (میرنامە)ى رۆماننووسى کورد (جاندۆست)م بیرکەوتەوە، وەلێ هیچ یەکێکیان وەک ئەوەى دیکە نەبوون و هەردووکیان بە شێواز و دیگەى جیاواز و تایبەتى خۆیانەوە ژیانى ئەحمەدى خانییان گێڕاوەتەوە و ڕووداوەکانیشیان موتوربە کردوون بە نەهامەتى و ناسۆرییەکانى کورد و خەمى کوردبوون.

لاشەیەکى خۆبۆغزێن – (بەشێک لە ڕۆمانێکى ونبوو)

یەکێک لە چیرۆکە تایبەتەکانى نێو ئەم کۆمەڵە چیرۆکەیە، چۆن نووسەر دەستى بۆ بابەتێکى زۆر هەستیارى نێو مێژووى کورد بردووە، کە ئەویش گوشتارى ئەرمەنییەکانە لەلایەن کۆمەڵێک کوردى بە کرێگیراوى دەستى تورک. نووسەر لە ڕێگەى ئەم بابەتە هەستیار و مێژووە ڕەشەى کوردەوە، دەیەوێت لە ڕێگەى چیرۆکى ئەڤیندارییەوە بڵێت: کورد گەلێکى خوێنڕێژ نییە، بەڵکوو گەلێکە پڕە لە خۆشەویستى و ئەڤین. بۆیە لە ڕێگەى ئەڤیندارى کوڕێکى کورد و کچێکى ئەرمەنى، دەیەوێت تیمارى بەشێکى بچووکى ئەو برینە گەورەیەى مێژووى ئەرمەنەکان بکات. هەروەها ئەوەیش بڵێت کە ئەڤیندارى هیچ سنوور و ئایین و نەتەوەیەک ناناسێت و کورد بە تەنیا بڕواى بە ئەڤین هەیە.

نهۆمە بەرزەکان:

ئەم چیرۆکە ئەگەرچى ڕەهەندى جیاوازى هەیە و ئێمەیش دەمانەوێت باسەکەمان مێژوویی بێت و باس لە گێڕانەوەى مێژوو بکەین بە زمانى ئەدەبیات، یان باسى ئەدەبیاتى گێڕانەوە بکەین لەناو مێژوودا. بۆیە تەنیا ڕۆشنایی دەخەینە سەر ئەو لایەنە.

ئەم چیرۆکە باسى ژیانى سترانبێژى کورد محەمەد شێخۆ دەکات و لە ڕێگە مەینەتى و ئازارەکانى ئەو هونەرمەندەوە، نەهامەتى و ئازارى کورد باس دەکات. واتە ژیانى محەمەد شێخۆ بەهانەیەکە بۆ نیشاندانى ئازارى مرۆڤى کورد، کە بێگومان دواجار محەمەد شێخۆیش تاکێکى کوردە و نموونەى هەزاران کوردى دیکەیە کە لەناو نەهامەتى و ئازارى کوردبوون دەژین.

پەراوێز و سەرچاوە:

1- کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن – ڕۆمان – حەلیم یوسف – وەرگێڕانى: سەڵاحەدین بایەزیدى. لە بڵاوکراوەکانى ڕۆشنبیرى و هونەریی ئەندێشە – چاپى یەکەم: 2015.

2- ژنانى نهۆمە بەرزەکان – چیرۆک – حەلیم یوسف – وەرگێڕانى: فەرهاد چۆمانى. لە بڵاوکراوەکانى ڕۆشنبیرى و هونەریی ئەندێشە – چاپى یەکەم: 2017.

 Bilderesultat for fortelling

 

 

گەڕان بۆ بابەت