ما 3342 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە کوێوە دەستی پێبکردایە؟... چلۆن دەیتوانی لە شتێک دونیا سازبکاتەوە کە ئەوی لەخۆیا نوقم کردبوو؟... مەگەر دەکرا خوڵقێنەر لە کەرەسە بچوکتر بێت؟ بەڵام نا، دەبوایە رێگا چارەیەک هەبێ! نەدەکرا لە دووای ئەو هەموو ساڵە خەون بینین، خەون لەخۆی بەتاڵ بێتەوە. هەربۆیە لەناو مژی ژوورەکاندا کەوتە گەڕان.

 

بەشوێن قەراخدا

فەڕۆخ نێعمەتپوور

چەند حەزدەکا ماڵەکەی بەرزبەرز لەو ئاسمانانە بێت. ئەوەندە بەرز بتوانێ کاتێک بێتاقەت دەبێ، پەنجەرەکە بکاتەوە، دەست بکێشێ، پەڵەهەورێک بێنێتە ژوورەوە و شتی لێ سازبکا. بەڵام شتی وەک چی؟ شتی وەک درەخت، وەک گوڵ، کۆڵکەزێڕینە، دەریا و،... بگرە مرۆڤیش،... تەنانەت خودی هەوریش!

بەڵام ئاسمان دوورە و خانووەکەی ئەو لێرە لەسەر زەوی، لە شوێنێک لە ناو بیاباندا لە قەراخ شارێکی قەرەباڵغی هەردەم ئاسمان دووکەڵاوی کە بەڕۆژ وەک توێژاڵێکی ئەستوور و خەست لە سەر خانووەکانی قورس قورس دەنیشێ و لەژێر خۆیدا دەیانتەپێنێ. شاری سەرتاسەر چێکراو لە چیمەنتۆ و لە قوڕ و لە بەرد، بەو کۆڵانە تەسکانەوەی دوو نەفەر ناتوانن پێکەوە شانی بە شانی یەک هەنگاوی تیاهەڵبێنن. ئەو گەر دەستی بگاتە هەورەکان، شارە و بگرە ئاسمانەکەیشی سەرلەنوێ سازدەکاتەوە. شارێک لە هەوریشم کە خۆی لەناو خۆیدا دەکرێ ببارێ بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ هەور و هەورەتریشقە و گرمەی بارانە بەوەخت و ناوەختەکان بێت.

خەیاڵی دەڕوا. ئەو لەمێژە خەیاڵی دەڕوا. ئەم بیابانە، ئەم خانووە لاکەوتەیە و ئەو شارە تەم و مژاوییە هەر هەموویان ئاماژەن بە خەیاڵ. ئەویش لەمە کەم ناهێنێ. بە تایبەت بە ئێواران و بە شەوان، کاتێک دونیا رەش رەش دادێ و ئاسمان خۆی بە حوسنی تاریکیی سەر زەوی دەکاتەوە، بە هەموو ئەستێرەکانییەوە، لەو قووڵاییانە. بگرە ئەو جاری وایە دەکرێ بەو ئەستێرانە شتە سازکراوەکانیش بڕازێنێتەوە. بۆ وێنە ئەستێرەیەک بە ناو قەدی گوڵێکەوە بکا، یاخود باڵای مرۆڤێک نوقمی ئەستێرەکان بکا. ئەمە سەرسامی دەکا. بەتایبەت کاتێک هەورەکان دەخزێن، خۆبەدەستەوە نادەن و نایانەوێ هیچ ئەستێرەیەک لەخۆبگرن، تەنانەت ئەو هەورانەیش وا لە رەگەزی شتەکانی ئەون. نا نا، کاری وا ناکا. ئەستێرەکان هەر لەگەڵ خۆیان جوانن. خۆیان لەگەڵ خۆیان. ئەوان نایانەوێ هیچ شتێک بڕازێننەوە.

ئاسمانی ئەم بیابانە ئەوەندە پان و بەرینیشە دەڵێی ناگاتە هیچ قەراغێک. هیچ ئاسۆیەک لە هیچ شوێنێکەوە بەدی ناکرێ. دوورەکان لەناو تەم و مژێکی غەریبدا ونن. ئەو دوورانەی وەک منداڵدانێک پەڵەهەورەکانی لێوە لەدایک دەبێ و ئیتر دێن،... بەرەو ئێرە. پەڵە هەورە لێک جیا و پێکەوە گرێنەدراوەکان،... هەر کامەیان بۆ خۆیان و تەنیا لەگەڵ خۆیان،... بە بێ ئەوی تر. ئەو هەورانەی پاڵنادەن بەیەکەوە بۆ ئەوەی ببن بە باران و بە رەهێڵە بەوەخت و ناوەختەکان.

ئەم لێرە دادەنیشێ و هەتا چاوی هەتەردەکا، لێیان دەڕوانێ. بێ ئەژمارن. تەواو نابن. یەک لە دووای یەک و ریز لە دووای ریز دێن. سپی سپی بە نەقش و نیگارە جۆربەجۆرەکانەوە. گەر لەوێ بێ، بێگومان هەوری بارانیشیان لێ چێدەکا. رێک لەپەڵە هەورێک ئەو دەتوانێ وەها هەورێک دروست بکا کە بتوانێ بە سەر زەویی ئەم بیابانەدا خوڕخوڕ تا قلشتە هەڵبزرکاوەکان بسڕێتەوە ببارێ و ببارێ،... بە بێ پسانەوەیەکی چەند رۆژە، بەڵام،... بەڵام مخابن دەستی ناگاتە ئەوێ،... مخابن پەنجەرەکەی بەڕووی پەڵەهەورەکاندا ناکرێتەوە.

بیر دەکاتەوە داخۆ ئەو هەموو پەڵەهەورە دەکرێ چەندە هەوری بارانیان لێ سازبکرێ؟ بێگومان بێ ئەژمار. ئاهێک هەڵدەکێشێ.

رۆژێک کە وەک هەمیشە لە خەیاڵی هەمیشەییدایە و نیگای نوقمی ئاسمانە، کتوپڕ لەو دوورانەوە پەڵەیەکی رەش دەبینێ. پەڵەکە بزۆزە و هەتا دێ گەورە و گەورەتر دەبێتەوە. بەرەو لای ئەم دەکشێ. جاری وایە لە پشت گەواڵە هەورە لێکترازاوە ئەستوور و بەقەبارەکان ون دەبێ و، جاری وایە دیسان دەردەکەوێتەوە. کە نزیکتر دەکەوێتەوە، تێدەگا پۆلە باڵندەن! ژمارەیان؟ نازانێ. رەنگە سەد، رەنگە پێنج سەد،... یان رەنگە بە هەزاران. هەر ئەوەندە دەزانێ کاتێک دەگەنە ئاسمانی سەر سەری، سێبەرێکی یەکجار گەورە، بە قەدەر پانتایی رووبەری ئاسمان جێ بە تیشکی خۆر لێژدەکا. دونیا تاریک هەڵدەگەڕێ. پۆلەکە خولێکی پڕاوپڕ دەداتەوە. ئەوسا نزم و نزمتر دەبێتەوە. باڵندەکان سپی سپین،... وەک پەڵە هەورەکان. کەچی لە زۆریی خۆیان و لە تێکچڕژاوەییان رەش دەچنەوە. دەنگی خوێندنیان لە خۆڕەی داکردنی باران دەکا. بای باڵیان دەبێ بە سروەیەکی سەحەری و دونیا فێنک فێنک دەکاتەوە. ئەم ملی دەکشێنێ و روخساری بەرزدەکاتەوە. بە چاوە قونجاوەکانییەوە هەوڵی دۆزینەوەی لەززەتێکی زیاتر دەدا. ئەگەرچی چاوەکانی قونجاون، بەڵام بەجوانی هەست بە قورسایی 'بوون'یان دەکا. ئەوان لەوێن،... لەو بەرزاییانە.

کە چاو هەڵدێنێتەوە، دەبینێ باڵندەکان ئەمجارە نزمن، یەکجار نزم. ئاسمانێکی سپیی نزم هەموو سەرسەری دادەپۆشێ. نیگای باڵندەکان چەند پڕ لە میهرەبانی و پڕ لە پرسیارن. جوانتر لێیان دەڕوانێ. ئەو کە لەمێژە بەتوش نیگای وەهاوە نەبووە، بیریان لێدەکاتەوە. باشە بۆ ئەو هەموو چاوە وەک یەکە؟... بە میهرەبانییەوە دەیانەوێ پرسیاری چی لێبکەن؟ هێشتا لە داڵغەی وەڵامی ئەم پرسیارانەدایە کە خۆی و خانووەکەی بەسەر باڵی باڵندەکانەوە دەبینێ. خۆی و خانووەکەی لە سووڕێکی بەرفراوانی ماریدا دەبینێ بەرزو بەرزتر دەبێتەوە. ئەوان هاتوون بیبەن. بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامی بن. بێگومان بە مێژووی دەزانن، بێگومان کەسێک چیرۆکی رووانینەکانی ئەمی بۆ گێڕاونەتەوە. بەڵام کێ؟... ئەوە کێیە ئەم کارەی کردووە؟

هەتا دێ بەرز و بەرزتر دەبێتەوە. لە تاقەداری حەوشەکەی دەڕوانێ کە ساڵانی ساڵە هیچ چۆلەکە و پاسارییەک لێی نانیشێ. رەگەکەی دەبینێ شۆڕشۆڕ و رەش رەش وەک ئەو سەرسوڕماوی سەفەری ناوەخت و کتوپڕی خۆیەتی. بیردەکاتەوە کە بێگومان یەکەمجارە مرۆڤ لەگەڵ درەخت سەفەردەکا. ئەوسا لە شووشەی پەنجەرەکانی دەڕوانێ کە تا چاو هەتەردەکا وێنەی باڵندە و ئاسمان لە ناویاندا شۆقدەداتەوە. هەڵدەستێ و بەسەر باڵی فڕینەوە دەچێتە ژوورەوە. شتێک لە دەروونیدا پێی دەڵێ ئەو دەبێ لە ژوورەوە لە پشت پەنجەرەکە بێت.

سەرئەنجام دەگەنە ئەو شوێنەی وا لەمێژبوو عەوداڵی بوو. رێک لەو دیوی پەنجەرەکەی، دونیای گەواڵە هەورە پەرتەوازە و بێ نازەکان. بیری ئەوەی ئیستاکە دەیتوانی دەست بکێشێ و یەک یەک بیانهێنێتە ژوورەوە و ئەوەیان لێسازبکا وا بە ساڵانی ساڵ خەونی پێوە بینیبوو، لەخۆ بێخۆی کرد. سووڕانەوە راوەستابوو. چیتر باڵندەیەک نەدەبینرا. ئەوەی هەبوو تەنیا خانووبەرەیەکی گەمارۆدراوی هەورەکان بوو. رابوو. ئارام لە پەنجەرەکە نزیک کەوتەوە و دەستی راداشت. یەکەم هەوری گرت و بردیە ژوورەوە. ئەمڕۆ وەک یەکەم رۆژ چی سازبکردایە؟ شەقامێکی پڕلە درەخت، باخچەیەکی بجکۆڵانەی پڕ لە گوڵ، یان کۆڵکەزێڕینەیەکی پاش بارانی زۆر کە چەمابووەوە بەرامبەر بەخۆر؟١... کامەیان؟ رقی لە خۆی دەبووەوە. هەڵبژاردن چەند دژوار بوو. پەڵە هەورەکەی زیاتر راکێشایە ژوورەوە.  بەڵام هاتنە ژوورەوە تەواو نەدەبوو. هەورەکە گەورەتر بوو لەوەی ئەم دەیتوانی بیری لێبکاتەوە. هەورەکە خۆی کشاندە ژوورەکانی تر. هەموو شوێنێکی پڕکردەوە. لێواولێو. بگرە ئەو ژوورەیش وا ئەمەی تیا بوو. ئەوەی وا ئەو وەک کەرەسەیەکی چێکردنەوەی دونیا سەیری دەکرد، ئەمیشی لەخۆ گرتبوو. کەوتبووە ناو فەزایەکی تەم و مژاوی و لێڵەوە کە میترێک ئەولاتری خۆی بە جوانی نەدەبینی. لە کوێوە دەستی پێبکردایە؟... چلۆن دەیتوانی لە شتێک دونیا سازبکاتەوە کە ئەوی لەخۆیا نوقم کردبوو؟... مەگەر دەکرا خوڵقێنەر لە کەرەسە بچوکتر بێت؟ بەڵام نا، دەبوایە رێگا چارەیەک هەبێ! نەدەکرا لە دووای ئەو هەموو ساڵە خەون بینین، خەون لەخۆی بەتاڵ بێتەوە. هەربۆیە لەناو مژی ژوورەکاندا کەوتە گەڕان.

لەو رۆژەوە ئەو بەردەوام بە شوێن قەراغدا دەگەڕێ،... بۆ شوێنێک کە بتوانێ لە دەرەوەی هەورەکە رابوەستێ و دەست بکا بە دروستکردنی ئەوەی وا لە خەیاڵیدایە.

 

ژێرنووس:

١ـ وەسفێکی شاعیری گەورە 'گۆران'.

 

 Bilderesultat for skyer

گەڕان بۆ بابەت