ما 1420 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شاهۆ حەسەنپوور   

کاتێ باسی توانای قوتابی دەکرێ، رەفتارگەراکان پێیان وابوو توانایی قوتابی وەک قوتوویەکی رەش وایە. ئەوەی لای ئەوان گرینگ نەبوو هۆکارە ناوەکی و دەروونییەکانن کە لە قوتووی رەشدا دیارنیە. بە واتایەکی دیکە ئەوەی لە دەروونی منداڵدا روودەدا ئەوان نایبینن.

 روانگەی قوتابخانەی فکری رەفتار گەرایی لە سەر فێربوون 

شاهۆ حەسەنپوور  

 

   مرۆڤ و فێربوون  لە رەوتی مێژوودا پێوەندییەکی نەپساوەیان بەیەکەوە هەبووە و لە دوارۆژیشدا ئەم رەوتە هەر درێژەی دەبێ. ئەوەی کە مرۆڤ لە رێگای فێربوونەوە گەیشتۆتە ئەو شوێنەی ئێستا بۆ زۆر کەس دیفاکتۆیەکی حاشاهەڵنەگرە. بە ئاوردانەوەیەک لە مێژووی  فەلسەفە بۆمان دەرەدەکەوێ  باسی تێۆرییەکانی فێربوون یەکەم جار لە نێوان فیلۆسۆفەکاندا، داکەوت. ئەفلاتوون، ئەرستوو و کۆنفیسۆس، لەو فیلۆسۆفانەن کە لە باسە فەلسەفییەکانیاندا لە فێربوون دواون. ئەرستوو لە سەر ئەو باوەرە بوو مرۆڤ لە رێگای بەکارهێنای هەستەکانییەوە فێری شت دەبێت؛ ئەفلاتوون فێربوونی پێوەندی دەدا بە دەروون بینییەوە (Introspection). ئەو لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە مرۆڤ پێویستە بە شێنەی دانیشێ و بیر بکاتەوە و بە بیر و فکرەکانی خۆیدا بێتەوە. بۆ کۆنفیسۆس فێربوون دیاردەیەکی ئێتێکی بوو. ئەو پێێ وا بوو کە ئەنجامی فێربوون دەبێ ئەوە بێ کە مرۆڤ کامڵ بکا و بە ئینسانی بکات.(Sharan and Bierema,2013:25)

 

 

ڕوانگەکانی ئەم فیلۆسۆفانە لەسەر فێربوون لە سەدە جیاوازەکاندا بە شێوەیی جۆراوجۆر جێگای ئاخافتنی زاناکان بووە. بەڵام لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم باسی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و فێربوون بە شێوەیەکی سیستماتیکی و زانستی کەوتەوە بەر ڕۆژەڤی باسەکان. کار کردن لە تاقیگەکان لە سەر ئەوەی ئاژەڵەکان چۆن شت فێردەبن بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە لایەن دەروونناسەکانەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە کاری لەسەردەکرا. دەروونناسە رووسی و ئورووپایی و ئەمریکاییەکان لە تاقیگەکانیاندا تاقیکارییان لە سەر ئاژەڵەکان دەکرد و ئەنجامی تاقیکارییەکانیان لە سەر مرۆڤیش قاڵ دەکردەوە.

 

لەو سەردەمە بەدواوە و هەتا سەردەمی ئێمەش باسی فێربوون و تێۆرەکانی فێربوون رەهەندێکی گرنگ بووە لە هەموو بوراەکانی ژیاندا. لە بواری فێربووندا چەندین قوتابخانە هەن کە لە سیستمەکانی خوێندندا پێڕەویان لێ دەکرێت. من لەم وتارەدا باسی قوتابخانەی رەفتارگەرایی دەکەم.

 

 ئەم قوتابخانەیە لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوو هەتا ساڵەکانی ١٩٥٠ کاریگەری خۆی هەبووە و ئێستاش کەم و زۆر ئاگایانە یان نائاگایانە ئەم جۆرە روانینە بۆ فێربوون لە هزری ئێمەدا هەیە. پێویست بە ئاماژەیە هاوکات دەگەڵ قوتابخانەی رەفتار گەرایی چەند قوتابخانەیەکی فەلسەفی و فکری دیکەش هاوکات هەبوون کە روانگەی جیاوزیان هەبووە بەڵام ئەوان بە هۆی بارودۆخی سەردەم زۆرتر لە پەراوێزدا مابوونەوە.   

 

رەفتارگەرایی (Behaviorism) بزووتنەوەیەکی سایکۆلۆجی و فەلسەفی بوو کە جەختی لە سەر رەوش و رەفتاری تاک دەکردەوە وەک بنەمای فێربوون. ئیڤان پاڤلۆڤ (١٨٩٠) کە دەروونناسێکی رووسی بوو هات تاقیکردنەوەی لە سەر سەگێک ئەنجام دا کە دواتر بە سەگەکەی پاڤلۆڤ ناوی دەرکرد. هەر کاتێ پاڤلۆڤ خواردنی دەدا بە سەگەکە زەنگوڵەیەکی بەکار دێنا وەک نیشانەیەک بۆ ئەوەی کاتی خواردنە. هەتا وای لێهات هەر کاتیک سەگەکە دەنگی زەنگوڵەکەی دەبیست ئاوی دەمی دەهات. لە ئاکامی ئەم تاقیکردنەوەیە پاڤلۆڤ بەم قەناعەتە گەیشت کە هاندەرێک (Stimulus) دەبێتە هۆی کاردانەوەی (Response). ئاکامگیرییەکە ئەوە بوو کە ئاژەڵەکە بە پێی ئەو ئەزموونەی لەو ژینگەیە بە دەستی هێنابوو فێری ئەوە ببوو کە دەنگی زەنگوڵە پێوەندی بدات بە خواردنەوە. ئەم تێزە لە لایەن ڤاتسۆن ١٩١٣ و پاشان سکینەر و کاسانی دیکەش گەشەی پێدراو و ئەوان گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە مرۆڤ بە هەمان شێوە فێری شت دەبێت. رەفتارگەراکان لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە رەفتاری مرۆڤ لە ئاکامی زنجیرەیەک هاندەر بەرهەم دێت، یان کاردانەوەی دەبێت و ئەگەر بێت ئەم رەفتارانەی خەڵات بکرێن یان بە ئەرێنی باسی لێوە بکرێ ئەوە فێربوون بەردەوام دەبی و بە پێچەوانەوە فێربوون روونادات. بە کورتی ئەم دەروونناسانە لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە فێربوون کاردانەوەیە بەرانبەر بە هاندەر لە ژینگەیەکدا کە فێربوون روودەدات ((Sharan and Bierema ,2013:27.

 

 رۆگەر سێلیۆ (Roger Säljö, 2005: 54) کە پرۆفسۆری پێداگۆگە و لە بواری خوێندن و فێربووندا ناوێکی دیارە دەنووسێ کە ڕوانگەی ڕەفتارگەرایی ڕەگێکی دەگەڕێتەوە سەر تێۆری زانستی فەلسەفی ئەرێنگەرایی (Positivism). رەفتارگەراکان لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە فێربوون لە ئاکامی گۆڕانی دیاردە دەرەکییەکان و ئەوەی کە ئێمە دەتوانین چاوەدێری ئەم رووداوانە بکەین روودەدات. لە پێوەندییەدا ئەزموون فاکتەرێکی گرنگە کە رەفتارگەراکان پشتی پێدەبەستن؛ ئەوان لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە دیاردەکان تەنیا کاتێک دەکرێ پێناسە بکرێن کە ئاکامەکەیان دەتوانین چاوەدێری بکەین و لەم پێوەندییەدا ئەو دیاردانەی کە پێوەندییان بە بیرکردنەوە، لێکدانەوە و کاردانەوەی فکری و پرۆسە دەروونیەکانەوە هەیە و ئێمە ناتوانین چاوەدێریان بکەین و هەستیان بکەین، یان بوونیان نیە یان زانست ناتوانی بیانسەلمێنێ. سکینەر ١٩٧١ (B.F. Skinner) کە لە پەرەپێدەرانی بیری رەفتارگەرایی بوو، رەفتاری ئەرێنی مرۆڤ بەرامبەر بە فێربوون بە شەرتێکی گرینگی مانەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە مەزەندە کردووە. بە لای سکینەرەوە رەفتاری ئەرێنی شەرتی سەرەکی فێربوونە.  سکینەر پێی وا بوو ئێمە دەتوانین لەم رێگایەوە مرۆڤ کۆنترۆڵ بکەین و بەم جۆرە کۆمەڵگا بە ئاقارێکی ئەرینیدا بەرین. بە لای سکینەرەوە ئازادی تاک لە وەهم زیاتر هیچ نیە و ئازادی تاک خۆدزینەوەیە یان بێزارییە لەو ژینگەیەی کە بەرهەمهێنەریەتی. (Sharan and Bierema, 2013:27). بە واتایەکی دیکە هەر کاتێک هاندەرێک نەبێتە هۆی کاردانەوە ئەوا تاک تووشی بێزاری دەبێ و لە بەر ئەوەی فێر بوون رووینەداوە کاردانەوەی ئەرێنیش رەنگدانەوەی لە سەر تاک نەبووە. خەڵات چەمکێکە لە لای رەفتارگەراکان بۆ بەهێزکردنی رەفتار. خەڵات دەتوانی پێداهەڵگووتن بێ وەک بژی، ئافەرین، زۆر باش بوو؛ یان دەتوانێ دیارییەک بێ وەک کراسێک یان شیرینی. هەر کاتێک فێربوون روودەدات ئەوە خەڵات بۆ بەهێزکردنی فێرخواز بەکاردێ و بە پێچەوانەوە کاردانەوەی ئەرێنی روو نادات. وەک تێبینی دەکەین رەفتارگەراکان تەنیا جەخت لە سەر لایەنە دەرەکییەکان دەکەن و ئەوەی ئەوان لێی بێ ئاگان لایەنە دەروونییەکانە. هەروەک دەزانین فێربوون پرۆسەیەکە زۆر لە وەی کە رەفتارگەراکان ئاماژەی پێدەکەن ئالۆزترە. قسەکە لێرە ئەوە نیە کە خەڵات نەبێت کێشەکە ئەوەیە کە هۆکارە دەروونییەکان و پاڵنەر دەروونییەکان کە لە هۆکارە سەرەکی و گرینگەکانی فێربوونن فەرامۆش کراون و رەفتارگەراکان لەوە دەچێ زانیاریان لە سەر نەبووبێ.    

 

کاتێ باسی توانانی قوتابی دەکرێ، ڕەفتارگەراکان پێیان وابوو‌ توانایی قوتابی وه‌ک قووتویه‌کی ڕه‌ش black box وایه. ئەوەی لای ئەوان گرینگ نەبوو هۆکارە ناوەکی و دەرونییەکانن کە لە قووتوی ڕەشدا دیار نیە، بە واتایەکی دیکە ئەوەی لە دەروونی منداڵدا روودەدا ئەوان نایبینن. لێرە مامۆستایه (هاندەر)‌ که‌ زانست فێری قوتابی ده‌کات. ئەم بۆچوونە کەم و زۆر ئێستاش باوە. بە تایبەتی لە نێو ئەو سیستم و کلتوورانەی ئاگایانە و بە پێێ زانستی سەردەم کار لە سەر پرسی فێربوون ناکەن‌. بۆ نموونە ئەم رستەیە لە نێو کلتوری ئێمەدا زۆر زەقە:  مامۆستا قوتابی فێر ده‌کات. ئه‌م رسته‌یه‌ زۆر جار‌ له‌ کتێبه‌ ده‌رسییه‌ کوردییەکان وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ. یان مامۆستا ده‌ڵێ من پێم گوت به‌ڵام ئه‌و‌، واته‌ قوتابییه‌که،‌ فێر نه‌بوو. ئاکامی ئەو جۆرە بیرکەدنەوە لەم مۆدێلەدا کورت دەکەینەوە.   

 

                               

 

 

ئەم هاوکیشەیە هەمان هاوکێشەیەیە کە ڕەفتارگەراکان بڕوایان پێ بوو. ئەوەی کە رەفتارگەرکان لە بوارێکدا تێدا سەرکەوتن ئەوە بوو کە ئەوان زۆر جەختیان لە سەر ئەزموون و کاری عەمەلی دەکردەوە و ئەوەش تا رادەیەک بۆ ئەو بەشانەی خوێندن دەگونجا کە پێوەندی بە کاری دەست و عەمەلی هەبوو بە تایبەتی بۆ قۆناغەکانی خوێندنی گەورەساڵان کە کاری عەمەلی تێدا گرینگ بوو.

 

هەر وەک ئاماژەی پێکرا روانگەی فکری رەفتارگەرایی هەتا ساڵەکانی ١٩٥٠ روانگەی زاڵ بوو بەڵام لەو ساڵانە بەدواوە چەند ڕیبازێکی فەلسەفی فکری دیکە گەشەیان کرد و بەرە بەرە جێگای روانگەکانی ڕێبای رەفتارگەراییان لە سەر پرسی فێربوون گرتەوە، لەوانە:

 

Cognitivism, Structuralism ، Social- Cognitivism, Social-Cultural.

 

 

مانەوەی تێروانینەکانی رێبازی رەفتارگەرایی لە سەر فێربوون لە نیو سیستمی خویندنی ئێمە دیاردەیەکە کە بۆ لێوردبوونەوە دەبێت. لەوانەیە سیستمی سیاسی زاڵ یەکیک لە هۆکارە سەرەکییەکان بێ، هەر وەک چۆن لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و پاش شەڕیش ژینگەیەکی لە بار بوو بۆ مانەوەی ئەم ڕێبازی رەفتارگەرایی.  

 

سەرچاوەکان:

 

Merriam, Sharan B., and Laura L. Bierema (2013). Adult Learning. ProQuest Ebook Central,

 

Roger, Säljö. (2005), Lärande i praktiken ett sociokulturellt perspektiv, Prisma, Stockholm.  

 Bilderesultat for behaviorismen

گەڕان بۆ بابەت