ما 1414 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

جەلالى میرزا کەریم 

لە قووڵایی ئاسمانێکا

لە ئاهى چەند شاوانێکا

مانگى ڕووى دایک ئەبینرا

مات و بێدەنگ

فرمێسکى مەنگ

نم نم لە چاوى ئەڕژا 

 

دوو شیعرى جەلالى میرزا کەریم

 

بڕواى شار

لە گیانێکا ... ئینسانێکا

لە قووڵایی ئاسمانێکا

لە شڵپەى خوێنى جوانێکا

لە کسپە و چزەى ژانێکا

زۆر شت بینرا، ئێجگار نوێبوون.

             * **   

بۆ گەل

مەشخەڵ

چراى ڕێبوون.

واى کرد پێڵووى چاو لێکنەنرێ

لە ڕووى تیشکى ئەو بڕوایە

هەژارى شار هەنگاو بنێ

بەرەو سەختى ئەو ڕێگایە

کە نان

ژیان

بەختیارى بۆ ئەم تیایە.

              ***   

لە گیانێکا ... ئینسانێکا

لە تاریکى ڕۆژانێکا

فرمێسک تیایا لەرزى و ترسا

         گەلێک پردى مەزن ڕووخا

کەسێک بینرا

کەسى گشت کەس

ژیان لاى بەس

مردنێکى سەر بەرزى بوو

تاقە بڕوا

قوربانى پڕ دڵسۆزى بوو

کەسێک بینرا

بە پێشمەرگەى کورد ناو ئەبرا

چەند لێى درا

ئازار درا

هەتا کوژرا

ناوى کورد و کوردستانى لە دەم نەبڕا.

                 ***

لە قووڵایی ئاسمانێکا ....

لە ئاهى چەند شاوانێکا

مانگى ڕووى دایک ئەبینرا

مات و بێدەنگ

فرمێسکى مەنگ

                  نم نم لە چاوى ئەڕژا

بۆ کۆرپە شیرەخۆرەکەى

کە دوژمن لە بێشکەى گڕا

بە نێزە فێرە خوێنەکەى

دوا تریقەى گەشى خنکا 

ئاسمان ڕووخا

زەوى جووڵا

منارەکەى مزگەوتى شار

هات بەلادا

نوێژ تێکدرا

خوێن پەڵەى دا

بەڕووى خوادا هەڵپژینرا

لە تاوانى ئەو مناڵەى

وا سەر بڕا. 

             ***

لە شڵپەى خوێنى جوانێکا

لە گەرمەى شەڕ بارانێکا

کڵپەى تۆڵە لەچاوێکا

دڵى دوژمنى ئەپێکا

چاوى جوانێکى ....

کچە شوانێک

کە نامەردێ ... جانەوەرێ

داگیرکەرێ

ڕێى لێبگرێ

لەدواى تێربوون سەرى بڕێ

لە چاوێکا ....

لە چاوى کچە کوردێکا

بینرا تۆڵە

نەک یەک تۆڵە ... هەزار تۆڵە

تۆڵەى زامى

بێئارامى

ژێر پێلەقە و مشتە کۆڵە.

                 ***

لە کسپە و چزەى زامێکا

تەپاوتلدانى ژانێکا

باخێک بینرا

باخى هیوا

تۆوى بڕوا پێدا ئەکرا

بڕوا بەگەل ... بە ڕابەرێ

بەو زەحمەتکێشەى، ڕاپەڕى

بڕوا بەوەى

ئامانجى کورد ... هیواى نەوەى

بەرناگرێ ...

ئەگەر خوێنى بۆ نەڕێژرێ

•        گۆڤارى ڕزگارى، ژمارە (9) کانوونى 1969،  سلێمانى. ل: 17.

 

 

 

 

 

 

ڕازێکى دەروون

گوێ شلى ئەو وتانەم لە شەوەزەنگا

چرپەیانە لە خامۆشى تارى سنگا

ئەو سکاڵا تاڵەى هەردەم

هەڵدەڕێژێ زووخاوى خەم

ئەو پرسیارە، بێ وەڵامەى، ڕێى پێنابەم

نە تێى ئەگەم

نە ئەشتوانم لێى هەڵبێم و خۆم دەربازکەم.

                 ***

چیم لە بوونما ئاخۆ دەسکەوت

بڵێسە و گڕ؟

یا هێمنی، گیانى نەسرەوت

شادمانى، یا خەمى دڕ

               ***

دنیا و تەمەنى لەمەودوام

ئاخۆ چۆن بێ؟

پڕ جریوەى ئەستێرەبێ 

ئەسمانەکەى دوێنێى بڕوام.

                    ***

ئەى خۆم، کێ بم؟

بەزەیی بم، یا شەڕخواهى

خۆشەویستى، یا ڕقاوى

ئاخۆ چى بم؟

                  ***

تەزوویەکیش بەگیانما دێت

فرمێسک و بزەى لێدەتکێت

کاتێک دەروون

دێتە گڕ و کفت و هەڵچوون

وێنەیەکى پرسیاراوى

ئەخەمە بەرچاوى وێڵم

تیایا دڕکى ئاگراوى پڕ لە چزەى ژین دەشێلم.

***

لە فرمێسکا ... لە بزەى یادى جارانما

لەهەنسکا ... لە شاڵاوى بیرسووتانما

لە ناخەوە

لە ناخێکى بە داخەوە ...

ڕوخسارى خۆم، بەدى ئەکەم

ڕووم تێ ئەکا ... ڕووى تێ ئەکەم

دێینە دووان ...

لەمن یەک و لەو بەسەدان.

               ***

جا لە ڕوخسارم تێ ئەگەم

بۆ وتەیەک گوێ شل ئەکەم

لە قووڵایی دڵمەوە دێت

ئەنەڕێنێت و پێم ئەڵێت

نازانیت کێیت؟

پایەت چەندە؟ کامەیە جێت؟

***

تۆ مرۆڤیت... بڵندە جێت

چەند بەژان بێ ژینى دوێنێت

ئەمڕۆ ئازاد، ملى ڕێگات

بگرە بەرەو  دنیاى هیوات

ئەوسا هەر وێنەى ڕووى دوێنێت

هەزار و یەک ڕەنگ ئەنوێنێت

باخى وشکى زەردى سیسبوو

بە دەریاى گوڵ ئەنەخشێنێ

بە هەزاران وتەى نوستوو

لە خەوى قورس هەڵئەسێنێ

پەڵە هەورى ڕەشى سنگت

دێتە ڕەوینەوە و نەمان

لێڵی گۆمى خولیاى مەنگت

ڕوون ئەبێتەوە گەش و جوان

تێدەگەیت کێیت

بۆچى دەژیت... کامەیە جێت

بەرەو کوێیە هەنگاوى ڕێت

تێئەگەیت کێیت...

•        گۆڤارى تووتن، ژمارە (4)ى ئایارى 1970، بەغدا. ل: 61.

 

 Bilderesultat for tårer kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت