گۆران رەسووڵ
کارگەی چەک و تەقەمەنییەکان جمەیان دێت / باسوخواسی هەمیشەییمان ئاشتی / بەگرتنی وێنەی ڕەقهەڵاتنی هەژارێک /خەڵاتی ملیۆنی وەردەگرین!
مرۆڤی هیچ سەردەمێک نەبووین
خەریکین دۆزەخێکی ڕەنگاوڕەنگ بۆ نەوەکانمان بنیات دەنێین.
خێرا،
لە ناشوێن و
ناکات و
کوێرانە ساڵەکان دەخەینە سەریەک.
دەستمان بە مانگ ڕادەگات، ئاشنای هاوسێکانمان نین،
ژمارە و جۆری مۆبایلەکانمان، شوناسمانن،
زانستمان پێشەنگ و هەموو ڕۆژێک پەتای نوێ قڕمان دەکا،
سۆز بە بێچووی گیانداران دەبەخشین، گەورەدەبن دەیانخۆین،
ماڵەکان گەورە و خێزانەکان پەرتەوازە،
چیتر ژوور و قاوەخانەکان شوێنی گفتوگۆ و دیدار نین
بە تەنیشت یەکەوەن و ئاگامن لەناو شاشە ئەلکترۆنییەکان!
کارگەی چەک و تەقەمەنییەکان جمەیان دێت،
باسوخواسی هەمیشەییمان ئاشتی!
بەگرتنی وێنە ڕەقهەڵاتنی هەژارێک
خەڵاتی ملیۆنی وەردەگرین!
خواردنی خێرا
سێکسی خێرا
ئۆتۆمبێلی خێرا
تەمەنی خێرا
مرۆڤایەتیمان سست و پەککەوتوو.
سروشت،
گیانەوەران،
خوا
هیلاک بەدەست ئێمەوە.
ئەو ساڵانە، ساڵانی قاقان
تراژیدیاکانمان زۆر کۆمیدین
لەنادیاردا وێرانە و لە دیاردا گەش
باپیرانمان شین بۆ ساڵانی کۆمیدی ئێمە دەگێڕن.
بەدەم گوێگرتن لە گۆرانییەکانی ڕابردووەوە
ئێستا بەرەو داهاتوو لێدەخوڕین
پلان بۆ چۆنییەتی چێژوەرگرتن لە مەینەتییەکان دادەڕێژین
لەبری گوێگرتن لە گۆرانی باڵندەکان
بەیانیان بە زەنگی بێتاقەتی خەبەرمان دەبێتەوە
شەوانەش تەکنەلۆجیا
وەک هاوسەر تا سەر جێگاکانمان لەگەڵمان دێت.
چیتر پێویست ناکا
بە درۆ لە وێنەکاندا پێبکەنین
خەندە و نیگای دەستکرد
بەهانای فریودانی بیرەوەرییەکانمان دەکەون
ئەو ساڵانە
ئەو ساڵانە
ساڵانی دوگمەی ئەلیکترۆنی،
مرۆڤی قوپاو،
بێدەنگی پڕ لە هاوار،
مەرگی درێژخایەن،
ساڵانی هەزاران جەنگی بێ چەک.