ما 3415 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

دێم و دەچم
ئاسمان دەبارێنێت
لەگەڵ هەر دابارینێکدا
ترسی بوڕکان لە هەناوی زەوی کەمتر دەبێتەوە
ڕوخساری مەحاڵ دەبێتە ئاوێنە بۆ بەرانبەر
لۆچی ڕوخساری زەوی پاڵاوگەی ئاوی نەمریییە

 

ژیانی دووبارەی ئادەم

سەباح ڕەنجدەر

مانگ ورد ورد لەگەڵت دەڕوا

دیمەنەکانی ئەولا و ئەملای ڕێگا

ئەنگوستیلەی پەیمانی بەهەشتت لە پەنجە دەسووڕێنن

دروود بۆ وچان و بەهرە و فەرهەنگی پاراو و بێ پایانی ئادەم

دوای تەواوکردنی هەر شیعرێک

ڕووبەڕووی یەک دادەنیشین

ئاو دەزێتە چاوی و بە شکۆ و هەڵچوونەوە شتێک دەڵێت

چی لە دڵت بووەتە ترپەی ڕووداوێک و بە کپی هەڵت دەداتە ناو تەمی بەیانییان

منیش لە سەر پشتی ئەسپە گوێڕایەڵەکەم لە سەیرکردنی ئومێدێکدا

هەتاوی خولیا لێی دام

کاتێک ڕاستەقینە دەبێژێ و خۆی دەلاوێنێتەوە

فرمێسکی دەشت و پێدەشتی تەکیە و خانەقا دەخووسێنێت

فرمێسک پیشەی خوداوەندی یاد و ئاهە

لەگەڵ هەر دابارینێکدا

ترسی بوڕکان لە هەناوی زەوی کەمتر دەبێتەوە

هەمیشە تەواوبوونی شیعر دەمترسێنێ

خۆشەویستی هات و نەڕۆیی

سڵاوی لە بڕوای دڵ کرد

چۆنت ویست ئاوها ڕێگات لە ژێر پێدا کشا و سێبەری دەستم لەسەر سەر ڕاگرتی

چۆنت ویست ئاوها ماڵئاواییم لێ کردی

چۆنت ویست ئاوها تۆڕم هەڵدایە ناو ئاو

چۆنت ویست ئاوها تۆڕم لە ئاو دەرهێنا

ڕک و کینەی خۆت بخۆرەوە

بڕوانە مانگ بە یاد و ئاهی خوداوەندانەوە دەسووتێت

مانگ وشەیەکە لە ماناکەی ناگەم

ورد ورد لەگەڵت دەڕوا

دیمەنەکانی ئەولا و ئەملای ڕێگا

ئەنگوستیلەی پەیمانی بەهەشتت لە پەنجە دەسووڕێنن

تریفە لەناو شاخی کەڵەکێوی و لەپکەشینەی

ناوچەوانی خانوو دەتوێتەوە

بەدبەختی و خۆشبەختی هاوسەنگەری حەکایەتحوان دەردەکەون

دەنگ لە دوور و نزیکەوە دێت

ڕەنگ لە دوور و نزیکەوە دەناسرێت

هاتن و ناسین ئەوینێکی بێ پایان سەردەخەن

لەم خانووە دێرینەی دەربەندی گۆمدا

خانەدان و خانمێک

جگەرگۆشەی بەهرەداریان سەرپێ خست

لە هێلانەی باڵندەشدا

قەپێلکە هێلکەی ترووکاو کەوتوونەتە حەوشە

ساڵجەژنی نۆبەرەیانە

خانەدان سوارچاک و مامز بە هیوای بەختی باش

لە بۆسە و چاڵ دەپەڕێنێتەوە

پەڕینەوە لە بۆسە و چاڵ بۆ حەکایەتخوان لەئارادایە

خانم ناولەپی گەرم و چاوی ئاهەنگگێڕ تیژ دەکات

پەتاتە لە کێڵگە هەڵدەکەنێ و لەسەر پشتی سێڵ دەیبرژێنێت

یاری پیت و ناوێک بۆ حەکایەتخوان لە ئارادایە

نۆبەرەش داوا لە خوداوەندی یاد و ئاهـ دەکات

هەوری ئاسمان جێگۆڕکێ پێ بکات

گەواڵەی خەواڵووش پێڵووی چاوی سووک هەڵنێ

شێرەکلۆیەک بە دەسکی دەرگای ماڵی

خانەدان و خانم وەنووساوە

دوو مانگ بە ئاسمانەوەن

چاویان لە ڕوونی گوڵەنێرگز پاراو بووە و بەختیان کراوەتەوە

ئاڵوودەن بە

شکۆی خەرمانی گەنم

تەنکیی باڵی مێشهەنگوین

سووک هەڵگرتنی پێی کارئاسک

کانی بەردەم ڕەشماڵی کۆچەرییان

مانگ لە جیاتی ئەو بەهرەدارانەی

لە خانووی دێرینی دەربەندی گۆم سەرپێ کەوتن

ئێشک لە شکۆی سروشت دەگرێ

نووشتەی چاوەزار بە ناوچەوانی خانوو جۆلانە دەکات

بخوور تا نەسووتێت بۆنی بڵاونابێتەوە

درەخت تا بەرز نەبێتەوە سێبەر ناگرێ

ئاو تا نەڕوات ئاوازی لێ پەیدا نابێت

پشکۆ تا نەبێتە خۆڵەمێش با نایبات

نواڵە لەناو کێڵگەی برنجدا

تا ئەژنۆ خۆی هەڵکردووە و نینۆکەکانی دەبریسکێنەوە

بەخت خەڵاتی کردم و هەستم بە بەختەوەریی کرد

کاتێک شێتانە بۆ لای ڕامکرد

خواستێکی خودایی بەرەو ئەو شوێنەی بردم

ختووکەی ڕەگ و گەڵای برنج

چاوەڕوانی بە سوودی ڕەخساند و لە وادەی خۆی دوانەکەوت

بریسکەی نینۆکی نواڵە

لە تاسەی یاداشت مایەوە

کەو سەری خستە سەر قۆمەتێک برنج

دەمی بە قاقبەقاقی ئاسوودەیی گەرم کرد

چ هۆگربوون و نیازێکی پاکە بە هیواوە ڕاکەی

ڕوخساری مەحاڵ دەبێتە ئاوێنە بۆ بەرانبەر

لۆچی ڕوخساری زەوی پاڵاوگەی ئاوی نەمریییە

ئەستێرەناسێکی گەڕۆک دەیگێڕێت

لۆچی ڕوخساری زەوی نەزرە

مرازی نامرادان پڕی دەکەنەوە

ڕوخساری خانووش نووشتەی لە خشتەبردن فڕێ دەدا

ئادەم و حەوا بە دەستی پڕ گەنم و جۆ هاتنە سەر زەوی

لە ناو ئەو هەموو سروە ئارامەی مانگی ئاداردا

دێم و دەچم

ئاسمان دەبارێنێت

لەگەڵ هەر دابارینێکدا

ترسی بوڕکان لە هەناوی زەوی کەمتر دەبێتەوە

ڕوخساری مەحاڵ دەبێتە ئاوێنە بۆ بەرانبەر

لۆچی ڕوخساری زەوی پاڵاوگەی ئاوی نەمریییە

ئەستێرەناسێکی گەڕۆک دەیگێڕێ

لۆچی ڕوخساری زەوی نەزرە

مرازی نامرادان پڕی دەکەنەوە

ڕوخساری خانووش نووشتەی لەخشتەبردن فڕێ دەدا

بەهاری پێست نەرم

هاوینی دەروون گەرم

پایزی بە شکۆ و شەرم

زستانی نۆبەتداری نەرم

ئێستا کاتی بانگی شیعرە

بە کاتی لێدانی دڵی من و خوداوەندی یاد و ئاھ

لێدانی دڵ هەموو شتێکی من دەزانێت و چاوساغی هەقیقەتە

نواڵە لە قۆزاخەی مندا بۆنی خەمڵاند

منیش لە قۆزاخەی شیعر

ئەرێ گیان لە کوێی جەستەدا دەژی

خەڵاتی خوداوەندی یاد و ئاهـ بوو

جگە لە نواڵە نەمتوانی بیر لە هیچ خانمێکی تر بکەمەوە

بەناو دارستاندا دێت

لە سێبەری درەختە گەورەکان پیاسە دەکات و لکە نزمەکان لا دەدا

پێی وەک باڵندەی بچووک دەجووڵێتەوە

باڵندەی دێرینی هەولێر شەهید کرا

فڕینی لە یادمان ما

دایکی شەهیدێک تەرمی باڵندەی دێرینی هەولێری

وەک دەسکە نێرگز و مێخەک

لە قەراغ ڕێگاکاندا بۆ فرۆشتن داناوە

هێلانەی بەسەر منارەوە

لە سەبەتەیەکی بەتاڵ دەچێت و تاجی مۆزەخانەی هەولێرە

لە چاوی پیس بە دوور بیت ئەی مۆزەخانە

بریسکەی چاوم لە بریسکەی قۆپچەی کراسی دیاری بەهەشت دەدا

وەرزی بەرگەیینی درەختی چلئاوازە

بۆن و بەرامەی لە سەدا و زەماوەندی باڵندان دەڕسکێت و بۆ ئاشق دەدوێ

سروەیەکم خۆشخەبەرە

سڵاوی لە بڕوای دڵ کردووە

بە بۆنی درەختی لاڕێ مەست دەبم و گۆرانی خودایی دەڵێم

لە گۆرانیمدا خوداوەندی یاد و ئاهـ ستایش دەکەم

ئاسوودەیی چرا بەدەستان

دەبێتە بەری مزر و شیرینی درەختەکانی

بۆن بە درەختی لاڕێوە دەکەم

کۆچەرێکم هەوارم هەست بە لێدانی دڵی دەکرێت

سێبەری چرا بە دەستانی بەسەردا کەوتووە

گەیشتم بە شوێن پێی خۆم و گوێ لە بێدەنگی مردن دەگرم

مردنیش گەیشتووەتە ئەوپەڕی و دواقسەی لەگەڵمدا دەکات

خودا ڕووەکی ئاوی بۆ ماسی ڕواند

گوڵی سەر دووگردی نوێژ لە بن باڵی کۆتر ڕواوە و بۆنی کۆچ دەدا

دیکتاتۆریش ددانی گورگی بە سەد نەخشی فریودەر نەخشاندووە

لەبەر خاتری ئەوەی درەختی مردنم بە سێبەر و بەر بکەم

دڵم لە سینگمدا کتێبی نوێژەکانی هەڵگرتووە

خیرا لێدەدا و پێستی تەنک بووەتەوە

خێرا جەنگ لەگەڵ دووڕوو بەرپا دەکات

خێرا قۆزاخەی پڕ دەبێت و لە شوێنی بڵند دایدەنێ

خێرا دەبێتە برای شیری ئاوڕۆنکەی سەر ئاوی تەنک

مانگ وێنەی نیوە بازنەیەکی لە سەر ڕووی ئاو دروست کردووە

من ئاوازی ناو مانگم

نامرادان لە تریفەی سەرڕووی ئاو نزیک دەکەمەوە

تریفەی سەرڕووی ئاو

دڵی پڕە لە خولیای ژیان و لە زەنەک دوورکەوتووەتەوە

جاڵجاڵۆکە داوی تەونی درێژ کردووەتەوە

بۆ ئەوەیەتی خاوەن ماڵی پێ ببەستێتەوە

خاوەن ماڵیش لە تووڕەیییان سوور هەڵگەڕاوە

خاڵخاڵۆکە بەسەر دەستی شووشەواتفرۆش نیشتووەتەوە

بۆ ئەوەیەتی گۆسکەی هەنگوین و دەنکە قاوەی ماڵە خاڵان

بهێنێتە بازاڕی کۆیلە فرۆشان

خاڵیش لە تووڕەیییان سوور هەڵگەڕاوە

جاڵجاڵۆکە و خاڵخاڵۆکە

لەسەر کارتی جەژنانە خۆیان بە ئێمە ناساندووە و ڕەنگ و ڕوویان داگیرساوە

نواڵە دێ و بەهانە لە قۆزاخەی دڵ دەگرێ

لە نێوان بەردی گرانبەها و گوللەی شەرمن

دەنووسێت لەم ژیانەدا یەکتر بینینەوە هەیە

بۆ تاریک داهاتن زۆری نەماوە

مرۆڤ لە تاریکیدا مەیلی ئاگر دەکات

دوا مەشخەڵ

ڕێوڕەسمێکی ناقۆڵا لە شار

ڕێوڕەسمەوان لە داخان سەری لەناو شانەکانی نقووم کردووە

چاوەکانیشی لە چاوی باڵندەی گۆشتخۆر دەچن

جەنگ لە هاواری ئەسپ ناسراوە و باوەشی بۆ دواڕۆژ کردووەتەوە

دواڕۆژ ماڵی شایستەی نەمرانە

درەختی مردنی تێدا بە سێبەر و بەر بکەین

بەڵێ درەختی شکۆداری مردن

کتێبی نوێژەکان ئەفسانەی دواخۆشەویستیمن

سروەی مانگی ئادار

دەوروپشتی باڵندەی دێرینی پێ ڕوون دەبێتەوە

ناو بۆ ڕۆژەکانی دادەنێت

سەرگەردان و پڕ ئامانج

بە شەقامەکاندا گەڕا و لەناو سییەکانی درەختی باخی گشتی مایەوە

نیشتیمان چ بایەخێکی بۆ من هەیە کە برسییەتی دەمی منداڵەکانمی سڕکردبێت

حەزم لە پیاسە لەگەڵ خۆم و کێوبڕینە

لە پیاسە لەگەڵ خۆم و کێوبڕیندا یادەوەری دێنە فریام

هێرشی کلۆ دەشکێنێت

ماسی هەڵدەدەمە ناو حەوزی شووشە

گۆرانیش لە یاد و ئاهی خوداوەند بەرهەم دێنم

بەفر جوانییەکە گران بۆ لک و پۆپ

خوێن و گۆشت دەخاتە منداڵدانی سروشتەوە

پاشان پەیمان لە بەهەشت وەردەگرێ

چی نیشانەیە بۆ ئازادی

ئەو نیشانانەی کە نین

وڵاتێک لە ویستی خەڵکەکەی خۆی ماندووە

هەندێک ویست بەر مەرگ دەکەون

ئەوانی دی بەردە پیرۆزەن

لەسەر کێلی ئەو سەرکردانەی لە شێرەبەفرینە دروست دەکرێن

دادەندرێن

بۆ نیشانە و بەرد هاوێشتن

چیمان بۆ دەکرێ

چیمان بۆ ناکرێ

چیمان پێ دەکرێ

چیمان پێ ناکرێ

پەنجەرە و دەرگا بە چییەکان مۆرکراون

ڕووناکیش لە بن حەفت لێفەی دێوان دەنرکێنێت

سۆزیشی بۆمان هەیە

لە باوەشی دایکی ئەو شەهیدەی

تەرمی باڵندەی دێرینی هەولێری

وەک دەسکە نێرگز و مێخەک

لە قەراغ ڕێگاکاندا بۆ فرۆشتن داناوە

هیچ شتێک جێگای نابێتەوە سۆز نەبێت

پێش ئەوەی باڵندەی دێرین جەرگسووتاو بکرێت

تای سییەکانم بەرز ببووەوە

دڵ جێ بە خۆ ناگرێت و بەردەوام جێ دەگوازێتەوە

ئەی جێ هەموومانت حەپەساندووە

باڵندەی دێرین

حەکایەت و

چیرۆکی فۆلکلۆری و

پەند و

قسەی نەستەقی

کۆڵان و شەقامی شاری گوێ لێ بووە

هەناسە لە سینگتان ڕاگرن

بە جەربەزەیییەکی زۆرەوە

دەیکاتە گۆرانی و لە بۆنە تایبەتییەکاندا دەیڵێت

ئەو سەرکردەیەی لە شێرەبەفرینە دروست دەکرێ

بە ڕاستی دەبێتە سەرۆک

لە بنی دەریا دەگەڕێن

گەوهەر بۆ تاجی دەدۆزنەوە

هەتاوی پڕ ڕەنگی ناخ

هەتاوی پڕ دەنگی ئاخ

هەتاوی پڕ ڕەنگی باخ

هەتاوی پڕ دەنگی داخ

لە بۆشایی شاخی کەڵەکێوی بەهەشتی دۆڕیندراوە وەردەگرێتەوە

پاشان بە هەمان شاخ

فووی لە مووی وەریوی سەر دەموچاوی ئادەمیی کرد

ئادەم لە دایکێک نەبووە و ناوکی نەبڕاوە

کەواتە نەگریاوە و پۆستەچی نامەی دوانەخستووە

بای ناوەخت چلچرای نەخستووەتە مەترسییەوە

خوانی بەیانی بۆ خێزان و منداڵەکانی ئامادە نەکردووە

نەهاتووە خولیای تەڕی ژیان بلاوێنێتەوە و فەرهەنگی سروشت دەوڵەمەند بکات

بەهار خورپە بۆ قووڵایی گیان هەڵدەکشێنێ

هاوین تۆز و گەردی گەردەلوول لە دەمارەکانماندا دەپاڵێوێ

پایز بە دەرگای زیودا دێت

زستان دەوڵەمەندکاری فەرهەنگی سروشتە

نیشتیمان چ بایەخێکی بۆ من هەیە کە برسییەتی دەمی منداڵەکانمی سڕ کردبێت

حەزم لە پیاسە لەگەڵ خۆم و کێوبڕینە

لە پیاسە لەگەڵ خۆم و کێوبڕیندا یادەوەری دێنە فریام

هێرشی کلۆ دەشکێنێت

ماسی هەڵدەدەمە ناو حەوزی شووشە

گۆرانیش لە یاد و ئاهی خوداوەند بەرهەم دەهێنم

قەلەڕەش باڵە تەپە دەکات

منیش لەو ئاسۆیە دەڕوانم کە لەناو دڵمدا درێژ دەبێتەوە

ئادەم دەمامک وەک دەبدەبەی دەم با

بەولا و ئەملادا دەچێت

ئەو دارەی تەمبووری لێ دروست کرا

ئەو دارەی تابووتی لێ دروســت کرا

ئەو دارەی پەیژەی لێ دروســت کرا

ئەو دارەی فـەلاقەی لێ دروست کرا

من خۆم بە چاوی خۆم بینیم

دار سکاڵای کرد و زمان لە دەمیدا شکا

من بە گوێی خۆم بیستم

دار سکاڵای کرد و زمان لە دەمیدا شکا

درەختی مردن بە سێبەر و بەر کراو

هاوڕێیەکی بە نان و نمەکە

بەیانییان لە خۆیەوە بە ئاگا دێت

هەوای فریاکەوتن تای سییەکانی دابەزاندووە

درەخت لە مرۆڤ سەر و گەردەن بەرزترن

لەناو یەک کێڵگەدا هەڵدەچن

ڕەنگ و دڵی یەکتریش کفن ناکەن

دانایی ئاگر نیوەی لە باوەڕی کەلەپوورە و نیوەی لە بۆنی مێژوو

پاشماوە ی  وڵات وێرانیی دەخاتە دەستەکانمانەوە

هونەرمەندی شێوەکار بە فڵچەیەکی نەرم

تۆز و گەردی وڵات وێرانیی لە دەست و شانمان دەتەکێنێت

هونەرمەند جەنگاوەرێکە نیوەی لە باوەڕی کەلەپوور و نیوەی لە بۆنی مێژوو

ئەسپ لەناو بەفردا سڕ نابێت

باڵندەش لە ئاسماندا گەرم دەبێتەوە

پەڕەسێلکە لە بنمیچی تەلار و کەلاوەوە

غار دەداتە سەر درەختی چلئاواز

لە چەقۆی دەستی ئادەمیی ورد دەبێتەوە

ئەو چەقۆیەی داری تەڕی بۆ گۆپاڵ پێ خۆش کردووە

ئێسکی گۆزینگی مرۆڤیشی پێ هەڵکۆڵیوە

بە پەرۆشەوە چەقۆی هەستەکانی تیژ دەکات و تاڵانی لەسەر دادەنێت

دواتر لەناو کڵاو و دەستەسڕدا پەنای دەدا بۆ فرۆشتن

کەڵەباب

چاو و

گوێ و

لووت و

دەمی

لەسەریدا جێگۆڕکێیان کردووە

قاچێکیشی لە زەوی کێشایەوە

بە سینگی خۆیەوەی نووساند

سینگی درەختی بنەماڵە و قەڵای مێردانە

رێوی و

جەردە و

پاشدز و

ناکەسبەچە

تەماشای دەکەن و ئاوی چاویان دەڕژێتە بەرپێیان

ئادەم دەمامک وەک دەبدەبەی دەم با

بەولا و ئەملادا دەچێت

بەفر بێ ئەوەی داوای لێبووردن بکات

ساردایی خستە باڵی باڵندەوە

من ڕێگایان پێ دەدەم

بێن لە گەرمای دڵی مندا کۆچ بکەن

لە یادەوەرییان بنیشنەوە

دەنگ لە دوور و نزیکەوە دێت

ڕەنگ لە دوور و نزیکەوە دەناسرێت

هاتن و ناسین ئەوینێکی بێ پایان سەر دەخەن

لەبیرکراوی حەکایەتەکان

لە بەندیخانەیەکی لەبیرکراودا

لە تاوان دڵی لە چاوی هاتەدەر

پێشتریش فێنک و دڵخۆش لەناو خوناوی بەهاردا مێوانی ژیان بوو

بە خۆشییەکی تەواو لە نزیک هەموو شتەکانەوە دڵی کرابووەوە

نزیک قامیشەڵانێک گۆرانییەک چاوەڕوانە بگوترێت

نزیک ڕەشماڵێک فانۆسێک چاوەڕوانە چاوی ڕووناک بکرێت

نزیک داستانێک ئەسپێک چاوەڕوانە تەپڵ لێبدرێت

نزیک ئاهەنگی ساڵجەژنێک ئەفسوونێک چاوەڕوانە ببێتە حەکایەت

تیپێک حەکایەتخوان پێکەوە بڕژێنە گۆزەکانمانەوە

مانگیش چاوی کەوتووە و لە نزیک

قامیشەڵان و

ڕەشماڵ و

داستان و

ئاهەنگی ساڵجەژنێک پشوو دەدا

بەرەو قووڵایی زێد دەڕوات

دڵی ماسییەکی حەپەساو دەداتەوە

ژانی ددانئێشە نیوەگیانی کردووە

لە ئاوی بەرسێبەر سەرمای بووە

بۆ ئاوی هەتاوگر مل دەنێت

ستایشی شکۆی وردکەنان دەکات

بەلەمێک بەسەر ئاوێکی هەڵچووەوە

تازە سەرنشینەکانی بۆ خۆخنکاندن خۆیان هەڵداوە

لە دڵتوندیی خۆیدا پرسیارێکی کردە چەتر بەسەر سەری هەموومانەوە

قەڵا ئەو پێشمەرگە باڵندە کوژانە لەسەرت چی دەکەن

نیشتیمانییەک باڵندەی دێرینی هەولێری کوشت

بۆ ئەوەی کوژرانی ببێتە بۆنەیەکی نیشتیمانی

حاجی لەقلەق بوو بە ناونیشانی فەرهەنگی پاراو و بێ پایانی شەهیدان

نامرادی ناو بەیت و داستان

بەناو دارستاندا دێت

لە سێبەری درەختە گەورەکان پیاسە دەکات و لکە نزمەکان لا دەدا

قەڵەمکێشی هەناوی زەوی دەکێشێت

لە نێوان نامراد و هەناوی زەویدا

مەترسی سڕبوونی دەست هەیە

هەواڵی کۆچی بێ وادەش

لەم دەوروبەرە بێ باک ئەستێرەیەک هەڵات

دڵی من لە ناوی لێدەدات و چاوم بە دەوروبەری خۆمدا گێڕا

سەروشوێنی بێباکیم ناسیوە و لە لێدانی دڵ بێ ئومێد نیم

ئەو بەفرەی لە شەوێکی بێ هەوادا دەبارێ دەمێنێتەوە

لەناو پێڵووی هونەرمەنددا دەبێتە مێژوو

چەندین ساڵ لەناو پێڵوودا دەست دەخاتە دەستی

باوەڕی کەلەپوور و بۆنی مێژوو

مانگ ورد ورد لەگەڵت دەڕوا

دیمەنەکانی ئەولا و ئەملای ڕێگا

ئەنگوستیلەی پەیمانی بەهەشتت لە پەنجە دەسووڕێنن

بەڵێ بەڕاستی مانگ برادەرێکی بە نان و نمەکە

شەڕی لەگەڵ

ڕێوی و

جەردە و

پاشدز و

ناکەسبەچە تەواو بووە

Image result for adam kunst

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت