ما 1303 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: شاهۆ حەسەنپوور

کە هەوا خۆش بوو هەمیشە هونەرمەندێک بە چوارپای وێنەکێشییەکەیەوە لەوێ بوو. هونەرمەندەکان حەزیان بە جوانیی دارخورماکان و ڕەنگە بریقەدارەکانی هۆتێلەکان دەکرد کە رووەو باخەکە و دەریاکە بوون.

 

پشیلەی ژێر باران

ئێرنێست هەمینگوێی

لە ئینگلیزییەوە: شاهۆ حەسەنپوور

لە هۆتێلەکە تەنیا دوو ئەمریکایی دەژیان. ئەوان ئەو کەسانەیان  نەدەناسی کە لە کاتی هاتووچۆدا بۆ ژوورەکەیان تووشیان دەبوون. ژوورەکەیان لە قاتی دووهەم بوو و رووەو دەریا هەڵکەوتبوو. لە بەرامبەر ژوورەکەیان باخی گشتی و مۆنۆمێنتی شەر هەبوو. لە باخەکە دار خۆرمای گەورە و مێزی سەوزی لێبوون.

کە هەوا خۆش بوو هەمیشە هونەرمەندێک بە چوارپای وێنەکێشییەکەیەوە لەوێ بوو. هونەرمەندەکان حەزیان بە جوانیی دارخورماکان و ڕنگە بریقەدارەکانی هۆتێلەکان دەکرد کە رووەو باخەکە و دەریاکە بوون.

ئیتالییایەکان لە رێگەی دوورەوە دەهاتنە وێندەرێ بۆ ئەوەی سەردانی مۆنۆمینتەکە بکەن. مۆنۆمێنتەکە لە برۆنز درووستکرابوو و لە بەر باراندا دەبرووسکایەوە. باران دەباری. دڵۆپەی باران لە گەڵای دارخورماکان دەکەوتە خوارێ. ئاوی باران لە  نێو چاڵوچۆلەکانی سەر ڕێگا خیزەکە گۆمیلکەی بەستبوو. دەریا لە هێلێکی درێژدا لە ژێر بارانەکەدا دەشکاو و پاشان دەگەرایەوە قەراغەکان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەرێتەوە و دوبارە لە ژێر بارانەکەدا لە هێڵێکدا بشکێتەوە. ماشێنەکان بە چوارڕێانەکەدا بە بەردەم مۆنۆمێنتەکەدا تێدەپەڕین. لەوبەری چوارڕێیانەکە لە بەر دەرگەی کافەیەک کەسێک وەستابوو و چاوی بریبووە چوواررێیانە چۆلەکە.

ژنە ئەمریکاییەکە لە بەر دەم پەنجەرەکە وەستابوو و چاوی لە دەرەوە دەکرد. لە دەرەوە رێک لە ژێر پەنجەرەکەی ژوورەکەیان پشیلەیەک لە بن یەکێک لە کوورسییەکان خۆی گڕمۆڵەکردبوو. پشیلەکە وا خۆی کۆکردبووەووە بۆ ئەوەی بارانەکەی بەر نەکەوێ.

ژنەکە بە مێردەکەی گووت: "دەچمە خوارێ ئەو پشیلەیە دێنمە سەرێ."

مێردەکەی بەدەم پاڵکەوتنەوە گووتی: "من دەچم دەیهێنمە سەرێ."

"نا بۆخۆم دەچم دیهێنم، ئەو بەستە زمانە خۆی لە ژێر کوررسییەک حەشارداوە تەڕ نەبێت."

پیاوەکە کە لەو سەری تەختی خەوەکە پاڵکەوتبوو دوو باڵنجی وەبن لاقی دابوون، درێژە بە خوێندنەوەدا و پێێ گوت: "تەڕ نەبی."

ژنەکە لە پلیکانەکان چووە خوارێ و بەلای ئیدارەی هۆتێلەکەدا تێپەڕی؛ خاوەنی هۆتێلەکە لە بەری هەڵستاو و لەبەری دانەوییەوە. بەڕیوەبەری هۆتێلەکە پیاوێکی گەڕاوە و باڵا بەرز بوو، مێزی دانیشتنەکەی لەو سەری ژوورەکەی بوو.
ژنەکە (بە زمانی ئیتالیای) گووتی باران دەبارێ. ژنە کابرای وەبەردڵ کەوتبوو.
بەڵێ بەڵێ خاتوون، هەواکەی فرە ناخۆشە.

پیاوەکە لە پشت مێزەکەی کە لەو سەری ژوورە نیوە تاریکەکە بوو لە سەر پێ وەستابوو. ژنەکە ئەوی وەبەر دڵی کەوتبوو. هەلسووکەوتی جیدی وی کاتێ کە بە سکاڵاکان ڕادەگەیشت کەوتبووە بەر دڵی. لەوەی کە پیاوەکە هەستی بەوەدەکرد سەربەرزانە خاوەنی هۆتێلەکەیە، ژنەکە خۆشی لێدەهات. حەزی بەوە دەکرد کە بە پیر پێداویستییەکانیەوە دەهات. حەزی لە دەمووچاوە گەورە و پیرەکەی دەکرد، حەزی لە دەستەگەورەکانی کردبوو.
بەدەم ئەوەیەوە کە هەستی بۆ ئەو پیاوە هەبوو دەرگاکەی دەرەوەی کردەوە. باران بەخوڕتر دەباری. پیاوێک بە شنیلێکی بارانییەوە بە چوارڕێیانە چۆلەکەدا بەرەو کافەکە چوو. دەبێ پشیلکە لەم ناوە لە لای راست بێ. وا باشترە بە ژێر گوێسەبانی هۆتێلەکەدا بروا. هەروا کە لە بەر دەرگەکە وەستابوو چەترێک لە پشتەوەرا لە سەری هەڵدرا. کچە خزمەتکارەکە بوو کە ژوورەکەیانی خاوێن دەکردەوە.

کچەکە بە دەم زەردەخەنەوە گوتی، "با تەڕ نەبی." ئەوەی بە زمانی ئیتالی پێ گووت. بێگومان خاوەنی هۆتێلەکە ئەم کچەی راسپاردبوو چەترەکەی لە سەر هەڵبدا. کچەکە چەترەکەی لە سەر ڕاگرتبوو و ژنەکەش بە قەراغ دیوارەکەدا هەتا بەرامبەر پەنجەرەی ژوورەکەی خۆیان چوو. مێزەکە کە بە ئاوی بارانەکە جوان شۆرابوەوە و دەبریسکایەوە دی، بەڵام پشیلەکە لەوێ نەمابوو. لەپڕ ون ببوو.

کچەکە چاوی لێکرد و گوتی: "خاتوون شتێکتان بزر کردووە."

ژنەکە لە وەڵامدا گوتی: "پشیلەیەک لێرە بوو."

"پشیلە؟" کچە خزمەتکارەکە بە دەم پێکەنینەوە وتی: "پشیلەیەک لە ژێر باران؟"
ژنەکە لە وەڵام دا وتی: "بەڵێ، لێرە بوو لە ژێر مێزەکە بوو "ئەم پشیلەیەم دەویست."

کاتێ بە ئینگلیزی قسەی دەکرد کچە خزمەتکارەکە بڕێک دەموچاوی هەڵقرچاند.

"خاتوون وەرە با بچینە ژووری با تەڕ نەبیت."
"راست دەکەی با بڕۆینەوە ژووورێ."

بە ژێر گوێسەبانەکەدا بە سەر چەوی قەراغ ڕێگاکەدا گەڕانەوە و لە دەرگاکەوە چوونەوە ژوورێ. کچەی خزمەتکار لە دەرەوە وەستا هەتا چەترەکەی وێکنێتەوە. کاتێ ژنە ئەمریکاییەکە بە لای ئیدارەکەدا تێپەڕی پیاوەکە لە پشتی مێزەکەیەوە دانەوییەوە. شتێ ناخی ژنەکەی گووشی. پیاوەکە بوو بووە هۆی ئەوەی کە ئەو تەززوویەکی پێدا بێ و هاوکات هەست بە گرینگی خۆی بکات. لەو کاتەدا هەستی دەکرد زۆر گرنگە. بە سەر پلیکانەکاندا وەسەر کەوت. دەرگای ژوورەکەی کردەوە. جۆرج هەروا خەریکی خوێندنەوە بوو.

 جۆرج کتێبەکەی وەلا ناو و لێی پرسی: "پشیلەکەت هینا؟"

"لەوێ نەمابوو."
بە دەم ڕاگرتنی چاوەکانی لە سەر خوێندنەوە وتی: "دەبێ بۆکوێ چووبێ."
ژنەکە لە سەر تەختەی خەوەکە دانیشت و گوتی: "زۆرم حەز لێی بوو، پشیلەکەم دەویست. نازانم بۆ ئەوەندەم حەز لەو پشیلە بەستە زمانە بوو، زۆر گوناح بوو لە ژێر ئەو بارانەدا."

جۆرج دەستی کردەوە بە خوێندنەوە.
ژنەکە هاستا و چوو لە سەر کورسییەکەی بەر دەم مێزی خۆجوانکردنەکە دانیشت و بە ئاوێنە دەستییەکە سەیرێکی خۆی کرد. بە وردی چاوی لە خۆی کرد. یەکەم جار چاوی لە لایەکی دەموچاوی کرد، پاشان لە لایەکەی دیکەی رووانی. پاشان چاوی لە پشتی سەری و ملی کرد.

ئەو جار ژنەکە بە مێردەکی گوت: "بە رای تۆش وا باشتر نیە واز لە قژم بێنم درێژ بێتەوە؟" و دوبارە سەیری خۆی کردەوە.

جۆرج سەری هەڵبڕی و چاوی بە پشتی ملی ژنەکەی کەوت کە وەک قژی کوڕان چاک کرابوو."

ئەو جار جۆرج شوێنی خۆی لە سەر تەختی خەوەکەی گۆری و رووی وەرنەگێرایەوە هەتا ژنەکەی قسەی کرد و پێێ گوت: "خاتوونەکەم ئەتۆ زۆر جوانی."

ژنەکە وتی: "لەم قژەم وەڕەز بووم، هەست دەکەم وەک کوڕ دەچم."

ژنەکە ئاوێنەکەی لە سەر مێزی ئارایشەکە دانایەوە و ئەو جار هەستا و چوو لای پەنجەرەکە و لە دەرەوەی رووانی. وەڵات تاریک ببوو.

"حەز دەکەم قژم لە پشتەوەرا تووند ببەستم و کلیپسی لێ بدەم وا بێ هەستی پێبکەم. حەز دەکەم بچکە پشیلەیەکیشم هەبێ لە سەر کۆشی دانیم و کاتێ دەیلاوێنمەوە مرخە مرخی بێ."

جۆرج گوتی: "چی دیکەش؟"

"حەزم دەکرد بە کەوچکی ستیلەکەم نان بخۆم و مۆم داگرسێنم. حەز دەکەم بەهار بێ و حەزم دەکرد قژم وەبەر ئاو بدەم و بیشۆم، حەز دەکەم بەچکە پشیلەیەک و چەند پارچە بەرگی نوێم هەبن."

جۆرج وتی: "دەکرێ بێدەنگ بی و شتێک بە دەستەوە بگری بیخوێنەوە" و پاشان بۆخۆی درێژەی بە خوێندنەوەکەیدا.

ژنەکەی لە پەنجەرەکەوە لە دەرەوە رامابوو. دەرەوە بە تەواوی تاریک بووبوو و دڵوپە باران لە گەڵای دارەکان دەتکایەوە. ژنەکە گوتی: "هەرچۆنێکی بێ حەز دەکەم پشیلەم هەبێ، پشیلەیەک، هەر ئێستا دەمەوێ. ئەگەر ناکرێ قژم درێژ بێ یان هەر سەرگەرمییەکی دیکەم هەبێ خۆ دەتوانم پشیلەیەکم هەبێ."

ئیدی جۆرج گوێی لێ رانەدەگرت و خەریکی خوێندنەوی کتێبەکەی بوو. ژنەکەی لە پەنجەرەوە سەیری دەرەوەی دەکرد، سەیری شوێنێکی دەکرد کە لە دەرەوە شۆقی لێیەوە دەهات. کەسێک لە دەرگایدا، جۆرج بەدەم هەڵبڕینی چاوی فەرمووی کرد.

لە بەر دەرگاکە کچە خزمەتکارەکە وەستابوو و پشیلەیەکی گەورەی خاڵخاڵی لە باوەشدا بوو. پشیلەکە توند خۆی بە کچەکەوە نووساندبوو و خۆی بادەدا. خزمەتکارەکە گوتی: "ببوورن، خاوەن هۆتێلەکە ئەم پشیلەی بۆ ناردوون."

 

 Bilderesultat for ‫ارنست همینگوی،‬‎

گەڕان بۆ بابەت