ما 2634 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە عەرەبییەوە: نەژاد عزیز سورمێ

من تینووى
شتە دوورە بەدینەهاتووەکانم
ڕۆحم هەڵپەیەتى
بەسۆزە بۆ گرتنى مەوداى تاریک
ئاى، ئەى ترسى دوورى ئەودیو ئاسۆ!

 

شیعری ڕابندرانات تاگوور

لە عەرەبییەوە : نەژاد عزیز سورمێ

گۆرانییەکەم

ئەوە گۆرانییەکەمە

مۆسیقاى بە دەورى تۆدا دەخولێتەوە ڕۆڵە!

وەک باوەشى خۆشەویستى بەسۆزم.

گۆرانییەکەم وەک ماچى لێڕازیبوون

لە هەنیەت دەسوێ...

کە بە تەنێی، لە تەنیشتت دادەنیشێ...

کە لە ناوەڕاستى قەرەبالغیشیداى

بە گوێتدا دەچرپێنێ...

بە دوورەپەرێزیت دەورە دەدا...

گۆرانییەکەم بۆ خەونەکانت دەبنە دوو باڵ

دڵت دەگوازنەوە لێوارى نادیارى...

وەک ئەستێرەى دڵسۆزیان لێ دێ لە ئاسمان

کە شەوى دەیجوورت لە ڕێدا دەبێ

گۆرانییەکەم لە گلێنەى چاوەکانت دادەنیشێ و

نیگا بۆ جەوهەرى شتەکان هەڵدەگرێ...

کاتێ دەنگیشم لە مەرگدا ئۆقرە دەگرێ

گۆرانییەکەم لە دڵى زیندووتەوە دەئاخڤێ...

 

منداڵى فریشتە

ڕۆڵەم!

لێ گەڕێ ژیانت وەک مەشخەڵێکى ڕوناهى بێت

پاک ، بێ شڵەژان و بێدەنگ شادومانییان بکا

ئەوان لە تەماح و ئیرەییدا دڵڕەقن...

وشەکانیان وەک چەقۆى شاراوە

تینووى خوێنن...

بڕۆ ڕۆڵەم!

بڕۆ لە ناوەڕاستى دڵە مۆنەکانیان بوەستە

لێ گەڕێ چاوە گەشەکانت لەسەریان بێ!

وەک سڵاوى لێبوردەیی ئێوارەى

دواى کۆششى ڕۆژانە...

لێیان گەڕێ سیمات ببینن ڕۆڵە!

بەو چەشنە لە ماناى شتەکان دەگەن

لێیان گەڕێ خۆشیان بوێى و

یەکتریان خۆش بوێ...

وەرە جێگات لە باوەشى بێسنووریدا بکەوە ڕۆڵە!

دڵت وەختى ڕۆژهەڵاتن بکەوە

بڵند وەک گوڵێک دەپشکوێ

لە خۆرئاوابوونیشدا سەردانەوێنە.

 

 لەسەرخۆ دڵەکەم

با وەختى جودایی دڵگیر بێ

ڕێ مەدە ببێتە مردنێکى بێ دیماهى!

با خۆشەویستى

بەرەو یادگاران سەوڵ لێ دا و

ئێش و ئازار ببنە ستران...

با بنمیچ بگاتە ئاسمان...

بۆ وێکهاتنەوەى باڵەکان لە دەورى هێللانەدا...

با دوا بەرکەوتى دەستەکانت

وەک گوڵى شەو تەنک بێ...

بوەستە ئەى کۆتایی سەرسوڕهێن!

چرکەیەک...

لە بێدەنگى دوا وشەتدا یادت بێتەوە

من بۆت دادەنوێمەوە و

چرام هەڵدەگرم

ڕێگات بۆ ڕووناک بکەمەوە.

 

 

                         چرا بۆچى کوژایەوە؟

 

چرا بۆچى کوژایەوە؟

چرا بۆیە کوژایەوە

باڵتوکەمم تێوەرگرت

دوور بێ لە با

چرا بۆیە کوژایەوە...

 

گوڵ بۆ سیس بوو؟

هاتم بە ئەڤینێکى نیگەرانەوە

بە دڵمەوەم نووساند

بۆیە سیس بوو...

 

ڕووبار بۆچى وشکى کرد؟

بەربەستێکم لە پێش هەڵنا

تا بەتەنێ بۆ خۆم بێ

بۆیە ڕووبار وشک بوو...

 

ژێى پێژەن بۆچی پسا؟

هەوڵمدا ئاوازێکى پێ بژەنم

بەرزتر لە خۆى، لە تواناى

بۆیە ژێى پێژەن پسا...

 

                                 من ناسێمەوە

من تینووى

شتە دوورە بەدینەهاتووەکانم ..

ڕۆحم هەڵپەیەتى

بەسۆزە بۆ گرتنى مەوداى تاریک

ئاى ، ئەى ترسى دوورى ئەودیو ئاسۆ!

هەى هەى لە بانگى بە ئێشى

لە (نەی)دا هەڵقووڵاو!

من لە بیرم دەچێ

هەمیشە لە بیرم دەچێ باڵم پێوەنین بفڕم و

هەمیشە گیرۆدەى ئەم شوێنەم

من بەقەد شەوقەوە مردووم

بێدار...

من غەریبم

لە خاکێکى عەجیبدا!

 

                        ئاى دونیا!

ئاى دونیا!

تۆ گوڵى خۆتت چنى و

بە دڵمەوەت نووساند

دڕکى تێڕاچوو...

کە ڕۆژ بەرەو ئاوابوون چوو،

تاریکى کشا...

گوڵم لە گۆشەیەک دانا

لێ ئێشى دڕکەکەى هێشتا مابوو

ئاى دنیا!

گوڵ گەنجییەتى و بۆنت دەداتێ

بەڵام وەختى گوڵوەچنى

کە من چاوەرێم دەکرد، لە دەستم چوو و

لە شەوى دەیجووردا

ئیدى ناتوانم گوڵێکم دەست کەوێ

لە ئێشى چزووى زیاتر

کە ماوەتەوە.

 

                                گلەیی

تۆڕم هاوێشتە دەریاو

لە قووڵایی تاریکیدا ،

شتى سەیر و زۆر جوانم دەرهێنا...

هەندێکیان دەتگوت زەردەخەنەیە

شەوقیان دەدایەوە...

هەندێ وەک فرمێسک دەدرەوشانەوە و

هەندێکیش ئاڵ وەک گۆناى بووک...

کە درەنگى ئێوارە بەخۆو بەدەستکەوتەوە

گەڕامەوە ماڵەوە

خۆشەویستەکەم لە باخچە دانیشتبوو

بە تەمەڵییەکەوە پەڕەى گوڵى هەڵدەکێشان

بە شەرم و ویقارەوە

ئەوەى ڕاوم کردبوو

خستمە ژێر پێى

بە سووکییەوە لێى ڕووانى و وتى:

ئەم شتە سەیرانە چین؟

نازانم سوودیان چییە!

سەرم بە شەرمەوە دانەواند و

بیرم کردەوە:

"پێیانەوە ماندوو نەبووم

ئەوانە شایانى تۆ نین"

بەدرێژایی شەو خەریک بووم

یەک یەک لە ڕێگادا فڕێم دان

بەیانى موسافیر هاتن

کۆیان کردنەوە و

بۆ وڵاتى دووریان بردن...

 

 

                               گۆرانیی شاعیر

 

کە چەنگەکەم

لەگەڵ ئاوازى پچڕپچڕم دەهێنایەوە

تۆ لەوە دوور بووى تێم بگەى...

چۆن بمتوانیایە بزانم

ئەو سترانانە

لە کەنارى نادیاریدا

هەڵپەى تۆیانە؟

کە نزیکم بوویەوە

گۆرانییەکانم

بە ئاهەنگى هەنگاوەکانتا

سەمایان دەکرد

وەک ئەوەى نەسیمى شادییەکى باڵا

لەو یەکگرتنەدا

بە جیهان بڵاودەبێتەوە و

ساڵ دواى ساڵ

گوڵ لە سترانى شاعیردا دەپشکون...

قژى بووک دەستى درێژ دەکا

قوربانى دێ قبوڵ بکا

ئەوەى لەم گەردوونەدا مەعلوومە

لەگەڵ نادیاردا

یارى چاوشارکێ دەکەن.

 

 

                         ئاى لە یاسەمەنى سپى!

 

ئەو ڕۆژەم لەبیر ناچێ

یاسەمەنی سپى ئامێزى لە دەستم وەرێنا...

خۆر و

ئاسمان و

خاکى سەوزم خۆشەویست و

لە شەوێکى تاریکدا

گوێم لە هاژەى ڕووبار بوو...

لە گەوەى ڕێگادا ڕۆژم لێ ئاوا بوو

پایزێکى تەنیا

شتى وای جێهێشتووە

وەک بووکێک، کراسى بووکێنى

لە وەختى پێکگەیشتندا

بۆ خۆشەویستەکەى هەڵدەکا...

 

کۆتایی

 

وەختى سەفەرە دایە!

من دەڕۆم

لە تاریکایی ڕەنگپەڕیوى

بەرەبەیانى چۆلدا

کە باسکەکانت لەسەرجێدا

بۆ مناڵەکەت درێژ دەکەیت...

لە سەرمە بڵێم:

"مناڵەکە لێرە نییە"

دایە من دەڕۆم!

دەبم بە تەوژمى کزەبایێک و

دڵنەواییت دەکەم...

کە خۆت دەشۆى

لەناو ئاودا شەپۆلان دەدەم و

ماچت دەکەم و

جارێکى دى ماچت دەکەم...

لە شەوى باوبۆراندا

کە باران نەرمۆکە لە گیا دەدا

چپەى من

لە پێخەفەکەتدا دەبینى

پێکەنینم بروسکەیەک

لە پەنجەرەى کراوەى ژوورەکەتدا دادەیسێنێ

نەنووستبووى

کە پاڵ کەوتى

وێنەى ئەستێران گۆرانیت بۆ دەڵێم

"بنوو.. دایە.. بنوو"

لە تریفەى ماهى خەیاڵڕۆیودا

دەخزێمە سەرجێت کە نووستوى

لەسەر سنگت پاڵ دەکەوم

دەبم بە خەون و

لە نێوانى پێڵووە نەختێ کراوەکانتا

دەخزێمە ناو قووڵایی نووستنت...

کە لە خەو ڕادەبى و

بە ترسەوە سەیرى دەوروبەرت دەکەى

لە تاریکیدا

وێنەى پەپوولەى ڕوناهیدار

دەفڕم دەچمە دەرەوە

لە ئاهەنگى جێژنى مەزنیى دایکیش

کە مناڵانى هاوسێ دێن و

یارى لە دەوروبەرى ماڵ دەکەن

لە ئاوازى نەى دا دەتوێمەوە و

بەدرێژایی ڕۆژێ لە دڵتدا لێ دەدەم و

(سنتا)ى خۆشەویستیش

بەدیارییەکانتەوە بۆ ڕۆژى دایک دێ و

لێت دەپرسێ:

کوڕەکەت لە کوێ یە خوشک؟!

تۆش بە هێمینەوە پێى دەڵێى

لە بیلبیلەى چاوەکانمە

کوڕەکەم جەستەمە... ڕۆحمە...

 

ژێرنووس:

شاعیرو شانۆنووس و ڕۆماننووس (ڕوبندرانات تاگوور) لە بەشی بەنگالی شاری کەلکەتا ساڵی 1861 لەدایک بووە. بۆ یەکەمین جار هەر لە ماڵەوە لەژێر دەستی باوکی کە ئەویش زاناو شاعیرو شانۆنووس بووە خوێندوویەتی، لەسەر دەستی ئەویش فێری وەرزشی (جۆدۆ) بووە. تاگوور زمانی سانسکرێتیشی لە هەرێمی نیکتانهی ڕۆژئاوای بەنگال خوێندووە، خانەوادەی تاگوور هەبوویی بوونء لە چینی (براهما) بوون. زۆربەی خوێندنی تاگوور لە ماڵەوە بووە لەژێر چاودێری مامۆستای تایبەتی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی خانەوادەکەی... زۆربەی زانستەکانی خوێندووە، لە زانستی زمانەوە بگرە تا فەلەکناسی و زانستەکانی نوێ و مێژوو و کولتووروی جۆراوجۆر... لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە شیعری نووسیوە، لە حەڤدە ساڵیشەوە باوکی دەینێرێتە ئینگلستان، بەڵام پاشان لەوێدا زانکۆ بەجێدەهێڵێ و دەگەڕێتەوە کەلکەتا. ئەزموونی شیعری تاگوور لەو دەمەدا دەرکەوت کە ژمارەیەک کۆشیعری بڵاوکردەوە، کە بە پازدان و تێپەڕاندنێکی گرینگ ناسێنرا نەک هەر بە گوێرەی تاقیکردنەوەی خۆی، بەڵکو لەناو تێکڕای (شیعری بەنگالی)دا. ئەوە بێجگە لە چەندین شـانۆیی و ڕۆمـان و کـورتە چـیرۆکی دی، لـە پاڵ ئەوەشدا تاگوور لە قۆناغەکانی دوایی ژیانیدا وێنەکێشێکی کارامەیشی لێ دەرچوو (لە تەمەنی شەست ساڵیدا) و لە ژمارەیەک پیشەنگاشدا تابلۆکانی نمایش کردن، تاگوور کە دەچێتە ئینگلستان، لەگەڵ برادەرێکی پێکدەگەنەوە ئەویش هونەرمەند دەبێ، ئەو برادەرەی ناوی (رۆتنستاین)ـە، هونەرمەندێکی بەناوبانگ بووە، تاگوور لە هیندستانەوە ناسیبووی پێشنیاری ئەوەی بۆ کرد شیعرەکانی بۆ بکاتە ئینگلیزی، دوای ئەوەی کە زانی لەبەرابەر شیعری ئینسانی بەرز دایە، پاش وەرگێڕانیش، بۆ پێداچوونەوە پەیوەندی بە شاعیری ئایرلاندی ناسراو (ولیەم بتلەر یێتس)ـەوە دەکا ، لێرەوە بەرهەمەکانی تاگوور ناسران و لە دواى ئەوەشدا زۆری نەبرد (خەڵاتی نۆبل)ی وەرگرت. لە ئەنجامی نەشتەرگەرییەکی سەرنەکەوتوو کە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کەلکەتا ساڵی 1947 بۆى کرا ، پاش ئەوەی دوا شیعری بۆ ئامادەبووانی نەخۆشخانە خوێندەوە گیانی سپارد. ئەم قەسیدانەی تاگوور لە (رابندرنات گاغور- روائع فی المسرح والشعر)ـەوە کراون بە کوردی.

 

 Bilderesultat for indisk kunst

گەڕان بۆ بابەت