ما 4157 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

محەمەد تەها حوسێن

با چیتر عاشق نەبین هاوڕێیان چون لە عیشقدا هەموو کەسێکین خۆمان نەبێ، با چیتر عاشق نەبین هاوڕێیان چون لە عیشقدا هەموو شتێکین مرۆڤ نەبێ، با چیتر عاشق نەبین برادەران چون لە عیشقدا هەر یەکەمان دوو ڕۆح تیایدا دەژین و قەتاوقەت لەبەر یەکتر ئاگامان لە خۆمان و دنیا نامێنێ.

 

فۆلکلۆرى سیاسی، یا فکرى سیاسى؟

خوێندنەوەیەکى دەروونى بۆ عیشقى سیاسى ئێمە

محەمەد تەها حوسێن

فۆلکلۆر ئەو بەشەیە لە کولتوور کە دەماودەم یا دەساودەست یا کەس بۆ کەس و گرووپ بۆ گرووپ دەیگوازنەوە. هزریش پڕۆسێسێکى بەرهەمهێنانە بۆ پارادیگمى تازەتر و تازەتر لە بیرکردنەوە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو ساتەوەختانەى مرۆڤ  لە پەیوەندیە جۆراوجۆرەکانیدا بۆ ئەوەى وەک بیرکەرەوەیەکى چالاک دەرکەوێ هەردەم رابردوو و داهاتووشى بە ئێستا دەپێوێ.

کەواتە جیاوازى نێوان فۆلکلۆر و هزر ئەوەیە فۆلکلۆر ئەمڕۆ و داهاتوو بە ڕابردوو دەپێوێ، بەڵام هزر ڕابردوو و داهاتوو بە ئێستا دەگرێ و پێوانە دەکا. ئێستا زەمینەى چالاکبوون و کارابوونى کەسى بیرکەرەوەیە و ئەو کەسانەش کە ژیان لە ئێستادا دەژیێن و تێیدەپەڕێنن ئەوانەن کە بەشى زۆرى بەرهەمى هزریان وەردەگێڕنە سەر ماتڕیاڵ و کەرەستە و شمەکە بەرجەستەکان.

بەم مانایە بێ ئەوەى لە (ئێستا) و (لێرە) بە مانا زانستیە دیاردەناسیەکەى بەرهەم دێ، هەر ئەوەیە مرۆڤ وا لێدەکا چێژ لە ژیانى ڕاستەقینە وەرگرێ و ئەوەش کە بەرهەمى ڕابردووە و هەتا هەتایە بە کۆن یا بەسەرچوو ناژمێردرێ، ئەوا چێژبردنە لە تەمبەڵى و خەو و خەون بینین بەو زەمەنەى دیسانەوە ئەوشتانەى تیا بەرهەمبێتەوە.

ئەم پێشەکیەم بۆ ئەوە بوو بچمە سەر تایپى سیاسى و سیاسەت کردن لەو هەرێم و ناوچەیەى خۆمان و بەم دوو جۆرە لە (ئاگایی) یان بگرین یا بچوێنین، ئایا سیاسەت لێرە بەشێکە لە فۆلکلۆر یا ئەوەتا پەڕیوەتەوە بەرى هزر و پیادەکردنى هزر لە هەموو ئەو کردار و ڕووداوانەى ئێستا لە ئارادان یا بەردەوامن لە ڕوودان.

بێ سێ و دوو سیاسەت و بەڕێوەبردنى سیاسى لاى ئێمە درێژەى ژیانکردنێکى ڕابردووە و بە هەمان هەست و شعوور و سۆز و هەڵچوونەوە ڕێچکەى خۆى گرتووە و لە بڕگە و بابەتى جودا جودادا دووبارە و سەد بارە دەبنەوە. بونیادى سایکۆلۆژى کاراکتەرى سیاسى ئێمە لەسەر خۆشەویستیەکى عاشقانە بۆ پارادیگمە سیمبولیەکانى مێژووى سیاسەتکردنمان دامەزراوە و هەر بۆیە عاشق هەرگیز لە کەسى قبوڵ ناکا لە بازنەى عەورەت و حەیا و نامووسى مەعشووقەکەى نزیک بێتەوە یا بیەوێ بیکاتە بابەتێک بۆ قسە و بەراوردکردن.

عاشقى سیاسیش تووشى هەمان ئەو تێوەگلانە دەبێ کە عاشقى کوڕ بۆ کچ و کچ بۆ کوڕ تووشی دەبێ، ئەویان بە پاڵنەرێک و ئەمیشیان بە پاڵنەرێکى تر، سیاسیە عاشقەکانى ئەم ناوە لە خۆیان بترازێ ئاگایان لە کەس نەماوە، ئەوانیش هەر بریتى نین لە جەستەى خۆیان و بەس، چون ئەوەى بە هى خۆشیانى دەزانن لە موڵک و ماڵى دنیا بووەتە بەشێک لە وجودیان و لەگەڵ (خود) یان بووەتە یەک پارچە و ئەمەش لە سایکۆلۆژیا پێیدەڵێن بەنێوخودداچوون(تژییت- Appreciate).

لە بەنێوخودداچووندا خودى خاوەن یا خانەخوێ دەچێتە نێو هەناوى ئەو شتانەى کەس بە هى خۆیانى دەزانێ و ناتوانێ هەرگیز دەسبەرداریان بێ، ئەم چوونەنێویەکە جۆرێکە لە شعورى موڵکایەتى و هەرچى هەیە لە قەڵەمڕەوى دەسەڵاتى خۆى بە هى خۆى دەزانێ و مافى کەسى ترى بەسەرەوە نیە. شتەکان دەچنە نێو خودى کەسەکە و کەسەکەش لاى خۆیەوە دەچێتە نێو شتەکان.

ئەم بەنێویەکداچوونە زۆر جار دۆخێکى دەروونى ئاساییە، ئەوەش لەو کاتەى کەسەکە بابەتەکەى دەرەوەى لە نێو خۆیدا دەتوێنێتەوە و وەک بەشێک لە وجودى خۆى دەیزانێ و لە بوونى خۆى جیاى ناکاتەوە، واتە شتەکانى لا گران قەدرە و نرخ و بەهایان دەزانێ و خۆشى دەوێن، ئەم دۆخە لە کاتێکدا ڕاستە کە تاک بابەتەکەى خۆى دواى خەبات یا کارێکى زۆر و گران دەست کەوتبێ. بەڵام کە ئێمە قسەمان لەسەر ئەوانەیە بە ئاسانی دەستیان کەوتووە و هەرچى هەیە بە هى خۆیانى دەزانن، ئەوە ئەم کەسانە خۆیان دەچنە نێو هەموو شتەکان و وێنەى خۆیانى لەسەر تۆمار دەکەن، هەر بۆیە تابلۆیەکە بە فراوانى دەبینن و بەش و پارچە و ئەلیمێنتەکانى بە لاى ئەوانەوە بوونەوەرى مایکڕۆسکۆبین و لاى ئەوان هەموومان بە شتەکانى سەرزەمینەکەشمانەوە یەک شتین و ئەو شتەش لە بنچینەدا هى ئەوانە.

 ئەمەیە کارەساتى عاشقبوون بە شت و شمەکەکانى سەرزەمین و بنزەمین، عاشق هەمیشە لە دەرەوەى خۆیەتى و بوونى خۆى لە نێو بابەتێک دەبینێتەوە کە مەعشوقە، دەستبردن بۆ مەعشوق عاشق تا ئەو ئاستە تووڕە دەکا خاوەن دەستەکان هەموویان بکاتە قوربانى مەعشووق، ئەى ئەوە نیە عاشق هەرچى شار و کچ و کوڕى نیشتمان هەیە، تەنانەت دایک و باوکیشى دەکاتە قوربانى مەعشووق و هەندێک لەو عاشقانە لە مێژووى نۆستالیژى ئێمەدا سەرى دایکیان کردۆتە دیارى مەعشووق، هەر ئەوەندەى نەکا دڵى لێى بشکێ و دواى ئەوە لەیەکتر بترازێن.

عاشق کەسێکى نەخۆشە و ئەوەى دەشیکا هەرگیز خۆشەویستى نیە، لە خۆشەویستیدا کەس نابێ بە قوربانى و هەردوولا دوو بوونى جیاوازن و بە جیاوازى یەکتر دەبینن، لەیەکتر ناچن و هەر یەکەیان کەسێکى ترن، بەڵام بوونیان بۆ یەکتریان بە زەروور دەزانن و سەربەخۆیانە و بێ توانەوە لە نێو یەکتردا دووانەیەکى یەکگرتوو دەبن.

لە سەرزەمینى ئێمە و لە کلتوورى هەم ستەمکار و هەمیش ستەم لێکراوماندا هەموومان بووینەتە عاشقێکى وێڵ و سەرگەردان و یا ئەوەتا ئەوەى ویستوومانە دەستمان پێیگەیشتووە، یا ئەوەتا شەیداى بووین و تا ئاستى شێتى بردووین و کردووینەتە ویردى سەرزار و بەرچاوى خەڵک.

عاشقەکان بۆچى ئامادەن خۆیان بکەنە قوربانى مەعشووق؟ چونکە ئەوەى عاشقى بوون ئەوە خۆیانن و مەعشوقیش هیچ کاتێک بەشێکى جیاکراوە نیە لەو، ئەوەى کچە تواوەى کوڕەکەیە و و ئەوەى کوڕیشە تواوەى کچ. بەڵام لە خۆشەویستیدا هەردوو لا بە ئازادیەوە چیڕۆکێکى زیندەگى دەسازێنن لەو چیڕۆکەدا یەکێک قسەکەرە و ئەوەى تر گوێگر و دواتر یەکێک گوێگرە و ئەوەى تر قسەکەر، یەکێک بینراوە و ئەوەى تر بینەر و پاشان یەکێکیان بینەر و ئەوەى تر بینراو، یەکێک بیسەرە و ئەوەى تر بیسراو دواى ئەوە یەکێکیان بیسراو ئەوەى تر بیسەر... تاد.

لە سایکۆلۆژیاى عاشقى لاى خۆمان چاو تەنها یەک شت دەبینێ ئەویش مەعشووقە، گوێ یەک شت دەبیستێ ئەویش دەنگى مەعشووقە، دەست بەر یەک شت دەکەوێ ئەویش تەنها مەعشووقە، لووت یەک بۆن دەناسێتەوە ئەویش بۆنى کراس و کەوێ و دەسەسڕ و لەچک و چارشێو و خەنە و قەنەفڵ و هەناسەى مەعشووقە. ئەمانە شێتیەکى ڕەهان و هەرگیز خۆشەویستى ئینسانیان لێ ناچۆڕێتەوە، نەخۆشیەکى ڕەهان و قەتاوقەت کەسێکى ساغمان بۆ ناناسێنن، خۆپەرستیەکى ڕەهان و هیچ کەسێکى تر لاى ئەوان خۆشەویست نیە، عاشق تەنها عاشقى خۆیەتى و هەموومان لەدەرەوەى ئەودا ئامادەین بۆ سووتان، بۆ مردن، بۆ هەموو جۆرەکانى ترى قوربانى.

عاشقە سیاسیەکانى ئێمە هەر یەکە لاى خۆیەوە وڵات وەک ئەو کچە دەبینێ کە ئەگەر بۆ ئەو نەبێ نابێ بۆ کەسى تر بێ و باشترە بسووتێ، گەر بۆ ئەو نەبێ باشترە بە هەر شێوەیەک بێ نەمێنێ و ببێتە قوربانى ئەو خودە عاشقەى هەر کە شێتانە کەوتە سەر شتێک ئیدى گڕ دەدرێ و هەر هى ئەوە و بەس، ئیدى موڵکى ئەوە و بەس، پاوانى ئەوە و بەس.

ئەوەى گڕنە لە شت دادەگرێ و باوەشى توند پیا دەکا یا منداڵێکى ساوایە و هەرچى هەیە هى ئەوە و بەس، یا شێتێکى عاشقە و کەس لاى ئەو بوونى نیە تەنها خۆى و بەس، خۆیشى دابەش بۆتە سەر کەس و شتەکانى چواردەورى و وێنە و مۆرى خۆى لە هەموویان داوە و کەسێک نیە زاتى ئەوە بکا بڵێ (هەم). (هەبوو) هەر ئەوە و (نەبوو) هەموو ئەوانەن لاى ئەو تەنها شتن و بەس.

ئەم تێگەیشتنە عاشقانەیەى سیاسەتمەدارى ئێمە وێنەیەکى ڕوونتر و گەورەترى وێنەى هەر یەکێکمانە لەبەر چاو و زەینى خۆمان، هەر یەکەمان بەو تێگەیشتنە فرچکمان گرتووە کە هەرگیز خۆمان نەبین و هەمیشە لە خودى ئەوانى تردا خۆمان بتوێنینەوە، ئەم خەسڵەتە عاشقانەیە زەڕڕەیەک خۆشەویستى تیا نیە، چون لە خۆشەویستیدا هەردوولاى جەمسەر بەیەکەوە ژیان بە شێوەیەک لێدەکەن بۆ ژیانکردن بشێ، لە خۆشەویستیدا هەر دوو لاى جەمسەر  بە عەقڵەوە دەچنە نێو دنیاى یەکتر و بەیەکەوە دۆخێکى ترمان بۆ دەسازێنن.

خۆشەوستى قەتاوقەت لە بیرکردنەوەى مرۆڤ جودا نیە و ئەوە مرۆڤە عاقڵەکانن بابەتەکانى خۆشەویستى هەڵدەبژێرن، ئەو نرخ و بەهایەى دەدەنێ بەکەڵک خۆ پێوە ماندووکردن و دواتر ژیانسازى بێ. فڕۆم لەبارەى خۆشەویستیەوە جوانترین وەسفى هەیە و پێیوایە هیچ کاتێک لە هزر جیا نابێتەوە، جیانەبوونەوە لە هزر بە ماناى ئەوە دێ هەردەم خۆشەویستى بابەتێکە بۆ بونیاتنان و ژیانسازى و مرۆڤ گەر بتوانێ ئیگۆیەکى عاقڵ پێکەوە بنێ ئەوا ژیان لەو ڕێگەیەوە سیستماتیزە دەبێ و گەر نەشیتوانى بەڕێى تردا لاڕێدەبێ،خۆشەویستى لە ژیاندا ماناکانى خۆى دەدۆزێتەوە نەک لە ڕووخان و هەرەس. لە عیشقدا هەر بە تەنها سۆز هەیە و کاتێکیش نەما یا ون بوو یا دووچارى مەترسیەک بۆوە، ئەوا هەڵچوون هەیە و هەڵچوونیش ئەگەر چى بەشێکە لە پێکهاتەى سایکۆلۆژى مرۆڤ و لە هەلومەرجى خۆیاندا بە هەردوو جۆرەکانیەوە بۆ مرۆڤ پێویستن، مرۆڤ لەبارى هاوسەنگى کەسێتى و عەقلیەوە دەترازێنن.

عاشقەکان تەنها بەرانبەر خۆشیان ئازان و بوێرن، وەک کوردە دەڵێ هەر بە خۆیان دەوێرن و بەکەسى تر ناوێرن، ئەگەر تواناى وێرانکردنى هەموو دنیاشیان هەیە ئەوە مانى ئەوەیە هەموو دنیا هى ئەوانە و ئەوانیش لە نێو ڕۆح و جەستەى هەموو دنیادان و کە بۆ ئەوانیش نەبێ ئیدى با وێران بێت و کەسى تر خێرى لێ نەبینێ.

خۆشەویستەکان خۆیان هەر بایى ئەوە خۆشدەوێ کە دەتوانن و هەر کە نەشیانتوانى بەهاى خۆشەویستى بگەیەننە ئاستى ماقول ئەوا دەچنە ئەزموونێکى تر و ئەزموون دواى ئەزموون هەر بەو دەنکە دەگەن کە بە دوایدا وێڵن.

خۆشەویستى ئەزموونە بەڵام ئەزموونێکى عاقڵانە، تیایدا هەر شتێک بایەخى خۆى هەیە و هیچ شتێک لەنێو کەشى ئەزمووندا بێبایەخ نیە، هەموو گۆڕاو و فاکتەرەکانى نێو ئەو ئەزموونە ڕاستەقینەن و گەر بەیەکەوە نەبن وێنە گشتیەکە سەرەنجام بە شێواوى دێتە بەرچاو زەین و دواتر هەر ئەوەندە دەزانین شتى سەیر سەیرى ترمان بۆ ئیجاد دەبن.

- با چیتر عاشق نەبین هاوڕێیان چون لە عیشقدا هەموو کەسێکین خۆمان نەبێ، با چیتر عاشق نەبین هاوڕێیان چون لە عیشقدا هەموو شتێکین مرۆڤ نەبێ، با چیتر عاشق نەبین برادەران چون لە عیشقدا هەر یەکەمان دوو ڕۆح تیایدا دەژین و قەتاوقەت لەبەر یەکتر ئاگامان لە خۆمان و دنیا نامێنێ.

- با بۆ یەکەم جار بچینە نێو خۆشەویستیەوە و لەو سەرزەمینەى خۆماندا هەموو (خۆ) یەکان بەیەکەوە سیمفۆنیایەکى تر بۆ ژیان بهۆنینەوە.

- با بۆ یەکەمجار بچینە ماڵێکەوە تیایدا بە خۆشەویستى پێکیەوەبنێین و بە خۆشەویستیش بیڕازێنینەوە.

- با بۆ یەکەمجار ماڵەکەى خۆمان خۆشبوێ، چون وەک باشلار هەمیشە دەیگوت ماڵ حاڵەتێکى ڕۆحیە و هەر لەماڵیشدا مرۆڤ پڕ بە خۆى دەحەسێتەوە.

• ماڵ پێویستى بە تواناى هەموومانە و هەر یەکێکیشمان لە نێو ئەو ماڵە شێواوەماندا لەوەى تر تووڕە بین و نەیخوێنینەوە ئەو ماڵە دۆزەخە و هیچ دۆخێکیش لەوە ناخۆشتر نیە مرۆڤ بە دەستى خۆى ماڵى خۆى بکاتە دۆزەخ.

• با ئەو ماڵە لەسەر بنەما و بناغەیەکى پتەو درووستکەین و هەرچى هەمانە و شکى دەبەین بۆ ئاسوودەکردنى خەرجى کەین.

• ماڵسازى بەو بوونەوەرە ئینسانیانە درووست دەبێ هیچ گرێ و گۆڵەیەکى ئۆدیبیانەیان نەبێ و دوور بن لە ناشیرنترین خەسڵەت ئەویش کە گلدانەوە و نەوسنیى نەبڕاوە و تێر نەبووە.

• ماڵ بۆ ئەوەیە جەستە و ڕۆحمان تیایدا بحەسێتەوە، ئەوەش بە ئاشتبوونەوەى هەموو خاوەن ماڵەکان دەسازێ، ئەگەر نەیەشیەتە دى ئەوا دۆزەخێکە و تێیکەوتووین.

 Bilderesultat for politikk tenkning

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت