مەهدی خالید خەمبار
ناکرێت ئێمە باس لە ڕیفراندۆمێک بکەین کە پاش کوشتنی دەیان هەل و بەهەدەردانی سامانێکی زۆر بە بەستنی سەدان کۆبونەوە بەمەبەستی گەڕانەوەی سەرۆکی پەڕلەمان و پەڕلەمەنتاران بۆ هەولێر و کاراکردنەوەی پەڕلەمان کەچی تا ئەم چرکەساتە دۆخەکە وەک خۆی ماوەتەوە.
نەخێر لەم دۆخەی ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم!
مەهدی خالید خەمبار
ماوەیەکە پرسی ڕیفراندۆم بۆتە باسی گەرمی میدیا لۆکاڵی و ئاسمانیەکان و نێو کۆڕ و کۆبونەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کوردانی تاراوگە وناوخۆی کوردستان و جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بەگشتی و وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە تایبەتی و تەنانەت وڵاتانی زلهێز و ئەوروپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیشی سەرقاڵکردوە. ماڵی حیزب و لایەنە سیاسیە ناکۆکەکانی لەمەڕ وڵاتەکەی خۆمان بەقوڕ بگیرێت، بەشێکیان بە وابەستەبون بە حکومەتە نەیارەکانی دەر و دراوسێ و هەندێکیان بەهۆی وەلائیان بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ژمارەیەکیشیان بەخاتری بەرژەوەندی و موڵکدارێتی کۆمپانیای زەبەلاحی خەیاڵیان، ئاگایان لە میللەت بڕاوە و میللەتیشیان دابەشی سەر دوو بەرەی بەڵێ و نەخێر بۆ ڕێفراندۆم کردوە! لەمانە ناخۆشتر ئەو قەڵەمە دۆڕا و نەفەسی ئەو هەرزەکارە سیاسیانەیە کە بێ ئەوەی لە مانای ڕێفراندۆم و بەڵێ و نەخێر بۆ ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ حاڵیبن و هێندەش نابەرپرسانە ناو و ناتۆرەی خەراپ دەخەنە پاڵ ئەو کەسانەی کە دەڵێن (نەخێر بۆ ڕیفراندۆم و دەوڵەتێکی پاشکۆی داگیرکەر) زۆر بێ ئەدەبانە تۆمەتی تەخوینیان بەسەردا دەدەن. سەیرەکە لەوەدایە ئەو قەڵەمە تازە گڕوگاڵکەرانەی خۆیان بە میراتگرەوەی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەزانن و بەجۆرێک بازومان نیشاندەدەن وەک ئەوەی بڵێی لەوەتەی هەن ئەمانە شەووڕۆژیان خستۆتە سەریەک و بەم کەم ئەزمونیەیانەوە خەریکی کاری دیپلۆماسی و سیاسی و کۆکردنەوەی دەنگی ئەو وڵاتانەن کە بەئیسراحەت و بێترس و بەگیرفانی گەرم و سکی تێرەوە، تیایاندا دەژین، یانیش وەک ئەوەی جگە لەخۆیان کەسانیتر لە دەنگدەرانی نەخێر، نە بەشداری شۆڕش بوبێتن و نە لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی و ئازادیدا تێکۆشابێتن و ئازارو ئەشکەنجەی زیندانەکانی ڕژێمە داپڵۆسێنەرەکانمانیان بینیبێت و نە کەسیش خوێنی لەو پێناوەدا ڕشتوە! لە نێو کوردستانیشدا زۆر بە ڕونی و زەقی پارتی پێماندەڵێت ئێوە لەگەڵبن و لەگەڵ نەبن ئێمە وەک پارتی دیمکراتی کوردستان و سەرکردایەتیەکەی ئامادەین ئەم جەنگەی ڕێفراندۆم ئەنجام دەدەین و لایەنەکانیتریش بە یەکێتی نیشتیمانیشەوە سەرپشک دەکات! ئەمەش وتەی من نیە بەڵکو ئەوە خودی میدیاکانی پارتی و پارتیەکانن بەم نەفەسەوە دەقیڕێنن!! ئەرێ گەلۆ؟ کەسێک هەیە هەست بەم واقیعە نەکات؟
ئێمە باش درک بە مەترسیەکانی کاتی ڕیفراندۆم ودوای پرۆسەکە ئەگەین. بەڵام ئەوان یا ئەوەتا وەک ئێمە بە مشور و گیانی بەرپرسیارەتیەوە لە دەرەنجام و دەرهاویشتەکانی ئەم پرسە چارەنوسازە ناڕوانن و دوای هەڵا کەوتون، یا ئەوەتا دەیهانەوێ بەسەر ئەم پردی ڕیفراندۆمدا دۆخێک تێببپەڕێنن ودۆخێکی ناڕۆشن بزێنن و ئەوەشی پێی ناخۆش دەبێت با بفەرمێ هەڵپەڕی. ڕەنگە تۆمارکردنی مێژوش پاڵنەرێکی بەهێزیتری پشتەوەی ئەم جۆرە نەفەسەبێت. دەمەوێ ئەوە بە بیری هەموان بهێنمەوە کە لۆژیک لەوەدانیە کە هیچ کوردێکی نیشتیمانپەروەرهەبێت خەو بە کوردستانێکی ئازادەوە نەبینێت، بەڵام کە دەڵێین نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێکی دەکەین .
یەکەم / لە دوای کۆتایی ولایەتی موصڵەوە کورد زۆر ناوچەی مێژویی لە دەستداوە و بەئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمەش دەخوازن ناوچە داگیرکراوەکانی کەرکوک و خانەقین و مەخمور و شەنگالیش لەم گەمەیەدا بدۆڕێنن! ئەوەش بەوەدا دەردەکەوێ کە زۆر شەرمنۆکانە باس لە ڕیفراندۆم لە کەرکوک دەکرێ.
دووەم / لە دوای ٢٦ ساڵ حوکمڕانی خۆماڵی سەرکردایەتی سیاسی کوردی بەهۆی شەڕی خۆکوژە و ململانێ حیزبی نا تەندروست و سیخناخکردنی گیرفان و بانقەکانی وڵاتانی دونیا و ئیفلیجکردنی نایاساییانەی پەڕلەمان و بەشێک لە وەزارەتخانەکان لە لایەن حیزب و نەچەسپاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و تیرۆر و کوشتن و شوێنبزرکردنی ژنان، ڕۆژنامەنوسان ،پیاوانی ئاینی ،کەسایەتی سیاسەتمەدار، یاساناسان. هەرێم نەیانتوانیوە نمونەیەک لە دیمکراسی پێشکەش بە دونیای دەرەوە بکەن و لەو دەروازەیەوە هەڵپەیەکی بەدەستهێنانی کۆدەنگی و پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە کاتی گونجاودا، بۆیە ئەمڕۆ بەداخەوە ڕێک پێچەوانەکەی لە شێوەی پێشوازیکردنی دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ناوچەکە لە پرسی ڕیفراندۆمدا بەدیکرا، ئەمە بۆ خۆی مەترسیەکە و دەبێت حیسابی وردی بۆ بکرێت!
سێهەم / ناکرێت ئێمە باس لە ڕیفراندۆمێک بکەین کە پاش کوشتنی دەیان هەل و بەهەدەردانی سامانێکی زۆر بە بەستنی سەدان کۆبونەوە بەمەبەستی گەڕانەوەی سەرۆکی پەڕلەمان و پەڕلەمەنتاران بۆ هەولێر و کاراکردنەوەی پەڕلەمان کەچی تا ئەم چرکەساتە دۆخەکە وەک خۆی ماوەتەوە. بۆیە یەکێک لە داوای دەنگدەرانی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم کاراکردنەوەی دەستبەجێی پەڕلەمانە تا بتوانرێت لەوێدا بەپێی ڕێکارە یاساییەکان پرسەکان تاوتوێبکرێنو بڕیاریان لەسەر بدرێت. دیاریکردنی ڕۆژی کاراکردنەوەکەشی لە لایەن یەکێتیەوە ڕەنگە کەمێک پاشبکەوێت!!
چوارەم / کەی ئەمە ڕەوای هەقە سەرباری دیارنەبونی داهاتی فرۆشی ژێرخان و سەرخانی وڵات، لە سایەی ئەم داهاتە زۆرەدا کوردستان نوقمی قەیران بکرێت و پیادەکردنی سیاسەتی چەوتی بەناو پاشەکەوت دەست بنێتە بینی زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمەکەمان و خەڵکانێک نەتوانن بەهۆی بێ پارەییەوە بچنە سەرکار و فێرگە و وانەوتنەوە، بەهۆی قەرزاریەوە پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن و دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی هێناوەتە ئاراوە، تۆ بێیت و داوای چون بۆ سەر سندوقی دەنگدانیان لێبکەیت؟ لە ئەگەری نەچونشیان بە خائین و خۆفرۆشیان ناوببەن!
پێنجەم / لە ناسەقامگیری ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەرتەوازەیی و ناتەبایی ناوماڵی کوردی و فرە ئاوازی لە خیتابی سەرکردەی حیزب و لایەنە سیاسیە نیشتیمانی و کوردستانیەکان و سێبەرکردنی هەژمونی حیزب بەسەر سوپا و حکومەت و بڕیاری سیاسی و تەشریعی و تەنفیزی و دەسەڵاتی دادوەری و هەڕەشەی دوژمنانی دەرەکی هۆکارگەلێکی مەترسیداریترن لەکاتی زامنەکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی.
سەرکردایەتی سیاسی کورد و حکومەت ڕەنگە پەلەیان لە دیاریکردنی کاتەکەیا کردبێت، دەتوانرا چەند مانگێک دوای بخەن و لە هەمان کاتدا دەست بە چارەسەرکردنی قەیرانەکان بکرایە و بەشێکیان لەو پارە زۆرەی کە پەنابەرن لە بانقەکانی دەرەوە بگەڕاندایەتەوە و بتانخستایەتە خزمەتی بوژانەوەی هەرێمەکە و باشترکردنی بژیوو ژیانی خەڵکی و دوای ئەوە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدرابایە و ئەو کاتە بەرزی ئاستی ڕێژەی دەنگدەران بە بەڵێ جیهانیان توشی شۆک بکردبایە و ناچار بە پشتیوانی بکردبانایە.