ما 1063 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ماڵئاوا کاروان عومەر کاکە سوور!
چیرۆکنووس، کاروان عومەر کاکەسوور، لە نامەیەکی ئاوەڵادا ماڵئاوایی لە جیهانی ئەدەب و نووسین و خوێنەرانی بەگشتی کرد. ماڵئاوایی و هەوالێکی ناخۆش لەم ساتەوەختەی کە بۆ خۆی ناوی لێناوە 'نائومێدیی دونیای کوردی".
 
کاروان لە نامەکەیدا هۆکارەکانی ئەم ماڵئاواییەی بۆ چەندین شت گێڕاوەتەوە. چەند لەوانە، نائومێدیی دونیای کوردی، نەبوونی تۆلێڕانس لە کلتوری کوردی دا و هەروەها باجی بەسەربەخۆبوون مانەوە.
بێگومان بەو هۆکارەی کە نووسەران و رۆشنبیران ویژدانی ئاگای کۆمەڵگان، دەربڕینی وەها هەڵوێست و ئاوەڵاکردنی وەها نامەیەک بۆ رای گشتی، خۆی لە خۆیدا هەڵگری زۆر دیاردەی ترسناکە لە کۆمەڵگای کوردی دا. ئەو دیاردانەی کە ساڵ بە ساڵ نەک لێیان کەم نەکراونەتەوە، بەڵکو پێشیان زیاد کراوە و هەست دەکرێ کە لەبەردەم هیچ رەوتێکی بەرەوپێشچووندا نین.
کاروان لە نامەکەیدا پێش لە هەر شتێک هۆکاری ئەمە بۆ کلتوری کوردی دەگەڕێتەوە، بەڵام دەستبەجێ ناڕاستەوخۆ پرسی حیزبیش دێنێتە گۆڕێ و بەمە دەیەوێ پێمان بڵێ کە لەناو ئەو کلتورەدا چەمکی حیزب دەوری گرینگ و سەرەکی دەگێڕێ. ئەو دەگاتە ئەو شوێنەی کە چونکە نووسینەکانی تەسلیمی دۆخی باو نین و چونکە مل کەجی نەکردووە بۆ گوتاری زاڵ، کەواتە زوڵمێکی گەورەی لێکراوە.
بێگومان ئەدەب هەمیشە ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگا بووە، بگرە تەنانەت ئەو کاتەیش وا خۆی لە سەر هەرە شتە فەردییەکانیش خڕکردبێتەوە. نووسەر، یەکەم کەسە کە لەم رێگایەوە شوێنە شاراوەکان ئاشکرا دەکا و زەنگی ئاگاداربوونەوە و مەترسییەکان لێدەدا. بەڵام ئەمە گوێی دەوێ. وە لە کۆمەڵگای کوردیدا بە داخەوە کوا گوێ؟
بەڵام کاروان گیان! بە خۆشییەوە نووسینەکانت سەرەڕای ماڵئاوایی خۆت ماون و دەمێننەوە. وەک خۆیشت وتووتە خەریکیشن بە زمانی تر تەرجەمە دەکرێنەوە. ئەم دارە بەر هەر دەگرێ!
خۆت دەڕۆی، بەڵام ئەوەی دەمێنێ، ئەو بەرهەمانەیە بەشێکی گرینگی ژیانت بۆ دا.
ئۆغرت بێ! هەر چەند باوەشی دونیای نووسین هەر کراوەیە و رەنگە تەنیا شوێنێ بێ کە زۆر خێرا تۆرانەکان لەبیر دەباتەوە و سەرلەنوێ بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە وەرماندەگرێتەوە. دونیای نووسین بەخشندەترین شوێنی 'بوون'ە. بۆیە ئینسانی ترینیشە. ئەو جیهانەی، خۆت بەشێک بووی لە درووستکەرانی.
سایتی قەڵەم
٥ ئۆگۆستی ٢٠١٧
 Image result for bey art

گەڕان بۆ بابەت