ما 904 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خەبات دەکەین چونکە دەبێ بیکەین، چونکە دەمانەوێ وەڵامی ویژدانی خۆمان بدەینەوە. خەبات ناکەین چونکە دراوسێکەمان یاخود خەڵکی شار یان وڵات پێمانی وتووە! ئێمە تەنیا نوێنەری خۆمانین و بەس... تاقە نوێنەری راستەقینە، یاخود شەرعیەتی راستەقینە، ئەو شەرعیەتەیە لە دەنگدانی راستەوخۆی خەڵکەوە دێت. 

 

شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و شەرعیەتی دیمۆکراسیانە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

پێوەندی نێوان گروپ، حیزب یان رێکخراوێک کە باسی نوێنەرایەتی خەڵکی دەکا، یانخود خۆی بە دەربڕ و ئاڵاهەڵگری ئامانجەکانی ئەوان دەزانێ، لەگەڵ خودی ئەو خەڵکە پرسێکی جێگای لێکۆڵینەوەیە. زۆر رەوت هەن حەز دەکەن خۆیان بە نوێنەری خەڵکی بزانن بێ ئەوەی دەنگی راستەوخۆی خەڵکیان وەرگرتبێ. زۆریش هەن کە ئەگەرچی دەنگ وەردەگرن بەڵام  دیسان لە چەمکی نوێنەرایەتی بۆ پێناسە کردنی پێوەندی خۆیان لەگەڵ خەڵکی کەڵک وەرناگرن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەم جۆرە رێکخراوانە، کە دەنگی راستەوخۆی خەڵکیان وەرنەگرتووە، تا چەندە دەتوانن خۆیان بەم روانگە و بەم هەڵوێستەی خۆیانەوە پێناسە بکەن و، تاچەندە ئەم قسەیان نزیک لە راستییە؟

کێشەکە لەوەدا نیە کە رەوتێک دەکرێ و دەتوانێ نوێنەری خەڵکی بێ لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوویی دا، کێشەکە لەوەدایە کە ئەم جۆرە نوێنەرایەتی کردنە خۆی لە دەنگدانی راستەوخۆی خەڵکییەوە دەرناخا ئەوەندەی کە خۆی لەسەر دۆخێکی شۆڕشگێڕی و تایبەت پێناسە دەکا. ئەو نەریتەی هەوڵدەدا شوێنی نوێنەرایەتی خۆی بەر لە هەر شتێک لە ئامانجەکان، خەبات و خوێنی شەهیدانەوە هەڵێنجێنێ. بە واتایەکی تر ئەوە نەفسی بەربەرەکانێ و خەبات لە دژی دەسەڵاتی سەرکوتگەری باوە کە شەرعیەتی نوێنەرایەتی بۆ دابین دەکا و ئەو ئیزنەی بۆ دەخوڵقێنێ کە بڵێ چونکە من باس لە مافی سەرکوتگراوی خەڵکی دەکەم کەواتە دەربڕی ئیرادە و خواستی ئەوانم و هەر بەم پێیە نوێنەری ئەوان لە دۆخێکی تایبەتی شۆرشگێڕی دا کە هێشتاکە خۆی لە دەنگدانی راستەوخۆی خەڵکی دا تاقی نەکردووەتەوە.

وەک دەبینین لێرەدا قسە لە سەر دوو شەرعییەتە: شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و شەرعیەتی دیمۆکراسیانە. دووشەرعیەت کە دوو نێوەڕۆکی جیاوازیان هەیە و هەر کامەیان بە تایبەتمەندیی خۆیانەوە دێنە مەیدانەوە. جگە لەو خەسڵەتانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، دەتوانین بڵێین کە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بە گشتی شەرعیەتی دەنگ و ژمارە نیە، ئەوەندە کە شەرعیەتی نێوەڕۆک و چلۆنایەتییە.

لە مێژووی سیاسی دا نموونەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی زۆرن. بۆ وێنە رەوتە چەپە کلاسیکیەکان کە باس لە نوێنەرایەتی چینی کرێکار دەکەن، یان رەوتە ئیسلامی و نەتەوەییەکان کە لە قۆناغی شۆڕشگێڕی دا هەر هەمان هەڵوێستیان هەیە.

تایبەتمەندییەکی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی ئەوەیە کە مەیلێکی سەیری بە خۆدرێژکردنەوە بۆ داهاتوو هەیە. تەنانەت کاتێک کۆمەڵگا لە دۆخی شۆرشگێڕی دەردەچێ و بە جۆرێک رەوتەکان ئاسایی دەبنەوە.

هەر لەم مێژووی سیاسیەدا نموونە هەن کە ئەم جۆرە رەوتانە کاتێک بە دەسەڵات دەگەن، لە راستیدا لە رێگای شێوە دیمۆکراسییەکەوە بە دەسەڵات دەگەن، دیسان پێ لەسەر ئەوە دادەگرنەوە کە بەردەوام لە شەرعیەتی شۆرشگێڕیەوە شەرعیەتی دەسەڵاتی ئیستای خۆیان وەربگرنەوە. دەسەڵاتی ئێران بۆ وێنە نموونەیەکە، یانخود ئەو دەسەڵاتە حیزبیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە. لای ئەم رەوتانە سەرەڕای ئەوەی حیزب یان لایەنی سیاسی گەیشتووەتە دەسەڵات و دۆخەکە لە چاو جاران بە جۆرێک بۆی ئاسایی بووەتەوە، بەڵام پێداگرن لە سەر هێشتنەوەی دۆخی جاران لە بواری شەرعیەت بە شێوەی شۆرشگێڕانە! لە باشترین حاڵەتدا شۆڕشگێڕان هەوڵدەدەن کە تێکەڵێک لە میکانیزمی شەرعیەتی دیمۆکراسیانە و شەرعیەتی شۆڕشگێڕانە دروستبکەن کە تێیدا دیسان پشکی شێر بەر شەرعیەتی شۆرشگێڕانە دەکەوێ.

ئەگەرچی ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە رەوتی دیمۆکراسی وەک شەرعیەتی نوێ لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا لەگەڵ کێشەی جیددی رووبەڕووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە دەردەخات کە شەرعیەتی شۆرشگێڕانە دەتوانێ لە ناخی خۆیدا خاوەن مەیلێکی دژە دیمۆکراسی بێت بەو مانایە کە شۆڕشگێڕ بەردەوام حەزدەکا لە رێگای هێزەوە مانەوەی خۆی لە ناوەنددا بۆ هەمیشە گرێنتی بکا.

رەنگە کاتێک لەبەردەم وەها وێنەیەکدا رادەوەستین، بەجۆرێک لە جۆرەکان بترسین! چۆنە شۆڕشگێڕێک کە باسی کۆمەڵگای ئازاد و دیمۆکراسیانەی دەکرد، کتوپڕ وەها نەریتێک لەخۆی جێ بێڵێ؟

راستییەکەی ئەوەیە کە بەداخەوە ئەم نەریتە راستە و هەر ئێستاکە زۆر کۆمەلگا گیرۆدەیین. رەنگە یەکێک لە رێگاکانی خۆدەربازکردن لەم نەریتە ئەوەبێ هەر لە ئیستاوە هیچ رەوتێک، ئەگەرچی دەیەوێ لە پێناوی گەل چین یان کۆمەڵێکی تایبەتیدا خەبات بکا، بەڵام لە ئەدەبییاتی سیاسیی خۆی لە دەستەواژەی 'نوێنەرایەتی' کەڵک وەرنەگرێ. ئێمە خەبات دەکەین چونکە دەبێ بیکەین و چونکە دەمانەوێ وەڵامی ویژدانی خۆمان بدەینەوە. ئێمە خەبات ناکەین چونکە دراوسێکەمان یانخود خەڵکی شار یان وڵاتەکەمان پێمانی وتووە خەباتی بۆ بکەین! بۆیە ئێمە تەنیا نوێنەری خۆمانین و بەس.

لەبیرمان بێت تاقە نوێنەری راستەقینە، یاخود شەرعیەتی راستەقینە، ئەو شەرعیەتەیە لە دەنگدانی راستەوخۆی خەڵکەوە دێت. ئەمە و بەس!

 

 Image result for ‫شرعیت کاریکاتور‬‎

گەڕان بۆ بابەت