ما 1186 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

بە ناهومێدی هاتنە ماڵ، لەوێش نەبوون. ناچار روویانکردە ماڵی مەلا عەلی تاکو بەسەرهاتە بگێڕنەوە. مەلا عەلی تەواو حەبەسابوو. قسەی بۆ نەدەکرا. وتی: ئەی کەرە قوڵە، ئەویش دیار نیە؟ وتیان هیچ ئاسەوارێک لە مەر وماڵات نیە. مەلا وتی، دەبێ زۆر باش بگەڕێین، نابێ ئەم جێژنە پووچەڵ بکرێت.

 

جێژنی قوربانە، هەرەوەزە

قادر نیکپوور

بەرەبەری جێژنە، جێژنی قوربان. لە زۆربەی ماڵان هەرەوەزی مەڕ و ماڵاتە. خەڵک هەموو سەرقاڵی ئەوەن کە خۆیان بۆ جێژنی پیرۆزی قوربان ئامادە بکەن. کوڕە کەچەڵ کە دەمێکە گۆشتی نەخواردووە رۆژ ژمێری دەکات. لای خۆی دەڵێت، بەڕاستی رۆژێکی گەورەیە. گۆشتی مفت دەخۆین، ئەویش ئی ئەو لەچەر و لە برسان مردووانە. هیچ نەبێ، دەوڵەمەندەکان بە بەهانەی جێژن خۆشیان گۆشت دەخۆن.   

لە هەمووان سەر قاڵتر، مەلا عەلی و سۆفی رەحمان و حاجی حەسەن، ئەوان بەردەوام لە هاتووچۆ دان. پێکەوە کەین و بەینان هەیە. بەردەوام دەچنە مزگەوت. مەلا عەلی دەڵێ: هەرچی ئێوە خێر و خێرات زۆرتر بکەن، خێر و بەرەکەت زۆرتر روودەکاتە ئاوەدانی. سۆفی رەحمان و حاجی حەسەن کە دەوڵەمەندترین خەڵکی ئەو گوندەن لەسەر گاسوور و گازەرد گرێو دەبەستن کە جێژنی ئەم ساڵ هەر جووتە گا بکەنە قوربانی.

مەلا عەلی دەڵێ: لە بیرتان نەچێت! جەرگ و دڵەکەی بۆ ئێمە دانێن. هەرچی زۆرتر خێر بە ماڵی مەلا بکەن خۆدا زۆرتر لێتان رازی دەبێت. لە دنیای دیکەش خۆم بەرەو پیرتانەوە دێم و ئاگام لێتان دەبێت. سۆفی رەحمان و حاجی حەسەن بە پێکەنینەوە سەیری یەکتری دکەن و دەڵێن: کەواتە بەحەشتمان بۆ خۆمان کڕیوە. مەلا عەلی لە ملی خۆی دەدات و دەڵێ: وەباڵ بە ئەستۆم کریوتانە!

گاسوور سەری لە ئاخور دایە، خەریکی خواردنەوە. تا کەرە قوڵە کە هاو ژووری ئەوە دەڕواتە دەر، خێرا بەشەکەی ئەویش دەدزێت. گازەرد دێتە لای گاسوور، دەبینێ خەریکی خواردنە. دەڵێ: واز لە خوردان بێنە! چەند رۆژی دیکە جێژنە، دەبینە قوربانی جێژن. کەواتە هیچ فەرق ناکات، ئێمە هەر دمرین. گاسوور بە مڵچە مڵچ دەڵێ: بڕۆ هەی گەوجە. ئەمن بۆیە زۆرتر دەخۆم تا قەڵەوتر بم. هەر پاتاڵێک گۆشتی زۆرتر هەبێت، زووتر دەچێتە بەحەشت. گازەرد و کەرە قوڵە دەیکەن بە قاقا لێدان و فشە کردن. کەرە قوڵە دەڵێ: وەمزانی هەر خۆم کەرم، نەمزانی لە منیش کەرتر هەیە.

گازەرد دەڵێ: تۆ خیانەت بە ئێمە دەکەی، تۆ رێگا خۆش دکەی تاکو سۆفی رەحمان و حاجی حەسەن زووتر بگەنە بەحەشت. نا دەبێ کارێک بکەین ئەم جێژنە سەر نەگرێت. ئێمە دەبێ پێش بەم تاوانە گەورەیە بگرین! نابێ خۆمان بکەینە قوربانی. ئێمە دەبینە سەردەستەی بوونەوەرەکانی دیکە، فێریان دەکەین تاکو رۆژێک پێشتر راکەنە چیاکان. بە دەنگی بەرز هاوار بکەین ئێمە نابینە قوربانی مرۆڤەکان. ئەوان لە ئێمە زیاتر نین. ئێمەش وەک ئەوان لە خوێن و گۆشت ساز کراوین. ئێمەش خۆمان خۆش دەوێت.

کەرە قوڵە گوێی لەم قسانە دەبیت و دەڵی: تەگبیرێکی زۆر جوانە، بەڕاستی مرۆڤەکان شایانی ئەوە نین ئێمە ببین بە قۆربانی ئەوان. ئەم هەموو کەڵک و بەهەرەیە لە ئێمە وەردەگرن، کەچی بە مردنمان رازی نابن. وا باشە هەموو دەست بە دەست بین لەم گوندە راکەین تاکو ئەم جێژنە سەر نەگرێت!

بەڵێ: چەند رۆژ بەسەر دەچێت، تاکو رۆژێک مەلا عەلی لەگەڵ سۆفی رەحمان و حاجی حەسەن دەچنە سەردانی گاسوور و گازەرد تاکو بزانن چاک قەلەو بوون، بۆ قوربانی دەبن؟ مەلا عەلی کە چاوی بە گاسوور و گازەرد دەکەێت، دیسان دەڵێ: وە باڵم بەم ئەستۆیە جووتە گای چاکن. خودا بە باشی لە گوناحتان خۆش دەبێت. خێر و بەرەکەت روودەکاتە ئاوەدانی، لە هەموو وڵات دەنگ دەداتەوە. ئەوکات منیش دەڵێم: ئەمە لە سایەی سەری سۆفی رەحمان و حاجی حەسەنە. ئێوە بە دڵنیایی دەچن بۆ بەحەشت.

گازەرد کە قسەکەی مەلا عەلی پێ قۆڕ دەبێ، جووتەیەک دەهاوێت و مەلا عەلی لە حەرزێ دەدات. مەندیل و حەبا هەر یەک بەلایەکدا دەکەون. کەرە قوڵە کە مەلا عەلی بێ مەندیل و حەبا دەبێنێ، دەست دەکات بە قا قا لیدان و دەڵێ: وە باڵم بەم ئەستۆیە قسەکانت هەمووی راستن مامۆستا! سۆفی رەحمان و حاجی حەسەن کە مەلا عەلی بەم دۆخە دەبینن دەڵێن: خودایە تۆبە، بمان بەخشە!

گاسوور و گازەرد پێکەوە برا بوون. سۆفی رەحمان و حاجی حەسەن کاتی خۆی لە بازار سەودایان لەسەر کردبوون. مانگا بۆری دایکیان وەسیەتی کردبوو: نابێ ئەم جووتە برایە لێک جیا بکرێنەوە، دەبێ بە مردن و بە ژین پێکەوە بن! بۆیە گازەرد بە هەموو شتێک هانای دەبردە لای گاسووری برای. گازەرد بە بچووکیش هار و هاج بوو، شتی ناحەقی قەبووڵ نەدەکرد. مەلا عەلی هەستایەوە، رووی کردە گازەرد و وتی: قەول بێت بۆ خۆم بە دەستی خۆم سەرت دەبڕم، لە پێش هەمووان ئەتۆ سەر دەبڕێن. گاسوور بە سرتە وتی: هەداە هیچ مەکە! نەکا لە پلانەکەمان تێبگەن! ئەگینا لێرە تا رۆژی پێش جێژن زیندانیمان دەکەن. دوایی هیچمان بۆ ناکرێت.

گاسوور وتی: یەک ئارەزوومان هەیە، یەک رۆژ پێش جێژن لە نێو ئەو مێرگ و چیمەنەی پشت ماڵان بەڕەڵامان بکەن تاکو گۆشتەکەمان چەور و ئاودار بێت. بە دڵی خۆمان دەخۆین. دوایی هەرچی لەگەڵمان دەکەن، کەیفی خۆتانە. مەلا عەلی دەلێ: وە باڵم بەم ئەستۆیە قسەکەی بێ عەیب و ئیرادە. سەیرێکی مام سۆفی و حاجی دەکات، کاکە با وا بکەین! تەگبیرێکی زۆر جوانە. هەرچی گوشتەکە چەورتر و ئاودارتر بێت، لە دنیای دیکە خواردنی باشتر دەخۆن. سۆفی و حاجی سەیرێکی یەکتری دکەن و دەڵێن: وە باڵمان بە ئەستۆمان قسەکەی مامۆستا زۆر راستە!

چەند رۆژ بەسەر چوو. گازەرد کە بە هاری ناسرابوو، خۆی گەیاندە هەموو بوونەوەرەکانی دیکە، تاکو لە پلان و تەگبیرەکەی خۆیان ئاگاداریان کاتەوە. هەموو بڕیاریان دا کە رۆژێک پێش جێژن کۆچ بکەن بۆ شوێنێکی تر. هەر وا بوو. سۆفی رەحمان و حاجی حەسەن ئێوارەی رۆژی پێش جێژن رۆیشتن تاکو گاسوور و گازەرد ئامادە بکەن. هەرچی گەڕان بێ سەر و شوێن بوون. زۆر گەڕان، لێرە و لەوێ، بەلام هیچ سوودی نەبوو.

بە ناهومێدی هاتنە ماڵ، لەوێش نەبوون. ناچار روویانکردە ماڵی مەلا عەلی تاکو بەسەرهاتە بگێڕنەوە. مەلا عەلی تەواو حەبەسابوو. قسەی بۆ نەدەکرا. وتی: ئەی کەرە قوڵە، ئەویش دیار نیە؟ وتیان هیچ ئاسەوارێک لە مەر وماڵات نیە. مەلا وتی، دەبێ زۆر باش بگەڕێین، نابێ ئەم جێژنە پووچەڵ بکرێت، ئەگینا هەرچی ‌غەزەب و خەراپەیە بەسەر ئەم گوندەدا دەبارێت. لە هەموو وڵات روورەش دەبین.

وڵات بەرەو تاریکی دەچوو، چرای ماڵان دادەگیرسان. خەڵکی فەقیر و هەژار چاوەڕوانی رۆژی جێژنیان دەکرد. منداڵەکانیان خۆیان بۆ خواردنە خۆشەکانی رۆژی جێژن ئامادە دەکرد. یەک دەیوت گۆشتی بەرخم پێ خۆشە، یەک ئی مەڕ، یەک ئی گا سوور. بەلام کورە کەچەڵ بە یەک جۆرە گوشت رازی نەبوو. ئەو حەزی لە خواردنی هەموو جۆرە گۆشتەکان بوو. شەو درەنگ بوو، پێوسیت بوو خەڵک زوو بخەوەن تاکو خۆیان بە رۆژی دوایی ئامادە بکەن.

بەڵێ، گاسوور و دەستە و دارەکەی رزگاریان بوو، لە شوێنێکی تایبەتی خۆیان شاردەوە. شەو کە خەوتن، کەرە قوڵە خەونی بینی. لە خەونەکەیدا لەگەڵ مەلا عەلی قسەی دەکرد. مەلا عەلی دیوت؛ وەرە خۆت بکە پێش قەدەم، وەرە تۆ خۆت بکە قوربانی. با گاسوور و گازەرد چاویان دەر بێت و نەگەڕێنەوە ئاوەدانی. دوایی لە وڵات بەدەر دەکرێن و لە نێو خەڵک رسوا دەبن. وەرە بۆ خۆم ئەم شانازییەت پێ دەبەخشم. بەڵێ، لە خەونەکەدا قەراریان پێش نوێژی بەیانی بوو، ئەوکاتەی مەلا دەچێتە مزگەوت. کەرە قوڵە بە دزی دێتەوە لای مزگەوت.

مەلا عەلی بەیانی زوو کە دەڕواتە مزگەوت، دەبینێ کەرە قوڵە لەوێ راوەستاوە. سەیرێکی دەکات و دەڵێ: ئەوە تۆ لێرە چ دەکەی؟ کەرە قوڵە دەڵێ: خۆت وتت وەرە پێش مزگەوت، تاکو ئەم شانازییە نەسیبی من بێت. مەلا عەلی کەمێک بیر دەکاتەوە. خۆی نادۆڕێنێت. دەڵێ: راستە با ئەم شانازییە نەسیبی تۆ بێت. هیچ نە بێت با لە دنیای دیکە بەختەوەر بیت. مەلا دەڕوات بە دوای سۆفی رەحمان و حاجی حەسەن تاکو بێنە مزگەوت. کاتێک دێنە پێش مزگەوت دەبینن کەرە قوڵە تەنیایە.

دەپرسن ئەدی گاسوور و گازەرد لە کوێن؟ ئەم هەموو مەڕ و ماڵاتی ئەم گوندە لە کوێن؟ کەرە قوڵە دەڵێ: من نازانم ئەوان لە کوێن. من لەگەڵ ئەوان نەبووم. مەلا عەلی بۆ ئەوی ئەوان لە نهێنی کەرە قوڵە وخۆی تێنەگەن دەڵێ: کاتی ئەم قسانە نیە! دەبێ هەرچی زوو دەس بە کار بین تاکو وڵات رووناک نەبووە. ئێمە دەبێ کەرە قوڵە بڕازێنینەوە، تاکو لە کەر نەچێت. ئەگینا دەبین بە پەندی دنیا. بەڵێ کەرە قوڵە دەڕازێننەوە بۆ قوربانی رۆژی جێژن. بە یانی زوو مەلا خەڵک ئاگادار دەکاتەوە کە خەونی بینیوە، دەبێ هەر یەک جۆرە گۆشت بخۆن، دەبێ شوکرانە بژێر بن تاکو خەڵکی فەقیر و هەژاریان لە بیر نەچێتەوە.

هەر وەک چۆن هەموو ساڵێ جەرگ و دڵەکە بۆ ماڵی مەلا عەلی رەوانە دەکرا، ئەو ساڵیش هەر ئەو کارەیان کرد. کاتێک مەلا عەلی هاتەوە ماڵ، بێنی ژن و منداڵەکەی خەریکی خورادنی جەرگ و دڵی کەرە قوڵەن، بێ ئەوەی خۆیان پێ بزانن. هەرچی مەلا ژن هەوڵی دا مەلا عەلی گۆشتی کەری نەخوارد. کەرە قولە کە بێنی مەلا کڵاوی لەسەر هەموو لایەک ناوە، هاتە خەونی ژن و منداڵەکەی خۆی وخەڵک. کاتێک راستییە دەرکەوەت، هەم ژن و منداڵەی لە مەلا جیا بوونەوە، هەم شار بەدەریان کرد.

مەلا عەلی ئاوارە و رسوا بوو. شەوێک خەونی بە کەرە قوڵە بینی، کەرە قوڵە و دەستە و دارەکەی لە پێش دەرگای جهەنەم وێستابوون تاکو ئەوان خۆیان لە دنیای دیکەش بە دەستی خۆیان تەنبێی بکەن.

 

    Image result for ‫جەژنی قوربان‬‎

گەڕان بۆ بابەت