ما 17147 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

یاسین برایم

دوای خوێندنەوەی ئەم دوو رۆمانەو بەراوردکرنێکی ورد، چەند تێبینی و هەڵەیەکم بەرچاوکەوت. منیش وەک خوێنەرێک تیشک دەخەمە سەر ئەم خاڵانەوبەراوردێکی هەردوو رۆمانەکە لە رستەو دەستەواژەکان دەخەمە روو. ئێوەی خوێنەریش لە پەنجەرەی ئەم نووسینە بڕوانە دوونیا گەورەکەی وەرگێڕان، بزانین چی باسە. 

 

بەراوردکاریی رۆمانێکی رۆماننووس (گابریل گارسیا مارکیز)

 لە نێوان دوو وەرگێڕدا

 

بێگانە بە تەرجومەی زوبانی

ئەسراری کتێبی خەڵقی زانی ـ حاجی قادری کۆیی (1)ـ

مرۆڤ بە هۆی وەرگێڕان لە مێژووی نەتەوەکان و شارستانیەتی (کۆن و نوێ) ئاشنا دەبێت. ئەگەر ئەم کارە پیرۆزە نەبێت ئێمە ناتوانین شاکارە جیهانییەکان بە زمانی شیرینی دایک بخوێنینەوە. وەرگێڕان وادەکان زانایان و فەیلەسووفان و هزرو ئایدیاو کارو بەرهەمەکانیان بخاتە بەر چاوی ئێمە، هەر لە رێگای وەرگێڕانیشەوە ئێمە لەم نووسینە، روو دەکەینە دونیای رۆمان و ئاوڕێک لە بەرهەمێکی رۆماننووسی ئەمریکای لاتین (گابرێل گارسیا مارکیز) دەدەینەوە. ئەو رۆمانە باس لە کوشتنی گەنجێک دەکات بە بیانووی شەرەف کە لە لایەن دوو برای جمکەوە ئەم تاوانە ئەنجامدەدرێت، کاتێک بەوە دەزانن خوشکەکەیان بەجلی بووکینی رەوانەی ماڵەوە دەکرێتەوە وپێشتر کچینی لە دەستداوە و ئەوانیش ئەم تاوانە بە ئاشکرا ئەنجام دەدەن و شانازیش بەکارەکەیان دەکەن لە پێناو کرینەوەی نامووسی خۆیان و بنەماڵەکەیان!

ئەم رۆمانە بە ناوی (چیرۆکی مەرگێکی ئاشکرا (2)) لە وەرگێڕانی (ئەرخەوان)، لە ساڵی 2000 چاپ کراوە، هەمان رۆمان لەلایەن (حەمەقادر) بە ناونیشانی (راپۆرتی مەرگێکی پێشوەخت راگەیەندراو (3)، لە ساڵی 2013 جارێکی تر وەرگێڕدراوەتەوە. زۆرجار ئەمە روودەدات کتێبێک لە لایەن دوو وەرگێڕِ وەربگێردرێت، بۆ نموونە رۆمانێکی خالید حوسێنی (هەزار خۆری درەوشاوە) لەلایەن ئازاد بەرزنجی و بەناونیشانی (هەزار ئەستێرەی پرشەنگدار) لە لای خاتوو (چرا نەوزاد) وەرگێڕان بۆ ئەم شاکارە نایابە کرا، لە یەک ماوەش کەوتە بازار. کەچی دەبینین ئەم رۆمانەی مارکیز ماوەیەکی زۆرە خوێنەری کورد پێ ئاشنا بووە. واباشە وەرگێڕِی کورد ئاگای لە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی وڵاتی خۆی هەبێت، بەر لەوەی کتێبێک وەربگێرێت با زانیاری لە سەربەرهەمەکەو نووسەرکە وەربگرێت، بزانێ ئەو بەرهەمەی ئەو خۆی پێوە ماندوودەکات پێش ئەو وەرگێڕدراوە، ئەگەر هەبێت بۆچی خۆی بۆکارێکی تری وەرگێڕان خەریک ناکات کە کتێبخانەی کوردی پێویستی پێیەتی، زۆرکتێب هەیە وەرگێڕانی بۆکراوە بە شێوەزاری سۆرانی و بادینی، هێشتا بزافی وەرگێڕانی کوردی ئەوەندە خێرا نییە وەرگێڕ ئاگای لێنەبێت، دەکرێت لەمەودوا وەرگێڕان پتر گرنگی پێبدرێت و وەرگێڕیش ئاگادار بێت لەو بەرهەمەی وەریدەگێرێت. دوای خوێندنەوەی ئەم دوو رۆمانەو بەراوردکرنێکی ورد، چەند تێبینی و هەڵەیەکم بەرچاوکەوت. منیش وەک خوێنەرێک تیشک دەخەمە سەر ئەم خاڵانەوبەراوردێکی هەردوو رۆمانەکە لە رستەو دەستەواژەکان دەخەمە روو. ئێوەی خوێنەریش لە پەنجەرەی ئەم نووسینە بڕوانە دوونیا گەورەکەی وەرگێڕان، بزانین چی باسە. سەرچاوەی هەڵەو تێبینیەکانی هەردوو وەرگێڕ، لە رستەو پەرەگراف و ئیدیۆم و پەند و واتای وشەکان و هەڵەی چاپ و بە هەڵە بەکارهێنانی مانگ وڕۆژو ژمارە وناوی شوێن وتەنانەت ناوی پاڵەوانیش بەراوردکردنیان دەخەینە بەرچاو. بۆ ئەوەی لەوەی تێبگەین وەرگێڕان کارێکی چەند قورسەو بەئاسانی و بەسادەیی ناکرێت هەموو کەس خۆی لێ نزیک بکاتەوە، دەبێ وەرگێڕ باگراوندێکی رۆشنبیری و مەعریفی و کەلتووری و هەردووزمان (سەرچاوەو ئامانج)ی هەبێت.

نیومارک (newmark) لەم باریەوە دەڵێت"وەرگێڕان شارەزایی و لێزانینەو هەوڵدانە بۆ لێکدانەوەو گواستنەوەی پەیامێک یان نووسراوێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر (4)". 

سەرەتا لە ناونیشانی رۆمانەکە دەست پێدەکەین، یەکێکیان وشەی (چیرۆک) و ئەویتریان وشەی (راپۆرت)ی بەکارهێناوە. جیاوازی لە نێوان ئەم دوو وشەیە هەیە. حەمەی وەرگێڕ، رۆمانەکەی بە (5) بەش دیارکردووە بەڵام ئەرخەوان بەشەکانی دیارنەکردووە، لاینەکی باشی ئەم وەرگێڕە بایەخی بە پەراوێزداوەو گەلێک وشەو زاراوەی روون کردۆتەوە. هەندێک لە پاڵەوانەکان لە رووی نووسین و ناوهێنانەوە زۆر لە یەک جیان، جاری واهەیە خوێنەر سەری لێ سووردەمینێ کە ناوی کامە پاڵەوان ڕاسترە.لە بەراوردکردنی ئەم ناوانە بزانە لەرووی فۆنەتیک و گۆرینی وشەکە چەند جیاوازە. (سانتیاگۆ نازار ـ سنتیاگۆنەسار، ئەنخێلا ڤیکتۆریا ـ ئەنجیلا فیکاریۆ، کلۆتیلدا ئارمێنتا ـ کلۆتیلدی ئەرمینتا، خایم ـ جیم ، ڤیگتۆریا گازمەن ـ ڤیکتۆریا گوپمان، مارکۆ ـ مارگۆت ، ئۆرتنزیا بایۆتە ـ هورتینسیا باوتی، بامیل شایۆم ـ جەمیل سایم، میمی لویزا ـ می می لۆئایسا....هتد. هەروەها ناوی شوێنیش وەکو (کاساتار _کاساناری ترسوبیم ، کۆراسایۆ ـ کورتاپۆ، تاکارینکا ـ توکرینکا، ئەل دیوینۆ ـ ئەلدیفینور روسترودا، زانکۆی سالامانکۆ ـ زانکۆی سلمنکا..... هتد.

لە خوارەوەش چەند رستەو دیالۆک وپەرەگراف ئاماژەیان پێدەدەین و تیشک دەخەینە سەر جیاوازی و هەڵەکانیان.

ـ مرۆڤ ئەتوانێ بەیانیەکی شوباتی ئەو دەمە بێنێتە بەرچاوی خۆی . ئەرخەوان .ل8.

ـ چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی تەمموز لە هەموو ڕۆژەکاندا بە باشی هەڵبکات. حەمە. ل10.

جیاوازی نێوان مانگی (شوبات ) و مانگی ( تەموز) کە یەکێکیان دەکەوێتە کۆتایی وەرزی زستان و ئەویتریان وەرزی هاوین.

ـ چوار تفەنگی هەڵگرت ، یەکێکیان مالینشیر شوناور 3006 بوو. ئەرخەوان، ل9.

ـ چەند چەکێکی دیکەشی وەک مانلیچەر شۆنار 30/60 . حەمە ،ل11.

لە نێوان ئەم دوو ژمارەیە ، ئەگەر هەڵەی چاپ نەبێت ئەوە بێگومان یەکێکیان کەوتۆتە هەڵەوە .ژمارەکە جیاوازی زۆرە .

 ـ لە دوا هەفتەی کانوونی دووەمدا بیست و یەک ساڵ تەمەنی تەواو کرد.ئەرخەوان، ل10.

ـ هەفتەیەک بەر لە کۆتایی مانگی ئازار تەمەنی بیست و یەک ساڵ بوو. حەمە، ل13.

کانوونی دووەم دەکاتە مانگی (1) و ئازار مانگی (3) ئەوا یەک لەو دوو وەرگێڕە ئەم هەڵەیان بە سەر دا تێپەریووە .

ـ هەر کە قوتابخانەی ئامادەیی تەواوکرد بە هۆی مردنی باوکیەوە ناچار بوو واز لە خوێندن بێنێ.ئەرخەوان ، ل 11.

ـ سانتیاگۆ دوای مردنی باوکی درێژەی بە خوێندنی ئامادەیی نەدا .حەمە ،ل14.

سانتیاگۆ دوای مردنی باوکی وازی لە خوێندن هێناوە هی یەکەم دەڵێت خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە ، کەچی لە هی دووەم درێژەی بە خوێندنی ئامادەیی نەداوەو تەواوی نەکردووە.

ـ نە ئەو رۆژەو نە سەرانسەری مانگی شوبات ئەو ساڵە باران نەباریووە . ئەرخەوان ، ل12.

ـ سوور بوو لە سەر ئەوەی لە مانگی نیساندا بۆ جارێکیش باران نەباریووە . حەمە ، ل15.

هەردوو وەرگێڕ دەڵێن باران نەباریووە، بەڵام یەکێکیان دەیباتەوە بۆ مانگی شوبات و ئەویتریش مانگی نیسان .

ـ کە ئەیروانیە سەر دارمۆزەکانی گۆرەپانەکەوە. ئەرخەوان ، ل14.

ـ کە لێواری دارچوالەکانی گۆرەپانی بەندەرەکە ، بە باشی دەبینرا .حەمە،ل18.

لە نێوان (دارمۆز )و (دار چوالە) جیاوازی زۆر هەیە ئێمە نازانیین بە کامەیان باوەربکەین.

ـ ئەوە یەکەم چاو چوونە خەویان بوو لە ڕۆژی شەممەوە .ئەرخەوان، ل18.

ـ چاویان لێکنابوو و خەویان لێکەوتبووەوە.لە ڕۆژی یەکشەمەوە تا ئەو کاتە نەخەوتبوون .حەمە ،ل23.

چاو چوونە خەوەکەیان لە هی یەکەم (شەممە) یەو لە هی دووەمیش (یەکشەممە)یە.

ـ قوتابیانی قوتابخانەی ڕەبەنەکان بە بەرگی تایبەتی هەتیوانەوە بە هەراو هۆریاو پەلە پەل بە گۆرەپانەکەدا تێ ئەپەرین. ئەرخەوان ،ل18.

ـ کچە بچووکەکانی کلێسا بە یەکپۆشییەکی تایبەتەوە، لە سوچی مەیدانەکە دەرکەوتن .حەمە ،ل24.

دەکرێت قوتابیانی قوتابخانەی رەبەنەکان هەردوو ڕەگەزی لە خۆگرت بێت، رەبەنیش بن وەک لە ناوەکەوە دیارە کە بەرگی تایبەتیان لە بەر بووە، کەچی لە هی دووەم تەنها کچ دەبینرێت ئەویش بچووک کە سەر بە کلێسابووە .

ـ مەتران بە سیپاڵێکی سپی یەوە وەستا بوو لە نێوان دەست وپێوەندە ئیسپانیەکانیدا .ئەرخەوان ،ل19.

ـ ئەسقەف لە سەر ڕووتەختی سەرەوەی کەشتیەکە ، نزیک ژووری کاپتن بە ڕووپۆشێکی سپییەوە ، لە گەڵ هاوڕێ و هەڤاڵەکانی دا وەستا بوو .حەمە ، ل25.

لە هی یەکەم ئاماژە بەوەی دەدا کە مەتران لە نێو دەست و هاوڕێ ئیسپانیەکان وەستاوە. کەچی هی دووەم

هیچ باس لە هاوڕێ ئیسپانیەکان ناکات.

ـ ئێستا سەعات چەندە؟ کاتژمێر شەش و بیست و پێنج دەقیقە بوو. ئەرخەوان، ل21.

ـ کاتژمێر چەندە ؟ پێیانگوت: شەش و پێنج خولەکە.حەمە ،ل27.

لە نێوان بەرسڤی هەردوو کاتژمێرەکە بیست دەقیقەی جیاوازی هەیە، جانازانم کاتژمێری کامەیان هەڵەیە!

ـ بیاردوسان رومان، ئەو پیاوەی ژنەکەی خۆی ناردەوە، لە مانگی ئابی ساڵی پێشوودا بۆ یەکەم جار پێ ی نایە ئەم گوندە .ئەرخەوان، ل25.

ـ بایاردۆ سان رۆمان، هەر ئەو زاوایەی کە بووکەکەی بۆ ماڵی باوکی گەڕاندەوە، شەش مانگ پێش مەراسیمی هاوسەرگیری، واتە لە مانگی تشرینی یەکەمی مانگی ساڵی ڕابردوودا. حەمە، ل37.

وەک لەم روونکردنەوەیە دەردەکەوێت ئەو ئەوکاتەی پێ ناوەتە ئەو گوندەی ، شەش مانگ پێش پرۆسەی هاوسەرگیری بووە ،بۆیە  جوانترە زاوا بەکاربهێنیت لە جیاتی پیاو  بووکیش لە جیاتی ژن واتە زاوا بووکەکەی بۆماڵی باوکی گەڕاندەوە .

ـ وەک نێرەمووک دیار بوو. ئەرخەوان ،ل26.

ـ لە یەکەم بینینیدا لە نێرباز دەچوو. حەمە، ل37.

نێرەمووک خاوەن هەردوو رەگەزەو لە رووی جەستەوفیزیۆلۆجی جیاوازە لە مرۆڤی ئاسایی، بەڵام نێرباز لە رووی کۆمەڵایەتی و ئەخڵاق و یاسا و دابو نەریت لای داوە یاخود تووشی لادانی سێکسی هاتووە ، جانازنم مارکیز کام وشەی بەکارهێناوەو ئەم دوو وەرگێڕەش چۆن وەریان گێراوە.

ـ لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا نیوەڕیەکیان بیاردوسان رۆمان لە سەر کورسیەکی لەرزۆک لە هۆڵەکەدا خەریک بوو سەرە خەوێکیان ئەشکان. ئەرخەوان، ل28.

ـ لە پاشنیوەرۆیەکی مانگی تشرینی دووەم، باباردۆ لە سەر کورسیەکی بێشکەیی، دوای خواردنی نانی نیوەرۆ، سەرەخەوی دەشکاند حەمە ،ل40.

لای هەردوو وەرگێڕەکە دیارە دوانیوەڕۆیە، بەڵام نازانین نێوەڕۆیەکەی مانگی (ئەیلوول) یا (تشرینی دووەم)ە.

ـ "ئەها ئەوە کچە پوورە گەوجەکەتە، هەر بۆ ئەوە باشەبە تەلێکەوە هەڵی واسی "ئەرخەوان، ل32.

ـ "کچە خاڵە گەمژەکەی تۆ، وەک ماسیەکی وشکەوەکراو، لەڕولاوازدەبێت. حەمە ، ل45.

هەروەها جاریکی تر ئەم جیاوازییە بەدێدەکرێت. وەک لە رستەی:

ـ کچە پورەکەت هەواڵت ئەپرسێ. ئەرخەوان ،ل80.

ـ کچە خاڵەکەت سڵاوی بۆناردووی. حەمە، ل113.

لە نێوان (کچە پوور) و (کچە خاڵ )جیاوازی هەیە، جانازانین کامە بە دروستی ئامانجەکەی پێکاوە.

ـ لە گەنجێتی دا بە جوانترین کچ هەڵ بژیررابوو لە نێوان دوو سەد جوانترین جوانەکانی ئەنتیل.ئەرخەوان ،ل33.

ـ لە کاتی گەنجیدا، لە ناو بیست کچی جوان و هەڵبژێردراوی ئەنتیل، وەک شاجوان دیاریکرابوو. حەمە،ل46.

ئەو کچەی دیارە بوویتە شاجوان لە کچە جوانەکانی ئەنتیل، دەبینین لە هی یەکەم لە نێوان (200) و لە هی دووەمیش(20) هەڵبژێردراوە .جانازانین لەم دوو وەڕگێرە کامە کێشەی سفرەکەی بۆدروستبووە.

ـ دکتۆر سیوسی بێوە پیاو دوای دوو مانگ مرد.ئەرخەوان، ل37.

ـ خیوس دوای تێپەرینی ساڵێک بە سەر ئەم رووداوە مرد. حەمە، ل51.

مردنی دکتۆردوومانگ لە گەڵ تێپەرینی ساڵێک زۆر دەکات لە هی یەکەم هێشتا کفنەکە زەرد نەبووە، بەڵام هی دووەم ساڵێک زۆرە وەک کورد دەڵێت ئێسک و پروسکیش نەماوە  .

ـ ناتوانێ مانگایەک سەر ببڕێ ئەگەر لەوەوبەر ناسیبێتی و بە تایبەتی ئەگەر لە شیرەکەی خواردبێتەوە. ئەرخەوان،ل50.

ـ ناتوانم گایەک سەرببڕم، کە پێشتر بیناسم. بە تایبەت ئەگەر شیرەکەشی خوارد بێت. حەمە، ل70.

لە رستەی یەکەم مانگا بەکارهاتووەو شیریش بەرهەم دەهێنێ ئەمەیان تەواوە، بەڵام لە هی دووەم (گا)بەکارهاتووە ئەمەش بۆ ئاژەلی نێر بەکاردێت نەمانزانیووە گا، شیری بدات، لەم باریووە  وەرگێڕی دووەم پەندە کوردییەکەی (نێرە بیدۆشە!)ی سەلماندووە!

ـ لە نێوان ئەو هەموو برینە زەوەندەی بەلاشەکەوە بوون، حەوتیان کوشندە بوون... یەک برین بە پشتیەوە بوو، ئەویش لە ئاستی بڕبڕەی سێیەمی. سێبەندەی دابوو گورچیلەی چەپی کون کرد بوو. ئەرخەوان، ل69.

ـ لە ناو برینە بێشومارەکانی تەرمەکەدا، پێنج دانەیان کوشندەتر دیاربوو... بە تەنها یەک لێدانی چەقۆ لە سێیەمین  بڕبڕەی کەمەریدا دەبینرا و گورچیلەی لای راستی کون کردبوو. حەمە، ل98.

بە گوێرەی وەرگێڕی یەکەم حەوت برینی کوشندەیە لە هی دووەم پێنج دانەیە، لە وەرگێڕی یەکەم باس لە گورچیلەی چەپ دەکات کوون کراوە هی دووەم گورچیلەی ڕاست. ئاخر ئەم جۆرە جیاوازیە لە راپۆرتی پزیشکی و دادگا کاری پێدەکرێت. جانازانین زانیاری کامە وەرگێڕ لە سەر برینەکوشندەکان و گورچیلەکان راستە.

ـ  ژنەکە پێ ی َوتم "وەکو مشکە کوێرەی گەوج ئەیجوێ". ئەرخەوان، ل71.

ـ دایکی پێ ی گوتم "وەک شێتەکان قەپاڵی لێدەگرێت ، هەندێجار بە پەلەو هەندێجار لە سەر خۆ" حەمە، ل101.

لەم دوو دێرەی سەرەوە ئەگەر ئیدیۆمە یان پەند نازانم چ مانایەک بە یەکتریان دەبەستێتەوە، باس لە کچێکی کچکە دەکات گەنمەشامی بەدەستەوەیە لە هی یەکەم ئەم دیمەنەی بە مشکە کوێرەو هی دووەمیش بە شێتی خستۆتە روو.

ـ لە کاتژمێر شەشی ئێوارەدا لەو دەمەدا کە لاشەکەی سنتیاگۆنەساریان توێگەری ئەکرد.ئەرخەوان، ل73.

ـ لە کاتژمێر شەشی بەیانیدا، کە توێکاریی جەستەی سانتیاگۆ نازار کۆتاییهات. حەمە، ل103.

بێگومان وەرگێڕێک لە نێوان کاتژمێر شەشی ئێوارەو شەشی بەیانیدا تووشی هەڵە هاتووە .

ـ بابلۆ فیکاریۆ پێ ی وتم "لە ئاودا نقوم بووم"، "نەمان توانی ئەوە لە سەرمان دەرکەین کە تورکەکان ئەمەیان کردووە" ئەرخەوان ل73.

ـ پابلۆ ڤیکاریۆ پێی گوتم : بە تەواوی ترسابووم، بیرکردنەوە لەوەی ئەو عەرەبە خوێریانە ئەم کارەیان کرد بێت، هەراسانیان کردبووم. حەمە، ل104.

(لە ئاودا نقووم بووم) ئەوکاتەی مرۆڤ دەکەوێتە ئاو مەترسی خنکانی لێدەکرێت، بەڵام (بەتەواوی ترسابووم) حالەتێکی سایکۆلۆژییە لە رووی فاکتەرێکەوە تووشی شلەژانی دەروونی دەبێت ، هی یەکەم باس لە تورکەکان دەکات و هی دووەمیش عەرەبەکان .

ـ هۆ تورکی لێرەوە مەبە لە لای بەندەرەی کۆنەکەوە برۆ. ئەرخەوان، ل103.

ـ هۆ کابرای عەرەب لە مەیدانەکە مەڕۆ!حەمە ل147.

جاریکی تر عەرەب و تورک بەکارهاتوون.

ـ نامەوێ کەس وەڕسم بکات، ئەگەر لوقمانی حەکیم بووە بە خۆی و چارەسازییەکانەوە. ئەرخەوان، ل 78.

ـ کەس بێزارم نەکات، بە تایبەتی باوکم بەو جووتە گونە لە کار کەوتوانەی! حەمە، ل109.

لەم دوو دەستەواژەیەی سەرەوە مانایەکی جیاواز دەبەخشێت لە هی یەکەم لوقمان حەکیم و لە هی دووەم جووتە گونی لە کار کەوتووی باوکم. دەبێت مارکیزیش ئەم دەستەواژەیەی چۆن نووسیبێت.

ـ دکتۆر دیونیسیو ئەگواران بە سواری ئێسترەکەیەوە کە لە کاتی پەلەدا بەکاری ئەهێنا. ئەرخەوان، ل78.

ـ دکتۆر دیۆنسیۆ ئیگواران بە خۆی و گوێدرێژێک کە سندوقی فریاکەوتنی سەرەتایی و لە ناکاوی لە سەر بوو، گەیشتە لایان. حەمە، ل110.

لەم دوو رستەیە دکتۆر یا (ئێستر یان گوێدرێژ) هەبووە، ئەمەش ئەگەربۆ سواری بێت یان بار یەکێکیان لە ئەویتر باشترە .

ـ کاتژمێر نزیکی شەش بوو لە پەنجەرەکانەوە هەتاوێکی ئاڵتوونی هاتبووە ژوورەوە... هەمیشە وا راهاتبوو کە کاتژمێر شەش هەستێ. ئەرخەوان ،ل95.

ـ هێشتا کاتژمێر حەوت نەبووبوو و ڕووناکی زێرینی خۆر لە پەنجەرەکەوە دەهاتە ژوورەوە... لە کاتژمێر حەوتدا چاوبکاتەوە. حەمە، ل135.

لە هی یەکەم دەڵێت کاتژمێر نزیکی شەش بوو، هەتاو لە پەنجەرە هاتە ژوورەوە بەردەوامیش لە کاتژمێر شەش هەڵدەستا، کەچی وەرگێڕی دووەم دەڵێت حەوت نەببوو، لە کاتژمێر حەوتیش لە خەو هەڵدەستا. وەرگێڕێک تووشی هەڵەی ئەم شەش و حەوتە هاتووە.

ـ دەمانچەی ماگنۆمی پێ یە کە دیوار ئەسمێ. ئەرخەوان، ل97.

ـ سانتیاگۆ چەکی پێیە دەتوانێت بە ماگنۆمەکەی، مەکینەی ئۆتۆمبێلیش کون کون بکات! حەمە، ل139.

دەمانچە جۆرێکە لە چەک، چەکیش سووک و قورسی هەیە  لە هی یەکەم بە دەمانچە ناوی هاتووەودیوار ئەسمێ، لە هی دووەم بە چەک هاتووە باس لە کوون کردنی مەکینەی ئۆتۆمبێل دەکات. مەکینەودیوار بۆگوللە لێدان جیاوازی هەیە.

ـ لەم دێَ یەدا کە گشتیان نێرەمووکن پیاوێکی تێدا نییە. ئەرخەوان ،ل98.

ـ لە گوندێکدا، کە هەموو دانیشتوانەکەی نامەردن. حەمە،ل140.

دەکرا وشەی نێرمووک هەر بەکار نەهاتبوایە کەوتمان ئەو گوندە پیاوی تیدانییە، واتە هەموویان ترسنۆک و نامەردن.پیاوی ئازای تیدانییە.

ـ  لە لاپەرە 382پێش نووسەکەدا. ئەرخەوان، ل101.

ـ ئەو لە پەراوێزی لاپەرە 328ی راپۆرتەکەیدا . حەمە،ل 144.

ئەگەر ئەمە هەڵەی چاپ نەبێت ئەوا (382) و(328) ئەم هەڵەشیان دەکەوێتە ئەستۆی وەرگێڕێک.

ـ لە تووڕەییدا رەنگی سەوز هەڵ گەڕابوو. ئەرخەوان، ل102.

ـ میگل لە تاو توڕەی دەمو چاوی شین هەڵگەرابوو. حەمە،ل145.

زۆر جار دەبیستین ئەم منداڵە لە تاو ئازاری شین هەڵگەڕاوە، پێستی شین و مۆر بووەویان ئەو پیاوە لەماندووتیان ئارەقەی شین و مۆری دەرداوە، بەڵام نەمانبیستووە بڵێن لە تووڕەیدا سەوز هەڵگەڕابوو.

جانازانین رۆمانووسیش، سەوزی بەکار هێناوە یاخود شین.

ئەوەی دوا جار هاتە دەرەوە باوکی بوو ناهیر میگیل. ئەرخەوان، ل102.

ـ یەکەم کەس گەیشتە ئەوێ، نەهیر میگێل باوکی فلۆرا بوو. حەمە، ل145.

لە هی یەکەم دەڵێت ئەوەی لەدوای هەموو کەسەکان هاتە دەر ناهیربوو ،کەچی دووەم دەڵێت یەکەم کەس گەیشتە ئەوێ. جانازانم لە نێوان گەیشتن وەک یەکەم کەس و رۆیشتن وەک دواهەمین کەس کامە ڕاسترە.

ـ یەکەم لێدانی بیدرو فیکاریو بگرێ کە لە لای چەپیەوە بە چەقۆیەکی ڕێک پەلاماری دا. ئەرخەوان، ل 105.

ـ تا یەکەم لێدانی چەقۆی پیدرۆ ڤیکاریۆ لە لای ڕاستەوە ڕابگرێت. حەمە، ل 150.

لە نیوان هەردوو لێدانەکە هی یەکەمیان چەپ و هی دووەمیان ڕاست. دەبێت کامە وەرگێڕ راستیەکەی دەستنیشان کردبێت.

ئەم  وردە سەرنج وهەڵانە و چەندانی تر لە هەردوو رۆمانەکە داهەیە، ئەمە بێجگە لەو وشانەی لە رووی شێوەی نووسینیان (دارێژراوو لێکدراو) کەموکوری بەرچاو دەکەوێت. بەو مانایاش نا لە بەهای رۆمانەکەو هەوڵ و ماندوو بوونی هەردوو وەرگێڕەکە کەم بکەینەوە، چونکە کاتی خۆیان بۆکارێکی پیرۆزو بەهادار تەرخاناکردووەو بە هیوای بەرهەمی نایابتر و باشترو سەرکەوتنی بەردەوام.

 

سەرچاوەکان :

1. دیوانی حاجی قادری کۆیی، هەرکوردە ، لێکۆڵینەوەو لێکدانەوەی : سەردار میران و کەریم شارەزا ، سنە ،2707، ل219.

2. گابرێل گارسیا مارکیز ، رۆمانی(چیرۆکی مەرگێکی ئاشکرا )وەرگێڕانی : ئەرخەوان ، بنکەی ئەدەبی و روناکبیریی گەلاوێژ ،چاپی دووەم ، 2000.

3. گابرێل گارسیا مارکیز ،(راپۆرتی مەرگێکی پێشوەخت راگەیەندراو) وەرگێرانی لە فارسییەوە: حەمەقادر،ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ، چاپی یەکەم ، 2013.

 

4. پەروین عوسمان مستەفا عەللاف ، واتاو وەرگێڕان ،دەزگای توێژینەوەو بڵاوکردنەوەی موکریانی ،هەولێر ، چاپی یەکەم ، 2009 ، ل18.V

گەڕان بۆ بابەت