قادر نیکپوور
چیرۆک گه‌شه و نه‌شه و زەین و وشیاری منداڵ به‌ره‌و پێش ده‌بات، خۆشەویستی و دلۆڤانی ده‌خاته نێو دڵی ئەو، هه‌روه‌ها حه‌قیقه‌ت و رووداوه‌کان باشتر روون ده‌کاته‌وه. منداڵ تامەزرۆتر ده‌بێت، هانده‌درێت بۆ زانیاری زۆرتر وه‌رگرتن، بۆ زۆرتر پرس و لێكۆڵینه‌وه و تاقیکردنه‌وه.
کاریگەری چیرۆک لەسەر کەسایەتی منداڵ
قادر نیکپوور
لەم بابەتە ئاماژە ئەدەین بە کۆمەڵێک خاڵی گرینگ لە بواری کتێب و چیرۆک گێڕانەوە، هەروەها کاریگەری چیرۆک لەسەر منداڵ و کەسایەتی ئەو. کتێب و چیرۆک بۆ منداڵ باشترین خەڵاتی ئەدەبین. بۆ منداڵ کە تەجرەبەی ژیانی کەمە، لە رێگای چیرۆک تەجرەبەی تاڵ و شیرنی ژیان وەردەگرێت. هەروەها، چیرۆک یەکێک لە لقە بە نرخەکانی ئەدەبە کە بەسەرهات و رووداوەکان دەخاتە روو، جوانی و هۆمید بە ژیان دەبەخشێ، وە مرۆڤ بەم جۆرە چێژی لێ وەردەگرێت. گرینگتر لە هەموو شتێک، چیرۆک چۆنیەتی ژیانی کۆن و قەدیم بۆ منداڵ دەگێڕێتەوە. بە واتایەکی دیکە، چیرۆک شێوەیەک لە ئەدەبی هونەرە کە خۆشەویستی و سوودی تایبەتی بە مرۆڤ دەبەخشێت.
چیرۆک بە درێژایی مێژوو لە هەموو بوارە جۆرا و جۆرەکانی ژیان گرینگی پێدراوە و، رەنگی داوەتەوە. رەنگدانەوە و کاریگەری چیرۆک لەسەر ژیانی مرۆ تا ئەمڕۆ بەردەوامە و تاکو ژیان بـمێنێ، چیرۆکیش دەمێنێ. چیرۆک هۆکاری سەرەکییە لە بواری زانست رۆشنبیری، وە زانیاری وەرگرتن لە بواری فەلسەفە و کۆمەڵناسی.
"چیرۆک راستەوخۆ هەست و نەست و دەروونی مرۆڤ دەبزوێنێت".
مێژووی سەرهەڵدانی چیرۆک دەگەڕێتە بۆ ئەو سەردەمەی کە ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی سەری هەڵداوە. بۆ ئەو سەردەمەی کە مرۆڤ خێزانی پێکهێنا وە، لە ناو ئەشکەوت ژیاوە، لە بناری کێو و شاخەکان راوی کردووە. داهێنانی وشە و زمانێکی ساکار و سەرەتایی لە بواری چیرۆک نووسین فرە گرینگە کە خوێنەر زۆرتر بۆلای خۆی رادەکێشێ. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆک نووسین پوخت و پاراوی زمان و ناوەرۆکی چیرۆکە.
بەشێکی زۆر لەو چیرۆکە فۆلکلۆرییانەی بۆ منداڵ دەنووسرێن لە بنەڕەتدا چیرۆکی گەورە ساڵانن کە بە شێوازێکی ئاسانتر، وە بە زمانێکی سووک و ساکار دەستکاری کراون، بۆ ئەوەی لەگەڵ بڕست و بیری منداڵ بگونجێن. چیرۆکی منداڵان، گرینگ‌ترین سەرچاوەیە لە بواری رۆشنبیری. هەروەها چیرۆک هۆکاری سەرەکییە لە بواری پەروەردە و بارهێنان، بۆ گەشە پیدان بە زەین و هۆشی منداڵ.
منداڵه‌کان بە گشتی تامه‌زرۆن بۆ شت فێربوون، بۆ گوێدان، بۆ پرسیار کردن، بە تایبەت بۆ ناسینی دنیای ده‌ور و بەری خۆیان. چیرۆک و نووسراوه‌کان بنچینه و بنه‌مای مێژوویی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری، سیاسی و دینی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێک دێنن، وە زاربه‌زار ده‌گوترێنه‌وه. هه‌رچه‌ند گێڕانه‌وه‌کان به پێی بارۆدۆخ یان مێژوو کۆمه‌ڵێک گۆڕانکارییان به‌سه‌ر دادێت، به‌ڵام ده‌قی چیرۆک گێڕانه‌وه له رووی وشیارییه‌وه زانیارێکی پڕبایه‌خ به بیسه‌ر ده‌به‌خشێت. گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک به چه‌شنێک باس له سروشتی مرۆڤ ده‌کات، مرۆڤ له رابردووی کۆنی خۆی ئاگادار ده‌کاته‌وه، وە به پێی بار ودۆخ سیما و قەوارەی تازه به خۆ ده‌گرێت. "منداڵ لە رێگای چیرۆک گێڕانەوە باشتر پەروەردە دەبێت تاکو لە رێگای نەسیحەت کردن".
گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک باشتر ده‌رگای ئه‌ندیشه و رێنوێنی بۆ تێگه‌یشتن و بیر کردنەوە له ژیانی منداڵ ده‌کاته‌وه، سێما و قه‌واره‌ی ژیان جوانتر ده‌ڕازێنێته‌وه. چیرۆکی باش ئاسانتر منداڵ له مانا و مه‌به‌ست نزیک ده‌کاته‌وه، رێگای ژیانی بۆ ئاسانتر و روونتر ده‌کاته‌وه. هه‌روەها منداڵ یان بیسه‌ر له رێگای چیرۆک باشتر به ئاره‌زووکان و نیازه ده‌روونییه‌کانی ده‌گات. "چێرۆک پێوەندییەکی گرینگ و دوو لایەنە لای خوێنەر و بیسەر پێک دێنێت، بە چەشنێک متمانە و هیوا بە مرۆڤ دەبەخشێت.
چیرۆکه‌کان باس له به‌سه‌رهاته تاڵ و شرێنه‌کان ده‌که‌ن و په‌رده له‌سه‌ر سیمای تاریکی ژیان لا‌ده‌ده‌ن و بۆمان به نمایش داده‌نێن، هه‌روەها دڵ هیچ کات له چیرۆکی شیرین و پرمانا تێر نابێت، وه‌ک په‌ند و نه‌سیحه‌ت لای مرۆڤ ده‌مێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر که‌مێک به وردی بڕوانینه ژیاننامه و رابردووی بیرمه‌ندان و زانایانی مێژووی به‌شه‌ری ده‌رده‌که‌وێت که هه‌ر یه‌ک له‌وان کۆمه‌ڵێک چیرۆک و په‌ندی حه‌کیمانه‌یان داهێناوە که هه‌ریه‌ک له‌و په‌ندانه جیهانێک مانا و مەبەستیان بە خۆ بەخشیوە.
ئێمه ده‌بینین مرۆڤ، بە تایبەتی منداڵ زۆر حه‌زی له په‌ند و نه‌سیحه‌ت نیە، به‌رده‌وام له‌گوێدانی راده‌کات یان خۆ ده‌بویرێت. به‌ڵام وته و وشه جوانه‌کان به مانا و مه‌به‌ستی په‌روه‌رده‌کردن یان نه‌سیحه‌ت باشتر له بازنه‌ی چیرۆکدا جیده‌گرن و کاریگه‌ری قوڵتریان له‌سه‌ر باری ته‌ربیه‌تی منداڵ هه‌یه. "منداڵه‌کان به بیستنی چیرۆک باشتر گوێ رادەگرن، چونکە به دڵ چاوه‌ڕوانی بیستن ده‌که‌ن، که‌چی له‌کاتی په‌ند و نه‌سیحه‌ت ده‌ست به گوێیان ده‌گرن و، چاویان ده‌نووقێنن، یان راده‌که‌ن".
مێژووی چیرۆک فرە کۆنە. چیرۆک پردی پێوه‌ندی کۆن و تازەیە، وە زمان و هزری مرۆڤ لێک گڕیده‌دات. چیرۆکه‌کان باس له ڕووداوه‌کان ده‌که‌ن، هه‌ریه‌ک به چه‌شنێک باس لە باس و بەسەرهاتەکان و خەونەکان ده‌که‌ن. زۆرجار منداڵ بێوازه، قه‌ڵس و تووڕەیە، ره‌نگه به ئاسانی مل نەدات ، به‌ڵام به گوێدانی چیرۆک هێدی ده‌بێته‌وه.
"ئه‌و هارموونی و مووڕاڵه‌ی له چیرۆکدایه، ده‌گه‌ڵ هه‌موو پێڕ و گروپێک ده‌سازێت و هاوئاهه‌نگه، بە هۆی ئەوە، چیرۆک دنیای خوێنه‌ر و بیسه‌ر لێک نزیک ده‌کاته‌وه، بیر‌و هزر دەخاتە جووڵە، وە یارمه‌تیمان ئەدات بۆ ناسین و مه‌زه‌نده کردنی ئه‌زموونه‌کانی ژیان.
چیرۆکی ستاندارد پرینسیپێکی تایبەتی تێدایه کە له باری زمانه‌وه بیسه‌ر وشیار دەکاتەوە تاکو بزانێت چ باسه، یان چ روویداوە. چیرۆک هه‌رئه‌ندازه مانادار بێت، پێوستی زۆرتر به باڵانس و پرنسیپ هه‌یه کە بتوانێت ئایدییایه‌کی رێک و پێک لای منداڵ دروست بکات، تاکو له‌ته‌مه‌نی گه‌وره ساڵیدا سوودی لێ وه‌رگرێت. باڵانس راگرتنی چیرۆک له کاتی گێرانه‌وه، ناوه‌ڕۆکی چیرۆک، هەروەها ته‌مه‌نی منداڵ و چیرۆک بە پێی تەمەن، ته‌واو که‌ری چیرۆکن.
گرینگی چیرۆک بۆ زمان و فێر بوونی زمان دەورێکی سەرەکی هەیە. ئه‌و منداڵانی که گوێیان به چیرۆک ئاشنایه، مێشکیان بە چیرۆک پاراو کراوە، له‌باری زمان و قسه‌کردن، شێوازی ڵێدوان و بیر و بۆچوون جیاوازی بەرچاویان لە هەمبەر منداڵانی دیکه هەیە. لە بواری مەنتیق و تێگەشتن لەسەر ترن. بە پێچەوانە ئەو مداڵانەی بە دوور و بێ بەشن لە چیرۆک و کتێب خوێندنەوە، زۆر ئاسان لە شیوازی قسە کردن و بیر و بۆچوونیان دیارە.
چیرۆک، که‌ره‌سته‌ی په‌روه‌رده‌و بارهێنان
چیرۆک گه‌شه و نه‌شه و زەین و وشیاری منداڵ به‌ره‌و پێش ده‌بات، خۆشەویستی و دلۆڤانی ده‌خاته نێو دڵی ئەو، هه‌روه‌ها حه‌قیقه‌ت و رووداوه‌کان باشتر روون ده‌کاته‌وه. منداڵ تامەزرۆتر ده‌بێت، هانده‌درێت بۆ زانیاری زۆرتر وه‌رگرتن، بۆ زۆرتر پرس و لێكۆڵینه‌وه و تاقیکردنه‌وه. ئاکامی سه‌ره‌کی چیرۆک گێڕانه‌وه ده‌بێ به چه‌شنێک بێت که خوێنه‌ر خۆی له رووداوه‌که حاڵی بێت، چونکه دروست گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک بنچینه‌ی ئه‌ده‌ب و فەرهەنگ و کولتوره، وە یه‌کێک له ره‌گه‌زه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌ده‌ب و زمانی هه‌ر نەتەوە و قەومێکە. هه‌روه‌تر چیرۆک گێڕانه‌وه بنه‌مای ده‌ق و شێوه‌کانی ئەخلاق و فەلسەفە و دینە.
هه‌ر وه‌ک رۆسۆ دەڵێ: یه‌که‌م خاڵی گرینگی چیرۆک گێڕانه‌وه ئه‌وه‌یه که مرۆ(چیرۆک گێره‌وه) له‌مه‌به‌ست تێ بگات و شاره‌زا بێت. گه‌وره‌ترین عه‌یب ئه‌وه‌یه که مرۆ قسه بکات بێ ئه‌وه‌ی له‌مه‌به‌ستی خۆی تێبکات.
هه‌ر چیرۆکێک بۆ گێڕانه‌وه نابێت
هه‌روه‌ک چۆن باسی گرینگی چیرۆک و شێوه‌ی گێرانه‌وه‌ی چیرۆکمان کرد که چۆن شێوازی گێڕانه‌وه گرینگی ده‌دات به به‌شی په‌روه‌رده‌و بارهێنان، به‌هه‌مان شێوه گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی ناڕێک و نادرووست که ده‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و خوڵق و خووی منداڵ نه‌گونجێت، ئاکامی خه‌راپی لێ ده‌بێته‌وه. یانی به کوورتی چیرۆکی نادروست نه‌گێڕانه‌وه‌ی باشتره له گێڕانه‌وه‌ی.
خاڵێکی که زۆر گرینگه و، له راستیدا جێگای باسه و سرنجە، ئه‌وه‌یه که دایک و باب فیلمی کارتۆن بۆ منداڵ داده‌نێن و ده‌ڕون به دوای کاری خۆیاندا. دایک و باوک بێ ئه‌وه‌ی بزانن که له‌و فیلمه دا چی به چییه، رێگە به منداڵ ده‌ده‌ن تاکو به دڵی خۆی سه‌یری بکات، بێ ئه‌وه‌ی لە بابه‌ت و ناوه‌ڕۆکی فیلمه‌که شارەزابن. مندال به دیتنی فیلمی سامناک ترسێکی زۆری دەکەویتە نێو دڵی، مێشکی تەواو هاڵۆز دەبێت، وە به جۆرێک به هەڵس و کەوتی جۆراوجۆر له خۆی نیشان ده‌دات، وە ئه‌و کات به تاوانی بێ ئه‌ده‌بی سزا دەدرێت. منداڵی به‌سته‌زمان نازانێت بۆئه‌و کار ده‌کات، دایک و باوکیش لە هۆکاری کێشەکە ئاگادار نین و نازانن کە منداڵ بۆچی ئەو کارە دەکات.
گرینگه گه‌وره‌کان بابه‌ت و ناوه‌ڕۆکی هه‌ر فیلم و کتێب یان چیرۆکێک سه‌یر بکه‌ن و وه‌یخوێنن، به تایبه‌تی فیلم که زۆرتر سرنج راکێشه. پێویستە گه‌وره‌کان سه‌یری فیلم بکه‌ن تا بزانن بە ته‌مه‌نی منداڵ ده‌گونجێت یان نا؟ زۆر گرینگە له‌کاتی دانانی فیلم دایک یان باوک لای منداڵ بن. چونکه منداڵ زۆرحه‌ز ده‌کات له کاتی خوێندنه‌وه‌ی کتێب یان سه‌یرکردنی فیلم خۆی له دایک و باوک نزیک بکاته‌وه. یه‌که‌م هه‌ست به نزیکایه‌تی ده‌گه‌ڵ ئه‌وکه‌سه ده‌کات، دووه‌م کۆمه‌ڵێک پڕس و پرسیار دێنه گۆر که پێویسته وڵام بدرێنه‌وه.
به پێی عاده‌ت، گه‌وره‌کان پێش خه‌وتن کتێب بۆ مندال ده‌خوێننه‌وه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ته‌نها ئه‌وه بێت که منداڵ خێرا خه‌و بیباتەوە تاکو گه‌وره‌کان به کار‌و باریان رابگه‌ن، یان ئه‌وه‌ی که مندال خوو به کتێب خوێندنه‌وه بگرێت، دوو باسی لێک جیاوازن. به ئه‌زموون نیشان دراوە منداڵه‌کان دوای بیستنی چیرۆک حه‌ز له چیرۆکێک ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ خه‌ون و خه‌یال و نه‌ریتی ئه‌وان ده‌گونجێت. دوای ئه‌وه قاره‌مان یان پاڵه‌وانی چیرۆکه‌که ده‌بێته هاوڕییه‌کی نه‌هێنی یان نموونه بۆ منداڵەکە، دوایی ئەوە منداڵ بۆزۆربه‌ی شته‌کان لاسای پاڵه‌وانی فیلمەکە ده‌کاته‌وه، هەر وه‌ک نموونه‌یه‌ک ئاکاری ئه‌و به خۆی ده‌گرێت، بۆ نموونه سوپر مه‌ن، رابین هود، باتمان، هه‌روه‌ها.
مندال دوایی کۆمه‌ڵێک کێشه و ماندووبوونی رۆژانه پێویستی به خه‌وێکی خۆش و باش هه‌یه که رۆژی دواتر به هێز و نەشەی تازە ده‌ست پێ بکات. به کوورتی چیرۆکیکی زیندو و دڵگیر قه‌ره‌بووی هاڵۆزی و ماندووبوونی رۆژانه‌ی منداڵ ده‌کاته‌وه، ئەوکات منداڵیش به خاترجه‌می و دڵێکی راحه‌ت و ئاسووده خەو دەیباتەوە. بێگومان، ئەگەر منداڵ به هاڵۆزی بخه‌وێت، خه‌ونی ناخۆش ده‌بینێت. ره‌نگه له‌خه‌و راپه‌ڕێت، له نیو جێگا بمیزێت، به‌یانیش به په‌ڵپ و بیانووگرتن له خه‌و هه‌ڵسێت.
دنیای ئێمه گه‌وره‌کان ده‌گه‌ڵ دنیای منداڵه‌کان زۆر لێک جیاوازن. ئه‌وان زۆرتر له دنیای خه‌ون و خه‌یاڵ و فانتازی ده‌ژین، زۆرتر ئاشتی خوازن و حه‌ز له‌هاورێیه‌تی ده‌که‌ن. ئه‌وان دڵیان ناسکه، روحیان گه‌وره‌یه. دنیای منداڵ زۆر تایبه‌تییه، هێشتا نه‌که‌وتۆته پشت په‌رده‌ی ره‌شی خوڕافات و فرت و فێڵ. "چونکە مرۆڤ بە ئازادی لە دایک دەبێت، بە کۆیلەیی دەمرێت".
ته‌مه‌نی دیاری کراو بۆ چیرۆک
چیرۆکی کورت و ناوه‌ڕۆکدار زۆرتر سرنجی منداڵ به خۆی راده‌کێشێ، کاریگه‌یشی زۆرتره. له ته‌مه‌نی چوار تاکو شه‌ش ساڵی چیرۆکی ئاژه‌ڵ و زینده‌واره‌کان زۆرتر ده‌گه‌ڵ دنیای منداڵان ده‌گونجێن. کاتێک ئاژه‌ڵه‌کان لە کاتی یاری کردن پێکەوە قسە دەکن، جاروبار شه‌ڕ ده‌که‌ن، وە بە ئاسانی ئاشت ده‌بنه‌وه، زۆرتر خۆیان له نێو دنیای منداڵان ده‌بیننه‌وه. ئەوان حه‌زیان له‌م جۆره بابه‌تانه‌یه.
له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵی بۆسه‌رێ ئه‌و کاته‌ی منداڵ دەچێتە قوتابخانە، چیرۆکی ئه‌فسانه‌یی زۆرتر ده‌گه‌ڵ دنیای منداڵ ده‌گونجێت. له هه‌شت ساڵی بۆ سه‌رێ که‌م که‌م منداڵه‌کان به دوای راستییکان ده‌گه‌ڕێن و حه‌ز له‌و چیرۆکانه ده‌که‌ن که به‌دوورن له فه‌نتازی و ئه‌فسانه. لە تەمەنی دوازدە ساڵی حەزیان لەو بابەتە چیرۆکانەیە کە باس لە خۆشەویستی و راستی و درووستی دەکەن. چیرۆکه‌کانی وه‌ک رابین هوود، کچه به‌فری و حه‌ت کووتووله‌کان، سیندریلا و کلاو سوور، هه‌روه‌ها زۆر چیرۆکی دیکه.
واباشه کتێب یان چیرۆک ده‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی منداڵ بگونجێت یان به ناوی چیرۆک گێڕانه‌وه مێشکی منداڵ نه هاژێت. خوێندنەوەی هەر چیرۆكێک شیاوی منداڵ نییه، شێوه و جۆری گێڕانه‌وه، له به‌ر چاوگرتن و لێکدانه‌وه‌ی ته‌مه‌نی مندال گرینگه. گرینگه که گه‌وره‌کان چیرۆکێک چه‌ند جار بخوێننه‌وه تاکو هارمۆنی چیرۆکیان بێته ده‌ستی، به چه‌شنێک که له کاتی خوێندنه‌وه ره‌وان بێتە گوێ. ئەو که‌سانه‌ی لە کتێب خوێندنەوە لاوازن با کتێب بۆ منداڵ نه‌خوێننه‌وه، چونکه منداڵ هه‌م سه‌ری لێ ده‌شێوێت و هه‌میش له چیرۆک بێزار ده‌بێت.
وێنه‌کاری لە چیرۆکدا
پێویستە وێنه‌کانیش به جۆرێک ته‌عبیر له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک بکه‌ن. ئه‌گه‌ر سرنج بده‌ینه کتێبه‌کانی "واڵت دیزنی"، ده‌رده‌که‌وێت که وێنه‌کان به شه‌فافی مانای چیرۆکه‌که ده‌گێڕنه‌وه، یانی بەسەرهات و رووداوەکان ته‌واو له نێو وێنه‌کاندا دیارن. سەیر نیە که منداڵه‌کان زۆرتر حه‌ز له کتێبه‌کانی دیزنی ده‌که‌ن. وێنه‌ی ئاژه‌ڵ و زینده‌واره سامناکه‌کان وه‌ک گورگ، شێر، مار دووپشک یان ئه‌ژدیها(مارێیکی گه‌وره‌ی ئه‌فسانه‌یییه) له کاتی شه‌ڕ کردن کارێکی باش نیە. زۆر جار وێنه‌ی گورگ و شێریان کێشاوه‌ته‌وه که دەدانی هه‌ر یه‌ک له‌وان به قەرای سه‌روسه‌کتی خۆیان گه‌وره‌یه. نووسه‌ر ده‌بێ ته‌مه‌نی منداڵ دیاره بکات و داواش له دایک و باوکانی خۆشه‌ویست ده‌که‌ین که هه‌ر کتێبێک به نێوی کتێب بۆ منداڵ مه‌کرن یان مه‌یخوێننه‌وه.
چیرۆک و نوێکاری
هه‌ر وه‌ک چۆن شته‌کان تازه ده‌کرێنه‌وه، ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ر دادێت، پێویسته چیرۆکه‌کانیش گۆڕانکارییان تێدا بکرێت. چیرۆکێک که چه‌ند سه‌د سال له‌مه‌به‌ر گوتراوه، ئێستاش دووپات ده‌کرێته‌وه. هه‌ر چه‌ند چیرۆکه‌کان ئه‌وه‌نده زاربه‌زار کراون که بۆ گوێی زۆربه‌ی خه‌ڵک گه‌یشتوون. به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌مێكدا که مرۆڤ به گاجووت زه‌وی کێڵاوە، به ئه‌سپ و هێستر کاروان و سه‌فه‌ری کردووە، ئێستا به فرۆکه و به‌له‌م ئه‌و سه‌رو و سه‌ری زه‌وی ده‌کات، پێویسته ئه‌و چیرۆکانه‌ی که باویان نه‌ماوه کۆ بکرێنه‌وه چونکە منداڵەکان هیچ فێر نابن.
هه‌ر چیرۆكێک به مانا و مه‌بستێک گوتراوه، باسی به‌سه‌ر هاتێک ده‌کات، به دوای ئامانجێکدا دەگەڕێت، وە ئه‌زموونێک ده‌داتە بەر دەست. چیرۆکی بابه‌ت و په‌سه‌ندیده ده‌توانێت هه‌ست و نه‌ستی منداڵ ببزوێنیت و، بناخه‌ی باوه‌ڕ و عیشق و پاکی و راستی منداڵ پته‌و بکات. منداڵ هانده‌دات به‌ره‌و ئامانجێكی به‌رز و بەنرخ.
منداڵ جگەلە لە خوێندن و نووسین لە قوتابخانە زۆر شتی بایه‌خدار فێر ده‌بێت، پێویسته له چوار چێوەی مالەوە له فێربوون دانه‌بڕێت. ئه‌وه‌ی که منداڵ له قوتابخانه فێری ده‌بێت زانستە، پێویستە بۆ کار و پیشه و به‌ڕێوه‌به‌ری ژیانی ئابووری و رامیاری، به‌ڵام چوار چێوەی ماڵەوە فێری ده‌رسی ژیان و ئەخلاق ده‌بێت. "دایک و باوک بۆ منداڵ گەورەترین مامۆستای ئەخلاقن. کەسێک کە دەرسی ئەخلاق لە بنەماڵە فێر نەبێت، لە قوتابخانە فێری نابێت". به‌و واتایه بنه‌ماڵه وەک قۆتابخانه‌یەکی ئەخلاقی یه‌که‌م هەنگاوە بۆ ژیانێکی درووست و سەربەخۆ، چونکە منداڵ ده‌رسی ئه‌خلاقی و ڕێچکه‌ی ژیان له بنه‌ماڵه فێر ده‌بێت، وە له داهاتوو سوودی لێ وه‌رده‌گرێت.
ئێمه به چیرۆک گێڕانه‌وه خۆمان زۆرتر له جیهانی مندال نزیک ده‌که‌ینه‌وه، له ڕێگای چیرۆک ده‌گه‌ڵ منداڵ دیالۆگ و گفتگۆ ده‌که‌ین. هه‌ر به‌م مه‌به‌سته چیرۆکه‌کان راستەوخۆ وڵامی زۆربه‌ی پرسیاره‌کانی منداڵ ده‌ده‌نه‌وه. منداڵه‌کان خه‌وانه‌کانیان له نێو چیرۆک و کتێبه‌کان ده‌دۆزنه‌وه، چونکه چیرۆک شعووری منداڵ زۆر ده‌کات و ده‌بێته هۆی فامکردنی زۆرتری ئەو.
ره‌نگدانه‌وه‌ی چیرۆک به گشتی
تاقیکردنه‌وه‌کان له‌سه‌ر چیرۆک ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌که‌نه‌وه کە چیرۆک خوێندنەوە بۆ منداڵ ئاسووده‌یی و راحه‌تی بنه‌ماڵه، هەروەها پێوه‌ندی و دیالۆگی بنەماڵەیی پتەو تر دەکات. کەواتە چیرۆک ئه‌زموونێکی زۆر به‌نرخه. هه‌ر وه‌ک چۆن چیرۆکی ناڕێک ریشه‌ی خورافات و نه‌زانی لای منداڵ به هێز و پته‌وتر بکات، چیرۆکی دروستیش گه‌شه به زه‌ین و هۆشی ئەو ئەدات و مرۆڤ له خۆڕافات دوورکاته‌وه. منداڵه‌کان له ڕێگای کتێب خوێندنه‌وه و بیستنی چیرۆک میراتی فه‌ره‌هه‌نگی و کولتوری خۆیان ده‌پارێزن، ده‌بنه سه‌رمایه و پاشه‌که‌وتی ئه‌ده‌ب و زانستی کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان، ده‌بنه نموونه و سەرمەشق بۆ داهاتوو.
کاریگه‌ری چیرۆک له‌سه‌ر هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک چ له قالبی دینی و کولتوری، ئابووری و سیاسی دابێت، له‌سه‌ر مێژووی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه کاریگەری بە هێزی هەیە. شۆڕشی مه‌زنی فه‌ڕه‌نسه و شۆڕشی مێژوویی ئۆکتۆبری رووسیه بە رێبەری "لێنین" وەک نموونەیەکی باش، وە ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری ئه‌مریکا له سه‌ر خه‌ڵکی ره‌ش پێست، به تاڵان بردن و تاپۆ کردنی خه‌ڵکی سوور پێست ئه‌زموونێکی میژوویییه و، بیر و باوه‌ڕێکی نادرووستی لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی جیهان به جێ هێشتووه. کەواتە چیرۆکەکان باس لەوە دەکەن لە رابردوو چ روویداوە.
نووسراوه‌کانی چارڵ دیکنز، ویکتۆر هووگۆ، ژۆڵ وێڕن، یاشار کەماڵ، ئەزیز نسین، سەمەد بێهڕەنگی، چخۆف، تولستۆی و مارکسم گوورکی کاریگه‌ری خۆیان له‌سه‌ر خه‌ڵک داناوه، هەرەها کاردانه‌وه‌ی دروستیشی لێ کەوتۆتەوە. بۆ نموونە زۆربەی چیرۆکەکانی ئەم نووسەرانە کراون بە فیلم. "کۆمه‌ڵناسه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که چیرۆک و داستانه‌کان که بۆ منداڵ ده‌گوترێنه‌وه کاریگه‌ری قوڵیان له‌سه‌ر ئامانج و گه‌شه سه‌ندنی منداڵان داناوه.
پوخته‌ی باسەکە
· باڵانس و پرنسیپی چیرۆک خوێنده‌وه له چیرۆکدا گرینگتره.
· چیرۆک ده‌بێ پێشکێش که‌ری مه‌عریفه و زانیاری و ئه‌ده‌ب و زمان بێت.
· منداڵه‌کان به پێی هه‌ست و هۆش و چاوه‌ڕوانی له یه‌کتری ناچن، به‌ڵام به گشتی له نیازه‌کاندا هاوبه‌ش و هاوسه‌فه‌رن.
· گرینگه دایک و باوک پێش خویندنه‌وه‌ی چیرۆک بۆ منداڵ، خۆشیان له چیرۆک تێبگه‌ن تاکو بتوانن به زمانێكی ره‌اون و پۆخت و پاراو چیرۆک بخوێننه‌وه.
· چیرۆک خوێندنه‌وه پێوه‌ندی نێوان دایک و باوک و منداڵ به هێز ده‌کات.
· ته‌مه‌نی منداڵ بۆ چیرۆک گێڕانه‌وه گرینگه، ناوه‌ڕۆکی چیرۆکیش له‌باری ته‌مه‌نی منداڵ هەر گه‌رینگه.
· کاتێك منداڵ زۆرتر حه‌ز له چیرۆکێک ده‌کات تاکو چیرۆکێکی تر، به‌و مانایه‌یه که چیرۆکی حه‌ز لێکراو زۆرتر له دنیای ئه‌و منداڵه نزیکه.
· منداڵه‌کان به گشتی حه‌ز له چیرۆکه ئاژه‌لان و زینده‌واره‌کان ده‌کەن تاکو مرۆڤ، چونکە ده‌گه‌ڵ دنیای خه‌یاڵی ئه‌وان زۆرتر ده‌گونجێت.
· وشه‌کان له ڕێگای چیرۆکه‌وه مانا ده‌به‌خشن و مندالێش هه‌ویه‌تی خۆی له نێو چیرۆک ده‌دۆزێته‌وه، هه‌روه‌تر له ته‌مه‌نی گه‌وره ساڵیدا ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر ئه‌و چیرۆکانه‌ی که به منداڵی حه‌زی لێکردوون.