ما 7150 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قارەمان و دوو سیما
کاتێک قارەمان دەست دەداتە چەک و دەیەوێ بە نوێنەرایەتی خەڵک بەرگری لە مافیان بکا، رەوتێک دەست پێدەکا کە تێیدا گروپ، حیزب یان چەند کەسێک خۆیان جیادەکەنەوە و لە رێگای تەرخانکردنی هەموو ژیانیان بۆ مەبەستیان، شێوازێک لە ژیان هەڵدەبژێرن کە ئاسایی نانوێنێ.
 
ئەوان مەجبورن لە شوێنێکەوە بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان پارە پەیدابکەن، شوێنی ژیانی خۆیان جیابکەنەوە و سەرئەنجام هەردەم ئامادەی مردن بن. هەردەم ئامادەی مەرگبوونیش پێچەوانەی غەریزەی حەز بە ژیانە و بۆیە لەگەڵ خۆی، باری دەروونناسی لەق و لاسەنگ دەکا.
 
هەموو ئەمانە لەگەڵ خۆی تەریک خستنەوەی وەها کەسێک لە ژیانی رۆژانە و لە کۆمەلگا فەراهەم دەکا. بۆ ئەوەی پارە پەیدا بکا، دەبێ چاوی لە شوێنێک بێت، بۆ ئەوەی شوێنی ژیانی دابین بکا دەبێ دەست بەسەر شوێنی کەسێکدا بگرێ و بۆ ئەوەی بتوانێ وەک قارەمان بەرگری لە مافی خەڵکی بکا، دەبێ هەردەم ئامادەی بەختکردنی ژیانی خۆیشی بێت. وەها کەسێک هەموو ئەو ئەرکانە کتوپڕ و لە شێوازێکی خەست و خۆڵ دا بۆ خۆی رادەگوێزێ کە لە راستیدا کاری خودی خەڵکە لە پێناویدا خەبات بکەن.
 
یەکێک لە دەرهاویشتەکانی ژیانی وەها قارەمانێک، راهێنانی خەڵکیە بەوەی زۆربەی کاتەکانی ژیانیان چاوەڕوانی قارەمان بمێننەوە. وە چونکە کەسێک هەیە کە دەتوانێ خۆی لە پێناوی ئەواندا بەخت بکا، کەواتە ئەو پێویستییە لەخۆیدا شک نابات بیەوێ خۆی راستەوخۆ ئاوێتەی خەبات بکات. وەها کۆمەڵگایەک لە راستیدا فێری چاوەڕوانی و دەستەوەستانی دەبێت. ئەوان دەبن بە قارەمان پەرست، یاخود کۆیلەی قارەمان.
 
ئەزموون نیشانی داوە وەها قارەمانێک ژیانێکی یەکجار دوو فاقیانە بەڕێوە دەبات. لە لایەکەوە هەوڵدەدا سیما جوانەکانی خۆی بەردەوام پیشانی کۆمەلگا بدات و، لە لایەکی ترەوە هەوڵدەدات دیوی ناوەوەی خۆی بە تایبەت لەپەیوەندی لەگەڵ جۆری دابینکردنی بنەما ئابورییەکانی خۆی بشارێتەوە. رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی زێدەڕۆیی کردنی قارەمان لە قارەمان بازی، نیاز بەم خۆشاردنەوەیە بێت.
 
دیارە رەنگە زۆربەی دیاردەکان لە ژیاندا خاوەنی لانیکەم دوو سیما بن. ئەمە تا ئێرە ئاسایی دەنوێنێ، بەڵام کێشەکە لەوەدایە قارەمان زۆر حەزی بە نواندنی تەنیا یەک رووی خۆی هەیە. بۆ؟
 
رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لەو بەشەدا بێت کە عەزابی ویژدان زۆر جار دووچاری زێدەڕۆییمان لە هەندێ بواردا دەکا. پێداگرتنی لەرادەبەدەر لە سەر لایەنێکی کەسایەتیمان، بە مانای هەبوونی رەهۆڵ لە شوێنی دیکەماندایە.
 
قارەمان، نیشانەی خۆدزینەوەی کۆمەڵگا لە هێزی خۆی و لە دیتنی خۆیەتی وەک خۆی.
 
سایتی قەڵەم
١٢ سێپتەمبەری ٢٠١٧
 Related image

گەڕان بۆ بابەت