محەمەد نەبى
خوێندنەوەپێویستیى بە بەردەوامییەت و دانەبڕان و شەونخوونیى هەیە، هەڵبەتە ئەم شێوەیەى خوێندنەوە بۆ نوسەران زیاتر راستە: بۆئەوەى نوسەرێکى باش بیت، ئەبێ خوێنەرێکى بەردەوام بیت. ئەمە جگە لەوەى پێش دەستکردن بە نوسین، پێویستت بە ئەزموونى چەند ساڵێکى خوێندنەوە هەیە.
خوێندنەوە وەک پێشمەرجێک بۆ نووسین
محەمەد نەبى
نووسین، پێویستیى بە باکگراوندێکى مەعریفیى قووڵ هەیە، هەر نووسینێک لە پشتییەوە پاشخانێکى فراوانى مەعریفى نەبێ، نووسینێکى کاڵ و کرچە، بەو واتایەى هەبوونى مەعریفەیەکى باڵاپێویستییەکى گرنگە بۆ نووسین، درووستبوونى باکگراوندێکى مەعریفى قووڵیش لە ئەنجامى خوێندنەوە وە مەیسەر دەبێ، بۆیە دەڵێین: پێشمەرجى نوسین: خوێندنەوەیە.
هەموو نوسەرێک پێویستە خوێنەرێکى جدى و بەردەوامى لقەکانى مەعریفە بێت: نووسین ئەمە ئەخوازێت. واتە لەسەر نوسەر پێویستە شارەزاییەکى باشى هەبێت لە بوارەکانى فیکر و فەلسەفەو دەروونناسى و کۆمەڵناسى و یاساناسى و سیاسەت و... تاد.
خوێندنەوەپێویستیى بە بەردەوامییەت و دانەبڕان و شەونخوونیى هەیە، هەڵبەتە ئەم شێوەیەى خوێندنەوە بۆ نوسەران زیاتر راستە: بۆئەوەى نوسەرێکى باش بیت، ئەبێ خوێنەرێکى بەردەوام بیت. ئەمە جگە لەوەى پێش دەستکردن بە نوسین،پێویستت بە ئەزموونى چەند ساڵێکى خوێندنەوە هەیە.
نکوڵى لەوە ناکرێت کە ئەزموون سەرچاوەیەکى گەورەى زانینە، هەر وەک چۆن فەیلەسوفانى سەر بەم راڕەوە واتە ئەزموونگەراکان هەموو زانینێک بۆ ئەزموون دەگەڕێننەوە، واتە زانین ( مەعریفە ) لە رێى هەستەکانەوە وەدەست دێت. ئەگەررچى رەوت و قوتابخانەی تر هەن کە ئەم بۆچوونە رەت دەکەنەوە، بەڵام ئەمە بەشێکى راستیى تێدایە کە ئەزموون سەرچاوەیەکى گرنگى زانینە، بەڵام ئەزموون بە تەنیا کۆمەکمانناکات بۆ نوسین، بەڵکو بە پلەى یەکەم خوێندنەوە پێویستە، ئەگەرچى دەکرێبڵێین خوێندنەوەى کتێب بریتییە لە خوێندنەوەى ئەزمونى ئەوانیدى، واتە ئەویشیان هەر ئەزموونێکە، بەڵام ئەوەى وادەکات کاریگەریى کتێب لە ئەزموونى ژیانى رۆژانە ( بەریەککەوتن لەگەڵ شتەکان، دیاردەکان) زیاتربێ تایبەتمەندیى خوێندنەوەیە: خوێندنەوە دیالۆگێکى بێدەنگە لەگەڵ(خود)، تێکەڵبوونى دوو دونیابینییە لەگەڵ یەکتر، ئاخاوتنى بێدەنگى وشەکانە لەگەڵ (من)ى بیرکەرەوەدا. ئەمە ئەمانباتەوە سەر گوتە بەناوبانگەکەىدیکارت:( من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم ) ئەتوانین بڵێین خوێندنەوە سەرچاوەى بیرکردنەوەیە یان لانى کەم پێشمەرجێکە بۆ بیرکردنەوەیەکى تەندروستانە.
خوێنەر/نوسەرى راستەقینە خۆى قەتیس ناکات لە تاکە بوارێکەوە، راستە پسپۆرییەت، یان تایبەتمەندبوون هەیە لە بوارێکەوە، بەڵام گرنگە لە هەموو بوارەکانیترەوە بخوێنیتەوە بۆ دەوڵەمەندبوونى بوارە تایبەتەکە، نوسەر ئەبێ خوێنەرى هەموو لقەکانى مەعریفە بێ، بەبێ شارەزابوون لە بوارە جۆراوجۆرەکان نووسین هەمیشە کەمایەتى دێنێت، چونکە هەموو لقەکانى مەعریفە بە شێوەیەکى چڕ بەیەکەوەگرێدراون، هەروەها زۆربەیان گەشتەکەیان لە مرۆڤ و ژیانى مرۆڤەوە دەستپێدەکات، بە واتایەکى تر کار لەسەر مرۆڤ دەکەن و مرۆڤ بوێکى سێنتراڵى ناو هەموو لقەکانى مەعریفەیە، بەمەش پەیوەندیى لێکچوون لە نێوانیاندا دروستدەبێت و بۆپسپۆڕبوون لە لقێکیان پێویستت بە لقەکانی تر دەبێت.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانى مەعریفە دەبینین سەرەتا زانستەکان لە یەکترى جیا نەکرابوونەوە، سەرەتا هەرتەنیا فەلسەفە بوو، کۆى زانستەکان لە هەناوى فەلسەفەوە لەدایکبوونە ( فەلسەفە دایکى هەموو زانستەکانە) کەواتە ئەو نووسەرەى بۆ نموونە لە بوارى کۆمەڵناسى دەنووسێ ئەبێ خوێنەرى بوارەکان (زانستەکان) ى دەروونناسى و فەلسەفەو ئەدەبء پۆڵەتیک و....تاد بێ. ئەمە بۆ نووسەرى بوارەکانیتریش بە هەمان شێوەیە، بۆیە، کەم نین ئەو نووسەرانەى لەبوارێک کاریان کردووە کەچى ئەوەى ئەمان کاریان لەسەر کردووە پێشتر بە فۆرمێکى تر، لە بوارێکى تر کراوە. بۆ نموونە: سیگمۆند فرۆید کە بە باوکى دەروونناسى دادەنرێت دەڵێت: (هەموو ئەوەى من لەبوارى دەروونشیکارى کردوومە، پێشتر دۆستۆڤسکى لەناو رۆمانەکانى دا دەرى بڕیوە)، یان لە شوێنێکى تر دا دەڵێت: (ئەترسم ئەوەى من دەیکەم جگە لە دووبارەکردنەوەى کارەکانى نیتشە شتێکى تر نەبێت) بێگومان ( فیۆدۆر دۆستۆڤسکى) رۆماننووسەو (فریدریک نیتشە) فەیلەسووف.
با چاوێک بە کایەى رۆشنبیریى کوردى و جیهانى دا بخشێنین بزانین نووسەرانمان خوێنەرى هەموو بوارەکانى مەعریفەن و ئەمە لە نووسینەکانیان دا بەدى دەکرێت؟ یان تەنیا خوێنەرى تاکە بوارێکن؟ یان تەنانەت خوێنەرى تاقە بوارێکیش نین؟ کوان ئەو کتێبە گرنگانەى بوونەتە سەرچاوەیەکى سوودبەخش بۆ کۆى لقەکانیترى مەعریفە؟ کوان ئەو نووسینە گرنگانەى دەبنە مەرجەع و بنەماى نوێگەرى و و گۆڕینى فیکر و دەستکاریکردنى دونیا؟ ئایا چەند لەو کتێبە کوردیانەى رۆژانە دەنووسرێن رووى ئەوەیان هەیە وەربگێڕدرێنە سەر زمانێکیت؟ هەڵبەتە لێرەدا باسى (نووسین!)ە ئینشاییەکانى هەندێ لەو ئینشانووسانە ناکەم کە بەچەند دێڕێک چەند قسەیەکى بازاڕی و سواو دەکەنە بابەتێکى رۆژنامەو بە بڵاوبوونەوەى شاگەشکە دەبن!!
لەڕاستیدا لەناو کایەى رۆشنبیریى کوردیدا نووسین دابەزیوەتە ئاستێکى یەکجار لاواز، (بەختیار عەلى) لە کتێبى(خوێنەرى کوشندە) باس لە خوێنەرێکى پەسیڤ دەکات، بەوەى دەیەوێ نووسەر دابەزێت بۆ ئاستى ئەو، بۆیە ناوى لێدەنێت (خوێنەرى کوشندە). بەڵام ئێمە ئەبێ لە ئێستادا باس لە (نووسەرى کوشندە)ش بکەین، چونکە ئەو کاریگەرییە کوشندەیەى نووسەرى کوشندە جێى دەهێڵێ هەرگیز خوێنەرى کوشندە جێى ناهێڵێ، وە هێزو قورسایى فیکر هێندەى لە دەست نووسەرە لە دەست خوێنەر نییە (مەبەستم لە بەرهەمهێنانییەتى دەنا دواجار ئەوەى نووسەر دەینووسى، خوێنەر وەرى دەگرێت و بەرهەمى دێنێتەوە) لە ئێستاى نوسینى کوردیدا هەموو (نووسەر!!)ێک ئاسان رێگە بە خۆى دەدا بنووسێت، نووسین هەموو ئەو ئەهمییەتە گەورەیەى لە دەستداوە کە لە رەوتى مێژوودا هەیبووە. ئەو لێشاوى نووسین و کتێب چاپکردنەى (نووسەران!!)ى کورد خەتەرێکى گەورەیە بەسەر کۆى بوارەکان و خودى بوارە تایبەتەکەش، هاوکات خەتەرێکى گەورەشە بەسەر بیرکردنەوەى تاک و کایەى رۆشنبیرییمان. بابە هەستیارى و ئەمانەتەوە دەست بۆ نووسین ببەین، نووسین یارییەکى سادەو ئاسان و بێ کاریگەریى نییە، تا هەمووان دەستى بۆ بەرن.
لە دونیادا بەپێچەوانەى لاى خۆمان چەندین نووسینى زۆرو زەوەندى جوان هەن، کە بوونەتە مەرجەع و بنەماى درووستبوونى فیکرو گۆڕینى دونیابینى و دروستبوونى رەوت و قونابخانەى فیکرى و فەلسەفى و ئەدەبى و دەروونى و خزمەتێکى گەورەیان بە مرۆڤایەتى کردووە، هاوکات نموونەى بەناویەکداچوویى زانستەکانن لە پەیوەندییان دا بە یەکترەوە بۆ نموونە:
ـ سیگمۆند فرۆید لە دانانى راڕەوى دەروونشیکارى سوودى لە رۆمانەکانى (تاوان و سزا) و (برایانى کارامازۆف)ى دۆستۆڤسکى و شانۆنامەى (هاملێت)ى شکسپیر و (ئەفسانەى ئۆدیب)ى سۆفۆکلیس و تابلۆى (مۆنالیزا)ى لیۆناردۆ داڤینشى وەرگرتووە، هاوکات نووسینەکانى فرۆید خزمەتێکى گەورەیان بە مرۆڤایەتیکردووە و سەرچاوەیەکى گرنگیشن بۆ شیکردنەوەى دەقە ئەدەبییەکان، ئەمەش بەحوکمى ئەوەى نووسینە ئەدەبییەکان رەهەندێکى نەستیى ناخوئاگایان هەیە.
ـ کتێبى (سەرمایە) ى مارکس کاریگەریى زۆرى بەسەر بوارەکانى ئەدەب و کۆمەڵگاو سیاسەت و یاساوە هەیە.
ـ کتێبەکانى جان جاک رۆسۆ رۆڵى بەرچاویان هەبوو لەبەرپابوونى شۆڕشى فەڕەنسى.
ـ شیعرەکانى هۆڵدەرلین بوونەتە بابەتى فەلسەفەى مارتن هایدیگەر.
ـ کتێبەکانى (بوون و نەبوون)ى سارتەرو (مرۆڤى یاخیى)ى ئەلبێر کامۆ سەرچاوەیەکى گرنگى مەعریفی و ئەدەبین.
ـ دەیان نموونەیدى هەن کە نموونەى بەرزیى نووسینن و سەلمێنەرى پەیوەندیى چڕى بوارەکانى مەعریفەن.
ئەگەرچى دەتوانین بڵێین لەناو کایەى رۆشنبیریى کوردیدا نموونەى قەڵەمى جدى و بەرز بەدى دەکرێن، بەڵام بە بەراورد بە نووسینە ناوەڕۆکبەتاڵ و کاڵ و کرچەکان زۆر کەمن.
زۆربەى نووسەرەباشەکان لەنووسین ترساون. (نیتشە) تا ئەو رادەیەرۆیشتووە، کە بڵێت: ( نووسین داینامیتە) کەچى (بەناو نووسەر)انى کورد سوک و ئاسان دەست بۆ ئەو داینامیتە دەبەن بێ ئەوەى بیر لەوە بکەنەوە کە ئەتەقێتەوەو عەقڵ ئیفلیج دەکات.زۆربەى نووسینە کوردییەکان لەچوارچێوەى پەڕەکانى کتێبەکە ناچنە دەرەوە، تەنیا وشەى سەر کاغەزن و مەعریفە بەرهەم ناهێنن: کەواتە با هەموومان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ نووسیندا بکەین، رێگە بە خۆمان نەدەین بە ئاسانى بنووسین، هاوڕابین لەگەڵ نیتشە کاتێ دەڵێت: (( لەنێو هەموو نووسراوەکاندا، تەنها ئەوانەم خۆشدەوێن، کە بە خوێن دەنووسرێن، بە خوێن بنووسە، پاشان بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو خوێنە هۆشە))*
*ئەم قسەیەى نیتشە لە کتێبى (چەند وێستگەیەکى فیکرى و ئەدەبى) وەرگیراوە، بڕوانە: چەند وێستگەیەکى فیکرى و ئەدەبى، وەرگێڕانى: ئازاد بەرزنجى، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى سێیەم، سلێمانى، 2008، لا14 .