ما 2073 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رزگار عەلی

نەخێر ئەمە حاڵەتێکى گاڵتەجارى نییە ئەمە ئەوەیە کە لاکان دەڵێت: ((هیچ پەیوەندییەکى سێکسى بوونى نییە)) ئەمە عیشقە، ئەمە دۆنادۆنییە، ئەمە عەوداڵبوونى جەستەیە بە دواى ڕۆح و دۆزینەوەیەتى، ئەمە ئەوپەرى تەجەلابوونى عیشقە و گەڕانەوەى جەستەیە بۆ ماڵە ئەسڵەکەى خۆى.

 

سلافیۆ ژیژەک و سێکس لە

فیلمى خۆشەویستى لە زەمەنى کولێرەدا

رزگار عەلی

 

(خۆشەویستى لە زەمەنى کولێرە) یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانى نووسەرى کۆڵۆمبى (گابرێل گارسیا مارکێز). مارکیز هەڵگرى خەڵاتى نۆبڵى (1982). لەبەر قووڵى ئەم ڕۆمانە دەرهێنەرەکان بیریان لەوە کردەوە ڕۆمانەکە بخەنە ناو فەزاى سینەماکان و بە فیلمى بکەن، لەوەشدا ئەو شەنسە بەر دەرهێنەر (مایک نۆیل) کەوت. لێرەدا هەوڵدەدەین شیکردنەوەیەک لەسەر هەندێک لە ڕووداوەکانى ناو فەزاى فیلمەکە بدەینە دەستەوە، بێگومان ئەم ڕووداوانەش لە دایک بووى بابەتەکانى ناو ڕۆمانەکەیە. هەر لەسەرەتاى دەسپێکردنى فیلمەکە دەرهێنەر ئاشنامان دەکات بە پیاوێک لە باخچەیەک دانیشتووە، پیاوەکە سەرى بەتەواوى سپی بووە، بە گۆچان پێیەکانى بە زەویدا دەنوسێت، لە هەمانکاتیشدا بە ئەستەم بە عەینەک وێنەکان لە یەک جودا دەکاتەوە. ئەم پیاوە بەبەغایەک دەبینێت لەسەر دارێک و هەوڵدەدات ئەو بەبەغایە بێتە لاى بەڵام هەوڵەکەى بێسودە، هەر لەبەر ئەوە خۆى بەسەر قادرمە دەکەوێت تا بەبەغاکە بگرێت، لە کاتى سەرکەوتن و دەست بۆ بەبەغابردن بەبەغا دەنوکێک لە پیاوە پیر دەگرێت، پیاوە پیر لەسەردارەکە دەکەوێتە خوارەوە و بە قوربانى مەرگ دەبێت. پیاوە پیر پێش ئەوەى بمرێت ژنەکەى دێتە لاى و بە ژنەکەى دەڵێت: (( خودا دەزانێت چەندم خۆشدەوێیت))، ڕووداوەکان لەوێوە دەمانبەن بۆ لاى پیرمێردێکى تر کە کچێکى شۆخ و شەنگ کە قوتابى زانکۆیە لە باوەشیدایە و خەریکى مومارەسەن، لە ناکاو دەنگى کەنیسە لێدەدات، ئەو دەنگە پیرە پیاو بە ئاگا دەهێنیتەوە و بە کچە شۆخ و شەنگەکە دەڵێت: ((بڕۆ، من کارێکى گرنگم هەیە)) کچەکە سەرى دەسوڕمێ، ئایا تۆ بڵێیت چ شتیکى گرنگ ڕوویدابێت؟ ئاخر ئەگەر دونیاش کاولبووبێت هى ئەوە نییە پیاوێکى تەمەن 72 ساڵ کچێکى شۆخ و شەنگى زانکۆ لە باوەشى دەربکات. ئێمە دەپرسین ئایا چى ڕوویدا؟ ئایا ئەو پیاوە کێ بوو مرد؟ ئەى پیاوە 72 ساڵەکەى تر کێییە؟. لێرەدا نووسەر  لە ڕێگەى ئەم دوو وێنەوە دەمانباتە ناو فەزاى عیشق، وێنەیەکیان هى پیرە پیاوێکە کە باسى عیشق دەکات، لەساتى مەرگیشدا بە ژنەکەى دەڵێت: خۆشمدەوێیت، ئەم ساتەیان ساتێکە نووسەر ئاگادارمان دەکاتەوە، ئەوەى ئێمە باسیدەکەین عیشقە، عیشقیش باسێکى هەرزە نییە، یان باسێک نییە گەنجێک لەبەر پاڵنەرێک کچێکى خۆشبوێت، یان بەجۆرێکى تر ئەم باسە هیچ پەیوەندییەکى بە پیرى و زەمەن و کاتەوە نییە، ئەوەتا لەکاتى پیریدا و کۆتایی زەمەندا لەو کاتەى جوبرائیل خەریکە گیانمان دەکێشێت ئێمە عاشقین، هەر لەبەر ئەوە ئاگادارمان دەکاتەوە بیرتان بۆ هیچ لایەک نەچێت ئەوەى لە ڕووداوەکانى داهاتوودا ڕوودەدات تەنها عیشقە. وێنەى دووەم کە وێنەى پیرە پیاوى تەمەن 72 ساڵە کە شۆخترین کچ لە باوەشى دەردەکات، ئەم وێنەیان لە ڕێى ئەم مەشهەدەوە هەم پێمان دەڵێت ئەگەر کاریگەرى عیشق نەبێت چ پیاوێک دەتوانێت کارێکى ئەوها بکات، هەم پێمان دەڵێت سێکس و غەریزە لە عیشق جیابکەینەوە، چونکە عیشق شتێکى ترە دوور لە سێکس. دەرهێنەر لە ڕێى ئەم دوو ڕووداوەوە مەشهەدەکە دەباتەوە سەرەتاى ڕووداوێک کە باسى کوڕێک بە ناوى (فلۆرینتینۆ ئەریزا) دەکات کە لەگەڵ یەکەم نیگادا عاشقى کچێک دەبێت بە ناوى (فێرمینا دازا)، عاشقێکى سەرمەستانە. فلۆرینتینۆ دواى عاشقبوون بە فێرمینا ئیتر هیچ شتێک نییە لە بیریدا بێت فێرمینا نەبێت، فلۆرینتینۆ هەر ئەو ڕۆژە لەکاتى گەڕانەوەى بۆ ماڵەوەدا بڕیار دەدات عاشقەکەى خۆى بۆ فێرمینا دەربخات، بەڵام چۆن؟ تۆ بڵێیت لەوە ناخۆشتر هەبێت لە دونیا عاشقى کچێک بیت و نەزانیت چۆن پێی بڵێیت، لەو کاتە هەزار ڕێگا بە مێشکدا دێت، ئایا بە نامە پێى بڵێم، ئایا بە کەسێکى نزیکى بڵێم، ئایا خۆم پێی بڵێم، لە هەموو گرنتر ئەوەیە ئایا چى پێ بڵێم، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئایا تۆ بڵێیت ڕازى بێت؟ فلۆرینتینۆ نامە هەڵدەبژێرێت و زۆر بە کورتیش لە نامەکە دەنووسێت (خۆشم دەوێیت). دواى کاتێکى زۆر نامەیەک دەگاتەوە دەست فلۆرینتینۆ کە نامەى فێرمینایە و لە وەڵامدا خۆشەویستى خۆى بۆ فلۆرینتینۆ دوپات دەکاتەوە، فلۆرینتینۆ کە کارى تەلەگرافى دەکات لەوێشەوە هەموو کارەکانى تەلەگراف بەو نامانەشەوە کە فلۆرینتینۆ بۆ تەلەگرافى دەنووسێت دەبێتە نامەى خۆشەویستى، وە هەرچى فێرمینایە کە خوێندکارى کەنیسەیە و وانەى خۆشەویستى عیسا دەخوێنێت، هەموو ئەو عیشق و خۆشەویستەى کە بۆ کەنیسە و مەسیح هەیە دەگۆڕێت بۆ عیشق بۆ فلۆرینتینۆ. هەموو شتێک بۆ ئەو دوو عیشقە بە ئاسانى گوزەر دەکات تا دەگاتە ئەوەى فلۆرینتینۆ داوا لە فێرمینا دەکات شووى پێبکات، لەو ساتانەدا ڕۆژێک باوکى فێرمینا بەسەر شێتێکى لە ڕادەبەدەر دێتە ژوورەوە و کۆمەڵێک نامە لەسەر مێزەکەى فێرمینا دادەنێت و پیى دەڵێت: ((فلۆرینتینۆ ئەریزا کێیە؟))، لەوێوە دونیا کاول دەبێت، چونکە کوڕێک عاشقى کچێک بووە. هەر ئەمەش وا دەکات باوکى بڕیار بدات فێرمینا دووربخاتەوە بۆ گوندێکى دوورە دەست تا فلۆرینتینۆى لە بیربچێتەوە. دواى ماوەیەکى زۆر لە دوورى ئەو دوو عاشقە، فێرمینا شوو بە دکتۆرێک دەکات. ئا لێرەوەیە زیاتر دەچینە ناو عیشق، دەچینە ئەو ساتەى بزانین فلۆرینتینۆ چى بەسەر دێت؟ یەکەم ساتى ڕووبەڕووبوونەوەى فلۆرینتینۆ بۆ ئەو جیهانەى کە خەریکە بەسەریدا دەڕوخێت ئەوەیە سێکس بکات، واتە لە ڕێگەى سێکسەوە ڕووبەڕووى عیشق بێتەوە، یان لە ڕێگەى  مومارەسەى سێکسى وابکات عیشق لەبیربکات. فلۆرینتینۆ لەگەڵ 622 ژن دەخەوێت تا فێرمینا لەبیربکات، ئایا فلۆرینتینۆ سەرکەوتوو دەبێت؟ لێرەوە دەمەوێت سەرنجتان ڕابکێشم بۆ وتەیەکى سلافیۆ ژیژەک کە بە گەڕانەوە بۆ لاکان ئاماژە دەکات: ((پەیوەندییەکى سێکسى بوونى نییە)) بەلاى منەوە ئەم گوتەیە ڕێک دەرخەرى ئەو کارەیە کە فلۆرینتینۆ وادەزانێت لە ڕێگەى سێکسەوە دەیەوێت عیشق لە بیر بکات، چۆن؟ ئەم وتەیە هیچ مانایەک دەرناخات تا نەگەڕێینەوە لاى ئاماژەیەکى ترى ژیژەک کە ئەمجارەیان بە گەڕانەوە بۆ هیگڵ ئاماژە دەکات:((ڕۆح ئێسقانە))، ژیژەک هیچ مەبەستێکى واى نییە کە ڕۆح و ئیسقان  بەیەک شت بزانێت یان ئاماژەیەکى وابکات کە شتێک نییە بەناوى ڕۆح و ئەوەشى هەیە هەر ئێسقانە، بەڵکوو ڕۆح ئێسقانە گشتێتى مرۆڤمان بۆ دەردەخات، مرۆڤێکمان بۆ وێنە دەکات کە مرۆڤێکى تەواو بێت، واتە مرۆڤێک ئیتر نە دابەشدەکرێت نە بەکاردەهێنرێت، نە لە شوێنێکى ترە. لەوێشەوە کاتێک دەڵێت(( پەیوەندى سێکسى بوونى نییە)) ڕاماندەکێشێت بۆ ئەوەى هەردەم وێنەى مرۆڤ بەناتەواوى هەیە، واتە سەرنجمان ڕادەکێشێت بۆ مرۆڤى مۆدێرن کە بووتە سەدەها پارچە. ئەوەى سێکس دەکات ئەوە شتێک پاڵی پێوە دەنێت سێکس بکات، ئەو شتە پەیوەندى کۆمەڵایەتى بێت یان ئاینى یان تێرکردنى ناچارانەى غەریزە، بەمەش چونکە ڕۆح لە دەرەوەى ئێسقانە یان بە پێچەوانەوە، کەواتە پەیوەندى سێکسى بوونى نییە. یان بە مانایەکى تر هەر کاتێک ڕۆح نەیتوانى ئێسقان بێت سێکس بوونى نابێت. هەر ئەمەشە فلۆرینتینۆ  تا تەمەنى 72 ساڵى لەگەڵ 622 ژن دەخەوێت بەڵام ناتوانێت بێتە ئەو مرۆڤەى کە خۆى دەیەوێت، یان ناتوانێت بێتە مرۆڤێکى تەواو، چونکە جەستە لێرەیە و ڕۆح لەولایە. ئەوەتا دواى ئەوەى بەبەغایەک بە دەنوکێک مەرگ دەبەخشێتە ئەو پیاوەى کە خۆشەویستەکەى لێسەندووە، هەر ئەو دەنوکە یان ئەو مەرگە ژیان دەبەخشێنێتەوە بە بەر فلۆرینتینۆ. فلۆرینتینۆ لە جێگەیەک نییە عەوداڵى ژیانێکى یۆتۆپی بێت، بەڵکو (ئەمریکا) کە شۆخترین کچى زانکۆکەیەتى لە باوەشیایەتى، واتە ئەو لەناو ئەو ئەو یۆتۆپیایە کە هەموو کەس بە ئاواتن بۆى. بەڵام فلۆرینتینۆ ئەمریکاى تازەپێگەیشتوو دەردەکات و دەڕوات بۆ لاى مەعشوقە 70 ساڵییەکەى، دەڕوات بۆ لاى ئەو مەعشوقەى کە ڕەشپۆش و تەعزێبارە. فلۆرینتینۆ دواى مەرگى دکتۆر هەر بە ئاوازى جاران و گەنجى لێینزیک دەبێتەوە و دوا تێڕامانى پێیدەڵێت: (( پەنجاو نۆساڵ و نۆ مانگ و چوار ڕۆژە چاوەڕوانى ئەم ساتەم))، بەڵام فێرمینا هاوار بەسەریدا دەکات و دەریدەکات، فلۆرینتینۆش بۆ ڕازیکردنەوەى هەمان ئەو ڕێگە دەگرێتە بەر کە پێشتر ڕازیکرد، ئەویش ناردنى نامە لەسەر نامە، تا دواجار فێرینا ڕازى دەبێت. دواى ڕازیکردنى فێرمینا ئەو کاتەى دەیەوێت خۆى بۆ فلۆرنتینۆ ڕووتبکاتەوە، فلۆرنتینۆ بە فێرمینا دەڵێت: ((تا ئێستا بە پاکیزەیی خۆم بۆ هەڵگرتوویت)) ئینجا فێرمینا دەچێتە باوەشى. ئایا ئەوە چ گاڵتەجاڕییەکە دواى خەوتن لەگەڵ 622 ژن ڕستەیەکى وا بڵێت، نەخێر ئەمە حاڵەتێکى گاڵتەجارى نییە ئەمە ئەوەیە کە لاکان دەڵێت: ((هیچ پەیوەندییەکى سێکسى بوونى نییە)) ئەمە عیشقە، ئەمە دۆنادۆنییە، ئەمە عەوداڵبوونى جەستەیە بە دواى ڕۆح و دۆزینەوەیەتى، ئەمە ئەوپەرى تەجەلابوونى عیشقە و گەڕانەوەى جەستەیە بۆ ماڵە ئەسڵەکەى خۆى.

Image result for analyse

گەڕان بۆ بابەت