ما 503 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

فەلسەفەی سەگی، کاردانەوەیەک بوو لە ئاست جیهانی هلینیستی. جیهانێک کە ئەوەندە گەورە ببووەوە، تاک تێیدا خۆی بێ هێز و لاواز و بەدوور لەهەرچەشنە کاریگەرییەک دەبینییەوە. بۆیە ژیانێکی سەگیانە، سەرکەشییەک بوو لەئاست جیهانێکدا کە مرۆڤی لە حەریمی گشتی (واتە بەشداری چالاکانە لە سیستمی سیاسی دا) دوور خستبووەوە.

 

فەلسەفەی سەگی و ژیان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کاتێک دونیای هلینیستی بە رووخانی سەردەمی یۆنانی کۆن دەستی پێکرد، سێ رێچکەی فەلسەفی هاتنە ئاراوە کە بریتی بوون لە سەگییەکان (کلبیان)، رەواقیان (Stoics) و ئێپیکوریسم. ئەم سێ رێچکەیە خۆیان لە فەلسەفەی باوی سەردەمی یۆنانی ئیفلاتون و ئەرەستو جیاکردەوە.

تایبەتمەندییەکی ئەم سێ رێچکەیە ئەوە بوو کە لەسەردەمێکدا هاتنە ئاراوە 'پۆلیس' واتە شار ـ دەوڵەتەکانی یۆنان چیدی نەمابوون و سەردەمی ئیمپراتۆرییەکان هاتبوونە ئاراوە. ئەو ئیمپراتۆرییەی مرۆڤی لە جیهانی بچوکی پۆلیس فڕێدایە دەرەوە و خستیە پانتاییەکی یەکجار فراوانترەوە. ئەمە بووە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە پێچەوانەی جاران کە هارمۆنییەکی لەنیوان حەریمی کەسی و حەریمی گشتی دا دەبینییەوە، چیتر هەست بەم هارمۆنییە نەکا و بۆیە پەنا بباتە کۆمەڵێک فەلسەفەی تر کە زۆرتر باسیان لە شێوازی ژیان دەکرد. هاوکات ئەم فەلسەفانە روانگەیەکی جیهانگەراییان هەبوو و بۆ وێنە کاتێک لە 'دیوگنیس' ی کەلبی یان دەپرسی خەڵکی کوێی، دەیگوت 'خەڵکی جیهانم'.

وەک ئاماژەی پێکرا یەکێک لەو فەلسەفانەی سەری هەڵدا، فەلسەفەی سەگییەکان بوو. تایبەتمەندیی ئەم فەلسەفەیە بۆ وێنە لەمانەدا بوو:

ـ شکاندنی کردە و رەفتار و عادەتە باوەکانی رۆژانە،

ـ جیاکردنەوەی شتە سروشتییەکان لەو شتانەی لە کۆمەڵگادا باو بوون،

ـ باوەڕمەندبوون بە ژیانێکی یەکجار سادە و لەهەمان کاتدا روودارانە،

ـ باوەڕمەندبوون بە بایەخە ئەخلاقییەکان،

ـ رەدکردنەوەی زانستی ئەبستراکت،

ـ جیهان باوەڕی.

وەک باسمان کرد یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفەی سەگییەکان، سادە ژیان بەسەربردن بوو. دەگێڕنەوە دیوگنیس بەناوبانگترین فیلسووفی ئەم نەریتە، تەنیا باڵاپۆشێکی لەبەردا بوو و بە قاچی رووت لەسەر بەفر دەڕۆیشت، هەروەها توورەکەیەک و کیسەیەکی سواڵکەری پێبوو و لە خومرەیەکدا دەژیا. ئەو، پێی وابوو ئەم شێوە ژیانە خاوەنی ئەوپەڕی ئاسایش بوو چونکە هیچی نەبوو تا خەمی لەدەستدانەکەی بخوا.

بێگومان سەرنجی دیوگنیس لەبابەت ژیانی سادە لەخۆیدا هەڵگری لایەنی ئەرێنی و پۆزیتیڤە. بەو مانایەی کە مرۆڤ نابێ بێ سنوور خۆی بداتە دەست مەتریاڵ و هەموو ژیانی لەودا کۆبکاتەوە. بەڵام مەبەستی دیوگنیس زۆر لەمە زیاتر بوو، وەها کە ئەو بۆ دابینکردنی ژیان و بژیوی رۆژانەی دەستەوداوێنی خەڵکی بووە. وادەنوێنێ ئەم فیلسووفە کارکردنیشی وەک یەکێک لە گرینگترین لایەنەکانی ژیان رەدکردووەتەوە.

بەڵام رەدکردنەوەی خاوەنداریەتی لە هەر چەشنێکی بەڕاستی خۆشبەختی دەهێنێ؟ وزەی ژیان وا لە دیوگنیس دەکا کە مەجبورە سواڵ بکا بۆ ئەوەی نەمرێ، واتە ئەو ئەگەرچی هیچی نیە، بەڵام هاوکات چاوی لەو شتانەیە خەڵکی تر هەیانە. بە مانایەکی تر، خۆداماڵینی خۆ لەهەر چەشنە خاوەندارەتییەک دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوام بیر و ژیانت وا رێک بخەی کە بگەیتە خاوەنداریەتیی ئەوی تر. لە راستیدا لێرەدا فیلسووفی کەلبی (سەگی) خۆی تەنیا لە بەرپرسایەتی لە ئاست خاوەنداریەتی و کاردا دزیوەتەوە، ئەگینا بۆ درێژەدان بە ژیانی ناچارە بەردەوام لەبیری دۆزینەوەی کەسێک بێت وا دەتوانێ ژیانی ئەو لەئیمڕۆوە بۆ سبەی گارانتی بکا. کەلبی، هەموو ساتەکانی ژیانی، ئەگەرچی خۆی لە شمەک و هەبوونی بۆ وێنە ژن و منداڵ داماڵیوە، بەڵام لە دڵەڕاوکێی بەردەوامیی ژیانیدا دەژی. بڕواناکەم هیچ سەگییەک لەدووای تێربوونی سکی لە ئێستادا بیری نەچێتە سەر ئەو ژەمەی تر کە قەرارە بێت و بەڵام ئەو لەئێستاوە هیچی پێ نیە بۆی.

***

 

فەلسەفەی سەگی، کاردانەوەیەک بوو لە ئاست جیهانی هلینیستی. جیهانێک کە ئەوەندە گەورە ببووەوە، تاک تێیدا خۆی بێ هێز و لاواز و بەدوور لەهەرچەشنە کاریگەرییەک دەبینییەوە. بۆیە ژیانێکی سەگیانە، سەرکەشییەک بوو لەئاست جیهانێکدا کە مرۆڤی لە حەریمی گشتی (واتە بەشداری چالاکانە لە سیستمی سیاسی دا) دوور خستبووەوە، دیوگنیس یش دەیویست بە دوورخستەوەی زیاتری خۆی بڵێ کە تۆ ئەی نەزمی نوێ تەنیا بەم هەڵوێستەی من لەناودەچی. یاخود دەیویست بڵێ کە ئەوەی تۆ پێمت داوە ئەمەیە و منیش رێزی دەگرم! (وەک دەمەلاسکەیەک).

Image result for ‫کلبیان‬‎

گەڕان بۆ بابەت