قادر نیکپوور
لە دەوری رێوی رێوی دەهات و دەچوو. جار وبار سەرەگۆچانێک یان نووکە شەقێکی دەگەیاندە رێوی. دەیگوت: "وامئەزانی خەونە، بەڵام خەونیش نیە زۆر راستە. چەند ساڵە چاوەڕوانی ئەم رۆژەم، ئەویش بە مردوویی!" تازە دڵنیام کاری تەواوە.
فرت و فێڵی سەگ و رێوی٢
قادر نیکپوور
به‌ڵێ، رێوی له ترسان سه‌د جار ده‌مرێت و ده‌ژیته‌وه. هەناسەی دەرنایەت، تەواو هێزی لێ بڕاوه.
مام سۆفی گۆچانه‌که‌ی خسته بن پیلی. به په‌له رۆیشته ژوورێ. سه‌گه‌کان به دوایدا. ئەوان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون خێرا بڕۆنه ژوور تاکو ئازایاتی بۆ خۆیان بکڕن.
کاتەکە زۆر گرینگه، وڵات بۆ تاوێک بێ ده‌نگ دەبێ. ئه‌م بێده‌نگییه ده‌رفه‌تێکی باش دەبێ بۆ رێوی تاکو بتوانێت باش بیر بکاته‌وه. به‌ڵێ، له راستیدا ده‌رفه‌تێکی باش دەبێ.
له ناکاو هەرا و هوریا له پشت ده‌رگا هەڵدەستێ. کاتێک ته‌قه‌ی ده‌رگا دێت، مام رێوی با گاڵتە خۆی له مردن دەدات.
سه‌گه‌کان له مام سۆفی به په‌له‌ترن. به‌ڵام سۆفی ته‌نیا خۆی به که‌لێنی ده‌رگادا دەچێتە ژوور و، دەرگا دادەخات. بەڵام سه‌گه‌کان ده‌س به‌ردار نین. سۆفی رۆژێکی دوور و درێژی به‌سه‌ر بردبوو، تۆزێک پێویستی به بێده‌نگی و بیر کردنه‌وه هه‌بوو.
له حه‌یفان دوو سێ گۆچانی له ده‌رگادا و وتی: بڕۆن وازم لێ بێنن! که‌ی ئه‌مه حاڵه؟ سه‌گه‌کان به ته‌قه‌ی ده‌رگا لەترسان دوور که‌وتنه‌وه.
مام رێوی به سیله‌ی چاوی سه‌یری مام سۆفی ده‌کات. هه‌رچی سۆفی نزیکتر ده‌بێ، رێوی باشتر خۆی له مردن ده‌دات.
مام سۆفی، ئه‌رێ ئه‌وه خه‌ونه یان راسته؟ متمانه‌ی به چاوی خۆی نیە، له خۆشیان تەواو حه‌به‌ساوە. لەگەڵ خۆی قسەی دەکا: "نا نا ئه‌گه‌ر خه‌ونیش بێت، زۆر خه‌ونێکی خۆشه". دوو سێ سه‌ره گۆچانی لە رێوی دەدات، بەلام رێوی مرته‌قی له خۆی بڕی بوو.
سۆفی، زۆر سه‌یره تۆ بڵێی ئه‌م فێلبازه له‌ترسان مردبێت؟ ئه‌مجار یه‌ک دوو نووکه شه‌قی باشی گه‌یانده رێوی.
مام رێوی سەرەڕای ئەم هەموو ترسە لە گەڵ خۆی قسەی دەکرد و دەیوت: "با ئەمجارەیان بژیم،
بزانە چۆن لە ماڵت دەڕیم!
بەڵێنی ئەدەم تۆڵەی ئەم شەقانەت بە قەل و مریشک لێ وەر گرمەوە.
مام سۆفی به ترسه‌وه سه‌یری رێوی ده‌کا. به خۆی ده‌ڵێ: "سه‌یری که، وەک بەراز بۆی راکشاوه"! ناحەقی نیە. جا کاکە هێندی ماڵی مفت خواردووە.
ماڵ نەمابوو مام رێوی بەسەر نەکردبێتەوە. بە تایبەتی ماڵە مام سۆفی.
به‌ڵێ، سۆفی دوایی ئه‌م هه‌موو هیلاکییه جگه‌ره‌یه‌کی داگیرساند، که‌مێک پشووی هاته‌وه به‌رخۆ.
لە ده‌وری رێوی ده‌هات و ده‌چوو، جاروبار سه‌ره گۆجانێک یان نووکه شه‌قێکی ده‌گه‌یانده رێوی. ده‌یوت: "وام ئه‌زانی خه‌ونه، به‌ڵام خه‌ون نیه، زۆریش راسته. چه‌ند ساڵه چاوه‌ڕوانی ئه‌م رۆژه‌م، ئه‌ویش به مردوویی"! تازە دڵنیام کاری تەواوە.
هەر چەند حەزم دەکرد بە زیندوویی بکەوتبایە بەر دەستم، بەڵام تازه چی بکه‌م؟
گرینگ ئه‌وه‌یه له ده‌س ئه‌م به‌ڵایه رزگارم هات.
نا نا، خێری بۆ دەکەم. لە دەس ئەم فیڵبازە رزگار بووم.
مام سۆفی زۆر هیلاکە، مێشکی تەواو ماندوویە. با بڕۆم پشوویه‌ک بده‌م، نان و چایه‌کی بۆبخۆم و خه‌وێکی خۆشی بۆ بکه‌م.
با ئەم شەو بە خاترجەمی بخەوم. شەو نەبوو لەدەس ئەم غەزەبە لە خەو نەبم.
به‌یانی به شاهیدی خه‌ڵک و لە پێش چاوی سه‌گی ئه‌م گوندە له سێداره‌ی ئه‌ده‌م. له پاشان که‌وڵی ئه‌که‌م، کەوڵەکەی بە دەوازەی ئاوەدانی هەڵداوەسم، تاکو ببێتە پەند بۆ هەموو ئەو فێڵ بازانەی دیکە.
رێوی فشەی بەم قسانە دەهات، ده‌یوت: ئه‌گه‌ر تاکو به‌یانی بژیم، به‌ڵێنی ئه‌ده‌م رووی هه‌رچی رێوییه سپی دەکه‌م.
به سیله‌ی چاوی سه‌یری مام سۆفی ده‌کرد، سۆفی گرژ و تووڕه وێستا بوو. ده‌س به‌ردار نه‌بوو، دووباره چه‌ند نووکه شه‌قی گه‌یانده رێوی و بینی هیچ مرته‌ق ناکات، ئه‌مجار له داخان به گۆچان وه‌رگه‌ڕایه رێوی و کڵ و کۆی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی پێ رشت.
به‌ڵێ، رۆیشت و ده‌رگای له‌سه‌ر رێوی داخست.
رێوی ئێش و ئازارێکی زۆری پێگەیشت، هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی هه‌ڵکێشا و هه‌ستا سه‌رپێ. خۆی ته‌کاند و به‌وردی سه‌یری که‌لێن و قوژبنی نێو ژوورەوەی کرد. خۆشی باوه‌ڕی به خۆی نه‌مابوو. ئه‌رێ فڵانی تۆ ماوی یان مردووی؟ پێی وابوو که به‌ڕاستی مردووه. پاشان گوێی هه‌ڵخست تاکو بزانێت له ده‌ره‌وه چ باسه.
سه‌گه‌کان هه‌موو هیلاک و برسی بوون، نووزه‌یان لێ بڕابوو. هه‌ریه‌ک له سووچێک بۆی که‌وتبوو، چاوه‌ڕوانی خواردنیان ئه‌کرد.
شه‌و دره‌نگ بوو. پوور رێوی چاوه‌ڕوانی مام رێوی ده‌کرد و جار و بار سه‌رێکی دێنا ده‌ر تا بزانێ دنیا چ باسە. به په‌رۆشی سه‌یری ئاوایی ده‌کرد، به ناهومێدی ده‌گه‌ڕایه‌وه.
مناڵه‌کان له برسان خه‌ویان له بیر نه‌بوو، کات ژمێرییان ده‌کرد و ده‌یان پرسی: ئه‌رێ دایکه، که‌ی باوکمان ئه‌گه‌ڕێته‌وه؟
پوور رێوی دڵخۆشی دەدانەوە، ده‌یوت: "باوکتان به‌ڵێنی دا شتی خۆشتان بۆ بێنێته‌وه، ره‌نگه باره‌که‌ی زۆر قورس بێت، دره‌نگ بگه‌ڕێته‌وه". یان به دڵپڕی به خۆی ده‌وت: داخۆ ئه‌م به‌سته‌زمان چی به‌سه‌ر هاتووه؟ قه‌ت ئاوا دره‌نگ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
هه‌موو لایه‌ک هیلاک و ماندو و برسی بوون. هیلاکتر له هه‌مووان مام رێوی.
له ناکاو هه‌واڵی ده‌سبه‌سه‌ر کردنی رێوی له ئاوایی ده‌نگی دایه‌وه. ئه‌گه‌رچی خه‌ڵک به چاوی خۆیان رێوییان نه‌دیبوو، به‌ڵام بە دڵ تامەزرۆ بوون.
سۆفی باقی به پرته‌پرت رۆیشتە لای ژنەکەی.
سۆفی ژن پرسی: ئه‌رێ پیاوه‌که چ باسه، بۆ ئاوا دره‌نگ؟
سۆفی وڵامی پرسیاره‌که‌ی نه‌داوه.
دووباره سۆفی ژن وتی: به خوا پیاوه‌که زۆر هیلاک و برسی دیاری! سۆفی که ئه‌م قسه‌ی به دڵ بوو وڵامی دایه‌وه: سه‌د ره‌حمه‌ت له باوکت، هه‌ر هیلاک و برسی، به خوا له هه‌موو ژینم وه‌ک ئه‌مڕۆ هیلاک نه‌بووم، نازانی ئه‌مڕۆ چ قه‌وماوه!
سۆفی، رێوی رێوی، ئەو فێڵبازە لە تەویلە دەس بەسەر کراوە. دەرگای لێ داخراوە تاکو بەیانی دەردی دەرمان دەکەم.
سۆفی ژن بە پێکەنینەوە وتی، رێوی چەند ساڵە دێت و دەڕوات، چ باس نیە. رەنگە خەونت دێبێت پیاوەکە.
مام سۆفی پێی خۆش بوو بمرێت بەڵام گوێی لەم قسەیە نەبێت.
هیچ وڵامی نەداوە. بە خۆی وت، با بڕۆم بخه‌وم به‌یانی کارم زۆره.
هه‌ر زۆر و به‌س؟ دنیایەکم کار هەیە.
به‌ڵێ، سۆفی رۆیشته ژووری خه‌وتن و سه‌گه‌کانی له بیر کرد. سه‌گه‌کان هه‌ریه‌ک به جۆرێک سه‌یری یه‌کتریان ده‌کرد و چاوه‌ڕوانی خواردن بوون. سه‌گە ڕه‌ش که خۆی به گه‌وره و سه‌رۆکی هه‌مووان ده‌زانی، له‌وانیتر به پرۆشتر بوو.
له‌گه‌ڵ خۆی قسه‌ی ده‌کرد: تۆ بڵێی سۆفی ئێمه‌یی له بیر کردبێت، ئه‌ویش ئه‌من؟ ئه‌و ئێواران پێش هه‌موو شتێک خواردنی من دێنێت، به‌ڵام ئێستا به‌ربه‌ری خه‌وتنه و هیچ باس له خواردن نیه. زۆر سه‌یره، عه‌قڵم نایگرێت. با که‌مێک چاوه‌ڕوان بم، ئه‌وجار چاره‌یه‌ک لۆخۆم ئه‌دۆزمه‌وه!
به‌ڵێ، وڵات ته‌واو بێ ده‌نگ بوو، چرایی ماڵان کووژانه‌وه.
مانگه شه‌وێکی زۆر خۆش بوو. تیشکی مانگ له پەنجەرەی ماڵان خۆی هاویشبوو نێو ژوورەکان. هه‌روه‌ها تۆپێکی گەش و پڕشنگداری له نێوه‌ڕاستی تەویلە دروست کردبوو، که ئه‌م تۆپە بۆ رێوی جێگای هومێد بوو. ئەخر رێوی بە مانگە شەو زۆرتر حەزی لە راوە.
دیسان هیچ باسێک له خواردن بۆ سەگان نه‌بوو. هه‌موو له به‌ر ده‌رگا چاوه‌ڕوانی خواردن بوون. ئه‌وان ئیتر بۆ قه‌ل و مریشکی سۆفی باقی به په‌رۆش نه‌بوون، چونکه رێوی ده‌سبه‌سه‌ر کرابوو، ئه‌وان زۆرتر له خه‌می زگی خۆیان دابوون.
سەگە رە‌ش بیر هەڵی گرت. وتی: با بڕۆم خولێک لێ بده‌م، بزانم چ باسه؟ به‌شکم خواردنێک بدۆزمه‌وه.
دوایی تاوێک خولانه‌وه هیچی ده‌س نه‌که‌وت و له پشت دیواری تەویلە بۆی که‌وت. هێندی نه‌خایاند رێوی هاتەوە بیری. باشه چۆن رێوی ئه‌توانێت به نێو ئه‌م هه‌موو خه‌ڵک و سه‌گه‌دا بێت و به دڵی خۆی خواردن به‌رێت، ئیمه‌ش له‌م نزیکه هیچمان پێ نه‌کرێت؟
با بڕۆم به جۆرێک خۆیی لێ نزیک بکه‌مه‌وه، بزانم ئه‌م هه‌موو زیره‌کییه‌ی له کوێ هێناوه؟
به ماته مات رۆیشته سه‌ربان، سه‌ری خسته نێو کۆلانه.
به سرته وتی: رێوی، هۆی رێوی! رێوی که ده‌نگی سەگە ره‌شی بیست، خۆی نزیک کرده‌وه و وتی: ئه‌وه کێیه قسه ده‌کات؟
سه‌گه ره‌ش وتی: هۆی رێوی وه‌ره پێش! بۆ خۆمم، منم سه‌گه ره‌ش! مه‌ترسه، پرسیارێکم هه‌یه. ئه‌گه‌ر باش وڵامم ده‌یته‌وه، یارمه‌تیت ئه‌ده‌م راکەی، ئه‌گینا خۆت ئه‌زانی به‌یانی زوو سۆفی چیت به‌سه‌ر دێنێ!
یاخۆ به زیندوویی سه‌رت ئه‌بڕێ، یان کەوڵت دەکا، یان دەتخاتە پێش سەگان تاکو لەت و پەتت بکەن. جا که‌وایه بێ فرت و فێڵ وڵامی پرسیاره‌که‌م بده‌ره‌وه!
رێوی له‌گه‌ڵ خۆی قسه‌ی ده‌کرد: به خوا برا ئه‌مه‌ش لێم له فێڵه. رووی زه‌مانه ره‌ش بێت، ئەوەش فێڵمان لێده‌کات. ده‌یهه‌وێ ئازایه‌تی و پیاوه‌تی لای سۆفی بۆ خۆی بکڕێت. بۆیه له قه‌دیمه‌وه ده‌ڵێن: "گورگ کە پیر بوو، ده‌بێته گه‌پجاڕی سه‌گان".
رێوی لای خۆی وتی، با بزانم پرسیاره‌که‌ی چیه؟ وتی باشه، من بێ فرت و فێڵ وڵامت ئه‌ده‌مه‌وه، فه‌رموو بزانم! سەگە ره‌ش پرسی: تۆ ده‌مێکه به قه‌ل و مریشکی ئه‌م گوندە فێری، ئێمه‌ش دوایی ئه‌م هه‌موو پاسه‌وانی و ئه‌مه‌کدارییه نانی ویشک ده‌خۆین و، ئێسکان ده‌لێسینه‌وه، ئه‌ویش به‌رماوی سۆفی باقی و ژنه‌که‌ی. پێم بڵێی بزانم، بۆچی له خواردنی مریشک واز نایه‌نی؟
رێوی وتی: ئه‌گه‌ر جارێک بە برسییەتی گۆشتی مریشک تام بکه‌ی قەت واز ناهێنی. به ئاسانی ده‌س به‌ردار نابی و به نانی ویشک رازی نابی! سه‌گه ره‌ش وتی، باشه چۆن ئه‌م کاره بکه‌م؟ من قه‌ت ئه‌م کاره‌م نه‌کردووه، ئه‌گه‌ر فێرم بکه‌ی یارمه‌تیت ئه‌ده‌م رزگار بی.
سه‌گه ره‌ش هه‌وای خه‌راپ له سه‌ری دابوو، خولێکی وڵاتی لێدا و گه‌ڕایه‌وه لای رێوی. کۆخی قه‌ل و مریشکان دیوار به دیواری تەویلە بوو. رێوی که خۆی باش دیزانی کۆخی مریشکان له کوێیه پرسی: تۆ پێم بڵێ کۆخه مریشک له کوێیه؟ ئه‌مجار ده‌زانین چی بکه‌ین. سه‌گە ره‌ش وتی: کۆخه‌که دیوار به دیواری تەویلەیە، ئه‌گه‌ر باش گوێ هه‌ڵخه‌ی، گوێت له ده‌نگی قه‌ل و مریشکان ده‌بێت. رێوی وتی، زۆر باشه، من له لای خۆم دیوار هه‌ڵده‌کۆڵم، تۆش له ده‌ره‌وه، تاکو پێکه‌وه ته‌واو ده‌بین، ئه‌و کات قه‌رارێکی تازه داده‌نێین.
به‌ڵێ: هه‌ر یه‌ک له به‌ر خۆیه‌وه دیوار‌یان هه‌ڵکۆڵی، کاتێک ته‌واو بوون، روو به روویی یه‌ک بوونەوە. رێوی به جۆرێک له ترسی سه‌گە ره‌ش حه‌به‌سابوو، زمانی تەواو قفڵ بوو. سه‌گە ره‌ش ده‌مێک بوو ئاواتی گرتنی رێوی له دڵدا بوو، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه بوو که تاوانی ئه‌و له تاوانی رێوی قورس‌تر بوو.
ئه‌گه‌ر سۆفی پێی زانیبا، له پێشدا سه‌گە ره‌شی له سێداره ده‌دا. ناچار به رێوی وت: بۆ حه‌به‌ساوی، بۆ هیچ قسه ناکه‌ی؟ هاکا سۆفی په‌یا بوو. رێوی به تره تره وتی: ئائا رررراسته، با خێرا بین. خۆت بڕۆ، بڕۆ به دڵی خۆت قه‌ل و مریشکێک بگره، چونکه ئه‌وان له تۆ ناترسن و ده‌نگ ناکه‌ن. ئه‌گه‌ر من بڕۆم له ترسان هات و هاوار ده‌که‌ن، ئه‌وجار قه‌باحه‌تێکی تازه ساز دەبێت.
رێوی وتی: واباشه من له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕوان بم، هه‌ر که‌س هات ئاگادارت ئه‌که‌م. هه‌رچی هێنات له ده‌ره‌وه‌ی ئاوایی پیکه‌وه به‌شی ئه‌که‌ین.
سه‌گە ره‌ش سه‌ری برده ژوور. قه‌لێکی گۆشتن له به‌ر ده‌می وێستا بوو، وتی: هه‌ر ده‌نگ بکه‌ی بانگی رێوی ده‌که‌م، واباشه به بێده‌نگی پێشم که‌وی.
هه‌ر که ناوی رێوی هێنا، قه‌ڵی به‌سته‌زمان له ترسان وتی: تۆ هیچ به رێوی مه‌ڵه، من هیچ ده‌نگ ناکه‌م.
جه‌نابی سه‌گ ته‌ماح گرتی، قەل و مریشکێکی زلی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا. رێوی له ده‌روه به خۆی ده‌وت: ئه‌مه گه‌وره‌ترین شانسی منه، ده‌بێ خۆم رزگار بکه‌م، مناڵه‌کان چاوه‌ڕوانن و گیانی منیش له مه‌ترسی دایه. سه‌گه به ده‌ستی پڕ هاته‌وه لایی رێوی. رێوی که قه‌ل و مریشکی بینی له خۆشیان زاری پڕ بوو لە ئاو. به سرته وتی: با زه‌حمه‌ته‌که‌مان به زایه نه‌چێت، ره‌نگه هه‌ر ئێستا هه‌موو پێ بزانن.
بڕۆ خولێکی ئه‌م ده‌ور و به‌ره لێبده، بزانه سۆفی خه‌ریکی چیه و سه‌گه‌کان له کوێن؟ منیش لێره چاوه‌ڕوانم!
درێژه‌ی هه‌یه!