رەسول سەفەریانیچهند ساڵه ده‌رو ده‌شت ده‌گه‌ڕێیت. په‌پووله نه‌ماوه نه‌یبینیت. هه‌موویانت به‌سه‌ر کردوه‌ته‌وه. به‌ڵام هیچ ئاکامی نه‌بووه. ئه‌وه‌ی تۆ لێیده‌گه‌ریت، له‌م دونیادا نییه. ئه‌وه خه‌وبوو به‌قوربان، خه‌وێک که ته‌عبیره‌که‌ی بۆ نه‌گبه‌تی وه‌های لێهات. هه‌ر که خه‌وه‌که‌ت گێڕاوه، من دڵم داچله‌کی، ترسام، به‌ڵام بیرم نه‌ده‌کرده‌وه که په‌پووله‌که‌مان به هه‌ڵه‌ی خۆمان باڵ ده‌ربکات و بفڕێت.
په‌پووله
رەسول سەفەریانی
جه‌سته‌یه‌کی لاواز, روخسارێکی ره‌نگ په‌ڕیو، جووتێ چاوی به‌قووڵاچوو. له‌سه‌ر قه‌ره‌ویله‌که‌ی راکشا بوو. یان باشتره بڵێم رایانکشانبوو. به ده‌گمه‌ن چاوی ده‌تروکاند. فرمێسکه‌کانی هێڵێکی بچکۆلانه‌یان له ده‌شتی وشک هه‌ڵاتوی گۆنای پڕ له چرچ و قه‌ڵه‌شیدا داخستبوو. له نێو ئه‌و هێڵه سپییه‌دا ده‌زویێک ئاو به‌رده‌وام وه‌ک دوا هه‌ناسه‌ی کانیاوێکی هیوا بڕاو له بارانی به‌هاری، به ئاسته‌م و نه‌خۆش ئاسا بچڕ بچڕ خۆیان تا ژێر چه‌ناگه‌ی ده‌کێشا. له‌گه‌ڵ فرمێسکه بێوچانه‌کانی ئه‌و، مێرده‌که‌یشی هه‌ناسه‌ی هه‌ڵده‌کێشا و چاوه‌کانی پڕ ده‌کرد و به‌ده‌ستماڵه‌که‌ی ده‌ستیشی تاونه‌تاو چاوه‌کانی ئه‌و و خۆی ده‌سڕی.
- بیکه به‌خاتری خودا و مناڵه‌کان که‌م بگری. چه‌ند ساڵه ئه‌مه کاری تۆیه. ده‌زانم ناخۆش بوو به‌ڵام خۆ به ئه‌نقه‌ست نه‌مانکرد. هه‌ڵه‌یه‌ک بوو که بۆمان قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه. ئه‌وه خۆت وه‌ها له‌ناوبرد. ئایا په‌پوله‌مان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
چه‌ند ساڵه ده‌رو ده‌شت ده‌گه‌ڕێیت. په‌پووله نه‌ماوه نه‌یبینیت. هه‌موویانت به‌سه‌ر کردوه‌ته‌وه. به‌ڵام هیچ ئاکامی نه‌بووه. ئه‌وه‌ی تۆ لێیده‌گه‌ریت، له‌م دونیادا نییه. ئه‌وه خه‌وبوو به‌قوربان، خه‌وێک که ته‌عبیره‌که‌ی بۆ نه‌گبه‌تی وه‌های لێهات. هه‌ر که خه‌وه‌که‌ت گێڕاوه، من دڵم داچله‌کی، ترسام، به‌ڵام بیرم نه‌ده‌کرده‌وه که په‌پووله‌که‌مان به هه‌ڵه‌ی خۆمان باڵ ده‌ربکات و بفڕێت. بفڕێت ووه‌ها زامێک له جه‌سته‌ی ژیانمان بدات، که پاش ساڵه‌ها هه‌ر به ته‌ڕی بمێنێته‌وه. بفڕێت و نه‌ک هه‌ر خۆی به‌ڵکو تۆش و هه‌موو تامی ژیانم له گه‌ڵ خۆی به‌رێت. ئه‌و فڕی و ده‌نگی تۆش بڕا. له‌و رۆژه‌وه ده‌نگی تۆ و ره‌نگی په‌پووله ته‌نیا له ناو بیر و خه‌یاڵمدا ماوه.
ئه‌مڕۆ رێک سێهه‌مین ساڵی ئه‌و ئێواره نه‌گبه‌ته‌یه که تا ئێستاش هه‌ر به‌ره‌و تاریکی چووه و، کازێوه‌یه‌ک سه‌ری نه‌کردوه به حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌مدا. شه‌و وبێده‌نگی وخه‌فه‌ت بوونه‌ته خۆره‌ی رۆح وگیانی خۆم و خێزانم.
هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی هه‌ڵکێشا و به ده‌سماڵه‌که‌ی چاوه‌کانی سڕی و ئاخێکی دووکه‌ڵاوی هه‌ڵکێشا ... ئاخ په‌پووله. که‌س نییه ئه‌و ساتانه‌ی تۆی دیبێت. که‌س چاوی له جه‌سته بچکۆله ناسکه‌که‌ت نه‌بوو که چۆن وه‌ک په‌ڕه‌ی گوڵ به‌ده‌ستی ترسه‌وه هه‌ڵده‌وه‌ری. چۆن دڵه بچکۆلانه‌که‌ت به چنگاڵی گورگی مه‌رگ وه‌ستا و ده‌نگه ئازاراوییهکهت له گوێی ئاسمانی که‌ڕدا خنکا.
باوکی په‌پووله راستی ده‌کرد که‌س جگه له من ئه‌و ساته جه‌رگبڕه‌ی نه‌بینی بوو. ئه‌و ئێواره‌ی که کۆتایێکی تاڵ بوو بۆ رۆژێکی خۆش و دڵ لاوێنی دوو بنه ماڵه.
په‌پوله‌یه‌کی بچوکی به‌ده‌سته‌وه بوو. به هه‌ڵاتن ئه‌هات و له‌به‌ر خۆیه‌وه قسه‌ی بۆ په‌پوله‌که ده‌کرد:
- ئێستا به دایکمت نیشان ده‌ده‌م. باڵهکانتی بۆ بکه‌وه با بزانێت من چیم گرتووه، باش. ئه‌زانی منیش نێوم په‌پووله‌یه. دایکم پێم ده‌ڵیت په‌پوو. من په‌پووله‌ی دایکمم و تۆش په‌پووله‌ی منی.
له لێژییه بچکۆله‌که‌ی نێو باخه‌که سه‌رکه‌وت. گه‌یشته نزیک ئه‌و شوینه‌ی وا هه‌موو خێزانه‌که‌ی خۆیان و ماڵی خاڵی پێکه‌وه له به‌یانی پێش تاو که‌وتنه‌وه هاتبوونه ئه‌وێ. گه‌یشته په‌نای ئه‌و کانییه‌ی وا ته‌نیا چه‌ند هه‌نگاو له داره‌کانی شوێنی دانیشتنه‌که دوور بوو، به‌ڵام ده‌نگی که‌س نه‌ده‌هات. لای سه‌یر بوو. ئه‌مڕۆ چه‌ند جار وه‌دوی په‌پووله که‌وتبوو، په‌پووله‌ی ره‌نگاوره‌نگی گرتبوو، وه‌ک ئێستا ده‌یهێنا بۆ لای دایک و خوشکه‌کانی. هه‌ر که ده‌گه‌یشته نزیکه‌ی کانییه‌که ده‌نگه ده‌نگی ئه‌وان سه‌رنجی راده‌کێشا. کانییه‌که‌ی جێهێشت و گه‌یشته بن ئه‌و چه‌ند داره‌ی وا ئه‌م به‌یانییه راخهریان له‌ژێر داخست و نان و خواردنیان له‌سه‌ر ده‌خوارد. به‌ڵام ئێستا ته‌نیا توێکڵه تۆ‌و و بڕێک ورتکه نانی بینی له شوێنه‌که‌یان. بڕێک سه‌یری ده‌وروبه‌ری خۆی کرد، که‌س نه‌بوو. دڵی پڕبوو، قیژاندی، دایه... دایه... دایه‌گیان. به‌ره‌و جاده خاکییه‌که‌ی رووانی که ئه‌م به‌یانییه لێوه هاتبون. له‌دووره‌وه له نێو هێڵێکی چڕی ته‌پوتۆزه‌که‌دا هه‌ردوو ماشینه‌که‌ی ناسییه‌وه. ده‌ڕۆیشتن و دوور ده‌بوونه‌وه. هه‌ڵات به شوێنیان‌دا و قیژاندی. دایه‌گیان، دایه، خاڵه ... منتان نه‌برد من ماوم. من ... دایه‌گیان...
به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر دووردهبوونهوه و ورده ورده ته‌نیا هێڵێکی تۆز و خۆڵ ده‌بیندرا و ئه‌ویش تا ده‌چوو کاڵتر ده‌بووه‌وه. په‌پوله ده‌گریا و ده‌یقیژاند و هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه. به‌رو دوای ده‌کرد و به چوار ده‌وریدا هه‌ڵده‌هات و ده‌یقیژاند. به‌ڵام رۆژ دره‌نگ بوو، که‌س له مه‌زرا و ده‌شت نه‌مابوو. که‌س ده‌نگی نه‌ده‌بیست. تاو نیشتبوو. سه‌نگی سامی تاریکی قورس‌تر ده‌بوو . په‌پووله ته‌نیا. ته‌نیاتر له په‌پووله کێوییه‌کان له قوڕگی شه‌وه زه‌نگدا نامۆ و بێکه‌س ده‌زریکێنێت. هاته‌وه بن داره‌که‌ی ئه‌مڕۆیان. به‌ده‌م گریانه‌وه، جه‌سته‌ی وه‌ک چڵی ده‌م با به ده‌س ترسه‌وه ده‌له‌رزی. ته‌نیا ناسراو و جێ متمانه‌ی، داره‌که‌ی ئه‌مڕۆ بوو. پااڵی پێوه‌دا و به ده‌م گریانه‌وه ورده ورده لاقه‌کانی شل بوون، دانیشت و ئه‌ژنۆکانی له پاوهشگرت و به ترسه‌وه بۆ ده‌وری خۆی ده‌ڕوانی. هه‌وا تاریک‌تر ببو. گریان به‌رده‌وام، به‌ڵام هێزی هاواری نه‌مابوو. ده‌نگی تا چه‌ند مه‌ترێک پتر بڕی نه‌ده‌کرد. جاده‌که لاڕێ و چۆڵ بوو. داروده‌وه‌ن زه‌به‌لاح و سامناکیان ده‌نواند.
ماشینه‌کان گه‌یشتنه نێو شار و چه‌ن شه‌قامیان بڕی و له دووڕیانی نزیک هه‌ردوو ماڵه‌که به بێ ئه‌وه‌ی بوه‌ستن، هه‌ر له‌ناو ماشینه‌که‌وه به ده‌ست خواحافیزییان له‌یه‌ک کرد و ههرماڵه و به‌ره‌و شوێنی خۆی لێخوڕی. به په‌له درگاکانیان کرده‌وه و سه‌یاره‌که‌یان خسته حه‌وشه و هه‌ڵاتنه سه‌ر بۆ به‌رده‌م تێڤێکه. باوکی په‌پووله خه‌وی دوای خواردنه‌وه سه‌ری لێدابوو. به‌ڵام به هانی دایکی په‌پووله و باقی مناڵه‌کان دانیشتنه سه‌یری ئهوسریاڵه تهلهفزیونییهی وا پهلهیهن بوو بۆ دینتنی.
- هه‌موو شه‌وێک تا ئێستا سه‌یرم کردوه و نامه‌وێت بپچرێ و چیرۆکه‌که‌م لێ بشێوێت . ئه‌مه دایکی په‌پووله له ده‌شت وتبووی.
- به‌ڕاستی منیش پێم خۆشه زووتر بچینه‌وه ماڵ و سه‌یر بکه‌ین. ئه‌ڵێن چی ؟ خاڵۆژنی په‌پووله وتی.
خاڵۆی و باوکیشی که ئیتر یاری ته‌خته و خواردنه‌وه‌یان ته‌واو ببو، له‌گه‌ڵیان رێک بوون و وتیان ئه‌گه‌ر وایه خێرا بکه‌ن. خۆتان کۆکه‌نه‌وه با دره‌نگ نه‌که‌وین.
په‌پووله له ژێر ره‌شایی قورسی شه‌ودا سه‌ری له‌سه‌ر ئه‌ژنۆکانی دانابوو. به ده‌سته‌کانی ده‌م و چاوی داپۆشی بوو بۆ ئه‌وه‌ی تاریکی و ده‌وروبه‌ره سامناکه‌که نه‌بینێت . خشه‌ی گه‌ڵا و ده‌نگی جڕوجانه‌وه‌ر خه‌ریک بوو زریکه‌ی پێده‌کرد. هاواری نه‌مابوو. ههنیسک و گریان توانای لێ‌بڕی بوو. به نوزه‌یه‌کی ئاسته‌م و به‌ده‌م هه‌نیسکێکی بێ وچانه‌وه له به‌ر خۆیه‌وه هیوابڕاوانه ده‌یگوت: دایه‌گیان بۆ، بۆجێت هێشتم، خۆ ئهملۆ من کچی چاک بووم. بهقسهتم کرد. جله‌کانم پیس نه‌کرد نانه‌که‌م خوارد. دایه‌گیان ئیتر په‌پوله‌ش ناگرم توخوا وه‌ره بمبه‌وه. گووم خوارد ئیتر به‌قسه‌ت ده‌که‌م. خۆ تۆ وتت ئه‌گه‌ر دره‌نگ بێیته‌وه جیت دێڵم. من خۆ دره‌نگ نه‌هاتومه‌ته‌وه. بۆ جێت هێشتم. خۆ تۆ وتت من په‌پووله‌ی تۆم...
دره‌نگ بوو سریاڵه‌که خه‌ریک بوو ده‌ستپێبکات. له نیوه‌ی سریاڵهکهدا مناڵه‌کان خه‌ویان لێکه‌وتبوو. کۆتایی فیلمه‌که دڵته‌نگ بوو. باسی مردنی مناڵێکی نه‌خۆش بوو. کروزاننهوه و گریانی دایکه‌که، هه‌ستی دایکانه‌ی دایکی په‌پوله‌ی بزواند و دڵی پڕ بوو. چه‌ند دڵۆپ فرمێسکیش له گۆلی چاوه‌کانی به‌ره‌و گۆناکانی ترازا و به نه‌رمی و ئارامی خۆیان تا لای لێوی خزاند. به گۆشه‌ی روسهرییهکهی سه‌ری، که ئێستا ئیتر له‌سه‌ری خزابووه ده‌ور ملی، سڕی و رووی له باوکی په‌پووله کرد و پی وت که تێلێک بۆ ماڵی خاڵی په‌پووله بکات با بزانێت ئه‌گه‌ر په‌پوو نه‌خه‌وتوه بچێت به شوێنی‌دا.
ده‌نگێکی نه‌رم و دلاوێن وه‌ک ده‌نگی دایکی هاته گوێی: په‌پووله. په‌پوله سه‌ری هه‌ڵێنا، له‌به‌رده‌میدا په‌پوله‌یه‌کی سپی گه‌وره. وه‌ها گه‌وره که ده‌کرا سه‌رو چاوی ببینیت.هه‌ستی کرد ده‌یناسێت. جووتێ باڵی نه‌رم و سپی له تاریکییه‌که‌دا ده‌دره‌وشاوه. په‌پووله‌که وتی: هه‌سته با بڕۆین. لێره نابێ دانیشیت.
په‌پووله: ئاخر من نابێت بڕۆم بۆ هیچکوێ. ئێستا دایکم دێته‌وه. ئه‌و هه‌میشه پێمی وتوه به‌ته‌نیا نه‌چم بۆ جێگایه‌ک. پێمی وتووه ئه‌گه‌ر هاتوو ون بووم هه‌ر له شوێنه‌که‌ی خۆم دانیشم دێته‌وه بۆ لام. ده‌بێ چاوه‌ڕیی بم.
په‌پووله‌که: نا تۆ ته‌نیا نیت. تۆ له ئێستاوه ئیتر له گه‌ڵ من ده‌بیت. تۆ ئیتر باڵت هه‌یه. دایکیشت هیچ ناڵێت.
به‌م قسه‌ی په‌پووله‌که، په‌پووله بیری ئه‌و رۆژه که‌وته‌وه که دایکی خه‌وه‌که‌ی خۆی بۆ باوکی ده‌گێڕاوه. " په‌پوله جووتێ باڵی سپی ده‌رهێنابوو."
په‌پوله‌که ده‌سته نه‌رمه‌کانی له ژێر باڵه‌کانییه‌وه راکێشا به‌ره‌و په‌پووله. ئه‌ویش به نه‌به‌دڵی به‌ڵام به ناچاری ده‌ستی خسته نێو ده‌ستی. به‌ڵام هه‌ستی به نه‌رمی و بێ هه‌ستی ده‌کرد. نه‌رم و بێ ده‌نگ وه‌ک فڕینی نێو خه‌و، له عه‌رزه‌که به‌رز بووه‌وه. سوک وه‌ک په‌ل له هه‌وادا وه‌ستا بوو. سه‌یری خۆی ده‌کرد که دانیشتبوو. گرمۆڵه و ترسا‌و.
په‌پووله‌که رایکێشا و ئه‌ویش وه‌ک بازهحهواییکی سوک به شوێنی‌دا به‌رز بووه‌وه. په‌پوله وه‌ک چاوه‌ڕوان، تا ده‌چوو هه‌ر لای ده‌کرده‌وه. له تاریکاییه‌که‌دا خۆی لێ ون بوو. وه‌ک دڵۆپێک له تیشک ده‌رۆیشت و شوێنێکی هێڵ ئاسای له دڵی ئاسماندا ده‌کێشا.
هێڵی ته‌پوتۆز له دڵی تاریکییه‌که‌دا وه‌ک دووکه‌ڵێکی چڕ ده‌هاته به‌رچاو که به‌شوێن موشه‌کێکه‌وه ده‌بیندرا. تا دوایین توانای ماشینه‌که پێ له پداڵی گازه‌که‌ی نرابوو. هاواری ده‌گه‌یشته ئاسمان. پاوکی په‌پوله به جه‌سته ماشینی لێده‌خوڕی و به رۆحیش خه‌یاڵ. دایکی په‌پووله‌ش گه‌رمتر له هه‌ناسه‌ی ماشینه‌که گڕ له ده‌روونی ده‌رده‌په‌ڕی و هاواریشی له ئاسمان توند ببوو. خۆی ده‌ڕنی و شیوه‌نی ده‌کرد. به که‌س ئارام نه‌ده‌بووه‌وه. خاڵ و خاڵۆژنی په‌پوله‌ش هه‌وڵیان ده‌دا هێوری بکه‌نه‌وه.
ئه‌تۆ خۆت مه‌کوژه، باش نییه، ئینشاالله هیچ نه‌بووه و ئێستا ده‌یگه‌ینێ و دهیێنینهوه. به‌ڵکو شوانێک، ده‌شته‌وانێک، رێبوارێک له‌لای بێت. خۆ قڕه ئینسان له دوونیا دانهکهوته.
به‌ڵام دایکی خه‌ریک بوو ده‌سوتا. ده‌یگوت فیلم به زووخاوم بێت. خه‌تای من بوو. له‌خۆشی فیلم له‌بیری کچه‌که‌مدا نه‌مام. کوێرایم داهات. پێم وابوو له‌گه‌ڵ نازدار پێکه‌وه وه‌ک ئه‌م به‌یانییه له ماشینه‌که‌ی ئێوه‌دایه. بۆیه دڵنیا بووم. جا ئێستا من چی بکه‌م. ده پێم بڵێن، بۆ پێم ناڵێن من چی بکه‌م. ده پێم بڵێن . پێم بڵێن ئێستا په‌پووله تۆقی کردوه. په‌پووله بێ دایک، بێ باوک، به ته‌نیای ته‌نیا. کوێراییم دا بێت. ده‌ک لال بم رۆڵه.
جاده چۆڵ و تاریکه‌که کۆتایی هات و گه‌یشتنه شوێنه‌که. باوکی په‌پوله ماشینه‌که‌ی به‌ره‌و داره‌کان راگرت و به بێ ئه‌وه‌ی بیکوژێنێته‌وه به خێرایی ده‌رپه‌ڕییه ده‌ره‌وه و روو له شوێنی دانیشتنه‌که هه‌ڵات. چرای ماشینه‌که تا ناوقه‌دی داره‌کانی روناک ده‌کرده‌وه به‌ڵام شوێنی دانیشتنه‌که به هۆی سێبه‌ری داره‌کانه‌وه و دوورییه‌که‌ی هێشتا تاریک بوو.
دایکی و ئه‌وانیش به هه‌ڵاتن به دوای باوکی‌دا به‌ره‌و شووێنه‌که ده‌رویشتن و هاواریان ده‌کرد و بانگی په‌پووله‌یان ده‌کرد. ده‌نگه ده‌نگ و شیوه‌ن پانتایی ده‌شته‌که‌ی گرتبوو. به‌ڵام وه‌ڵام نه‌بوو. هه‌وری بێده‌نگی و بێوه‌ڵامی تا ده‌چوو تیشکی هیوای پتر کپ ده‌کرد. خالۆژنیشی که تا ئه‌وده‌مه خۆی راگرتبوو، دایه گریان و ، ئه‌م کاره کوانووی گریانی دایکی په‌پوله‌شی خۆشتر کرد.
باوکی په‌پوله هه‌ر له چه‌ند مه‌تریه‌وه هه‌ستی به ره‌شاییه‌ک له بن داره‌که‌دا کرد. بڕێک هیوا که‌وته دڵی. له‌و چه‌ند چرکه‌دا پێش گه‌یشتنه لای داره‌که، له خودا پارایه‌وه که پهپهوله بێت و خه‌وی لێکه‌وتبێت. هه‌ر که گه‌یشته سه‌ری به ئارامی ده‌ستی هێنا به سه‌ریدا بۆ ئه‌وه‌ی دانه‌چڵه‌کێت. به‌ڵام جووڵه‌ی نه‌بوو. به هێواشی به نوکی په‌نجه‌ی له سه‌ر شانی دا. هه‌ر ده‌نگ نه‌بوو. هه‌ر دوو بن باڵی گرت بۆ ئه‌وه‌ی له باوشی بگرێێ. که به‌رزی کرده‌وه، سه‌ری که‌وت به پشتا و روومه‌تی بێره‌نگ و بێ‌گیانی، هه‌واڵی له دره‌نگ گه‌یشتنی ئه‌وان ده‌دا.
دایکی په‌پووله که تازه گه‌یشتبووه شوێنه‌که و په‌پووله‌ی وه‌ها بێ‌گیان و بێ ره‌نگ و ده‌نگ بینی، له ناخی دڵییه‌وه زریکانی"په‌پووله" و له سه‌رخۆ چوو. خاڵ و خاڵۆژنی که‌وتن به کۆی دایکیدا. هه‌وڵیان دا بی هێننه‌وه هۆش، به‌ڵام بێ‌سود بوو. ناچار به دوو که‌سی په‌لکێشیان کرد بۆ لای ماشینه‌که. که گه‌یشتن، باوکی په‌پوله له پشته‌وه دانیشتبوو، په‌پوله‌ش له باوشیدا. به کوڵ ده‌گریا و ئاگای له ده‌وروبه‌ری نه‌بوو. به بینینی دایکی په‌پوله به‌ده‌م گریانه‌وه هاواری ده‌کرد: ماڵ وێران بووم.
له‌ورۆژه‌وه که‌س وشه‌یه‌کی له دایکی په‌پووله نه‌بیست. باوکی په‌پوله ده‌ڵێت: زبانی له‌گه‌ڵ په‌پووله چوو. له‌و رۆژه‌وه ماڵه‌که کپ و مناڵه‌کانیش گوڵی خه‌نده‌یان هه‌ڵوه‌ریوه و ئه‌ڵێی باخی پاپیز گه‌سته‌ن. رۆژێکی خۆشیان نه‌بینیوه. بۆنی خه‌م هه‌ر له‌به‌ر ده‌رگای حه‌وشه‌که‌وه هه‌ستده‌کرێت.
دایکی په‌پووله وا سه‌رده‌مێک جوانییه‌که‌ی به ناو بانگ بوو، ئه‌مڕۆ به دایکه شێته‌که ناسراوه. له‌و باڵا به‌رز و رێک وپێکه که جووتێ چاوی ره‌ش له روخساری سپی و خڕیدا نهخشابوون و که‌س تێری له نیگایان نه‌ده‌خوارد. ته‌نیا مشتێک ئیسک و، پێستێکی سوتاوی به‌ر تاو و وشکهه‌ڵاتوو ماونه‌ته‌وه. ئێستا له هاتو چۆش که‌وتووه. هیچ ناخوات. دوێنی دوکتور هات بینی. ده‌ڵێت له باری جسمیه‌وه ساخه به‌ڵام رۆحی سه‌رگه‌ردانه.
له دووانیوه‌ڕۆوه خزمه‌کانی له‌لای کۆبوونه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌و چاوه‌کانی مۆله‌ق رووله په‌نجه‌ره‌که وه‌ستاوه و نایانگهڕێنێت. ئه‌ڵێی ئاگای له هاتنی که‌سیان نییه. یان ره‌نگه ئاگای لێبێت و به هێندیان ناگرێت. ئه‌ڵێی چاوه‌ڕوانی که‌سێکی تایبه‌ته.
هاوینه و هه‌وای گه‌رم. په‌نجه‌ره‌کان کراونه‌ته‌وه. خۆر داچووه به‌ڵام تاریک نه‌بووه. خاڵۆژنی په‌پووله به پچه به مێرده‌که‌ی ده‌ڵێت ئێستا ئه‌و سه‌عاته‌یه وا له باخه‌که هاتینه‌وه و ئه‌و کاره‌ساته روویدا. مێرده‌که‌ی ره‌نگ ده‌گۆرێت. ئه‌وانیتر سه‌یری یه‌کتر ده‌که‌ن و به بێده‌نگی خه‌مێک ده‌ستاوده‌ست ده‌گه‌ڕێنن. یان زامێک هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه. هه‌ناسه‌کان قورس بووون. بیده‌نگی باڵی قورس‌تر کرد به‌سه‌ر ماڵه‌که‌دا. هه‌ستێکی ناسراو، وه‌ک کسپه‌ی سوتان به‌رۆک به خیزانه‌که ده‌گرێت. به‌ڵام که‌س ناوێرێت ده‌ری ببڕێت. چاوه‌کان کاری زبان و وشه و ده‌نگ ده‌که‌ن. له په‌نجه‌ره ئاوهڵاکهوه په‌پووله‌یه‌ک دێته ژووره‌وه. په‌پووله‌یه‌کی سپی و زل. بێده‌نگه به‌ڵام هه‌مووان هاتنی هه‌ست پێده‌که‌ن. نه‌رم و سامناک به ژووره‌که‌دا ده‌فڕێت. سوڕێک ده‌گه‌ڕێت و پاشان له سه‌ر سنگی نه‌خۆشه‌که ده‌نیشێته‌وه. چاوه‌کانی ئه‌و پێشتریش سوڕی په‌پوله‌که‌ی شوێن گرتبوو. ئێستا سه‌یریان ده‌کات. روخساری ده‌گه‌شێته‌وه. خوێنێکی که‌می تێده‌زێت. به نه‌رمی و ئارام وشه‌یه‌ک ده‌ڵێت. وه‌ها که هه‌مووان له بێده‌نگیه‌که‌دا بیستیان."په‌پوله". پاشان زه‌رده‌یه‌ک ده‌نیشێته سه‌ر لێوی و له رومه‌تیدا وه‌ک نه‌خشێک جێده‌گرێت. په‌پوله‌که به ئارامی هه‌ڵده‌ستێت. نیگاکان له‌گه‌ڵی هه‌ڵده‌ستێت. سوڕێک ده‌خوات به ژووره‌که‌دا. له به‌ر روومه‌تی باوکی په‌پوله‌دا چه‌ند باڵ لێده‌دات و به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌که ده‌فرێت. نیگاکان له‌گه‌ڵی تا ده‌ره‌وه ده‌چن و رەوانهی ده‌که‌ن. که ون بوو، نیگاکان ده‌گه‌ڕێنه‌وه. هه‌موویان به ئارامی روو له دایکی په‌پووله ده‌که‌ن. زه‌رده‌که به لێویه‌وه به‌ستویه‌تی و له‌شی سارد بووه‌ته‌وه. که‌سێک له په‌نایه‌وه ده‌ستێک به چاوه هه‌میشه کراوه‌کانیدا ده‌هێنێت. چاوه‌ڕوانی کۆتایی دێت.