ما 5972 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بیرۆکەی 'حیزبی سەرەکی و حیزبی لەگەڵ' ناتوانێ بیرۆکەیەکی لەجێی خۆی بێت و لە راستیدا بە مانای درێژەدان بە هەمان سیاسەتی دوورخستنەوەی خەڵکە لە دەسەڵات. هەتا لە مانای 'حیزب' لە هەرێم گۆڕان دروست نەبێ و حیزب خۆی بچوکتر لە دەوڵەت و لە کۆمەڵگا نەبینی، ئەم قەیرانانە هەر درێژەیان دەبێ.

 

هەرێمی کوردستان، حیزبی سەرەکی و حیزبی لەگەڵ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ بەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان دا تێدەپەڕێ. ئەم هەرێمە وەک یەکەم ئەزموونی کوردی لەسەردەمی مودێڕندا دێتە ئەژمار کە توانیویەتی ماوەیەکی زەمەنی درێژ هەتا هەنووکە خۆی بەسەر پێوە رابگرێ و، سەرەڕای نەهامەتییە دەروونی و دەرەکییەکان بمێنێتەوە.

بەڵام ئەوەی هاوکات تایبەتمەندیی ئەم ئەزموونەیە، چەندین دیاردەیە:

ـ سەرەڕای رەخسانی هەل بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی هەرێمی، بەڵام ئەم دەوڵەتە لەمانا عورفییەکەی خۆیدا قەت بە گوێرەی پێویست دروست نەبوو و، ئەوەی هەتا ئیستاکە هەیە دەسەڵاتی دوو حیزبی چەکدارییە بەسەر هەرێمدا لە مانای شکڵیی دەسەڵاتدا. واتە حکومەتی هەرێم لە راستیدا زیاتر وەک ناو خۆی وەک دەوڵەت نیشان دەدا و ئەگینا بە کردەوە هەڵینەدایە قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی بەو دام و دەزگایانەوە کە کەسایەتیی سەربەخۆیان هەبێ لە حیزب. هەر بۆیە دەبینین لەم ساتەوەختەی تیادەژین هەر سێ کۆڵەکەکەی تایبەت بە دەوڵەت لەم هەرێمە بنەمای شەرعی و واقعییان نەماوە. هەروەها  ئەوەی ماکس وێبێر ناوی دەنێ 'مۆنۆپۆلی توندوتیژی' کە تایبەتمەندییەکی دەوڵەتی مودێڕنە قەت سەری هەڵنەدا و ئەم مۆنۆپۆلە تەنیا لە قەواری حیزبیدا مایەوە،

ـ نەبوونی ئابووری تۆکمە. لە هەرێم ئابووری بە بازرگانی و بە نەوتەوە گرێ درا و قەت بە شێوەی جیددی کار بۆ ئابوورییەکی پشت ئەستوور بە پیشەسازی و بە کشت و کاڵ نەکرا. جەماوەرێکی زۆری موچەخۆر، نەوەیەکی بەدوور لە کار و بەرهەمهێنانی پێشکەش کرد،

ـ سەرهەڵدانی بۆرژوازیی مشەخۆر کە لە ناو حیزبەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە ئیمکانیاتی حیزب سەری هەڵدا. ئەم جۆرە لە بۆرژوازی بە دەست تێکەڵکردنی لەگەڵ بۆرژوازی وڵاتانی دەورووبەر و بە ئاوەڵاکردنی بێ بەرنامەی سنوورەکان بۆیان، تا رادەیەکی زۆر کوردستانیان کردە شوێنی رمبازێنی ئەوان. لە هەرێمی کوردستانیش وەک وڵاتانی دەورووبەر، دەسەڵات سەرچاوەی دروستکردنی چینی بۆرژوا بوو،

ـ هەرێم هەتا هەنووکە شوێنی رمبازێنی ئەو دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانییانەیە کە لە هەرێم وەک پێگەیەک بۆ خۆیان دەڕوانن و قەت نەیانویست کەسایەتییەکەی بپارێزن. بوونی دەیان بنکەی سەربازی و سیخوڕی ئەمە دەسەلمێنن. بەرپرسانی هەرێم بۆخۆیان بەشێک لە پێکهێنەرانەی ئەم دۆخەن. ئەوان پێیان وایە لەم رێگایەوە و بە بانگهێشت کردنی ئەو دەسەڵاتانە دەتوانن داهاتووی خۆیان بپارێزن،

ـ بەشێکی گرینگی خاکی هەرێم شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی 'پ ک ک'ەیە کە بە هیچ شێوازێک وەڵامی هێزەکانی هەرێم نادەنەوە. ئەگەر تا پێش شەڕی شەنگال، 'پ ک ک' تەنیا لە ناوچەکانی سێ سنوور هەبوون ئیستاکە لە شەنگالیش هەن. لە راستیدا هێزەکانی 'پ ک ک' سەروەریی خاکی هەرێم پێشێل دەکەن،

ـ هەرێم سەرەڕای دۆخی دژواری، بەڵام لەپاش کەوتنی سەدام هەتا ماوەیەکی باش، باشترین شوێنی عێراق لە زۆر رووەوە بوو، بەڵام ئەمە کاتی بوو و بەهۆی ئەوەوەی کە ژێرخانەکانی دەوڵەتێکی ئاسایی وعورفی چێنەکرابوو، بۆیە زۆر خێرا دەیتوانی لە قۆناخە دژوارەکاندا بەتووش مەترسیی گەورەوە بێ، کە بوویشە،

ـ لە هەرێم هەتا هەنووکە دەستاودەستی دەسەڵات نەکراوە، بگرە دوو حیزبی سەرەکی، واتە پارتی و یەکیەتی، لە رێگای دەست بەسەراگرتنی داهاتی وڵات و چێکردنی سوپا و پۆلیس و هیزی ئاسایشی تایبەت بە خۆیان، هەروەها دروستکردنی ئەندامی زۆر بە کەڵک وەرگرتن لە پارە، دۆخێکیان دروستکردووە کە لە کوردستان جەماوەرێ بە ناوی جەماوەری حیزبی دروست بووە کە کاکڵی جەماوەری ئەم حیزبانە پێک دێنن و لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بەو دوو حیزبە دەدەن و هەمیشە زۆرینە بوونی ئەوان دەپارێزن. ئەگەرچی بە هۆی دژواریی قەیرانەکانەوە بزووتنەوەیەکی وەک بزوتنەوەی گۆڕان لە قۆناغیكدا سەری هەڵدا و بە جۆڕیک ئەم هاوکێشەیەی گۆڕی. بەڵام دەبێ دیقەتی ئەوە بدەین کە بزووتنەوەی گۆران هەتا ئیستا نەیتوانیووە هەیمەنەی دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە بشکێنێ و جۆرێکی تر لە سیاسەت و لە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان چێ بکا کە پشت ئەستور بە کۆمەڵگای مەدەنی بێت.

ـ هەرێم هەمیشە بەهۆی فرەحیزبی و نەبوونی گوتاری زاڵی حیزبێک ناڵاندوویەتی. ئەمە بووەتە هۆی پەرتەوازەیی لە یەکانگیریی گوتاری ناسیونالیزمی دا و لاوازی کردووە. بۆیە خەونی سەپاندنی هەیمەنەی حیزبێک لەلای هەندێ لە حیزبە گەورەکان هەمیشە هەبووە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەمیشە فاکتەرە ناوخۆییەکانن هاندەری بزاوت و جوڵەی نوێن، راستییەکەی ئەوەیە کە بە هۆی چەقبەستوویی دەیان ساڵەی دۆخی هەرێمەوە و بە زیادبوونی فاکتەرێک بەناوی نەوت، پارتی وەک هێزی سەرەکی بەو ئەنجامە گەیشت کە بە هێنانە گۆڕی گوتارێکی تر بە ناوی 'سەربەخۆیی' و ئامادەسازی بۆ ریفراندوم، گۆمەکە لە پێناو سەلماندنی هێزی تاقانەی یەک حیزب دا بشڵەقێنێ و بۆ هەمیشە لەم رێگایەوە کۆتایی بە شەقاربوونی گوتاری ناسیونالیزمی کوردی لە قەوارەی هەبوونی حیزبە فراوانەکان دا بێنێ. پارتی دەیەوێ بە سەلماندنی ئیرادەی خۆی، نەقشەی سیاسی کوردستان لە رێگای پلانی 'خۆی وەک حیزبی سەرەکی و ئەوانی تر وەک حیزبی لەگەڵ' بگۆڕێ و بۆ هەمیشە خەونی یەک ئیرادەیی گوتاری ناسیونالیستی بژیەنێتەوە کە بە بێ ئەوە سەرکەوتنی ئایدیای ناسیونالیستی تارادەیەکی زۆر مەحاڵە.

بەڵام لە دونیای واقع دا ئەم پلانە نوێیە بەدی هات؟

دەتوانین بڵێین کە تارادەیەکی زۆر نا، بەدی نەهات. هۆکارەکانیش ئەمانەن:

ـ پارتی خۆی بەشێکی گرنگ لە پرۆژەی شکستی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بوو،

ـ پێکهێنانی گوتاری 'حیزبی سەرەکی وحیزبی لەگەڵ'، تەنیا بە پارە و سەرەوت و سامان و بە هێزی زەبر و چەک ناکرێ،

ـ پێکهێنانی گوتارێکی تر لە بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کوردیدا تەنیا لە رێگای ریسک کردنەوە ناکرێ. وەها گوتارێک پێویستی بە رەخنە لە رابردوو هەیە. پارتی و حیزبەکانی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم ناتوانن بچنە ناو ئەم پرۆسەی رەخنەیەوە. چونکە ئەم رەخنەیە دەبێتە هۆی لابردنی ئەوان و زەروورەتی پێکهێنانی رەوتی سیاسی تر،

ـ دەکرێ گەمە بە هەستی نەتەوایەتی خەڵکی بکرێ و هانیان بدەی، بەڵام ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە تەنیا بەم هەڵخڕاندنە ناتوانین دۆخی نوێ چێبکەین،

ـ بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم، بەشی ئەساسیی سەقامگیرکردنی گوتاری نوێ 'واتە سەربەخۆخوازی' پێویستی بە کارکردن لەدەرەوەی سنوورەکانی هەرێم هەیە، کە بۆی نەکرا.

***

کۆتاقسە ئەوە کە گوتاری سەربەخۆیی خوازی کە گوتارێکە لەپێناو سەپاندنی بیرۆکەی 'حیزبی سەرەکی و حیزبی لەگەڵ' هەنووکە قەیرانەکانی لە هەرێمی کوردستان قووڵتر کردووەتەوە. لاوازتربوونی دەزگا شەرعییەکانی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ ئەو شێوازانەی کە لەپێش دامەزراندنی حکومەتی هەرێم داهەبوون، نیشانەی گەورەی ئەم قەیرانەن.

وادەردەکەوێ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم لەگەڵ ناوەند نەک لە رێگای دنەدانی ناسیونالیزمی ناو کۆمەڵگاوە کە دەبێتە هۆی بەربەرەکانێی زیاتری ناوەند و هەرێم، بەڵکو لە رێگای بەشداری پێکردنی خەڵکەوە لە دەسەڵات دا چارەسەر دەکرێ. کەسایەتی دان بە دەزگا شەرعییەکانی حکومەتی هەرێم، جیاکردنەوەی حیزب لە دەوڵەت و بەرجەستەکردنی جیلوەی نەتەوەیی لەناو دامودەزگا سەربازییەکاندا ئەو ئەرکانەن کە دەتوانن پێگەی هەرێم لەبەرانبەر ناوەنددا بەهێز بکەن و پارسەنگی هێز بە قازانجی هەرێم بگۆڕن. گەڕاندنەوەی خاوەنداریەتی کەرتە ئابوورییەکان بۆ حکومەت و دوورخستنەوەی حیزب لە مامەڵەکردنی مافیاییانە لە گەڵیان، تەنانەت مانای 'حیزب' یش وەک کۆڵەکەیەکی گرینگی دیمۆکراسی دەگێڕێتەوە و حیزب دەبێ بە بنەمایەکی گرینگ بۆ مومارسەی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات.

بیرۆکەی 'حیزبی سەرەکی و حیزبی لەگەڵ' لە دووای بیست و پێنج ساڵ ئەزمونی هەرێم ناتوانێ بیرۆکەیەکی لەجێی خۆی بێت و لە راستیدا بە مانای درێژەدان بە هەمان سیاسەتی دوورخستنەوەی خەڵکە لە دەسەڵات. هەتا لە مانای 'حیزب' لە هەرێم گۆڕان دروست نەبێ و حیزب خۆی بچوکتر لە دەوڵەت و لە کۆمەڵگا نەبینی، ئەم قەیرانانە هەر درێژەیان دەبێ.

 

 Related image

گەڕان بۆ بابەت