ما 4862 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خەبات ڕەسووڵی

ئەوجار بە دەنگی گریانی دایکم و وان وهۆش هاتمەوە. خوێنی سەرم راوەستابوو، بەڵام خوێنێکی زۆرم لەبەر رۆیشتبوو و زۆر بێ هێز ببووم. باوکم بە دەنگێکی نووساوەوە بەسەرهاتەکەی بۆ دەگێرانەوە. دوایەش گوتی هەر ئەوڕۆ لێرە دەڕۆین. ئەو خاکە دەفرۆشم و هەر نایەمە ئێرە.بە نووزە نووز گوتم: نا بابە پەلە مەکە.

جندۆکە

 

(1)

خەبات ڕەسووڵی

 

ناسر یەک بە خۆی دەنگی هەڵێنابوو و بە هەستەوە باسی تۆپێنی ئێوارەی خۆیانی بۆ تاهیر و کاک سولەیمان دەگێڕاوە. ئەمن ئاخر ژمارەی گۆڤاری سروە کە شێعرێکی منی تێدا بڵاو کرابۆوە و دوایەش چەند ساڵ پۆزم پێوە لێدا و قەتیش دوای ئەوە شێعری دیکەیان بۆ چاپ نەکردمەوە، بە دەستمەوە بوو و وام دەنواند کە خەریکی خوێندنەوەییم. حەلیمە لە گەڵ دایکم چاویان لە تلویزیۆنەکە بڕی بوو. تلویزیۆنیش دوو کاناڵ زیاتری نەبوو. یەکیان مەلایەکی تووکن باسی کەربەلای دەکرد و ئەوەی دیکەش ژنێک خەڵکی فێری چێشت لێنان دەکرد. بە ناچاری چاویان لە ژنەکە بڕیبوو و بیریان لە فێڕ و گازی چەند شۆعلە و یەخچاڵی دوو دەرکە و هەمزەنی بەرقی و... ئەوشتانە دەکردەوە پێیان وابوو ئینسان ئەو شتانەی هەبێ بە دڵنیاییەوە دەتوانێ چێشتی خۆشیش لێ بنێ. باوکم پاڵی بە تاقە پشتییەکەی ماڵێوە دابوو و چۆکەکانی لە باوەش گرتبوو لە پڕ گوتی: سێ تەگەرییەکە دەفرۆشم.
هەموو بێ دەنگ بوون. ناسر پێش ئەم قسەیە تۆپێکی شووت کردبوو و بە بیستنی ئەم قسەیە چاوی لە تۆپەکە هەڵگرت. تۆپەکە هەروا بێ ئامانج لە حەوادا دەسووڕایەوە و بەرەو پێشەوە دەڕۆی. کاک سولەیمان و تاهیر چاویان بڕیبووە تۆپەکە. ژنەکەی نێو تلویزیۆنەکە ئاوری گازەکەی کز کرد و چاوی بڕییە دەمی دایکم بزانێ چی جوابی باوکم دەداتەوە. حەلیمە خۆی بە شانی دایکمەوە نووساند. دایکم ڕەنگێکی هێنا و برد و تفێکی بە زۆری قووت دا. ئەمنیش وەک ئەوەی یەکەم جاربێ شێعرەکەی خۆم لە سروەدا دەبینم دەمەویست بە پەلە پەل جارێکی دیکەی بخوێنمەوە. دایکم گوتی دەتەوێ سێ تەگەرییەکە بفرۆشی؟ رێگای دیکەمان نییە؟
لە پڕ تۆپەکە هاتە خوارێ و لە لێواری میزی تلویزیۆنەکە درا و بەرەو لای باوکم وەرسووڕا. قابڵەمەی ژنی نێو تلویزیۆنەکە لەرزییەوە. ژنەکە توند باوەشی پێدا کرد و گوتی حەک رووی جەدوئابادت ڕەش بێ! باوکم وەک دەروازەبانێکی لێهاتوو دەستی لە چۆکەکانی بەردا و تۆپەکەی گرتەوە. ڕووی کردە ژنەکە و تفێکی لێکرد و گوتی دا ناسر لە دمی ئەو دێڵە بدە. ناسر زوو تلویزیۆنەکەی کوژاندەوە. ئێمە حەپەساو دەممان داچەقاندبوو. باوکم گوتی: نایفرۆشم. مەعامەلەی پێ دەکەم کابرا پارچە زەوییەکی لە پشت باسکۆڵی پاڵەوانی هەیە سێ سەد هەزاریشم باقی دەداتەوە...  .

 

 

(2)

 

ئەگەر بە دزییەوە دەست بخەیە گیرفانی پاتۆڵەکەی باوکمەوە، چنگێک خاکت دێتە نێو دەستەوە. خاکێک کە هەمیشە تازە تازەیە و نمیشی هەیە.ئەم خاکە ،خاکی گوندەکەیەتی و بۆنی کوێستانەکانی لێ دێ. سەیرەکەی ئەوەیە باوکم لەمێژە نەچۆتەوە گوند،کەچی هەمیشە دەڵێی ئێستا باوکم پڕی داوەتە دڵی زەوی و پچراندووتەتی، هەمیشە گژوگیاشی تێدا دەبینییەوە.دایکم و باوکم خزمی یەکترن و سەربوردەی ژیانیان وەک شیرێژوڕۆن تێکەڵی یەکترە. هەردووکیان لە سەردەمێکی لێک نزیکدا هاتوونەتە شار و هەر دووکیان ئێستاش بە دڵ لە گوندن و بە جەستە لە شار.
ڕقیان لە شار و هاڕە هاڕی ئەوە و عیلاجی دەردی دڵیان تەنیا بە ئاوی کانیاوی دێیەکانیان چارەسەر دەبێ، بەڵام کێشەکە ئەوە بووە کە هیچیان لە بنەماڵەی دەسترۆیشتوو نەبوون و لە گوندەکاندا بستێک خاکیان شک نەبردووە لاوێچێک گەنمی تێدا بڕوێنن. بۆیە ئەوان تەنیا خزمی قاجر و زەنبیل بوون و قەت نەبوونەتە هاووڵاتی .
لە ژیانیان دا قەت سەریان بۆ دەسەڵات دانەنواندووە و هەر وەک ئێستاش کە نانێکی دەسەڵاتیان نەخواردووە و نایخۆن.
باوکم کە هاتووەتە شار، شار نە دووکەڵی لێ بووە و نە هاڕە هاڕ... شارێکی چکۆلە، کە تاقە شەقامێکی قیرکراوی هەبووە و ناڵەشکێنەیەکی کەم تەمەن کە بستێک بووە و هێشتا سمێڵیشی گووگرە نەبووە و حەوزەگەورەیەکی گچکە کە ئەفتاوەیەکی ئاو تێدا بووە، ئیدی ئاو بێنە و دەستان بشۆ.
بەڵام گرینگ ئەوە بووە کە پێیان دەگوت شار و بازاری هەبووە و ئاغا چاوی لێ دەرنەپەڕاندوون و حاجی و مەلا و کوێخا و ژاندارمە دەسەڵاتیان کەمتر بووە.
باوکم بە خۆی و بوخچەیەکی بن هەنگڵەوە دێتە شار و دڵی لە کن کانیاوەکان و حاجی کیمی و گردە زێڕینە و بوزەکان و قۆپییەکان بە جێ دەهێڵێ. ئەو دڵ بە جێهێشتنە قوڕی بە سەری ئێمەدا کرد. باوكم تا ئێستاش دڵی لە هیچ ماڵێک داناسەکنێ. زوو زوو خانوو دەگۆڕێ. بێ هیچ هۆکارێک هەڵدەستێ خانووەکە دەفرۆشێ و لە شوێنێکی دیکە خانوویەکی دیکە دەکڕێتەوە.ئەمن لە دایک نەببووم کە یەکەم خانووی کڕیوە و فرۆشتوویەتییەوە. کە لە دایک بووم ماڵـمان لە کن حەمامی حاجی شاخە بوو.تا بوومە سێ ساڵە چووینە لای ترمیناڵی مهاباد،بوومە شەش ساڵە چووینە کن خانەقا، بوومە هەشت ساڵە لە پشت سیلۆ بووین، بوومە دەساڵە لە نزیک فەلەکەی ئێعدام بووین، بوومە دوازدە ساڵە لە قوول-لە بووین... . ئێستا کە جاری وایە زەنگ لێدەدەم و لە گەڵ دایکم قسە دەکەم دەڵێ رۆڵە چ قسەیەکت هەیە بیڵێ کارم هەیە خەریکی ماڵ بار کردنین.زوو دەڵێم دایە لە کام گەڕەکن، جاری وایە دەڵێ لە جادە حەسارین،جاری وایە دەڵێ لە کن مەدرەسەی چواری ئابانین،یان لە شەهرەکین.
هەنووکە نزیک پەنجا ساڵە باوکم لە شارە .
باوکم دەڵێ کوڕم ئەگەر هاتمە شار خیابانەکانی هەمووی تەق تەق و بەرد بوون و بیابان. بە قڕانێک دووچەرخەیەکم بە کرێ گرت و دەستم کرد بە دووچەرخە لێ خوڕین لە کن دووکانەکەی ئێستای خاڵم کەوتم و سەرم شکا.دووکانەکەی ئێستای خاڵی دەکەوێتە نزیک مخابەرات و پێشی زیندانی ئیتلاعات.
ئەوەی لەو هەموو ماڵ گواستنەوەیەدا نسیبمان بووە ئەوە بوو، نووکە ئێمەی منداڵیش وەک قەرەچی دڵمان بە هیچ جێگایەک گرێ نادەین و تا ئێستاش بێ هەموومان ساڵێ جارێک دوو جار بار دەکەین و گەڕەک و شار و وڵات دەگۆڕین.
ئەودەمەی باوکم گوتی سێ تەگەرییەکە دەفرۆشم.ساڵێک بوو لە پشت چڵەوکەبابی سامان کرێنشین بووین و باوکم پووڵی خانووەکەی دابوو بە سێ تەگەرییەک و باقیەکەشی خواردبوو. منی مێرمنداڵ بە عەقڵی ئەو کاتم پێم وابوو تازە ئێمە نابینەوە سێحەبی خانوو.
رۆژێک کە هەموومان لە خەو هەستاین دیتمان رۆژ نەبووەتەوە.سەرلەنوێ خەوتینەوە. تا قاوەڵتوون خەوتین و هەر رۆژ نەبۆوە. خەوتین، خەوتین، خەوتین ئاخری یەکمان چوو پەردەکەی لادا و دیتی دەڵقێکی ڕەشی گەورە پێشی پەنجەرەکەی گرتووە.
باوکم سێ مانگ بوو کرێ خانووەکەی نەدابوو. خاوەن ماڵ سەرتاپای خانووەکەی لە نایلۆنێکی ڕەش گرتبوو و سوێندی خواردبوو ناهێڵم رۆژی رووناک ببینەوە تا کرێیەکەم نەدەنێ. هەر ئەو رۆژە باوکم چوو مەعامەلەیەکی بە سێ تەگەرییەکەی کرد و خاکێکی سەد میتری لە پشت باسکۆڵی پاڵەوانی کڕی و سێ سەد هەزاریشی باقی وەرگرتەوە.
ئەمن لە خۆشیان حەجمینم نەبوو، گوتم بابە باسکۆڵی پاڵەوانی، ئەوەی... ئەوەی کن مەیدانی فووتباڵ دەڵێی؟
باوکم : کەرە کەر خاک لەوێ بە سێ تەگەری دەدەن؟نا دەرەوەی شارە تا سێ تەگەرییەکەم پێیە دەتانبەم . هێندش دوورە بۆ ئەوە نابێ بگەڕێنەوە، هەر لەوێ بمێننەوە تا خانووەکە ساز دەکەم.

 

(3)

 

میترمان لە بیر چوو بوو.بە شەقاو دەستمان بە پێوانی خاکەکە کرد.لە پەنا باسكۆلەکەوە خانوویەکی چکۆلە بە بلووک دروست کرابوو. دەرکەکەی تەنەکە بوو.خانوویەکی زۆر هەژارانە.بێجگە لەم خانووە تاق و لۆقە خانوو دروست کرابوون.لە مەودای کولتەپە بۆ شەهرەک دەشتاییەکە، هەموو دەشتاییەکە بیست ماڵی لێ نەبوو.هەر یەکەیان لە سووچێک.

خانووەکان هەموو نایاسایی دروست کرابوون و ئیزنی دروست کردنیان وەرنەگرتبوو.

باوکم گوتی با بچین لەم ماڵە بپرسین بزانین لەو خانووانە هیچیان بە تاڵە بە کرێی بگرین.

بەردێکم هەڵگرت و تەق تەق لە دەرکە تەنەکە ژەنگاوییەکەم دا. پاش قەدەرێک دەرکەکە بە جیڕە جیڕ کراوە و کچێکی جحێڵی رەش ئەسمەری جوان دەرکەی کردەوە.هەم من و هەم باوکم بە دیتنی ئەم کچە لەو بیابان و لەم خانووە پەرپووتەدا هەڵبەزینەوە. فەرمووی کردین و سپاسمان کرد. پرسیارەکەمان لێ پرسی. بە قامک خانوویەکی نیشانداین و گوتی هۆوە چۆڵە، ساحەبەکەشی لە فڵانە جێگایە.پاشان بزەیەکی کرد و گوتی تا ئێستا دە ماڵیش هاتوونەتە نێوی، بەڵام دەڵێن جندۆکەی تێدایە. هەموو سبەینێکەی چۆڵی دەکەن. باوکم گوتی کچم من دەبێ لێرە خانوو دروست بکەم و ئینشائەڵلا دەبینە جیرانتان.ماوەی مانگێک ناعیلاجم ئەو خانووە بە کرێ بگرم. ئەگەر دەکرێ ئەم قسەیە لە کن ژن و منداڵی من مەکەن. کچە دوو سێ جار گوتی بە چاوان... بە چاوان و دوایە خوڵکی ماڵێی کردین و ئێمەش سپاسمان کرد وماڵئاوایمان لێ کرد. سواری سێ تەگەرییەکەمان بووین و هاتینەوە. لە رێگا هیچمان هیچمان نەگوت. دیارە سێ تەگەریش هێندە تڕە تڕی زۆرە بۆ قسە کردنیش هەر نەدەبوو.

نەنکم خودا عافووی بکات زۆر جار دەیگوت ئەگەر جندۆکەت دی دەرزیلەیەکت پێ بێ و دەرزیلەکەی پێ دابکەی ،دەبێتە هی تۆ.ئەو قسەیە لە مێشکم دا هەر دەهات و دەچوو. لە بەردەرکە باوکم سێ تەگەرییەکەی راگرت و کوژاندییەوە. من دابەزیم. ویستم لە دەرگا بدەم. باوکم گوتی خەبات ئەو قسەیەی بیستمان هەر بەینی خۆمان بێ، باشە؟

گوتم باشە، ئەی چۆنی چارەسەر دەکەی؟

گوتی ئەورۆ بە کرێی دەگرم ،خودا گەورەیە.

 

(4)

 

هەر ئەوەندە بڵێی سێ و دوو ماڵمان بار کرد و گواستمانەوە. شەوێ دایکم و وان لە ماڵی پوورم مانەوە و ئەمن و باوکیشم بە بیانووی ئاگا لە کەلوپەل بوون .لە خانووە تازەکە ماینەوە.

لە پەنا خۆمان سەرو گۆپاڵێکمان دانا و چاوەڕێ دانیشتین.شەو ڕاشکا و ئەژنۆمان شل بوو و مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپڕووکا و ئێمە هەروا بە دەوری خانووەکە و نێو حەسار و ژوورەکاندا دەهاتین و دەچووین. ئەم خانووە دوایین خانوو لە خانووەکانی ئەم دەوروبەرە بوو و پشتی دەبووە دارستانێکی چڕ .شانسی ئێمەش تاریکەشەو وئەنگوستە چاوی وام قەت نەدیتبوو....

جار جار لە گەڵ باوکم چایەکمان دەخواردەوە و هەر جارەو باسی شتێکمان دەکرد.جارێک لێم پرسی بابە بڵێی جندۆکە بێن؟

باوکم زۆر قایم گوتی: با بێن شەپ تڕێنیان دەکەین.

دڵنیا بووم کێوێکم لە پشتە. کاتژمێر سێی نیوەشەو وردە وردە بە زۆری پێڵووی چاوم پێ ڕاگیرابوو. جار جار کە سەیری باوکمم دەکرد. دەمدی ئەویش ماندوویەتی ماڵ گواستنەوە و بێ خەوی فشاری بۆ هێناوە. جار جارە هەر دووکمان خەونووچکە دەیبردینەوە. ئاخری هەرچۆنێک بێ هەستام و دەورێکی دیکە بە دەوری خانووەکەدا سووڕامەوە. کە هاتمەوە دیتم باوکم لە سەر بەڕەکەی نێو حەوشە خەوی لێکەوتووە.

ئاسمان وردە وردە رووناک دەبۆوە و کەڵەبابێک لە دورڕا دەنگی دەهات. لە دڵی خۆمدا گوتم ئەوش ئەفسانەی جندۆکە. سەگباب نەهات بیگرم.

پاشان بە پلیکانەکەی حەسارێدا وەسەر کەوتم و چوومە نێو هاڵەکەوە.نێو هاڵ هەمووی کەلوپەلی ماڵێ دانرابوو و جێگای خەوتنم نەدیتەوە. دەرکەی ژوورێکم کردەوە. چەند بەڕە و پەتوو و موکێت لە سەر یەکتر دانرابوون. موکێتێکم بڵاو کردەوە و لەسەری ڕاکشام.پەنجەرەکە کرابۆوە و شنەبای بەیانی خۆی بە ژوورێ دادەکرد و فێنکاییەکی خۆشی دەمەو بەیانی لە گەڵ خۆی دێنا ژوورێ.پەتوویەکم بە خۆم دادا و خۆم گرمۆڵە کرد و خەوتم.

پێنج دەقە نەدەبوو خەوتبووم. یەکێک بە نووکە شەق لە چۆکمیدا و گوتی دەتەوێ من بگری

 

(5)

 

قژی زەرد زەرد بوو.تیژ بەرەو ئاسمان هەڵکشابوون. چاوەکانی داقلیشابوون و مەودای بستێک لە یەکتری دور بوون و دەمی خوار کردبۆوە و پێم پێ دەکەنی. لەشی سپی و... زمانم لە گۆ کردن کەوتبوو. هێزم نەبوو هەستمە سەر پێ. دیسان پێکەنی و گوتی دەتەوێ من بگری. یەک بە خۆم هاوارم کرد نااااااااااا. هەستام و بەرەو دەرکە هەڵاتم.لە پڕ بە شتێک لە سەری دام . سەرم سووڕا و گێژ بووم و دەمەوڕوو کەوتم. داهاتەوە و دەموچاوی هێنا پێشێ و گوتی دەی بۆ نامگری.

گەرمایی خوێنی سەرمم هەست پێ دەکرد. دنیا لە پێش چاوم تاریک داهات و ئاگام لە خۆم نەما.

کە وەئاگا هاتمەوە. لە حەسارێ بووم. باوکم بە سەرمدا نوشتابۆوە و بە دەسرەیەک هەوڵی دەدا پێشی خوێنی سەرم بگرێ. دیسان بێهۆش بوومەوە. ئەوجار بە دەنگی گریانی دایکم و وان وهۆش هاتمەوە. خوێنی سەرم راوەستابوو، بەڵام خوێنێکی زۆرم لەبەر رۆیشتبوو و زۆر بێ هێز ببووم. باوکم بە دەنگێکی نووساوەوە بەسەرهاتەکەی بۆ دەگێرانەوە. دوایەش گوتی هەر ئەوڕۆ لێرە دەڕۆین. ئەو خاکە دەفرۆشم و هەر نایەمە ئێرە.بە نووزە نووز گوتم: نا بابە پەلە مەکە.

گوتی ڕۆڵە چاوێک لە خۆت بکە. ئێرە بۆ مانەوە نابێ.نەمدەزانی بۆ بەڵام لە ناخمدا گرێیەک دروست ببوو.بەو حاڵە شپرزەیەمەوە زۆرم هەوڵدا تا رازیم کردن ئەمڕۆش بمێنییەوە. هیچ هۆیەکیشم بۆ قسەکەم شک نەدەبرد. تەنیا دەمویست لێرە بمێنییەوە.

 تا لای نیوەڕۆ کاس کاس بووم. نزیک نیوەڕۆ بڕێک باشتر بووم. دوانیوەڕۆ حەسەنی برای کاک ئەمین هات.کتێبی چیشتی مجێوری تازە کڕیبوو. بە خۆی خوێندبوویەوە. بۆ منی هێنا بوو منیش بیخوێنمەوە. بە تامەزرۆییەوە لێم وەرگرت.

هەرچی بیرم لە شەوی ڕابردوو دەکردەوە شتێک بۆمن ناڕوون بوو.مێشکم وەختا بوو بتەقێ. باشە من بۆ دەڵێم لەو خانووە ناڕۆین؟ ئەی ئەگەر ئەو شەو یەکمانی کوشت؟ ئەودەم خۆ تا قەئری قیامەت خۆم نابەخشم.

جاری وابوو حەسەن قسەی دەکرد. من تەنیا لێویم دەدی دەجووڵێتەوە .نەمدەزانی چ دەڵێ. تەنیا دەموچاوی جندۆکەکەم لە پێش چاو بوو. قژی زەرد زەرد بوو. تیژ بەرەو ئاسمان هەڵکشابوون.چاوەکانی داقلیشابوون و مەودای بستێک لە یەکتری دور بوون و دەمی خوار کردبۆوە و پێم پێ دەکەنی.....

 

 

(6)

لای نوێژی شێوان چاوم رێشکە و پێشکەی دەکرد و هەموو شتەکانم لێڵ دەبینی. دایکم و باوکم دەیانەویست ئەم شەو کەس لەو ماڵەدا نەمێنێ. بەڵام من هەموو هەوڵم وەگەڕخستبوو ڕازیان بکەم کە بمێننەوە.قسەکانم بە پەلە پەل دەگوت و وشەکانم تەواو گۆ نەدەکرد. هەمووی دەبوونە بڵمە بڵم.
حەسەن بە نائومێدییەوە چاوی لە زەردەپەڕی ئێوارە بڕیبوو. گوتی دەبێ بڕۆم. ڕووی کردە دایکم و باوکم و گوتی: سبەینێش سەردانی دەکەم. ئەگەر باشتر نەبوو دەیبەینە دوکتور.پاشان گوتی: پێم باشە جوابی نەدەنەوە ولێرەی لابەن. بە خۆشتان لێرە مەخەون، ئەگەر پێتان خۆشە گەورەمان بکەن و وەرنە ماڵی ئێمە. لە خزمەتتان دادەبین.
باوکم لە گەڵ حەسەن هەستا بووە سەر پێ و خەریک بوو بەرێی بکات. چاوێکی لە دایکم هەڵدەتەکاند کە بچێ کەوشەکانی بۆ جووت بکات.
حەسەن ئاگای لێ بوو. لە شەرمان سوور هەڵدەگەڕا و گوتی دادە سەعادەت چۆن کەوش بۆ من دادەنێی. فەرقی من و خەبات نییە. بە خودا ناهێڵم جەنابت کەوش بۆ من دانێی.
کەوشششششششششششششششششش. کەوششششششش.کوتوپڕ پەردەیەک لە پێش چاوم لابرا. هەستامە سەر پێ و گوتم دانیشن شتێکی زۆر گرینگم وەبیر هاتۆتەوە.
هەموو دانیشتن. گوتم جندۆکەکە کەوشی لە پێدا بوو.رۆژی ئەمڕۆ کاس بووم و مێشکم پێ کۆ نەدەکراوە،بەڵام ئێستا جوان جوان لە پێش چاومە.ئەو کاتەی جندۆکەکە لە سەری دام و کەوتم و دەموچاوی نزیک کردەوە و قسەی کرد، من هێشتا بە ئاگا بووم. کە خەریک بوو دەرۆی ،وردە وردە پێش چاوم ڕەش دەبوو، بەڵام کەوشەکانیم دی. ئاااااااااا بە خودا کەوشی لە پێدا بوو. کەوشەکانی ئێستاش لە پێش چاومن.کەوشێکی کەتانی سپی بوو.

 

(7)



باوکم گوتی: سولەیمان بڕۆ چەند کەس لە کوڕەکانی خزم بێنە، ئەم شەو دەبێ ئەم سەگبابە بگرین. سەعاتێکی پێ نەچوو یەک یەک و دوو دوو هەموو هاتن. ببوو بە پێکەنین و بەزمێک هەر نەبێتەوە. قەمە و زنجیر و بۆکس و... ئەوەی وەدەستیان کەوتبوو هێنابوویان. یەک بە ماتۆڕ هاتبوو، یەک بە دووچەرخە و یەک بە جیپ گاڵانت.

بەزم بەزمی ڕاوی جندۆکە بوو. تا نیوە شەو دانیشتین و فشەمان گێڕا و پێکەنین. دوازدە بەم لاوە لە نێو عەرزە ڕووتەکەی حەسارێ ئاورمان کردەوە و دانیشتین. باوکم کە چوو بخەوێ قسەکان بێ پەردەتر دەکران. یەکیان دەیگوت: کاکە من سەڵتم جندۆکەکە کچ بێ لە خۆم گاتەوە. ئەوەی دیکە دەیکوت کوڕە کوڕیش بێ من هەر قبوڵمە. پاش کاتژمێر یەکی نیوەشەو سێ چوارێک لە پەنا ئاورەکە وردە وردە شڵ بوونەوە و پەتوویان ڕاخست و خەوتن.

نزیک سەعات سێ دەتگوت شیمیاییان لێ داون هەر یەکە و بە لایەکدا خەوتبوو. لەپڕ مستەفا گوتی: ئەها جندۆکە هات. هەر بابا بوو دەردەپەڕی.یەک بەرەو ژوورێ هەڵدەهات و یەک بەرەوە دەرێ. ببوو بە تێکەولێکەیەک سەگ ساحەبی خۆی نەدەناسییەوە. دەی کوا ؟کوا ؟ وەڵلا خشەیەک هاتووە.

بە بۆڵە بۆڵ و منگە منگ خەوتنەوە. وردە وردە پرخەیان دەگەیشتە ئاسمان.

کە وەخەبەر هاتم. تاو هەڵاتبوو و تەواو رۆژ ببۆوە. ئەڵحمەللا وادیار بوو نە دز و نە جندۆکە بەم لایەدا نەهاتبوون.

عەبدوڵڵا یەکەم کەس بوو چوو بووە بەردەرکە.کە هاتەوە ژوورێ. رەنگی سپی سپی هەڵگەڕا بوو.گوتی تەگەری ماتۆر و دووچەرخە و ماشێنەکەیان پەنچەر کردووە... .

 

(8)

 

 

حەتوویەک بوو لەوێ بووین،لەو شەوەوە ئیدی هیچ باس نەبوو.باوکم لەم ماوەیەدا قەرزوقۆڵەی کرد و دەستمان بە خانوو دروست کردن کرد.

وەستا محەمەد وەک خزمێکی دور و وەستای چاک دڵسۆزانە و بە دەست وبرد خەریکی کار بوو. بە رۆژ لەبەر دەستی ئەو وێڕای کرێکارەکانی دیکە کارم دەکرد و شەوانەش تا درەنگی شەو چێشتی مجێورم دەخوێندەوە.

وردە وردە دیوارەکان هاتنە سەرێ و خەریکی دانانی تیرئاهەن بووین، رۆژێک نەیسانێکی شین چوار پێنج کەسی تێدا بوو لێمان پەیدا بوون و وەسەرمان گەڕان.

گوتیان ئەوە مستەفای شارەدارە و پێش بە خانووی نا یاسایی دەگرێ. فەرغوون و پێمەڕەی فڕێ دا و دیواری وەبەر شەق دا.کار ڕاوەستا .

دوو رۆژ قوڕەکاریمان ڕاگرت تا رێگایەکیان دیتەوە. شەوێک چوونە ماڵی مستەفای شارەدار و حەفتا هەزاریان بەرتیل دایە و ئاو بە ئاوردا کرا و لە سبەینێوە وەستا و فەعلا هاتنەوە سەر کاری خۆیان.

رۆژێک خەریک بووم خیزم لە سەرەند دەدا یەکێک لە پشتەوە گوتی ماندوو نەبن.

بۆ چەند سات دەموچاوی جندۆکەکە هاتە پێش چاوم. سەری لە دەموچاوم نزیک کردەوە وگوتی: دەی بۆ نامگری.

هەموو گیانم وەلەرزین کەوت. هێزم نەبوو ئاوڕ بدەمەوە.پێـمەڕەکەم لە دەست خزی .چۆکم دادا سەر ئەرزەکە. چاوم لە رەشەوە دەهات.دەتگوت مغناتیسێکی بە هێز گرتوومی و ناتوانم ئاوڕ بدەمەوە.

وەستا محەمەد لە سەر دیوارەکەوە. ئاگای لێم بوو.لەوێرا هاواری کرد .ئاگاتان لە خەبات بێ. دوو کەس هاتن بن پیلیان گرتم و لە بن سێبەری دیوارێک دایان نیشاندنم و ئاویان بۆ هێنام.

پاش ماوەیەک وردە وردە هێزم هاتەوەبەر.پرسیارم کرد ئەوە کێ بوو گوتی ماندوو نەبن؟

 

 

 (9)

- هەر ئەوەندەم زانی بەرەو خیابان هەڵدێ.لەسەر دیوارەکەوە خیابانەکەم لێ دیار بوو.

-گوتم کێ بوو گوتی ماندوو نەبن؟

زل زل دەڵێ کەس وای نەگوتووە.گوتم دا لاچۆ لا. هەستامە سەر پێ پیاوێک لە سەر خیابانەکە ڕاوەستابوو. بەرەو لای هەڵاتم.

- گەیشتە سەر خیابانەکە

- پێش ئەوەی بگەمێ سواری تاکسییەکی سوور بوو.

- کەمێک ڕاوەستا و پاشان دەستی بۆ پێشێ ڕاداشت و دەستی کرد بە هەڵاتن.

- بانگم کرد ڕایگرە. ڕاینەگرت.بە دویدا هەڵاتم.

- لە پڕ راوەستا و حەپەساو سەیری نوقتەیەکی دەکرد.

- ئاوڕی داوە.چاوی لە چاوم بڕی. بە خۆی بوو.چاوی دەتگوت قەبرستانە.تاریک تاریک بوو.

- دیسان کەمێکی دیکە هەڵات. گوتم کوڕینە فریای خەبات کەون.

- تاکسییەکە ڕاوەستا. زۆر لێم دور نەبوو، کەمێک هەڵاتبوایەم دەیگەیشتمێ. هەڵاتم. چاوم لە جێی شۆفیر کرد. کەس لێی نەدەخوڕی. بە هەر دوودەستم چەپۆکێکم بە سەری خۆمدا دا.

- کوڕەکان گەیشتنە سەری و گرتیان.بە سێ کەس بە راکێش ڕاکێش هێنایانەوە.

- شۆفیری تێدا نەبوو.

- سولەیمان گوتی: بابە خەبات زۆر ترساوە.گوتم بیبەنەوە ماڵێ.

- لە پڕ هەموو تاکسییەکە پڕ بوو لەو. شەش کەس بوون.

- تا ئەوان گەیشتنەوە ماڵێ وەستا و کرێکارەکانم بەڕێ کرد.

- هەموویان چاویان تاریک بوو.

- قورئانەکەم لە سەر تاقەکە هەڵگرت و رووبە قیبلە هەڵم هێنا. خودایە ئەو کوڕەم لە تۆ دەوێتەوە.

- دەمی کردەوە و پێکەنی. ددانەکانی درێژ درێژ بوون. زەرد زەرد... گوتی دەتەوێ بمگری.

- تا بەیانی قورئانم لە سەر سەری دانابوو، بەڵام ئەو لەو دنیایەدا نەبوو، لە نێو دنیایەکی دیکە دابوو.

- تاکسییەکە رۆیشت من بە دوایدا رۆیشتم. گەیشتینە فەلەکەی مەعەلیم. بەرەو کەمەربەندی رۆیشت.وەدوای کەوتم.

- بەیانی لە گەڵ دایکی بردمانە ماڵی بابە خەلیفە.

- دەستی درێژ کرد، دەستی لە شووشەی تاکسییەکە هاتە دەرێ. من ویستم بۆ دواوە هەڵێـم.لە پشتەوە پشتە ملی گرتم.

- بابە خەلیفە زۆری قورئان بە سەردا خوێند. پاشان گوتی بەو کۆڵەکەیەوەی ببەستنەوە. خێزانمیان ناردە دەرێ. ژنە زەعیفەیە تاقەتی نییە ببینێ بە دوان لە کوڕەکەی دەدەن.بابە خەلیفە گوتی شەیتان چۆتە کەوڵییەوە.بیکوتن.

- ئەمنی بە دوای تاکسییەکەدا ڕادەکێشا. لە پڕ زرمەیەک لە ئاسمانەوە هات. هەر دووکمان سەرمان هەڵێنا. درزێکی گەورە کەتبووە نێو ئاسمانەوە. قاقا پێکەنی گوتی دەیانەوێ بمگرن. تۆش دەتەویست بمگری. ئەی بۆ کوێ هەڵدێی. وەرە بمگرە دەییییییییییی.

- کە دارەکانیان هەڵدێناوە من لە تاوان چاوم دەقووچاند. خەبات دەنگی لێوەنەدەهات،دوایە دەنگێکی وەک وەڕین ...ئا ئا دەوەڕی.

- لەپڕ لەتێک لە ئاسمانەکە بەر بۆوە.تیشکێک بە پڕتاو هاتە ژوورێ.ئەو منی بەردا. رووی کردە کونی ئاسمانەکە و وەک گورگ دەستی بە لووراندن کرد.

- هەموو گیانی شەڵاڵی خوێن بوو.

- دوایە وەڕی .منیش وەک ئەو دەوەڕیم.

- بابە خەلیفە گوتی سەگە وەرە دەرێ.ئەو کوڕە بەردە.

- لە تاکسییەکە دابەزین و چوونە نێو پارکی کوی محەمەدییەوە.سەرەتا وەک مرۆڤ بەسەر ئەرزەکەدا دەڕۆیشتن دوایە، داهاتنەوە و وەک گورگ مرۆڤیان لێهات و لە پارکەکە چوونە دەرێ و بە ناڵەشکێنەدا هەڵگەڕان.من چوومە پێشێ و دەستم بە تاکسییەکەوە گرت و سەرم هەڵبری وسەیرم کردن. شەش گورگ مرۆڤ بوون. دوایە یەکیان گرتەوە و روو بە ئەڵڵاهوئەکبەرەکەی سەر ناڵەشکێنە رۆیشتن. لەسەر بەردەکانی ئەڵڵاهووئەکبەرەکە دانیشتن. کوتوپڕ لە پێش چاوم ون بوون. دەستم لە سەر تاکسییە سوورەکە لابرد. دەستم رەنگی تاکسییەکەی گرتبوو. چاوم وردە وردە روونتر دەبۆوە. ئەوە ڕەنگی تاکسی نەبوو، خوێن بوو.سەرم هەڵێنا. دوان دارکاریان دەکردم.

- یەک بەخۆی نەڕاندی کوڕە لێم مەدەن بە خاتری خودا بۆ وادەکەن؟ بابە خەلیفە گوتی دەست راگرن.

 

(10)

جندۆکەکان کە رۆیشتن.......................................................................قەرزدارەکان هاتن.

 

 

 

Image result for tradisjon kunst

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت