ما 3555 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەرگایەکی فەرامۆشکراو! راست دەکا. دەرگایەکی فەرامۆشکراو. کەواتە من دەبێ دەرگایەکی فەرامۆشکراو بدۆزمەوە. بەڵام ناونیشانی ئەم جۆرە دەرگایە چۆنە؟ مێشکی خۆم دەکرۆژم. هیچم نایەتەوە یاد. کتوپڕ رستەیەک زەینم دەگرێ. بەپەلە دەڵێم "ئەها،... کلیلێک بۆ دەرگایەکی فەرامۆشکراو!... تکایە کلیلێک بۆ دەرگایەکی فەرامۆشکراو!" 

 

دەستە کلیل

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەستەیەک کلیلی پێیە. دەڵێ من بەم کلیلانە هەرچی دەرگای داخراوی دونیایە، دەکەمەوە. سەیریان دەکەم. بە سەدان کلیلی ورد و درشت لە حەڵقەیەکی گەورەدا بەدەستە گەورەکانییەوە. رەنگە بە هەزارانیش. نازانم. لەبەرچاومدا هەر هەموویان لەیەک دەچن. دەڵێم "هەرچی دەرگای داخراوی دونیایە؟" دەڵێ "هەرچی دەرگای داخراوی دونیایە!" نازانم بۆ، بەڵام باوەڕی پێدەکەم. من کە هەمیشە مرۆڤێکی خۆشباوەڕ بوومە، لەبەر خۆمەوە دەڵێم ئەمەیش لەسەر ئەوانی تر. منێک کە لەسەر باوەڕێکی خۆش، ساڵانی ساڵ تەمەنم داوە. رووی تێدەکەمەوە و دەڵێم "پێت وایە کام کلیلەیان بۆ من دەشێ؟" ئەو کە خەریکی راوەشاندنیانە و تەواوی نیشتمانی بە دەنگی قورس و بێ پسانەوەی ئەو هەموو کلیلە هێناوەتە لەرزین، دەڵێ "قسە لەسەر جۆری دەرگا و جۆری قوفڵەکەیەتی." دەڵێم "لەمێژ ساڵە،... بە داخەوە هەر لەبیرم نەماوە." دەڵێ "بەداخەوە!؟ حەح،... قسەی لابەلا،... جا چۆن شتی وادەبێ،... چۆن لەبیردەچێتەوە؟" شەرمێک دامدەگرێ. دەلێم "پێم وابێ ئەو دەرگایەی من بۆخۆیشی کلیلەکەی لەبیرچووەتەوە، بۆیە پێم وابێ هەموو جۆرێکی ئیستاکە بۆ دەشێ،... دەزانی، قسە لەسەر کاتە." دەستە کلیلەکە خراپتر رادەژێنێ و دەڵێ "من قەت کلیلم هەروا بە هەوانتە نەداوە بەکەس، حەز ناکەم لەناو و ناوبانگ بکەوم بە خاتری کلیلێک. جا بۆیە دەبێ بێتەوە بیرت چ جۆرە دەرگا و چ جۆرە قوفڵێک."

وەک هەمیشە، وەک عادەتی هەمیشەیی هەڵدەتروشکێم و بیردەکەمەوە. وەک هەمیشە سوپاس بۆ ماندوویی قاچەکانم کە ناهێڵن هەتا ئەبەد هەڵتروشکێم و بیربکەمەوە. هەوڵدەدەم بێتەوە یادم. هەرچی وێنەی دەرگا و قوفڵی ناو مێشکمە بەسەری دەکەمەوە، بەڵام بێسوودە.

خەڵکی تاق و تەرا دێن و پاش کەمێک قسەکردن، کلیلی خۆیان دەکڕن، وەریدەگرن و خۆشحاڵ دەڕۆن. بە پیچەوانەی چاوەڕوانیی من، ژمارەی کلیلەکان کەم ناکەن. هەر هەمان ئەندازەن.

رووی تێدەکەمەوە و دەڵێم "نایەتەوە بیرم، بەهیچ جۆرێک نایەتەوە بیرم، بەڵام ئەوە دەهێنێ کە لانیکەم بە رێکەوتیش بێت کلیلێکی بۆ تاقی بکەمەوە." دەڵێ "بەخوا گەمژەی،... مەگەر گوێت لێ نیە! مەگەر نەمگوت نامەوێ ئیعتیباری خۆم بۆ دەرگایەکی فەرامۆشکراو بدەم؟"

دەرگایەکی فەرامۆشکراو! راست دەکا. دەرگایەکی فەرامۆشکراو. کەواتە من دەبێ دەرگایەکی فەرامۆشکراو بدۆزمەوە. بەڵام ناونیشانی ئەم جۆرە دەرگایە چۆنە؟ مێشکی خۆم دەکرۆژم. هیچم نایەتەوە یاد. کتوپڕ رستەیەک زەینم دەگرێ. بەپەلە دەڵێم "ئەها،... کلیلێک بۆ دەرگایەکی فەرامۆشکراو!... تکایە کلیلێک بۆ دەرگایەکی فەرامۆشکراو!" بە سەرسوڕمانەوە، وەک بڵێی لە شێت بڕوانێ، لێم رادەمێنێ. دەڵێ "ناویش دادەهێنێ!"

هەڵدەتروشکێمەوە. وەک هەموو ئەو ساڵانە. هەڵتروشکانەکانی ناو کۆڵان و سەر شۆستە و شەقامەکانی هەموو ئەو گوند و شارانەی پیایاندا گوزەرم کرد.

هەڵدەستمەوە و دەڵێم "لەبیرم دێ دەرگاکە شتێک بوو لە رەگەزی تیشک، هاوینان دەبوو بەدەریا، پاییزان بە دارستانێک لە گەڵا، زستانان بە مانگەشەوی سەر چیایەکی سەرتاپا سپی و، بەهارانیش بە کانییەک بە گەڵایەکی سەوز لەرزۆک بە سەمای ئاو بە لێوەکانییەوە. بەروومدا کرایەوە و ئاماژەی بە بێکەرانێک دا لەو دیو خۆیەوە."

دەڵێ "کاکی خۆم دەرگامان هەیە لە ئاسن، هەمانە لە دار و هەمانە لە ئالۆمینیۆم،... هەمانە دەزگیرەی قوفڵەکەی درێژە و هەمانە خڕە،... دەرگامان هەیە هی حەوشەیە و هەمانە هی ژوورەوە و هەمانە هی هۆدەکانە،.... دەرگامان هەیە،... نا، نەخێر،... بێسوودە منیش بۆ کێی شیدەکەمەوە!" دەڵێم "ئیستا دێتەوە بیرم، دەرگاکە تەنیا ئەوەندە کە بۆخۆی بەروومدا کرایەوە، بە بێ هیچ چەشنە کلیلێک. ئەودیویشی وەها بێکەرانێک کە منی لەگەڵ خۆی برد." دەڵێ "بۆخۆی کرایەوە!؟ دەی کلیلی چی و شتی چی! هەستە کاکە،... هەستە، کەسابەتی ئەمڕۆمان لێ تێک مەدە، هەستە،... یاڵڵا!... عەجەب بێکەرانێکیش! ئیستایش لەم کۆڵانە لە تەنیشت منەوە دانیشتووی!" من کە دەزانم شتێک لە تەواوی ئەم چیرۆکەدا هەڵەیە، دەڵێم "ئەدی، هەر لەبەر ئەمەیە کلیلێکم دەوێ. من پێش ئەوەی دیسان ئەم دیو بکەومەوە، دەبێ جارێکی تر بزانم لە کوێ بووم. من ئەو دیوی دەرگاکەم نایەتەوە بیر،... تێدەگەی!... نایەتەوە بیرم!"

لێم نزیک دەکەوێتەوە. ناوچاوانی بە ناوچاونمەوە دەلکێنێ و لە کاتێکدا بۆنی دەمی وشکی دەگاتە بن سەقفی مێشکم، دەڵێ "کلیلەکانی من ئەو دەرگایانە دەکەنەوە وا بەڕووی حەوشێ، شەقام، کۆڵان، ژووری خەوتن، حەمام، ژوورەکان، دووکان، هۆڵ و ئاودەستدا دەکرێنەوە!"

ئیستا دەزانم بۆ دەرگاکەم نایەتەوە یاد. کەواتە من ئەو رۆژە لە دەرگاوە تێنەپەڕیوم. ئەی چی بووە؟ دەڵێم "ئەها! دێتەوە بیرم. شتێک بوو لە شێوەی کونێکی تاریک،...بە چوارچێوەیەک کە لەگەڵ دەورووبەری وەها تێکەڵ دەبوو پێت وابوو بەرەو دونیاکەی ترە،... پێت وابوو سنووری جیهانێکی بەتەواوی جیاوازە،... ئەرێ ئیستا دێتەوە بیرم!" هاوار دەکا "کلیلمان هەیە کلیل،... لەهەموو جۆرێکی و بۆ هەموو دەرگا و قوفڵێک،... وەرن دەی وەرن!" چاوەکانی لە هەموو شێ دەڕوانن، من نەبێ.

رادەبم. ئارام دوور دەکەومەوە.

راستی من تازە لەپاش ئەو هەموو ساڵانە، کلیلم بۆچییە؟ بۆ دەبێ بگەڕێمەوە ئەو دیوی دەرگا جادووییەکە؟ بە من چی لەو دیو چی هەبوو و چی هەیە.

 

منێک کە لەمێژە وەیلانی بێکەرانم. منێک بە بێ هیچ چەشنە کلیلێک لەم گەردوونەدا.

Bilderesultat for masse nøkler

گەڕان بۆ بابەت