ما 7524 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تێگەیشتن چۆن؟
سەبارەت بە فەلسەفە دەگوترێ کە بە پێچەوانەی زانستەکانی تر، بۆ وێنە فیزیا و شیمی و ماتماتیک، بەکەڵکی هیچ نایەت و تەنیا ئەوەندەی کە فام و تێگەیشتنی مرۆڤ لەبابەت شتەکان زیاتر دەکا. واتە فەلسەفە هیچ کەلکێکی کۆنکرێتی نیە، تەنیا ئەوەندەی کە قووڵایی و بەرینایی بیری مرۆڤ بڕەو پێدەدا.
 
کەواتە بردنە سەری ئاستی تێگەیشتن یەکێک لەو شتانەیە ئێمەی مرۆڤ پێویستیمان پێیەتی. فەلسەفەیش ئەو چالاکییە فکرییەیە کە بە بێ ئەوەی کەڵکی کۆنکرێتی و دیاری هەبێ، دەتوانێ یارمەتی بدا. بەڵام پرسیار ئەوەیە چۆن؟
 
با نموونەیەک بێنیەوە. هیراکلیت فیلسووفی یۆنانی پێی وایە هەموو شتێ بریتیە لە گٶڕان. پارمێنیدس یش بە پیچەوانەی هیراکلیت پێی وایە گۆڕان هەر بوونی نیە.
 
پرسیار ئەوەیە مرۆڤ چلۆن دەتوانێ لە دوو رای وەها جیاواز سەبارەت بە یەک شت، فێربێ؟
 
بەڵام وەڵامەکە رێک لێرەدایە. دوو رای وەها جیاواز کاتێک بۆ سەلماندنی بیری خۆیان ئارگیومێنت و بەڵگە دێننەوە، دەتوانن وەها بیری مرۆڤ و تواناکانی بجوڵێنن کە بتوانێ زۆرترین لێکدانەوە لەسەر چەمکی گۆڕان یاخود نەگۆڕان پێشکەش بکەن. ئەو لێکدانەوانەی مرۆڤ پێویستیەتی بۆ ئەوەی بتوانێ شوێنی خۆی بە شێوەی کاتیش بووە لە بەرامبەر ئەم چەمکانەدا دیاری بکا.
 
فەلسەفە ئەگەرچی دووا وەڵامی پێ نیە، بەلام هەر لەم بێ وەڵامییەدایە بیری ئێمە دەجوڵێنێ و دەمانباتە ئەو شوێنانەی کە بە بێ فەلسەفە مەحاڵە بیگەینێ.
 
کەواتە فەلسەفە پێش ئەوەی وەڵام بێت، تێفکرین و گومان خستنە لەسەر ئەو وەڵام و بیروڕایانەیە هەمانە. تەنانەت جاری وایە بۆ ئەوەی باشتر لە بیر و روانگەی خۆمان تێبگەین، واباشە جاروبار بە شێوەی فەلسەفیانە بیخەینە بەر باس. ئەمە یارمەتیمان دەدا تەنانەت گەر لەسەر باوەڕەکەیشمان بمێنیەوە ئەوا وشیارانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەین،... بە لێکدانەوەی زیاتر و بە ئاسۆ و قووڵایی نوێوە.
 
سایتی قەلەم
٢ نۆڤێمبری ٢٠١٧
Bilderesultat for filosofi kunst

گەڕان بۆ بابەت