ما 5688 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

یەکەم هێلکە لەوێ ترووکا

یەکەم ئاو لەوێ ڕوونبووەوە

یەکەم باڵ لەوێ فڕى

یەکەم شیر لەوێ هەوێنکرا

 

ڕێوڕەسمى کردنەوەی پەیکەرێک

سەباح ڕەنجدەر

بۆ نەژاد عەزیز سورمێ

خودا بەنیازی سڵاو چاوی داوەتە دەستێک

دەبدەبەی ڕەنگاوڕەنگی پێوە بشەکێتەوە

قوماشی ڕەش و سپی بڕی

پیت ڕژانە ناو دەمم

توانیم وشە لێکدەم و داوا بکەم

مانگ بەسەر هەولێرەوە پڕ و نارنجی و لە گڕوگاڵدا بێت

بەو نازەی داویەتییە ئاوی ڕژاوى حەفت چیایان

چەتر هەڵدا

پەیکەرێک حەفتا ساڵ پیاسەی کردبوو

ئاوێنەی دابووە ژن و شووشە بۆنی وەرگرتبوو

سەیری پەند و وێنەی سەر قەڵغانی کردبوو

قسەی توندیشى لەگەڵ وەردیان کردبوو

نامەی لەسەر باڵی بە ناز و فیزی کۆلارە نووسیبوو

سەرسام بوو بە

گوێی کەروێشک و

گوارەی شۆڕ و

پیاڵەى چا و

ڕووناکى ڕووى زەوى

بلووری لامپای سڕیبووەوە

تووتن و پایپی خۆش کردبوو

زۆر تەماشای ڕوخسارى دایک و باوکی کردبوو

وایدەزانى دەمرن و بە جێی دەهێڵن

پەیوەندییەکانی نێوان درەخت و باڵندە و هێلانە و هێلکەی باش ناسیبوو

گڕوگاڵ و دارە دارەی منداڵیی دەبێتە کاروانسەرا

یەکەم هێلکە لەوێ ترووکا

یەکەم ئاو لەوێ ڕوونبووەوە

یەکەم باڵ لەوێ فڕى

یەکەم شیر لەوێ هەوێنکرا

لە بریقەی خان و مانی ڕەش و سپی

ڕەنگەکانی دی لەواندا دەڕژێتە سەر نۆتەى سروودەکانمان

سروود بووە پشتى ئەسپ

بەکامی دڵ سۆز و ئاوازی گیان دەدا بە پاڵەوانی هیوا و فەرموودەکانمان

باڵندەی هەمەجۆرى شادمانی لەشکری بوون

پەلکەزێڕینەش بیر و بۆچوونی

لەشکر کە دەڕژێنە بڵنداییی دەموچاوی

بەنیازی ناسکبوونەوەی نیشتنەوە و بڕیاردان لەسەر مانەوە و کۆچ

بیر دەکەنەوە و قسە و باس دەدرکێنن

ئێمە زۆر پێویستمانە بیزانین

گوڵەکانی لە ڕێوڕەسمی لەدایکبوون و مردنی دەخرێنە سەر پەیکەری

تەنیان وەک تەڵە شخارتەی بەکارهاتوو بۆ داگیرسانی مۆمی سێبووری

بولبول لە پاڵیان بانگی بەچل باڵفڕین و نیانی جۆلانەی ون کردووە

دوای سەرگەرمی دیتەنییەک

گۆشەنشین و خەواڵوو

ماسوولکەی جەستەیان دەمەتەقێی لەگەڵ هێز بە کۆتا دەگات

چێژ لە زوڵاڵی ئاو و ئەو ڕۆژانەى دەزانن ژیان چییە وەرناگرن

بەڵام خەیاڵ کە دووڕوویی مرداندووە

بێ بگرە و بەردە بە هەموو شتەکانی دەگەیەنێت

لە بۆنەی ئاشقبوونی شەونمی سەر گیا و شەڕى چاوەزار

دەبێتە دەستی لەناو قۆزاخەدا ژیاو بۆ خۆشى و ناخۆشییەکان

هەڵیدەداتە ناو ئاهەنگەکانی کۆچەرییان

بیرەوەری گوێڕایەڵى دەبێ و سوودی پێدەگەیەنێت

هەڵە و نوێژە دروێنەی لە بیر دەباتەوە

دەستێک لە گێڕانەوە ڕاستگۆ و ناهێڵى وەخت بەسەرچێ

نامەکانی دەخاتە پۆستە

نامە هاتووەکانیشی وەردەگرێت

ڕۆژی هەمیشە بۆنخۆش بەشەقبوونی خاک

کاتێک دومبەڵان خۆی دەناسێنێ

لێدەگەڕێ ئاقیق و نووسراوی ناوچەوانی هەر هەموو پێغەمبەرەکان تێکەڵی بن

لە گەرمەی سەما و ناخ جریواندن

دڵی دەشوات و دەڕوا

پڕ دەستمان کڵۆ شەکر و مۆری بەخت دەکات

دەتوانین کەلوپەل و وێنەی بەهرەمەندەکانمان بکڕین

دەستەسڕی تەنکیش لەگەڵ خۆمان هەڵگرین

بێباکی بڵندبوونەوەی چنار

دەبێتە شوێنێک وەک قۆزاخەی ئاوریشم

جوانکراو بەسپێنەی هێلکە

ئاسوودە و پڕ بەهرە و پەیماندار

هەموومان شەقامێکمان دەبێ تێیدا بچینە سەردانی خزم و کەس و برادەرەکانمان

ڕۆژ کە ئاوا دەبێ

تەواو ئەڤینی خۆی کردووە

سڵاو

سڵاو پەیکەرى بەرتیشک و بارانى سێبوورى

تێگەیشتى بۆ جارێ نامرى

Relatert bilde

 

 

کانوونی یەکەمی 2005 هەولێر

گەڕان بۆ بابەت