قادر نیکپوور
له رێگای درکاندنه که راستی کێشه‌ی جنسی ئاشکرا دەبێت. که توانایی درکاندنمان نه‌بێت، به‌و مانایه له باری فکری گرژ و ئاڵۆزین. که‌واتە به‌رگڕیکمان له پێشه به ناوی بوت. کاتێک مرۆ بوتی له‌سه‌ر رێ بێت، یانی دیل و ده‌ست به‌سه‌ره. که بوتی نه‌بێت ئازاد و سه‌ربه‌سته.
پێویستە خۆمان بناسین؟ (١)
قادر نیکپوور
هاتن به ده‌ست خۆم نه‌بوو، هێنایانم ده‌رچوونه ده‌ریش چۆن و که‌یه؟ نازانم
سه‌د خۆزگه نه‌هاتبام نه چووبام نه‌ببام له‌م گێره و کێشه‌دا ره‌حه‌ت ببا گیانم
ئێمە زۆرجار له‌خۆمان ده‌پرسین. من کێم؟ له کوێ‌ڕا هاتووم؟ بۆ کوێ دەچم؟ بۆ هاتووم؟ گه‌ر هاتووم بۆ ده‌رۆم؟ مه‌به‌ست له‌م هات و چوونە چیە؟ ره‌نگه ئه‌م پرسیارانه گرینگ ترین پرسیار بن له به‌رده‌م پانتایی گرینگ‌ترین وڵامەکاندا. کاتێک باس له مرۆڤ و ژیان ده‌که‌ین، فه‌لسه‌فه‌ی ژین و مردن دێته گۆرێ. کامیان راستن؟ ژیان یاخۆ مردن؟ به گوته‌ی سوقرات: "ئه‌وانه‌ی به دوای فه‌لسه‌فه دا ده‌گه‌رێن تەنیا مردن تاقی ده‌که‌نه‌وه، چونکه له کاتی مردن له‌ش بێ هەست و بێ دەنگە، رۆح له له‌ش جیا ده‌بێته‌وه". که‌واته پێش هه‌ر شتێک پێویستە بیر له‌خۆمان بکه‌ینه‌وه، بزانین ئێمه کێین؟ چۆن خۆمان ناسیوە، یاخۆ پێچراوەی کام هەویرین، یان کام وەستا ئێمەی دروست کردووە؟ کاتێک ده‌مانه‌وێت خۆمان بناسین، پێویستە بزانین بنچینە و رەسەنی ئێمە کێیە و چیە؟ . با بزانین "شوناسی تاکەکاسی" ئێمە بە فارسی "هویت" هه‌ڵگری چ واتایه‌که؟
وشەی "Symbiose" وشەیەکی لاتینییه کە له وشه‌ی "Symbiosis"ی ئینگلیزی نزیکه، و مانای ژیانی هاوبه‌شی ده‌دات، باس له ژیانی یه‌کگرتوویی ده‌کات.
Symbiotic بە مانای هاوژین، به فارسی دەبێتە همزیست، کە زۆرتر له باسه‌که‌ی ئێمه نیزیکە. له فه‌لسه‌فه‌ی سروشتگه‌رایی، کاتێک دوو بوونه‌وه‌ر پێکەوە ژیان دەکەن، ئه‌و چاو لەدەستی یەکترن، پێویستیان بە یەکترە، وه‌ک دایک و منداڵ. یه‌که‌م جار منداڵ یان بێچووی هەر بوونەوەرێک کە فرچک له شیری دایک دەگرێت، دەتوانین بڵێین لە بواری ساغی و سڵامەتی بەختەوەرە. یەکەم شیری دایک که ژه‌کی ناوه، تامی لەگەڵ له گه‌ڵ شیر فه‌رقی هەیە. کاتێک منداڵ توانی ئه‌و ژه‌که بخوات ده‌لێن؛ "ئه‌و منداڵه فرچکی به شیری دایک گرتوه". منداڵ کە مژ لە شیری دایک ئەدات، هەم دایک هەم منداڵ دڵ و دەروونیان پاراو ده‌بێت. هیچ شتێک تا ئه‌و راده‌یه دڵی دایک و منداڵ شاد و رازی ناکات. هاوکات لەگەڵ مژلێدانی شیر لە باوەشی گەرمی دایک، منداڵ هەست بە متمانە و خۆشەویستی بە دایکی دەکات. دایک و منداڵ له باری ورووحی و جەستەیی لێک گرێ ده‌درێن. ئەم لێک گرێدانە لای هەموو بوونەوەرەکان پێوستی ژیانی سەرەتاییە.
ز فرۆید ئه‌و کاته‌ی منداڵ له دایک ده‌بێت تا تەمەنی سێ ساڵی، یانی ئەو ته‌مه‌نی لە شیر خواردن دەبێتەوە، بە ناوی "گرێی ئۆدیپوس " Oedipus comlex" نێوی ده‌بات، که ئەم پڕۆسەیە گرێدراوه به په‌یوه‌ندی دروستی دایک و منداڵ. یه‌که‌م ژیانی دروستی دایک و منداڵ، واته هه‌ر بوونه‌وه‌رێکی دیکه له رێگای ئەم په‌یوه‌ندییە پێک دێت. منداڵ کە له دایک ده‌بێت ترسێکی زۆری هەیە کە چۆن بتوانێ سەرکەوتوو بێت بۆ مانەوە. کاتێک خواردنی پێدەگات، ئەم ترسە دەشکێت، دڵنیا دەبێت کە دەژیت. گرینگتر لەوە، ئەو منداڵەی شیری دایک دەخوات لەچاو ئەو منداڵەی شیری دایک ناخوات جیاوازی زۆر هەیە. "پسپۆڕان و شارەزایانی منداڵی ساوا شیری دایک بە باشترین نیعمەت بۆ مندال دەناسن". منداڵانی لادێ تا دەوری سێ ساڵی شیری دایک ده‌خۆن، بۆیه به‌گشتی منداڵانی لادێ لە منداڵانی شار ئازاترن.
فرۆید له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌یه گرێی ادیپوسی لای منداڵانی لادێ باشتر خۆی گرتوه تا‌کو منداڵانی شار. کردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێیه ده‌بێته سه‌رچاوه بۆ متمانه و باوەڕ پێ کردن له گه‌ڵ دنیای ده‌وروبه‌ریان. منداڵیک که زۆر بە ساوایی له دایکی جیا دەکرێتەوە، تووشی وه‌سواسی ده‌روونی ده‌بێت، و که‌متر متمانه‌ی به خۆی ودنیای ده‌ورووبەری ده‌بێت. لە هەمان کات رۆڵی باوک زۆر گرینگه، بە چەشنێک بێ ده‌سه‌ڵاتی یان زۆر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و کاریگه‌ری دە‌خاته سه‌ر سرووشتی داێک بۆ ئامۆژگاری و بەخیو کردن له منداڵ. بۆیه له‌و بنه‌ماڵانه‌ی پیاو سالاری هه‌یه، منداڵه‌کان بە گشتی یان توشی وه‌سواسی ده‌روونی ده‌بن، یان تەواو یاغی دەبن، بە تایبەتی کوڕ.
ئەریک فڕۆم دەڵێ: رۆلی باوک وەک ئۆتۆریته‌ر"Authority" یان ده‌سه‌ڵاتدار گرینگه، بەڵام بە هاوسەنگی. له فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵ گه‌راییدا "Rationalism"، ئۆتۆریته یان ده‌سه‌ڵات به دوو جۆره؛ یه‌که‌م عه‌قڵانی " Rational "، دووهه‌م غه‌یری عه‌قڵانی " Irrational".
مرۆڤ حه‌ز ده‌کات ببێتە خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، که ئه‌و ده‌سه‌ڵاته گرێدراوه به هزر و که‌سایه‌تی ئه‌و. له ده‌سه‌ڵاتی عه‌قڵانی "Ratioal Authoriy"، مرۆ تێده‌کۆشێت بۆ یارمه‌تی دانی خه‌ڵک بۆ به‌روه‌و پێشکه‌وتن، و دامه‌زراندنی ژیانێکی پڕ لە ئاسوودەیی. له ده‌سه‌ڵاتی غه‌یری عه‌قڵانی " Irrational Authority"، مرۆ خه‌ز له ده‌سه‌ڵات ده‌کات بۆ قازانج و به‌رژەوەندی خۆی، بۆ پێشێل کردنی مافەکانی خەڵک، هه‌ر وه‌ها چه‌وساندنه‌وه‌ی ژێر ده‌ستانی خۆی، به کورتی فه‌قیر کوژی (نه‌ک ئی ماڵی). کەسێک که خاوەن بیر و مێشکێکی وەها بێت، بێگومان هیچ قازانج و بەهرەی بۆ کۆمەلگا نیە. کە واتە ده‌سه‌ڵاتی باوک بە شێوەی هاوسەنگ زۆر گرینگه، که ئەو دەسڵاتە کاریگەری دەکاتە سەر کەسایەتی منداڵ، و پاراستنی ماف و کەسایەتی دایک. خوڵق و خووی دایک لەگەڵ منداڵی ساوا زۆر گرینگە، ئەویش بە نۆبەی خۆی دەتوانێ کاریگەری بخاتە سەر کەسایەتی منداڵ. پێوەندی دروست و خوڵق و خوویی باشی دایک لەو بوارەوە زۆر گرینگە. "هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێن، لە پشت هەر پیاوێکی سەرکەوتوو، دایكێکی عاقڵ و زانا هەیە". گرینگ نیه ئه‌و دایکه خوێنده‌وار بێت یان نە خوێنده‌وار، گرینگ ئەوەیە دایک خه‌مخۆری باش و یه‌کەمی منداڵ بێت، بێ ئه‌وه‌ی دڵپەشێوی هەبێت. دایكی زانا و عاقڵ رێگا بە کەس نادات مافی پێشێل بکات. له هه‌ر ماڵێک مافی دایک پێشێل بکرێت، مافی مندالێش پێشێل دەکرێت.
دایكێک کە رێگا نەدات مافی خۆی پێشێل بکرێت، رێگا نادات کەس مافی منداڵەکەی پێشێل بکات. کاتێک منداڵ مافی پێشێل دەکرێت، و لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی جۆربەجۆر رووبەڕوو دەبێتەوە، له ته‌مه‌نی لاوی تووشی کێشه‌ی "شوناسی" یان خۆناسی دەبیتەوە کە دووبارە تووشی کۆمەڵێک کێشەی دیکەی کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.
لەو رۆژه‌وه مرۆڤ فام دەکاتەوە، هەوڵ ئەدات بۆ ناسین و که‌سایه‌تی خۆی، کە ئه‌م پڕۆسه‌یه له قۆناغی لاوی پتر به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه، و ئه‌م قۆناغه مرۆڤ تووشی کۆمه‌ڵێک شۆرشی دروونی ده‌کاته‌وه که زاڵ بوون بەسەر ئەم کۆسپەدا دەگەڕێتەوە سەر پێوەندی دروستی دایک و باوک لە هەرەتی منداڵی. بەشێکی زۆر لە کێشەکانی قۆناغی لاوی دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی منداڵی کە بە دروستی چارەسەر نەکراون. تەمەنی لاوی یەکێک لە ئالۆزترین و گرژترین قۆناغەکانی ژیانە، کە تێپەربوون بە دروستی بەسەر ئەم قۆناغەدا تێپەڕبوون بەسەر زۆربەی کۆسپەکانی ژیانە. لەم تەمە لاوەکان ئامانج و ئارەزووی خۆیان دیاری دکەن.
ته‌مه‌نی لاوی تەمنێکی ناسکە، با ئاسانی دەشکێت، بە زەحمەت چاک دەبێتەوە. خۆپەسندی و دڵناسکی لاوی وەک دوو خاڵی سەرەکی مرۆڤ تووشی هەڵە دەکەن. ئەوان ئیتر منداڵ نین. ئەوان لە دنیای ساویلکە و جوانی منداڵی دوور کەوتوونەوە، و شانازی بە خۆیان دەکەن. پێویستە بە چاوی گەورە و رێز و حورمەت سەیریان بکەین. نابێ وەک منداڵ قسەیان لەگەڵ بکەین. ئەوان حەز دەکەن سەربەخۆ بن، لەسەر پێی خۆیان راوەستن، بە کورتی بەڕەی خۆیان لە ئاو دەرکێشن.
گەورەترین کێشەی مرۆڤ لە تەمەنی لاوی دایە. مرۆڤ له‌گەڵ کێشه‌ی "شوناسی و سێکس" رووبەڕوو ده‌بێتە، که ئەم پرۆسەیە لە ١٢ تا ١٨ ساڵی ئاگر دەخاتە نێو دەروون، و ئاگری ئه‌و کێشه‌یه به لوتکه‌ی به‌رزی خۆی ده‌گات. لە کۆتایی ١٨ ساڵی ئەم ئاگرە هێدی هێدی داده‌مرکێت و خامۆش ده‌بێت. سێکیش کێشه‌ی تایبەتی خۆی هەیە. دوای ئاو و خواردن، سێکس گەورەترین کێشەی مرۆڤە. کاتێک مرۆڤ لە بواری سێکس دامرکا، ئەتوانێ باشتر بیر بکاتەوە، ئەگینا تووسی وەسواسی دەروونی و ئاڵۆزی فکری دەبێت. مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکە کە بۆ که‌یف وخۆشی جنسی پاڵ به هه‌موو یاسا و نۆرمێکه‌وه ده‌نێت. ته‌مه‌نی لاوی ته‌مه‌نی سه‌ربزێوی و سەرەڕۆییە، ته‌مه‌نی سه‌رمه‌ستی و سه‌رخۆشیه، تەمەنی خۆشەویستی و دڵدارییە، تەمەنی ماندونه‌بوون و نه‌وه‌ستانە، تەمەنی دۆزینەوەی رێگە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانە.
ئه‌گه‌ر که‌مێک به وردی بڕوانینه ئه‌و به‌شه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که کێشه‌ی جنسی راسته‌و خۆ گرێدراوه به کێشه‌ی فکری، هەم لە روانگەی فه‌لسه‌فی، دینی، بە تایبەت ده‌روونناسی. ئه‌و که‌سه‌ی خاوه‌نی رۆحێکی گه‌وره‌یه، دەتوانێ بەسەر مەیلی جنسی دا زاڵ بێت، و کەمتر تووشی ئاڵۆزی فکری دەبێت.
ئه‌ره‌ستو له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو که مرۆڤ خاوه‌نی سێ هێزه:
هێزی یه‌که‌م: ئازایه‌تی و غیره‌ت و پیاوه‌تی.
هێزی دووهه‌م : پاکداوێنی، زاڵ بوون به‌سه‌ر هەوەس و وارسکەی دەروونی.
هێزی سێهه‌م : عه‌قڵ و تێگه‌یشتن و روون بیرکردنه‌وه.
هێزی سێهه‌م له هەمبەر هێزه‌کانی دیکه بایه‌خی زۆرتری پێدراوە، و ته‌نانه‌ت وه‌ک به‌هایه‌کی گشتی ره‌چاو ده‌گیرترێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مە نابێ له بیرمان بچێته‌وه که هێزی سێهه‌م به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له ژێر کارتێکەری هێزه‌کانی دیکه دایه . کاتێک هه‌ریه‌ک له‌م خاڵانه سه‌قه‌ت یان لاواز بن، بارگرانی ده‌خه‌نه سه‌ر به‌شه‌که‌ی دیکه، که هه‌ر سێ به‌ش به هێز بن هێزێکی گه‌وره‌تر پێک دێنن، و له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاقی به دادگەری و زوڵم نەکردن ناو دەبردرێت. هەر وەک دەزانین عەداڵەت و دادپەروەری له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ره‌ستویی و ئەفلاتونی ناوبانگی خۆیان ده‌رکردووه. که باس له دادپەروەری ده‌که‌ین، ئەم مەبەستە لە بواری عەقڵانی تا راده‌یه‌کی زۆر گرێ ده‌درێته‌وه به پێوه‌ندییه‌کانی مرۆڤ له زۆنگه‌ی کۆمه‌ڵگادا.
ز فروید گرێی جنسی به خاڵێکی گه‌وره ناوزەد دەکات، بە چەشنێک گرێی جنسی مرۆ تووشی کۆمەڵێک کێشە و گەندەڵی فکری دەکات. "میشڵ فۆکۆ ئەم فەیلەسووفە بە ناو بانگە، لەسەر ئەو باوەرە بوو کە مەیلی جنسی توانایی پاڵدانی فکری مرۆڤی هه‌یه". بۆ نموونه، "ناپلئۆن پناپارت" که به ده‌سه‌ڵات ترین پیاوی سه‌ر‌ده‌می خۆی بوو، بۆ گه‌یشتن به کچێکی باڵابه‌رز و شۆخ و شه‌نگی پۆڵنی ئه‌ویش ته‌نانه‌ت بۆ پاراو کردنی خۆزگه‌ی جنسی خۆی، چۆن پلانی داگیر کردنی ئه‌و ولاته‌ی پووچه‌ڵ کردوه‌وه. هەروەها "بیل کلینتۆن" لەگەڵ خاتوون مونیکا لووینسکی لە نێو کۆشکی سپی‌دا تووشی چ قه‌باحه‌تێکی گه‌وره بوون. لامان وا نه‌بێت که ئه‌وان گیرۆده‌ی عیشقێکی ئه‌فلاتوونی بووبن، نه‌خێر ئه‌وان تەنیا ئه‌سیری تۆزێک مه‌یلی جنسی بوون. لاشمان وانه‌بێت که ئێمه چونکە خه‌ڵکی ئاسایین زۆرتر تووشی هه‌ڵه ده‌بین. ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره گه‌ورانه تووشی کێشه‌ی ئاوا بووبن، ره‌نگه بۆ ئێمه‌ش مه‌مانان زۆر ئاسایی بێت.
جنگ اضداد است عمر این جهان صلح اضداد است عمر جاودان
گرێی ئۆدیپوس
گرێی ئۆدیپوس oedipus comlex کە پێشتر ئاماژەی پێدرا، سه‌ر چاوه‌که‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌فسانه‌یه‌کی یونانی. کوڕێک به ناوی ئۆدیپوس بۆ گه‌یشتن به خۆشه‌ویستی دایکی و مەیلی جنسی، و به هۆی به‌رچاوته‌نگی و بەغیلی هاتن به‌رانبه‌ر به باوکی پیلانی له ناو بردنی بۆ داده‌رێژێت.
فرۆید له سه‌ر ئه‌و باوه‌ره بوو که منداڵ زۆر به ساوایی شێت و ماخولیای دایکی ده‌بێت وه‌ک په‌پوله به‌ده‌وری دایکی دا ده‌خولێته‌وه، به تایبه‌تی کوڕ. کوڕ له ته‌مه‌نی سێ ساڵی بۆ سه‌رێ دژایه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانی ده‌کات له‌گه‌ڵ باوکی. تا پێش ئه‌و ته‌مه‌نه کچ و کوڕ که زۆرترنی کاته‌کانیان له گه‌ڵ دایک به‌سه‌رده‌به‌ن، له ته‌مه‌نی سێ ساڵی بۆ سه‌رێ رێی خۆیان جیا ده‌که‌نه‌وه. کچ خۆی لە باوکی نزیک دەکاتەوە، کوڕیش خۆی لە دایک نیزیک دەکاتەوە. کاتێک ئه‌و پێوەندییە به شێوەیەکی دروست و لۆژیک پێک بێت، منداڵ لە بواری نیازی رووحی پاراو دەکرێت، یانی به‌سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا زاڵ دەبێت، و له داهاتوو کەمتر تووشی هه‌ڵه‌ی جنسی دەبێت.
کاتێک منداڵ له باری رووحی دڵی پاراو نه‌کرێت، بێ گومان تووشی زۆر کێشه‌ی دیکه ده‌بێته‌وه. بۆ نموونه منداڵێک که دایكی خۆی نه‌دیوە، یان پێوەندی نادروستی له گه‌ڵ دایک و باوکی هه‌بوو بێت، که گه‌وره بوو تووشی کێشه ده‌بێت؛ وه‌ک هه‌ڵبژاردن له دۆست گرتندا، نه‌حاوانه‌وه لەگەڵ هەواڵان، سه‌رنه‌که‌وتن له ژیانی بنه‌ماڵه‌یی دا، و هەروەها ده‌بێته نموونه‌یه‌کی خه‌راپ بۆ مندالەکانی خۆی.
کێشەیەکی دیکە کە لاوەکان زۆربەی تووشی دەبن، کێشەی فیزیکییە. لاوه‌کان تووشی ئەم کێشەیە دێن بێ ئه‌وه‌ی خۆیان سوچیان هه‌بێت. دیارە بە پێی نەفەر فەرق دەکات. هەرچی هۆرموونەکان کاراتر بن، خوڵق و خووی منداڵ زۆرتر دەگۆڕن.
آلپۆرت دەڵێ: کاتێک مرۆ له باری جنسی و فکری پێ دەگات، بە سەربەخۆیی کەسێنی گەیشتووە. گه‌یشتن به سەربەخۆیی کەسێنی، گه‌یشتن به رووح و ره‌وانێکی ساڵم و ئازادە. له‌وه‌ی که به چ نرخێک یان به چ زه‌حمه‌تێک به سەربەخۆیی بگه‌ین فرە گرینگه. ئه‌و راستییەی که به نێوی سێکس له نێو ئێمه دا شاراوه‌یه، زۆرجار حاشای لێده‌که‌ین یان خۆمانی پێ فریو ده‌ده‌ین. زۆرجار به دزی و فزی بیری لێده‌که‌ینه‌وه، هه‌ر جۆره هه‌واو هه‌وه‌سێکی بۆ ئارەزوو دەکەین بێ ئه‌وه‌ی که‌سێكی دیکه هه‌ستی پێ پکات. "بە کورتی ئه‌و ماسکه‌ی بە نیوی چاکە له خۆمان داوه، له ژێره‌وه بەردەوام خەریکی فرت و فێڵە، و زۆر حه‌قیقه‌تی شاردۆته‌وه".
هه‌ر بۆیه میشڵ فۆکۆ به‌دوای ئه‌وه‌دا گه‌را که ئه‌و حه‌قیقه‌ته شاراوانه ئاشکرا بکات و ناوێکی تازه‌ی له‌سه‌ر دابنێت، به نێوی سه‌رهه‌ڵدانی جنسی. فۆکۆ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره بوو، به‌رگری له مه‌یلی جنسی، یان پاراو کردن و نەکردنی نیازی جنسی بیر و بۆچونی ئێمه له پێش و لە پاش سێکس ده‌گۆڕێت. بەم واتایە، لێک دانه‌وه و بۆچوونی ئێمه پێش گه‌یشتن به نیازی جنسی، تا‌کو دوای تێر بوونی نیازی جنسی جیاوازیان هەیە. لێک دانه‌وه‌ی ئێمه له‌م حاڵه‌ته، جیاوازی بیر و بۆچوونه له‌م حاڵه‌ته‌دا، یانی راستییەک ئاشکرا دەبێت که ناوی درکاندنه. کاتێک راستییەکەمان درکاند، یانی راستی جنسی ده‌رده‌که‌وێت، که حاشامان لێکرد راستییە جنسییەکە دەشاردرێتەوە. مرۆ کاتێک سه‌ربه‌ست و ئازاده که گیرۆده‌ی هیچ جۆره نیازێکی جنسی نه‌بێت.
له رێگای درکاندنه که راستی کێشه‌ی جنسی ئاشکرا دەبێت. که توانایی درکاندنمان نه‌بێت، به‌و مانایه له باری فکری گرژ و ئاڵۆزین. که‌واتە به‌رگڕیکمان له پێشه به ناوی بوت. کاتێک مرۆ بوتی له‌سه‌ر رێ بێت، یانی دیل و ده‌ست به‌سه‌ره. که بوتی نه‌بێت ئازاد و سه‌ربه‌سته. بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان لە دەس ئەم بوتە رزگار بکه‌ین، پێویسته بوته‌کان لەدەین لەسەر رێ. کاتێک بوته‌کان وه‌لاچوون، بیر و هزرەکان ئازادن، و ئەتوانن تەواو بفڕن.
"فرانسیس بیکن" بوته‌کان به چوار بەش ده‌ست نیشان ده‌کات:
بوتی کۆمەڵگا: داب و نەریت و ئایین و کولتووری هاوبەش
بوتی ئه‌شکه‌وت: پەروەردە و بارهێنانی نارێک و پێک
بوتی بازار : بیر‌و بۆچوونی پڕ و پووچانه بۆ به هه‌وسار کردنی خه‌ڵک
بوتی نمایش : ئه‌و بوتانەی که خۆیان به نوێنه‌ری خه‌ڵک ده‌زانن، و له ژێره‌وه په‌نا ده‌به‌نه هه‌ر چه‌شنه کردارێکی بێ ئه‌خلاق.
سه‌ره‌ڕای کێشه‌ی جنسی، مرۆڤ تووشی کێشه‌ی فکری ده‌بێت، که ئه‌م فاکته هۆکارێکی سه‌ره‌کییه بۆ قه‌یرانه ده‌رونییه‌کانی مرۆڤ. دیاره ئه‌م بابه‌ته به پێی هه‌رێمی ژیان یان راهێنانه‌کانی دایک و باب یان تێگه‌شتنی که‌سه‌که ده‌گۆڕدرێت. ئه‌و سه‌ر‌هه‌ڵدانه له ناکاو کاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر ئاکار‌و ره‌وشت و هه‌ڵس و که‌وته‌کانی ئێمه. بۆ نموونە، لاوه‌کان له‌و ته‌مه‌نه‌دا ملکه‌چی بڕیاره‌کانی دایک و باوک نابن، قسه‌ی خۆیان زۆرتر قه‌بووڵه تا‌کو گەوەرەکان. ئەوان زۆرتر باوه‌ڕیان به قسه‌کانی خۆیان هه‌یه تا‌کو گه‌وره‌کانیان، زۆرجار قسه‌ی گه‌وره‌کان ده‌بێته هۆی گاڵته و جه‌فه‌نگی ئه‌وان، یانی به کوردی قسه‌ی دایک و باب وه‌ک هه‌سانی سواوی لێدێت. زۆرجار دایک و باب به‌سه‌ر هه‌ڵه‌دا ده‌که‌ون و پێیان وایه که به زیاد کردنی رێژه‌ی منداڵه‌کانیان به‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا زاڵ ده‌بن. شتێکی که زۆر جێگای سرنجە، مندەڵاکان لە بواری خوڵق و خوو تەواو دەگۆڕدرێن تا‌کو تەمەنی لاوی، کە ئەم ئاڵ و گۆڕەش زۆر ئاسایی. ئه‌و منداڵانه‌ی له که‌شێکی ئاڵۆز و نالەباردا گه‌وره دەبن، و له ترسی دایک وباوک فزه و وزه‌یان دەرنایەت، گه‌وره کە ده‌بن لاسار و سەرەڕۆ دەردێن. بەم واتایە تۆڵه‌ی منداڵی خۆیان به شێوه‌یه‌کی ناجسنانه له داێک و باب ده‌کەنەوە، یان زۆرجار قینی خۆیان به‌سه‌ر که‌سێکی دیکه وەک خوشک وبرای بچووک دا ده‌رێژن. بە پێچەوانە، ئه‌و منداڵانه‌ی له که‌شێکی ئازاد و لەباردا گه‌وره دەبن، و به‌ترسه‌وه گەورە نەکراون، هێمن و لەسەر خۆ دەبن. هیچ تۆڵه یان قینێکیان له دڵدا نیه. ئه‌م پرۆسه‌یه بۆ هه‌ر که‌سێک دیته پێش، و که‌س ناتوانێت خۆی لێ ده‌راوێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌و که‌سه که‌سێکی ته‌واو نیه له‌باری فکری و جسمی.
درێژەی هەیە