ما 7479 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کە لە دەرگای ماڵەوە دەترازێم، ئاگام لێیە دایکم بەپەلە لەسەر بەرماڵەکەی رادەبێ و لە پەنجەرەکەوە هاوار لە دراوسێکان دەکا. بە سینگی خۆیدا دەکوتێ و داماوانە بە شوێن فریادڕەسەوەیە: "تکایە مەهێڵن مێشەکان بیبەن!... تکایە!" ئەو دیسان دەیسەلمێنێتەوە کە دایکان نایانەوێ لە مێژوو بگەن. 

 

دووانیوەڕۆیەک مێشەکان بردیان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دایکم هەمیشە لە نێوان دەرگاکەوە سەرەتاتکێیەتی. هەستدەکا لەم ژوورەدا خەریکە شتێکی دەگمەن دەقەومێ. شتێک وەک کارەسات. کوڕەکەی لە جاران ناچێ. لە کاتێکدا گلێنەی چاوەکانی بچوک دەکاتەوە و ورد ورد سەرتاپای بەسەردەکاتەوە، لەبەر خۆیەوە ئەم رستەیەی گۆرانییەکی حەسەن زیرەک دەڵێتەوە،... بە چرپە و بە ئەسپایی: "قەستەم بە سووڕەتی عەممە / داییم دڵەکەم پڕ لە خەممە!"

من کە بە جوانی گوێم لە گۆرانییەکەیەتی، لام وایە دایکم وەک هەموو دایکانی تری دونیا لەخۆوە خەمی کوڕەکانیان دەخۆن. بە تایبەت دایکی من. ئەو دەبێ لەمە تێبگا گەر قەرارە شتێکی دەگمەن رووبدات، بگرە گەر کارەساتیش بێت، کەواتە دەبێ رووبدات! چی باشتر لە رووداوی دەگمەن؟ مەگەر ئەو نازانێ بناخەی دونیا لەسەر ئەم رووداوە دەگمەنانە راوەستاوە کە بە سەد ساڵ جارێک روودەدەن؟ جا چ چاک چ خراپ.

بەڵام دایکم وازناهێنێ. لای ئەو، وەک هەموو دایکانی تر، گەر دەگمەنێک هەبێ منداڵەکەیانە، نەک شتی تر. ئەوان دونیایان لا خۆشە، چونکە بوونەوەرێک بە ناوی منداڵی ئەوان پێی تێ ناوە و بە هەنگاوەکانیان بە سەر خاکەکەیدا هەنگاوهەڵدێنن. ئەو رۆژی چەندین و چەندین جار بە بیانوو و بە بێ بیانوو دەرگاکە بە ئارامی و بە ئاستەم دەخاتە سەر پشت و، لە ناو تەم و مژی تەنکی ژوورەکەدا بۆ هەیکەلی من دەگەڕێ. منێک کە ماوەیەکی چاکە لەوێم و، بەدەگمەن چۆڵی دەکەم.

لام وایە ئەو رووداوە دەگمەنە کە بەڵێنە لەم ژوورەدا رووبدات ئەوەندە دەگمەنە گەر دایکم بە سەدان رۆژی تر و رۆژانە بە دەیان جاری تر درگاکە بکاتەوە و لە من و لە ژوورەکە بڕوانێ، ناتوانێ بیدۆزێتەوە. دایکان هەمیشە دوواکەسانن مێژوو دەخوێننەوە.

بەڵام سەبارەت بە رووداوە دەگمەنەکە. من پێم وایە یەکێک لە دەنگە کەم وێنەکانی ژیان، ویزەویزی مێشە لە سەر شووشەی پەنجەرە لە گەرمای دووانیوەڕۆیەکی هاوین لە کاتێکدا مرۆڤ لە ژوورێکی خەڵوەتدا بە تەنیایی دانیشتووە و بێتاقەتی سەری پێهەڵگرتووە. لە ژوورێکی گەرمدا کاتێک تنۆک تنۆک ئارەقت لێدەڕژێ و لاجانگ، دەوری گەردن، بن باڵ، ناو پشت و سەر سینگت بوونەتە بەستێنی جۆبارە دیار و نادیارەکان.

من بە سەدان جار لە وەها ژوورێکدا دانیشتووم. بە تایبەت لەم ساڵانەی دوواییدا کە دونیا تا هاتووە گەرمتر بووە و باران و بەفریش کەمتر و کەمتر. هەست دەکەم ویزەویزەکان پێ بە پێی ئەم گۆڕانە، دلێرتر و دلێرتر بوونە.

لای من ژیان بووە بە ویزە و، ویزە بە ژیان.

ئەوەتەی لەبیرم دێ زۆر بە ئاسانی هەمیشە کتوپڕ خۆم بەتەنیا لە ژوورێکدا بینیوەتەوە. لەسەر کورسییەک لە قووڵایی هۆدەکە لە کاتێکدا گەرما تەنگی بە هەناسەم هەڵچنیوە و، چاوەکانم ئەبڵەق قەتیس ماون. لەوبەریشەوە، دەنگی ویزەویزی بێ بڕانەوەی مێشێکیش لەسەر پەنجەرەکە کە هەموو گوێی من و ژوورەکەی زۆر نامەردانە ئاخنیوە. دڵنیایشم دایکم گەر هەزاران جاری تر دەرگاکەم لێبکاتەوە، گوێی لەم دەنگە ناوازەیە نابێت.

بە درێژایی ژیان زۆر گوێم بۆ ئەم دەنگە هەڵخستووە. بەدەست خۆم نەبووە. لە ژوورەکەدا لەهەر حاڵەت و لەهەر دۆخێکدا بووبێتم، ئەوا ئەو دەنگە بووە سەرئەنجام بەسەر مندا زاڵبووە و منی لەگەڵ خۆی بردووە. ئیستایش لە پاش ئەو هەموو ساڵە، بەو ئاکامە گەیشتووم کە فەلسەفە و نییەتێک لەپشت ئەم رووداوە دووپاتکراوەوگرینگەی ژیانی مندا هەبووە. گەر دەپرسن مەبەستم لە فەلسەفە و نییەت چییە دەبێ بڵێم من لەمێژە بەو ئاکامە گەیشتووم، ئەو ویزەویزە، پێوەندێکی شاراوەی بە مانای راستەقینەی 'بوون' لەم سەردەمەی ئێمەدا هەیە! پێوەندێک کە منی دۆزیوەتەوە و هەوڵدەدا لە رێگای منەوە ببێ بە کۆڵەکەی سەرەکیی راوەستانی ئاسمانی ئەم سەردەمە.

پێتان سەیر نەبێ وا دەلێم. من پێم وایە ئەو ویزەویزە نەک دەنگی شاراوەی هەبوونی من لەم ژوورەدا، بەڵکو هی هەموو ئەو مرۆڤانەیشە لە دەرەوەی ئەم ژوورەدا دەژین، با خۆشیان بەمە نەزانن. پێشم سەیر نیە نایزانن، ئاخر ئەو ویزەویزەیە دەنگێک نیە هەموو کەس بتوانێ گوێی بۆ هەڵخا و بە قووڵی بیری لێبکاتەوە. گوێ و سەرنج و بیری خۆی دەوێ. لەو گوێ و سەرنج و بیرانەی کە وەک خۆیان لە خۆیان دێنە دەر و، دەبن بەوەی کە هەیە و لەبەردەمیاندایە و دەیبینن و دەیبیستن.

لای من، ئێمەی مرۆڤ بە پێچەوانەی هەموو ئەو شیعرانەی بۆمان هەڵبەستراوە و هەموو ئەو چیرۆکانەی فیلسووفەکان لەسەرمان باسیان کردووە، ئەوەیکە گوایا سەرچاوەی عەقڵین و کەلەسەرمان ئەو شوێنەیە ئەقڵ خۆی تیا حەشارداوە، شتێک نین زیاتر لە ویزەویزی مێشێک لە دووانیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین لەسەر شووشەیەکی چڵکنی رووەوە کۆڵانێکی پڕ لە خۆڵ و لە زبڵ و پڕ لەو بنیادەمە ترسنۆکانەی کە هەموو ژیانیان تەنیا ماڵەکەیانە و ئەو کۆڵانەی پیای دەڕۆن.

دیسان تکایە زویر مەبن وا دەڵێم! من ئەوەتەی لەبیرم دێ، ئەم ژوورە و ئەو کۆڵانە بە هەموو زبڵ و مرۆڤە سڕەکانییەوە، هەن و دەڵێی بەڵێن نیە قەت کۆتاییان پێ بێت. من و ئەوان نە لە بیرمانە کەی لەدایک بووین و نە لەسەر ئەو باوەڕەیشین کە رۆژێک دەمرین. ئێمە تەنیا هەین. ئەوەی دەیزانین 'هەبوون'ە: هەبوونی هەموو رۆژەی من لەم ژوورە و، هەبوونی هەموو رۆژەی ئەوان لەو کۆڵانە، بەو ئاسمان رەنگ هەڵبزرکاوەوە لەناو شەپۆلی گەرمادا کە هەموو رۆژێ هەتا ئەوپەڕی خۆی دەکوڵێ. ئێمە هەین چونکە بوونمان پێدراوە. ئێمە نین چونکە دەمانەوێ ببین.

با لێتان نەشارمەوە کە من بە وردی سەیری سەمای مێشەکانم کردووە. جارێکە با بڵێم هەموویان پێکەوە لەسەر شووشەکان دەست ناکەن بە ویزەویزکردن. ئەوپەڕەکەی چەند دانەیەکن. وەک بڵێی سەمای ویزەویز، سەمایەکی بەکۆمەڵ نیە و ئەوان بە شێوەیەکی خۆڕسک لە ئەزەلەوە رێزی ئەم یاسایە دەگرن. ئەوەی دەیەوێ دەست پێبکا، سەرەتا دووای دەورێکی کراوەی خولانەوە لە ژوورەکەدا بەپەلە خۆی بە شووشەکەدا دەکوتێ و ئەوسا دەستبەجێ دەکەوێتە سوڕخواردن و ویزەویزێکی شێتانە لەسەری. مێشەکە بە هەموو چاوەکەدا هەڵدەخلیسکێ، لەم سەرەوە هەتا ئەو سەر، چەپ و راست،... سەر و ژێر. پاش ماوەیەک کتوپڕ لە شوێنێکدا دەچەقێ و ئارام دەبێتەوە. وەک بڵێی گوێ هەڵدەخا بزانێ دەورووبەرەکەی چۆن دەڕواننە سەماکەی و کاردانەوە و رایان لەسەری چۆنە. پاشان، شێتانە دەورێکی تر دەکەوێتەوە گەڕان و ویزەویز. دیسان ئارام دەبێتەوە. ئەوسا زۆربەی دەورەکانی تری لەچاو دوو دەورەی یەکەم کەمێک ئارامترە. جاری وایە لە شوێنێکی تایبەتی سەر شووشەکە دەسوڕێتەوە و جاری وایشە لە گۆشەیەکدا وەها بێدەنگ خۆی کڕدەکا گەر سەرنجی نەدەیتێ پێت وایە لەمێژە رۆیشتووە و ونبووە، بەڵام نا،... ئەو هەر لەوێیە. ئەو، دەتوانێ بە سەعات لەسەر چاوە شووشەکە بمێنێتەوە. با ئەوەیش بڵێم هەر لەم گەشتانەیش دایە بە یەکدا دەپسن. ئەو بە سەر یەکی تردا، یان یەکێکی تر بە سەر ئەودا. جاری وایە بە کۆڵی یەکترەوە هەموو پانتایی شووشەکە دیسان بەسەردەکەنەوە.

مێشەکان لە هەموو جۆرێکن: چووکە، گەورە، شین، قاوەیی، سەوز و هتد. بە چاوە سوور و رەنگاوڕەنگە گەورەکانیانەوە. ویزەی مێشە سەوزەکان کە لە هەموویان گەورەترن، لەوەدا نیە. کەڕ و کاست دەکا. خۆکوتانەکانیشیان بە پەنجەرەکەدا ئەوەندە قورسە، راتدەچڵەکێنێ. راچڵەکاندنێکی پڕ لە دڵەخورپە! پێت وایە شووشەکە حەتمەن درزی بردووە،... کە نەیبردووە. بەڵام رادەبی و بەو گەرما کوشندەیە لە چاوەکە ورد دەبیتەوە. ئەوسا لە جیاتی درز، گووەمێشە بێ ئەژمارەکان دەبینی. رەق رەق. جاری وایە بە نووکە چەقۆ دەیانکڕێنم. گووەمێشەکانی پڕ لە بوونی ئێمە!

تا گەرما زۆرتر، کەیفی ئەوان زۆرتر و حەزی رووانینی من زۆرتر و کٶلانی خەڵوەت لە مرۆڤە ترسنۆکەکانیش زۆرتر. من لەمێژە بەو ئاکامە گەیشتووم کە وڵات تا ساردتر بێت و بەفر زیاتر، ئەوا خەڵکەکەی ئازاتر و بەختەوەرترن. زۆر سادە لەبەر ئەوەی لە وەها وڵاتێکدا نە مێش دەستدەکەوێ و نە نیوەڕۆیەکی گەرم تا پیاو لە ژوورێکی ئارەقاویدا دابنیشێ و گوێ لە ویزەویزی خەمگینیان بگرێ. کە مێشیش دەست نەکەوت ئیتر بوونی ئێمە لەوان ناچێ و بەناچار دەبێ لە شتێکی تر بچێ. بەڕای من 'بوون' لەهەر شتێکی تر بچێ، جگە لە مێش، خۆی لە خۆیدا نیعمەت و دەستکەوتێكی گەورە و ناوازەیە. یەکجار ناوازە.

خۆ نەگبەتییەکە لێرەدا راناوەستێ. بەدبەختی ئەو کاتە زیاتر دەبێ کە دەبینی مێشەکان دەبن بە نێچیری بوونەوەرێکی ناحەزتر و ناشیرینتر لە خۆیان. بێگومان دەزانن مەبەستم چییە. ئەرێ! مەبەستم جاڵجاڵۆکەیە. ئەو لاق درێژە جەستە بچووکانەی لە هەموو شوێنێکی ناو ژوورەکە و بە تایبەت لە نزیک و سەر پەنجەرەکە، بە سەدان داوی دیار و نادیاریان ناوەتەوە. ئەوانەی کە قەت پەلەیان لە خواردنی هیچ نێچیرێکی خۆیان نیە. وەک بڵێی ئەوەندەی چێژ لە چۆنیەتی پێوەبوونیان و لەسەیرکردنیان دەبینن، لە خواردنیان نا. بێچارە 'بوون' ی ئێمە!

من جاری وایە زۆر گەمژانە پێم وابووە گەر هەستم و هێلانەی جاڵجاڵۆکەکان تێکبدەم، ئەوا دەتوانم بەر بە قووڵبوونەوەی کارەساتەکە بگرم. بۆیە هەستاوم و شێتانە هەموو هێلانەکەیانم تێکداوە. بەڵام دوواتر بینیومە بە سەدان داوی تر هەر لەو ژوورە ئاشنایەدا هەن کە من تاوێک لەمەوبەر پێم وابووە تاقم تیانەهێشتبووەوە. هەر من نیم لەم ژوورەدا گوێم بۆ مێشەکان هەڵخستووە.

مێشەکان لێم دەنیشن، دەست و روومەت و لێوم دەگەزن، دەیلێسنەوە. بە قاچەکانیان باڵەکانیان دەسڕن و لووتیان دادەژەنن. چەند هەنگاو دەڕۆن و رادەوەستن. کورت بە دەورمدا دەفڕن و بۆن بە ئارەقەی بەتامی لەشمەوە دەکەن کە تێکەڵ بە چەوری و بە خانە وردە داتەکاوەکانی جەستمەوە بووە. قاچەکانیان تا نیوە لە ئارەقەکەدا رۆدەچن. لەخۆشیا جاری وایە هەڵدەخەنەوە و خۆ بە یەکتردا دەکوتن. هەوا بۆنی ئەوان دەدا، زیاتر لە من و لە بنیادەمەکانی دەرەوە. هەموو شتێ تا ئەوپەڕی خۆی مێشاوی دەبێ. دونیا، واتە ژوورەکەی من، رەنگ و بۆن و تامی مێش دەگرێ. منیش تا دێ زیاتر بەو ئاکامە دەگەم کە مانا و ئامانجی ژیانی من شتێک نیە جگە لە بەرەوپیرچوونی ئەو رووداوە دەگمەنە یاخود بە زمانی دایکم ئەو کارەساتەی وا قەرارە رووبدات.

دایکم کە لە تێکدانی هێلانەی جاڵجاڵۆکەکان یەکجار دڵگرانە و بۆ قەرەبووکردنەوەی گوناحەکانی من پەستا پەستا نوێژ دادەبەستێ و روو لە قیبلە داماوانە بەرز و نەوی دەبێتەوە، بە مۆڕەکەوە لە دەرگا نیوەکراوەکەوە لێم دەڕوانێتەوە و دەڵێ شەرمی محەممەد بتگرێ کە هەر ئەم جاڵجاڵۆکانە لەدەست کافر رزگاریان کرد. منیش کە ئەو چیرۆکەم هەر لە منداڵییەوە بیستووە، بە دایکم دەڵێم چارمان نیە و دەبێ چیرۆکێکی پێچەوانە هەڵبەستین. دایکم لێوەکانی بە نیشانەی دۆعا بەپەلە دەجوڵێنێ و فوویەک بە دەوری خۆیدا دەکا. من کە دەزانم دایکم لەو گەمژەترە لەم شتە بگا، دیسان نیگام دەخەمەوە سەر شووشەکان. میشەکان وەک هەمیشە لە دووای دیتنی دایکم بە رقێکی زۆرترەوە لە سەر شووشەکان و لە ناو ژوورەکە دەکەونە خولەخول. بە سەدان مێش دونیا تاریک دەکەن و کۆڵان و مرۆڤە ترسنۆکەکانی دەرەوە بۆ ماوەیەک لێم وندەبن.

رادەبم. هەستدەکەم ئیستا ئیتر وەختیەتی. وەختی روودانی رووداوە دەگمەنەکە. بە ناویاندا دەکەومە پیاسە. لێم دەئاڵێن. شێتانە تەوافم دەکەن. لێم دەنیشن. دیسان دەفڕنەوە. دەستیان پیادەگێڕم. دەستم بە ناو جەستەی پڕ جوڵەیاندا دەگەڕێ. لە پورەهەنگ دەکەن. دڵنیام ئیستا رووبەری جەستەم پڕ بووە لە گووەمێش. بەڵام گوێ نادەمێ. بێگومان گەر دایکم ئیستا لێم بڕوانێ، بە مێشەکانی دەورمەوە لە کووپەیەکی گەورەی هەرمێ ئاسا دەکەم. کووپەیەکی گەڕۆکی ناو ژوورێکی گەرمی دووانیوەڕۆیکی هاوینی یەکێک لە ساڵەکانی پڕ لە بێتاقەتیی مرۆڤ.

دڵنیام ئیتر ئەم ساتەوەختە کاتیەتی. زەمەن گەییوە. کەسێک، کە ئەویش من بم، دەبێ شتێک بکا. وەک بڵێی مێشەکان ئاگایان لەم بڕیارە دەروونیەی من بێت، شێتانەتر لێم دەئاڵێن و بە دەورمدا دەکەونە فڕین. بەرەو دەرگاکە دەڕۆم. گوێم پڕە لە دەنگیان. ئاگام لێیە دایکم لەسەر بەرماڵەکەی خۆی دەڕنێ و دەکەوێتە گریانێکی شێتانە. وەک هەموو ئەو دایکانەی وا درەنگ لە مانای مێژوو دەگەن. بەڵام من گوێ نادەمێ. من غەرقی سەمای مێشەکانم.

دڵنیام گەر رۆژێک بێت و من ناچار بم لە ترسی کافرە نوێیەکان لەم شارە بڕۆم و روو لە شوێنی تر بکەم، لە سەر رێگایش ناچاربم خۆم بە غارێکدا بکەم، ئەوا ئەم مێشانە دوژمنەکەم بە لاڕێدا دەبەن و گیانم دەپارێزن. رەنگە بڵێن چۆن؟ خۆ مێش بە پێچەوانەی جاڵجاڵۆکە تاڵ چێ ناکا و هێلانە ناتەنێ. دەبێ بڵێم بە هەزارانیان وەها لە سەر کونی غارەکە کۆدەبنەوە و پڕی دەکەن لە گووەمێش کە هیچ کافرێک غیرەتی ئەوە نەکا بە ناویاندا گوزەر بکا. دڵنیایشم ئەو رۆژە دێ. بگرە هەر ئیستاکە دەستی پێکردووە. هەموو شتێکی ئەم ژوورەی منی تیا دادەنیشم، بەو کۆڵانەوەی من دەیناسم، ئاماژەن بەمە. من ئەمڕۆ هیجرەت دەکەم بۆ ئەوەی رۆژێکی تر بگەڕێمەوە و هەرچی بوتی ترسنۆکی ئەم خێڵەیە بشکێنم و ئایینێکی تر لەگەڵ خۆم بێنم. وەک خودایش بە خۆشییەوە لە ئەزەلەوە بڕیاری لەسەرداوە، چیرۆکە گەورەکان هەمیشە بە سەرکەوتن کۆتاییان دێت.

کە لە دەرگای ماڵەوە دەترازێم، ئاگام لێیە دایکم بەپەلە لەسەر بەرماڵەکەی رادەبێ و لە پەنجەرەکەوە هاوار لە دراوسێکان دەکا. بە سینگی خۆیدا دەکوتێ و داماوانە بە شوێن فریادڕەسەوەیە: "تکایە مەهێڵن مێشەکان بیبەن!... تکایە!" ئەو دیسان دەیسەلمێنێتەوە کە دایکان نایانەوێ لە مێژوو بگەن. ئەو تێناگا من کەسێکی نوێم کە خەریکی چێکردنی مێژوویەکی نوێیە. نازانێ من هەنووکە پێغەمبەری ئایینێکی نوێم. ئایینێک تەنیا بۆ سڕینەوەی ترسنۆکیی مرۆڤ و بۆ رەوینەوەی ساڵانی بێتاقەتی. ئایینێک بۆ فێرکردنی زمانی ویزەویز لە کۆڵانێکدا لەمێژە زمانیان لەبیرچووەتەوە.

 

 Bilderesultat for fluer på vindu

گەڕان بۆ بابەت