ما 6591 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

کە جەستە زۆر لە ناو کوچە و کۆڵانەکانی شاری ئازار مایەوە، هەست بەوە دەکا هیچ کۆڵان و شەقامێک نایگەیەنێتە دەرەوەی ئەم شارە، ئەوسا مرۆڤ هەوڵدەدا بگەڕێتەوە بۆ ناو خۆی. بۆ ئەو شوێنەی کە تەنیا هی ئەوە و بەس، شوێنێک کە دەستی کەس نایگاتێ. لەوێ شوێنێ هەیە دەتوانی خۆتی تیا بشاریتەوە. گرمۆڵە گرمۆڵە. دوور دوور.

 

شتێک هەڵەیە!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لێرە لە ناو ئەم ژوورە چیمەنتۆییە رەنگ خۆڵە مێشییە کە هیچ پەنجەرەیەک بە دونیای دەرەوەی نابەستێتەوە، من و ئەو پێکەوە بە یەک ئەندازە بیری ئەو رۆژە دەکەین. ئەگەرچی ئەو جل وبەرگی بەڵەکی سەربازی لەبەردایە و منیش جل و بەرگی ئاسایی رۆژانەی کوردی. ئەگەرچی ئەو دەگوڕێنێ، دەوەشێنێ، هەڕەشەدەکا و منیش داماو، ئارام، بێدەنگ و کز. هەر دووکمان ئەو رۆژەمان لەبیرناچێتەوە، ئەگەرچی ئەو تەنیا وەک راپۆرت بینیویەتی و منیش وەک راستی. هەردووکمان وەها نوقمی ئەو رۆژەین کە نە ئەو دەیەوێ من وەک خۆم ببینێ و نە منیش باوەڕم وایە تازە دەتوانم دونیا بگەڕێنمەوە رۆژی پێش ئەو رۆژە و نە ئەویش لە خۆم تێبگەیەنم.

ئەو دەڵێ "ها پدرسوختە جانی، آن روز کجا بودی؟ با مسلسلت کیف می کردی ها؟ عاشق کشتن بچەهای ما بودی، ها دیوس!؟" منیش پێی دەڵێم ئەو رۆژە بە پێچەوانەوە کاتێک ستوونەکە خۆی کرد بە شاردا من لە ناو خانووی بەرزترین گردی شار خەریکی سەیرکردنی ئەو دیمەنە دەگمەنە بووم کە کەمتر وەک خۆی لە مێژوودا دووپات دەبێتەوە، بەتایبەت مێژووی ئەم شارە. دەڵێم من کە لەوە پێش ئەم جۆرە شتانەم تەنیا لەناو کتێبەکاندا خوێندبووەوە، پێم وابوو رێک وەک کاتی خوێندنەوەی کتێب تەنیا دەبا لە شوێنێک دابنیشتنمایە و سەیرم بکردایە. دەڵێم لەوێوە ئاگام لە دەنگی تەقە و لە هات و هاوار و لە گڕ و لە دووکەڵەکان بوو، لەو مرۆڤانەی راکەڕاکە لە ترسانا یاخود بە تەمای شتی تر خۆیان بە هەموو شوێن و کەلەبەرێکدا دەکرد. دەلێم دوواتر کاتێک تەقە تەواوبوو و شار دامرکایەوە، منیش وەک خەڵکی تر بەرەو کۆڵان و شەقامەکانی خوارووی شار خلۆر بوومەوە تا بزانم بەڕاستی چی روویدابوو. وتم تازە دووای تەواوبوونی تەقە و هەراهەرای خەڵکی بوو کە زانیم ئەوەی لەبەر دەممدایە کتێب نیە و بەڵکو یەکێک لە رووداوە راستەقینەکانی ژیانە. ئەویش بە مشت دەکێشێ بە دەمم دا و لە کاتێکدا قژە ئارەقاوی، چڵکن و ئاڵۆزەکانم بە چنگ دەگرێ و رایدەوەشێنێ، دەڵێ "جون عمەت تو گفتی و ما باور کردیم!"

ئەوەتەی لەبیرم دێ یەکێک لەو شتانەی لە زمانی فارسی سەرنجی راکێشاوم ئەم بەکۆناساندنەی تاکە لە کاتی قسەکردن یان نووسیندا. شێوازێ کە لە کۆنەوە ماوەتەوە و بگرە پیاوە گەورەکان یەک لەوان پاشاکانیش پێی دوواون. ئەم خۆبەکۆناساندنە نەک تەنیا نیشانەی حورمەت و گەیاندنی جۆرێک لە خۆیی بوونە، بەڵکو دەستبەجێ بە جۆرێک وەها خۆت لەناو کۆمەڵە خەڵکێکی خەیاڵیدا، سەرەڕای تاکبوونی کەسەکە، دەبینیتەوە کە نازانی لە چاوانی کامیان بڕوانی! بۆیە جۆرێک لە هەستی متمانەت تیا دروست دەبێ. ئیتر هەست بە ترس ناکەی. کاتێک گوتی 'ما'، هەستم کرد نەک لەناو ژوورێکی چڵکنی ترسناکدا نیم، بەڵکو میوانی ئەوم کە ئیستاکە بە هەڵە یاخود بە داوای کەسێک بە بێ ئەوەی بۆخۆیشی بیهەوێ بووە بە جەللاد. جەللادی من. تازە ئەو رۆژە بوو زانیم دەکرێ ئەم 'ما' یە بە گاڵتە و بۆ سووکایەتیش بگوترێ.

تفە خوێناوی و لینجەکەم بە زەحمەت رۆکرد و، گوتم درو ناکەم. گوتم ئەو رۆژە چووم بۆ ئەو راستە شەقامەی هەموو ماشینە سەربازی و زرێپۆشە سووتێنراوەکانی لێبوو، بە تەرمەکانی ناویانەوە. خراپ کەوتبوونە تەڵەوە. بە دەیانم لێ بینین. وتم من چاوم بەو تەرمە سووتاوانە کەوت کە بەسەر فەرمانەکاندا دانەویبوونەوە. هەروەها ئەو خوێنانەی سوور سوور و رەش رەش، لێرە و لەوێ لەسەر قیرەتاوی سەر جادەکە رێچکەیان بەستبوو، دەڵەمەیان کردبوو. کە ئەمەم گوت دەستی کێشایەوە. لێم دوورکەوتەوە و بەوردی لێمی رووانی. گوتی "بگو پدرسوختە ضد انقلاب، بگو!" منیش درێژەم دایەوە، ئەگەرچی ناو سک و پێستە سەرم لە ژانا دەبرژان. گوتم ئەو رۆژە چوومە مزگەوتیش، مزگەوتی شێخەلئیسلام. لەوێش لە نوێژخانەکە هەفدە تەرمم ژمارد. لە کاتێکدا ناوچاوانم بە شووشەکەوە نابوو، ژماردمن. هەموویان گەنج، بە کونە فیشەکەکانی لەسەر جەستەیانەوە. گوتم کە زۆر ترسام. لە ژیانمدا ئەوەندە تەرمم پێکەوە و لەیەک کاتدا نەبینیبوو، بگرە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سەردەمی شۆڕشیش دا. سەرەڕای ئەوەی هەفدە بوون، بەڵام لە سەدانیان دەکرد! گوتم سەر موزاییکەکان پڕی خوێن بوو، خوێن دەچۆڕایە ناو جۆگەی تەنیشت حەوزی دەستنوێژگرتنەکە. گوتم من قەت لە ژیانم دا ئەوەندە بەزەییم بە مرۆڤی نەگبەت دا نەهاتبووەوە. لێرەدا رایگرتم. بە ئارامی گوتی "شیرین زبونی می کنی خواهر جندە حمال! خیال می کنی اگە اینو بگی باورت می کنم و آزادت می کنم؟ خر مادرزاد!" ویستم بڵێم ئەوەی دەیڵێم نەک تەنیا درۆ نیە، بەڵکو هەمووی راستییە. نەک تەنیا چیرۆکی ستوونەکە و تەرمەکان، بەڵکو ئەوەی من لە دەروونی خۆمدا هەستم پێکردبوو و بەردەوامیش هەر هەستی پێدەکەم، هەموویان راستن، وەک رۆژی رۆشن. بەڵام نەمگوت. هەستم کرد چیرۆکەکە گەر خۆی لە خۆیدا نەتوانێ لەسەر جەللادەکەم کاریگەریی هەبێ، ئەوا هیچ روونکردنەوەیەک ناتوانێ یارمەتیدەر بێت. وە چونکا من هەر لە منداڵیمەوە حەزم بە چیرۆک و چیرۆک خوێندنەوە بووە و ئاگام لە کاریگەرییەکانی لەسەر خۆم هەبووە، دڵنیا بووم هەمان کاریگەرییشی لەسەر ئەو دەبێ، بەتایبەت گەر چیرۆکەکە لە رەگەزی ناتورالیستی بێت. بەڵام وادیاربوو هەتا ئەم ساتەوەختە خەیاڵم خاو بوو. نەک تەنیا هیچ کاریگەرییەک نەدەبینرا، بەڵکو جەللادەکەم هەتا دەهات توڕە و توڕەتر دەبوو.

گوتی "آن روز از چە تفنگی استفادە کردی، ها چە تفنگی؟... ژ ٣ بود، یوزی یا کلاشینکوف؟" ئەوکات بەسەرمدا داموکایەوە و روخساری ریشن و پڕ لە چین و چروکی کە گەڵ لەتەمەنی گەنجیەتییەکەی نەدەهاتەوە، لێم نزیک کردەوە و گوتی "البتە کە کلاش بودە، شما کثافت ها همە عاشق کلاشیت، عکساتونو دیدم، دیدم با چە کیفی باهاش قیافە می گیرید، آرە بعث هم کە فقط کلاش دارە!" دیسان بە توندی قیڕاندییەوە "ها!... بگو چە بود؟" گوتم ئەو رۆژە یەکێک لە رۆژە خۆشەکانی هاوین بوو، ئاسمان ساماڵ، ئاربەبا رەنگین و جوان، سەرەڕای دۆخی ناخۆشی شار و دڵەڕاوکێی خەڵکی، بەڵام لام لەوە نەدەچوو شتێکی ناخۆش رووبدات، لای خۆم دەمگوت سەرئەنجام ئەم هەوا و سروشتە جوانەیە گرەوەکە دەباتەوە، نەک مرۆڤەکان. کتوپڕ لاکەلەکەم گڕی گرت. وەک تەلیسە خوری نەرم نەرم بەلادا کەوتم. ژان، جێگای جەستەمی گرتەوە. ژان بوو بە جەستەم. گوتی "داری برام شاهنامە می خوانی ایکبیری؟ بچە ننە قرمساق!... ها؟ کاری می کنم مرغان هوا بەحالت گریە کنند،... حالا تازە اولشە!" پاش ماوەیەک بەهەر دوو دەست یەخەی کراسەکەی گرتم و بەرزی کردمەوە و، خستمییەوە سەر کورسییەکە. بەزەحمەت خۆم رادەگرت. بەربەرە هەستم بە جەستەم کردەوە. ژانەکە کەلەکەمی جێدەهێشت و دەگەیە قەراخەکان. لە ناو ژان و جەستەدا هێشتا دابەش بووم. گوتی "بە قیافەت نمی آد، با آنکە هنوز دهنت بوی شیر می دە، اما نیروهای ما درست بعد از درگیری، در دهنە ورودی شهر، یعنی تنها نیم ساعت بعدش دستگیرت کردند. چکار می کردی ها؟ خوب اگە آن روز توی خانە روی آن تپە داشتی تماشا می کردی، امروز چی؟ توی بچە ننە کە بایست پیش ننەجونت می بودی، ها؟ با این حساب جزو همون بی شرفهایی،... ها؟... گروە امداد!... ها حتما گرو امدادشون هستی،... مگە نە؟... فرستادند، یا موندی برای اینکە کمتر کسی می تونە بهت مشکوک بشە، اما خودت خری،... خودتان خرید!"

ویستم بڵێم کە دایکم ناردبوومییەوە بۆ شار بۆ ئەوەی کەمێک ئازوقە لەگەڵ خۆم بەرمەوە. ویستم بڵێم کە گرتیانم کۆڵەکەیشم پێ بوو، چەند کیلۆیەک برینج لەگەڵ لوبیا و نۆک و هەندێ پیاز. بەڵام نەمگوت. بە پێچەوانەوە لە کاتێکدا دیسان بە زەحمەت وشەکان لە دەممەوە دەهاتنە دەر، گوتم رێک لە تەنیشتی ئەو شەقامەدا وا شەڕەکە تیای رووی دا، درەختێکی قەدیمی لێیە، بە هێلانەی حاجی لەقلەقەکان بەسەرییەوە. دووان بوون. ئەوەتەی نەک من، بەڵکو خەڵکی شاریش لەبیریان دێ ئەوان هەر لەوێ بوون. ئەو رۆژە سەیری ئەوانیشم کرد. لەوێ نەمابوون. تەنیا، درەختێکی نیوە وشک کە دوواتر وتیان سەر لقەکانی ئەویش سەنگەر بوون،... ئەو رۆژە. وتم کتوپڕ ئاسمانی شار گۆڕابوو. سروشت نەیبردەوە. هەرچەند دەبوایە هەر زۆر زووتر بمزانیایە، هەر لە نیوەڕۆکەیەوە، کاتێک هەواڵ هات، پێش ئەوەی ستوونەکە بگاتە شار، لە هەژدەدۆڵان بەتووش شەڕێکەوە دەبێ و ئەوانەی لەوێ دەکوژرێن یەکەمین کوژراوەکانی ئەو رۆژە خەمینە دەبن. ئەوانەی وا بە تەناف رایانکێشان! "چی؟... با طناب؟... کی،... ها،... کی؟" من کە لێرەدا بووم هەستم کرد بە تەواوی هەڵەم کردووە، بەڵام چیرۆک زاڵتر بوو، گوتم وام بیست،... ئیتر نازانم کێ بوون، وام بیست. گوایا ستوونەکە تەرمەکانیان راکێشابوو. "شهر شما بوی مقدس خون شهدای مارو گرفتە، هر جا میری این بو را احساس می کنی. فکرشو بکن شهر شما لجن ها بوی مقدس شهدای ما را گرفتە، افتخاری کە نمی بایست نصیب شما می شد کە شد. لعنت بە شما!؟... می خاید بگی همەچی از برادرهای ما شروع شد؟... لامذبهای خدانشناش!... یا ابالفضل!" گوتم تا ماوەیەکی زۆر ماشین و زیلە سووتاوە سەربازییەکان لەوێ مانەوە. من تا ئەوان مانەوە کەمتر سەردانی ئەو بەشەی شارم دەکردەوە. هەموو شتێ چەند سامناک بوو، چەند سامناک! "بی شرف قرمساق، باز ننە من غریبم بازی درمی آرە،... ها؟" چەند مشتێکی تر روخسارمی پێکا. گڕ، بووەوە بە کەلەسەرم. گوتم قەت پێم وانیە لەم بۆنە رزگارم بێت، لە بۆنی خوێن و خۆڵی تێکەڵ بە یەکتر. لە بۆنی تەگەر و جەستەی سووتاوی تێکەڵ بە یەکتر. باوەڕم نەدەکرد ئەوەندە سامناک بن، باوەڕم نەدەکرد! هەتا ئیستایش جاروبار لە خەو دامدەچڵەکێنن.

جاروبارە، بە گوێرەی عادەت، سەرم بەرزدەکردەوە و لە ناو لێڵیی چاوەکانمدا دەمتوانی سیمای ببینمەوە. ئەم لەوان نەدەچوو، لە سەربازەکانی ئەو رۆژەی سەرپرد لە گەڕەکی خواروو. ئەم ریشن و ئەوانەی ئەو رۆژە، ئەو تەرمانەی من بینیبووم هەر هەموویان دەموچاو تاشراو. لەبەر خۆمەوە گوتم بەڕاست بڵێی ئەمە بە شوێن تۆڵەی ئەوانەوە بێت،... یان ئەمە تەنیا بیانووە؟ لەبیرم دێ چ لە چیرۆکەکانی دایکمدا و چ لە چیرۆکی ئەو کتێبانەیدا کە خوێندبوومەوە باسی ئەوە دەکرا ئەوەی بۆ تۆڵە و بۆ حەق سەندنەوە دێ، خاوەن روخسارێکی تایبەتە، روخسارێک کە لە هەمووانی جیادەکاتەوە، نەک روخسارێکی ئاسایی، ئەویش بە ئاساییترین شێوازی خۆی! گوتی "شما رشیدترین فرزندان این ملت را قتل و عام کردید، فرزندانی کە فقط می خواستند وارد پادگان شهر شما بشوند و در واقع کاری با مردم نداشتند، اما شما جنایتکاران آنان را بە شهادت رساندید، شما پست فطرتان!" گوتم ئەو رۆژە من هەر ئەوەندەم بینی. نە تفەنگم پێ بوو و نە قەت تفەنگیشم پێ بووە، قەت قەت. گوتم ئەوەی ناهێڵێ من لە سیاسەت بگەم هەر ئەمەیە،... ئەم رووداوانە. گوتم نەک تەنیا لەم ژوورەی من و تۆی تیاین، بەڵکو لەم شارە و لەم وڵاتە هەست دەکەم شتێک هەڵەیە،... هەڵەیەکی کوشندە، ئەگەرچی نازانم چییە، بەڵام دەزانم هەیە! گوتم هەم ئەو رۆژە هەڵە بوو و هەم رۆژەکانی پێش ئەو رۆژە و هەم رۆژەکانی دوواتریشی. گوتم لە ساڵی راپەڕینەکەوە هەتا ئیستا نە لە شار ئارامین و نە لە دێ. خولێ لێرە و خولێ لەوێ، گرتن و تەقە و هەڵاتن، قسەوباسی زیندانەکان. گوتم هەست دەکەم چارەنووس دراوەتە دەست دەستێکی بەهێزی گەورە کە ئەویش تەنیا حەزی بە رووداوە، ئەویش رووداو لە خراپترین و کارەساتاویترین چەشنی. ئاگام لێبوو چاوەکانی بچووک کردنەوە. تەواوی روخساری سوور سوور هەڵگەڕا. بەپەلە و بەپڕتاو بەرەورووم هاتەوە. چاوەکانم قونجاند، جەستەم قونجاند، هەرچی هێز و وزەم تیا مابوو وەها گوشیمن کە رەق رەق دەوری هەموو پەیکەریان دام، رێک وەک قڵغانێک.

کە جەستە زۆر لە ناو کوچە و کۆڵانەکانی شاری ئازار مایەوە، هەست بەوە دەکا هیچ کۆڵان و شەقامێک نایگەیەنێتە دەرەوەی ئەم شارە، ئەوسا مرۆڤ هەوڵدەدا بگەڕێتەوە بۆ ناو خۆی. بۆ ئەو شوێنەی کە تەنیا هی ئەوە و بەس، شوێنێک کە دەستی کەس نایگاتێ. لەوێ شوێنێ هەیە دەتوانی خۆتی تیا بشاریتەوە. گرمۆڵە گرمۆڵە. دوور دوور.

مەودا کەمە. پێش ئەوەی ئەو لەوەی کە هاتووە زیاتر بگاتە من، دەبێ من بگەمە ئەو شوێنە. دەبم بە قەڵغانێکی رۆحیی رووت. تا دەتوانم بە ناو خۆمدا شۆڕ دەبمەوە. شۆڕ شۆڕ، هیچ دەستێک تازە ناگاتە من، هیچ دەستێک، تەنانەت خۆیشم.

بەڵام راوەستن! بەڕاستی ئەو هاتووە تۆڵەی ئەوانەی ئەو رۆژە بکاتەوە؟ باشە دەکرێ جەللاد بیت و لەخەمی مردووەکاندا بیت؟ دڵنیام ئەمەیش یەکێک لە هەڵەکانی ترە.

گوێم لێیە لەو دووردوورانە دایکم لە شوێنێک لەو گوندەی من ئەم بەیانییە جێم هێشت، لە کاتێکدا بە چەندین ژنە دراوسێ و خەمخۆر کە هەمیشە لە گەڕەکەکانی نیشتمانی ئێمە پەیدا دەبن، جا لەهەر شوێنێک بژی، دەورەیانداوە. دایکم خۆی دەڕنی، بە چەپۆکە قورسەکانی بە خۆیدا دەکێشێ و هاوار دەکا "ئەی هاوار بۆ کوڕە جوانەکەم،... بۆ کوڕە کتێب خوێن و هەرزەکارەکەم، ئەی هاوار چ بکەم،... چ بکەم؟... خوایە گیان بۆ کوڕە سپیکەلە و ترسنۆکەکەم،... ئەی خوایە گیان!... بیپارێزی،... بیپارێزی!"

منیش دڵنیام گەر خوایەک هەبێت بێگومان دەیپارێزێ. ئاخر نە دەکرێ جەللاد حەق ستێن بێ و نە ترسنۆکێکیش سەرەداوی ساخکردنەوەی هۆکاری رووداوی ئەو رۆژە.

ئەگەر ئەمەیش هەڵە نەبێ!

 

 

 Bilderesultat for feil kunst

گەڕان بۆ بابەت