ما 5856 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەتوانین بڵێین ئایدیاکان بەجۆرێک وەک یادەکان وان. لەوێن. تەنیا ئەوەیکە ئێمە دەبێ بڕیاربدەین و بچینەوە لایان. ئەوسا هەست بە نەگۆڕیی ژیان دەکەینەوە. هەست بە گەنجیەتی خۆمان. ئەوەیکە ئێمە هەر ئەوەی جارانین ئەگەرچی پێستمان گنجی تێکەوتووە و سەرمان ماش و برینجی هەڵگەڕاوە. لێرەدا بزەیەک دەمانگرێ، بزەی گەنجیەتی! ئەگەرچی درۆیین!

 

ئایدیاکان و بزەی درۆیینە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بگۆڕیی جیهانی بەرهەست، واتە ئەوەیکە هەموو چرکە و سات و رۆژ و مانگێک شتەکان وەک خۆیان نامێنن و بەرەبەرە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت،  زۆر جار مرۆڤ بەرەو نیاز بە هەبوونی شتە نەگۆڕەکان دەبا. جا رەنگە هەر لێرەوەیە دەتوانین بڵێین کە ئەمە یەکێک لە سەرچاوەکانی نیاز بە هەبوونی بۆ وێنە خودایە. پەیداکردنی شتێکی نەگۆڕ لەناو دونیایەکدا کە ئەم چرکەی لەو چرکەی تری ناچێ، متمانەیی دەبەخشێت.

بەڵام مرۆڤەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بگۆڕی، تەنیا خودایان نەخوڵقاندووە. گوتە و تیۆری ئیفلاتون لەسەر ئایدیاکان وەک سەرچاوەی سەرەکی و دیاردە هەمیشەییەکان، هەروەها قسەی ئەرەستو لەسەر فۆڕم دەتوانن دوو نموونەی تر بن. هەر چەند لەهەموو ئەم نموونانەدا ئەوەی وەک نەگۆڕ پێناسە دەکرێ لە ناو جیهانیی ماددی دا وەک شتی بەرهەست دەست ناکەوێ و تەنیا لە بیر و خەیاڵ دا هەن. بۆ وێنە ئایدیاکەی ئیفلاتون و فۆڕمەکەی ئەرەستو دوو دیاردەن کە نابینرێن، بەڵام فکر دەتوانێ بیانگاتێ و لای خۆی وێنایان بکا.

هەڵبەت مرۆڤ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕان تەنیا بەم جۆرە داهێنانانە رەزایەت نادات، بەڵکو دایرەی داهێنانەکانی یەکجار فراوانترن. بۆ وێنە بڕوانە ئایدیا سیاسییەکان. ئایدیا سیاسییەکانیش بەو حوکمەی ئەوانیش لەناو بیردا دەخوڵقێن، نەگۆڕن. گوزەری زەمان نایانگۆڕێ و هەر لەوێدا دەمێننەوە. بۆ وێنە بڕوانە ئایدیای ناسیونالیزم، کۆمۆنیزم، لیبرالیزم و هتد. ئەمانە ئەو چەمکانەن کە لەپاش تێپەڕینی دەیان ساڵ دیسان هەن و دەتوانێ وەک دیاردەیەکی  نەگۆڕ، دیاردە بگۆڕەکانی پێ سنووردار بکەی.

کەواتە هەموو دیاردە دەروونی و زەینییەکان بە حوکمی نەگۆڕبوونیان (لەچاو جیهانی بەرهەست)، ئارامی و متمانە دەبەخشن و مرۆڤ هەست دەکا لە رێگای ئەوانەوە دەتوانێ کات دەستەمۆ بکات. جا رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی گرینگیی ئایدیۆلۆژیا و پەیوەست بوونی ئینسانەکان پێیانەوە ئەمە بێت. ئایدیۆلۆژیاکان، دەمانهێڵنەوە و ناهێڵن هەست بە تێپەڕینی کات، گۆڕینی شتەکان و پیربوونی خۆمان بکەین. ئەوان سەرچاوەیەکی مەزنی بەجەوان مانەوەی ئێمەن.

بێگومان، گەر ئاڵ و گۆڕ نەبێ، ژیان و جیهان ناتوانێ بەردەوام بێت. گۆران، بناخەی سەرەکیی 'بوون'ە. بەڵام هەر لە هەمان کاتدا سەرچاوەی تیاچوون و مەرگی ئەو بوونانەیشە کە لەدایک دەبن و هەن. جا بۆیە رەنگە پێش ئەوەی لە دایک بین گۆڕانمان لا پەسند بێت، بەڵام هەر لە دایک بووین رقمان لێی بێت! ئەگەرچی رەوتی دوواتری ژیان فێرمان دەکا ناتوانین بەر بە گۆڕان بگرین و ئەوجا پەنا بۆ بیر دەبەین تا بەڵکو لەوێدا بە خوڵقاندنی دیاردە نەگۆڕەکان تۆڵەی خۆمان لە جیهان و لە ژیان بکەینەوە.

مارسل پرۆست، نووسەری فەڕەنسی، پێی وابوو یادەکان نامرن و لە شوێنێک هەن، تەنیا ئەوەیکە مرۆڤ بۆیان بگەڕێتەوە. کە گەڕایشەوە دەبینێ لەوێ ماون!

بەم پێیە دەتوانین بڵێین ئایدیاکان بەجۆرێک وەک یادەکان وان. لەوێن. تەنیا ئەوەیکە ئێمە دەبێ بڕیاربدەین و بچینەوە لایان. ئەوسا هەست بە نەگۆڕیی ژیان دەکەینەوە. هەست بە گەنجیەتی خۆمان. ئەوەیکە ئێمە هەر ئەوەی جارانین ئەگەرچی پێستمان گنجی تێکەوتووە و سەرمان ماش و برینجی هەڵگەڕاوە. لێرەدا بزەیەک دەمانگرێ، بزەی گەنجیەتی! ئەگەرچی درۆیین!

 

ئایدیاکان و یادەکان بۆ ئەم بزەیەن، ئەم بزە درۆیینە!

Bilderesultat for ide kunst

گەڕان بۆ بابەت