ما 11481 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

دایکم دەڵێ بە منداڵی زۆر گریاوم. من منداڵێکی کز و زەرد و لاوازم، لەگەڵ ئەوەش زۆرجار قەڵس و تووڕە و بێوازم. کەس گوێ لە قسەکانی من ناگرێت، بۆیە دەردی دڵی خۆم لای تۆ باس دەکەم. دەڵێم بەڵکو کەمێک دڵم سووک بێتەوە. خۆ راستە، بەڵام چ فایدە؟ برا گەورەکەم و برا بچووکەکەم وەک خۆی لێدەکەنەوە. 

 

ئەمەش منداڵی ئەم سەردەمە

قادر نیکپوور

گرینگ نیە لە کوێ لە دایک بووم. بە شەو یان بە رۆژ، بە هاوین یان بە زستان، هیچ فەرق ناکا. تۆ بڵێی خۆم حەزم لە هاتنی ئەم دنیایە هاڵۆزە بوو بێت؟ کێ تەستیقی ئەم قسەیە دەکات؟ رەنگە دایک و باوکم زۆریان پێ خۆش بوو بێت، بەڵام وا وێناچێ، چونکی ئەوان زۆر کەیفیان بەمن نایەت، بە تایبەتی باوکم. ئەو لە گەڵ برا گەورەکەم زۆرتر جووتە، و نێوانیان زۆر خۆشە. پێت وانەبێت پێیان بەخیلم، بەڵام منیش کوری ئەم دایک وباوکەم. باوکم بە ئاشکرایی فەرق و جودایی دادەنێ. لای وایە کە من گێل و نەزانم. تازە براگەورەکەم بە دزی کاری زۆر سەیر دەکات. ئەگەر دایکم پێ بزانێت چاک تەنبێی دەکات. بەڵام من قسە گێڕەوە نیم.

دایکم دەڵێ بە منداڵی زۆر گریاوم. من منداڵێکی کز و زەرد و لاوازم، لەگەڵ ئەوەش زۆرجار قەڵس و تووڕە و بێوازم. کەس گوێ لە قسەکانی من ناگرێت، بۆیە دەردی دڵی خۆم لای تۆ باس دەکەم. دەڵێم بەڵکو کەمێک دڵم سووک بێتەوە. خۆ راستە، بەڵام چ فایدە؟ برا گەورەکەم و برا بچووکەکەم وەک خۆی لێدەکەنەوە.

من کوڕە نێونجی ماڵەوەم. برا گەورەکەم سامان سێ ساڵ لە من گەورەترە،  سیروانی برام کە پێی دەڵێن "سیروانە سیرمە" دوو ساڵ لە من بچووکترە. ئەی کە منداڵێکی ناڕەزا و نالەبارە. لە بەهانەیەک دەگەڕێ بگری تاکو دایکم لە من تووڕە بێت. ناحەقم نیە کە پیی دەڵێم سیرمە. سامانی برام لەو باشتر نیە، بەڵام ئەو ناگری.  

 

دایکم بە بیستنی سیروانە سیرمە زۆر تووڕە دەبێت، وەک شتێکی تێکەڵی دەکات. ناحەقی نیە، ئەوەندە گوێی لەم قسە بووە، قەڵس و تووڕەیی خۆی بە من یان بە باوکم بەتاڵ دەکات. 

 

دایکم زۆر جار کە ھیلاک و ماندوودەبێت، لە حەیفی باوکم دەست دەکات بە پرتە و بۆلە بۆڵ. باوکم تووڕە دەبێت ئەویش لە حەیفان دەڵێ "قسەی قۆڕ".  باوکم هەم تووڕە دەبێت هەمیش پێ دەکەنێت.

 

ئەویش بەم جۆرە تۆڵەی خۆی لە دایکم دەکاتەوە. لە راستیدا من تاوانم نیە، ئەم قسەیە لە باوکم فیر بووم. باوکم بۆ فشە کردن سووپەرە.

 

با قسەی خۆش ون نەبێت. منیش جار و بار تۆڵەی خۆم لە سیروان دەکەمەوە. ئەگەر خەریکی شەربەت یان شیر خواردنەوەیە، بە دزی لێی قڵب دەکەمەوە. دەست دەکات بە گریان، منیش خێرا بۆی دەرباس دەبم تاکو شتەکە کۆن دەبێت.

دوو سێ رۆژی ماوە بۆ قۆتانخانە. لە بازار کیف و دەفتەر و  قەلەمیان بۆ کڕیوم. زۆرم پێ خۆشە، هیچ نەبێ لە سیراون سیرمە دوور دەکەومەوە. ئەی سامان؟ سامان و باوکم پێکەوە کاری سەیر دەکەن. رۆژێ بە دزی لەگەڵ باوکم هەر خەریکی شت خواردنن. هەر خۆم دەزانم خەریکی چن.

 

ھیوای جیرانمان ھاوتەمەنی خۆمە. پێکەوە باسی زۆر شت دەکەین. ئەو رۆژانە زۆرتر باسی قوتابخانە دەکەین. ئەو کوڕە تاقانایە. منیش پێم خۆش بوو وەک ئەو تاقانە بووبام. بەڵام حەیف هاتنم بە دەست خۆم نەبوو. بە پێچەوانە، هیوای ئارەزووی ھەیە وەک من دوو برای ھەبێت، بەڵام ئەو کاتانەی دەردی دڵی خۆمی بۆباس دەکەم، پەشیمان دەبێتەوە. بە تایبەتی کە باسی سیروانی برامی بۆ دەکەم.

 

دایکم دەڵێت، سیروان منداڵە کەس حەقی نیە هیچی پێ بڵێت. گەوەرە بێت عاقڵ دەبێت. کەس بیر لەمن ناکاتەوە. وەختە لە حەیفی سیروان و سامان دیق بکەم، باوکیشم لەوان باشتر نیە. ئەم بەزمە هەموو سووچی باوکمە. ئەگەر ئەو هەموومان وەک یەک سەیر بکات ئەم دۆخە پێک نایەت.

 

پێم خۆشە دایکم لە باوکم تووڕە دەبێت، هیچ نەبێ تۆڵەی منی لێ دەکاتەوە. هەر ئەو بە باوکم دەوێڕێت.

یەک رۆژ پێش چوونە قوتابخانە، خۆم تەواو ئامادە کردبوو. ھەرچەند دایکم زوو زوو شتی وەبیردەھێنامەوە، بەڵام من 

دڵنیا بووم کە ھیچم لە بیر نەچووە. 

بەیانی بە زەحمەت لە خەو ھەڵسام. بە پەلە، بە زمانی نەشۆراو جل و بەرگم لە بەر کرد، وتم، من ئامادەم.  قسەی خۆمان بێت منیش جاک تووڕەیان دەکەم.

 

جیبێکی شڕەمان ھەبوو رۆژێ چەندجار دەکوژایەوە. زۆرجار خەڵکی گەڕەک دەھاتن پاڵیان پێوە دەنا. بە تڕە تڕە ھەڵ دەبوو، بەڵام چ ھەڵبوونێک. دووکەڵەکەی گەڕەکی تاریک دەکرد، وەک ئەوە وابوو گەرەک ئاوری گرتبوو بێت. وەستا کەریمی جیرانمان، ئەو بەستەزمان خۆی سیگار کێشێکی بەکار بوو، بە دووکەڵی ماشێنەکە خەراپتر دەبوو. رۆژێکی تەواو دەکۆخی. شەوانە دەهات باشتر بێتەوە، بەیانی وەک خۆی لێ دەهاتەوە.

 

یەکەم ئارەزووم ئەوە بوو جیبە شڕە یان یەکسەر ھەڵبێت، یان قەت ھەڵنەبێت.

 

لەو کاتە دابوو کە لە دەرگایان دا. دایکم ھاواری کرد، بڕۆن بزانن کێیە بەم بەیانییە لە دەرگا دەدات؟ من کە لە دەرگا نزیک بووم خێرا دەرگام کردەوە. ھیوای رەفیقم بوو. کە چاوم بە ھیوا کەوت، تەواودەست و پێم ون کرد. بەیانی زوو لە ماڵەمە غەوغایە. کەس ئاگای لەکەس نیە. هەر کەس لە فکری خۆیدایە. دایکم لە هەمووان خەراپترە. ئەو زۆرتر بە خۆی رادەگات تاکو ئیمە. بەڵام کە سیروان دەستی کرد بە گریان، تەواو پێی پەرت دەبێت.

 

ھیوا پرسی، ئامادەی؟ وتم، من ئامادەم، بەڵام دایکم ئامادە نیە. گوێم لە دەنگەدەنگی منداڵی جیرانەکان بوو. 

منداڵی دیکەش دوچوونە قوتابخانە. ھەموو بە پێیان دەچوون، چونکە قوتابخانە زۆر نزیک بوو. پێڵاوەکانم لەپێکرد، دایکم بە پەلە ھاتە دەر، یەکسەر رۆیشتە لای جیبە شڕە. 

دایکم ویدەزانەی سواری تەیارە دەبێت. زۆری شایی بە جیبەکە بوو. خورپەم کەوتە نێو دڵی و وتم، دەی هەڵنەبێت. بۆ بەد شانسی من یەکسەر هەڵ بوو، بێ پاڵ پێوەنان.

 

هەر جیبە هەڵ بوو، سیروانە سیرمە دەستی کرد بە گریان. پێم خۆش بوو. وتم بەشکم لەبەر گریانی سیراون جیبەی لە بیر بچێتەوە، کەچی وانەبوو. من و منداڵەکان پێمان خۆش بوو پێکەوە بڕۆین بۆ قوتابخانە.

دایکم خەریکی ژیر کردنەوەی سیروان بوو، جیبە کوژاوە. دایکم وتی، بەوە دەڵێن منداڵی لاسار. ئەوەش منداڵی ئەوم سەردەمە. کەی کاتی گریانە؟

 

چاوێکم لە ھیوا کرد و پێکەنیم. باش بوو ھیوا بە چاوی خۆی بینی. ئەویش پێکەنی.

بەڵێ، سواری جیبە بووین.  تڕە تڕی جیبە و دووکەلە رەشەکەی لە لایەک، و گریانی سیروانە سیرمەش لە لایەک، لەگەڵ ئەوەش فشە و پێکەنینی من و هیوا لە پشتەوە. دایکم لە خۆشیان ھۆشی کەسی نەبوو. ئەمە یەکەم جار بوو جیبە بێ پاڵ پێوەنان هەڵبێت. دایکم جاروبار لە ئاوێنە سەیری دەکردین، خۆی تووڕە نیشان دەدا، لە چاوەکانی دیار بوو. 

لە قوتابخانە نزیک بووینەوە. دووکەڵی جیبەشڕە وەک ماری رەش بەدوامان دا دەھات. خەڵک بە جۆرێک سەیریان دەکردین. 

 

ھاتینە خوارەوە. یەکەم رۆژی قوتابخانە بوو. زۆرم حەز دەکرد یەکەم رۆژی قوتابخانە بە خۆشی و بیرەوەری بەرمەسەر. بەڵام بە ئارەزوویی من نەبوو.

 

منداڵەکان بە ریز وەستابوون. مامۆستا لە قەراغ منداڵەکان دەفتەرێکی کۆنی لە دەستدا بوو، ئامادە بوو بۆ خوێندنەوەی نێوەکان. رەئیسی قوتابخانە ژنێکی کورەتە باڵای خڕ و خۆڵ دەگەڵ دایک و باوکەکان قسەی دەکرد. دایکم دەیوت لەگەڵ رەئیس لە یەک پۆل بوون.

 

سیروانی برام کەمتر دەگریا، جاروبار هەنیسکێکی ئەدا، یانی من لێرەم. ئەوەندەی بچووک بوو ئەوەندەش فێڵەزان بوو. دەیزانی لە کوێ و چ کات بگری. کەمێک شەرمی دەکرد، ئەگینا ئەو لاسارە هەر خۆم دەیناسم چەندە گرینۆکە.

کەمێک سرنجم دایە دەوروبەرم، دیتم سامان سەیری کەوشەکانم دەکات. چاوی لەسەر کەوشەکانم ھەڵنەدەگرت. منیش بە دزی سەیرێکی کەوشەکانم کرد، دیتم لینگاولینگن. سەیر نەبوو بەیانی خوارە و خوار دەڕۆیشتم. زۆرم حەولدا لە بیر خۆمی بەرمەوە، بەڵام جیروانی چاوی لەسەر من هەڵنەدەگرت. بەو کارەی تەواو پەرت بووم.   

بەڵێ دوای تەواو بوون، بە سرتە بە دایکم وت، سەیرێکی کاراجەکە بکە بازانە لەوێ چ باسە. دایکم سەری لەقاند و وتی، بۆ لەوێ چ باسە؟ وتم، باشتر وایە خۆی سەیری بکەی!

سیروان بە سرتەی من و دایکم تەواو پەرت بوو. زانی شتێک لە بارەی ئەو دایە. تەواو لووتی داژەنی. ئەوجار نۆبەی من بوو پێی پێبکەنم. لای خۆم وتم، "یەک بە یەک" دوای قوتابخانە یەکتر دەبینینەوە.

 

 

 Bilderesultat for ‫کوچە کاریکاتور‬‎

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت