ما 7586 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەمگین بۆڵى

ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە حەز بە گەڕانەوەیەک دەکەم و هێزێک لە ناوەوەمدا پاڵ بە هەموو یادەوەرییمەوە دەنێت بۆ خوێندنەوەی یەکەمین کتێب و عاشقبوونەوە بە یەکەمین ئافرەت. ئاخر ئەوانە لە یادەوەریی مندا بە سەوزیی ماونەتەوە، گەڕانەوەشم بۆ لای خوێندنەوەی یەکەم کتێب و عاشقبوونەوە بە یەکەمین ئافرەت، گەڕانەوەیە بۆ بەرائەت.

 

چەقۆم لە پێنووس خۆشتر دەویست

غەمگین بۆڵى

هەموو بەریەککەوتنە بەرایییەکان بۆ من چێژی تایبەتییان هەیە، بۆیەش حەز لە تاقیکردنەوەی کردەی نوێ دەکەم. هەرگیز ئۆقرە ناگرم لەناو یەک کردە و یەک تاقیکردنەوەدا بژیم. هەمیشە یەکەمین بەریەککەوتنەکان چێژی تایبەتییان پێ بەخشیوم، بەڵام بەریەککەوتنە بەراییەکان، چێژێکی تایبەتریان لە لا جێ هێشتووم. یەکەمین چێژوەرگرتنم لە خۆشویستنی ئافرەتێک، وەک بەریەککەوتنێک بوو بە دونیایەکی دیکە. چێژی ئازار، دیتن و ڕۆح وایان لێکردم بە جۆرێکی دیکە بیر بکەمەوە. ئەوەندە بیرم کردووەتەوە گومانم خستۆتە سەر جووڵەی سێبەری خۆشم. دواتر گەیشتوومەتە ئەو دەرئەنجامەی کە بوونی عەشقی ئافرەتێک لە دڵی هەر نووسەرێکدا، دەتوانێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیان و بەرهەمەکانیدا دروست بکات. بەر لەوەی کتێب بخوێنمەوە و عاشق و هۆگری نووسین بم، چەقۆم لە پێنووس خۆشتر دەویست. ڕۆحی کاتەکانی خۆشم بە گوللەی ڕەنگاوڕەنگ دەکوشت. بەڵام وەک چۆن بوونی عەشقێکی ڕاستەقینە کەسێکی چاک دەکاتە دڕندە، هەمان بوونی ئەو عەشقەش دەتوانێت کەسێکی جەللاد بکاتە کەسێکی چاک. بەڵام چاکبوون و دڕندەبوون پەیوەستن بەرئەنجامی ئەو عەشقەوە. من ئەمەم لە ئەزموونی عاشقبوونمدا بینیوە. کاتێک بەر یەکەم چێژی ئەو دونیا تازەیەی خۆشەویستی ئافرەتێک کەوتم، گۆڕانێکی سەیر لە ژیانمدا ڕوویدا، هەمان ئەو کەسە نەمام کە پێشتر بەر ئەو چێژ و سیحرە نەکەوتبووم. بوومە کەسێک زیاتر دڵم بە ژیان خۆشبێت و شتەکانی دەورووبەرم جوانتر ببینم و زیاتر لێیان وردببمەوە.

یەکەم کتێب کە خوێندمەوە کتێبی (بێ نەوایان)ی فیکتۆ هۆگۆ بوو، لە سەرەتادا هەستم بە باڵەفڕکە و فەزایەکی دیکە دەکرد و دڵخۆشبووم. بەڵام لە ناوەڕاستی کتێبەکەدا دڵەڕاوکێ دایگرتم و ئارامیی لێ بڕیم و لە کۆتاییشدا فرمێسکی پێ ڕێشتم و خەمباری کردم. بۆ من یەکەم خۆشویستنی ئافرەتێکیش وەهابوو، چۆن سەرەتای خۆشویستنەکە هەستم بە باڵەفڕکێ دەکرد و لە ناوەڕاستی خۆشەویستییەکەیشدا، دڵەڕاوکێ ئارامی لێ بڕیبووم. لە کۆتاییشدا فرمێسکی پێ ڕێشتم.

ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە بیر لە یەکەمین عاشقبوونم دەکەمەوە، هەمیشە هەمیشە عەشق و چێژی یەکەمجار سوتێنەرتر وکاریگەرترە لە کردەی عەشق و چێژی  دووەم و سێیەم جار. ئەمە لە دونیای کتێبیشدا بۆ من هەمان ئەزموون و هەمان چێژ بووە. چێژ و بەریەککەوتنی  من بە یەکەمین کتێب، لە دەرەوەی سیستەمی خوێندن، وەک چێژی خۆشویستنی یەکەمین ئافرەتێک بووە. وەک چۆن چێژی خوێندنەوەی یەکەمین کتێب لە یادەوەریی مندا بە سەوزی ماوەتەوە، وەهایش خۆشویستنی یەکەمین ئافرەت لە یادەوەریی مندا بە سەوزی ماوەتەوە. یەکەمین کتێب و یەکەمین ئافرەت لە یاد ناکرێن و چێژی ئەوانە چێژێکی سیحراوییە، عەشقی ئەوانە عەشقێکی نەمرە. بەریەککەوتنمان بەر دونیای ئەوانە، بەریەککەوتنە بە دونیایەکی دیکە. وەلێ کتێب و ئافرەت بۆ پیاوێکی نووسەر تەواو جیاوازترە لە پیاوێکی ئاسایی، یان پیاوێکی خوێنەر، چۆن هەستی دەرککردن بە کتێب و ئافرەت لەلای پیاوی نووسەر زیاترە.

ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە حەز بە گەڕانەوەیەک دەکەم و هێزێک لە ناوەوەمدا پاڵ بە هەموو یادەوەرییمەوە دەنێت بۆ خوێندنەوەی یەکەمین کتێب و عاشقبوونەوە بە یەکەمین ئافرەت. ئاخر ئەوانە لە یادەوەریی مندا بە سەوزیی ماونەتەوە، گەڕانەوەشم بۆ لای خوێندنەوەی یەکەم کتێب و عاشقبوونەوە بە یەکەمین ئافرەت، گەڕانەوەیە بۆ بەرائەت.

ددانیپێدادەنێم لە ژیانی هاوژینیمدا، کتێب و ئافرەت بوونەتە دوو جەمسەری جیاواز. ئافرەت ئەگەرچی خوێنەری کتێبیش بێت و کتێبیشی خۆشبوێت، لە ژیانی هاوژینیدا لەگەڵ پیاوێکی نووسەردا ڕقی لە کتێب دەبێتەوە، چۆن کتێب بەشێکی زۆر لە ژیانی داگیر دەکات. من باسی ئەو نووسەرانە ناکەم تەنها دەنووسن و نووسینیش وەک پرۆژەیەکی گەورە و گرینگ لە ژیانیاندا سەیر ناکەن. من باسی ئەوانە دەکەم خولیا و عەشقی یەکەمی ژیانیان بۆ نووسین و کتێبە، لە هەر پایە و کار و کردەیەکدا بن هێزێکی گەورە بۆ دونیای نووسین و کتێب کێشیان دەکات. 

 

 Bilderesultat for ‫قلم کاریکاتور‬‎

گەڕان بۆ بابەت