ما 7883 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

گالیلە بە داواکەی خۆی لەمەڕ قبوڵکردنی ئایدیای کپلەر لە لایەن کلیساوە، بێگومان پشت ئەستوور بوو بە مێژووی ئەم ئایینەوە. ئەوەیکە مەسیحییەت لە رەوتی مێژوودا توانیبووی خۆی لەگەڵ بیرمەندانی وەک ئیفلاتون و ئەرەستودا بگونجێنێ. گالیلە لەوە تێگەیشتبوو کە جیاوازیی نیوان بڕوا و زانست، دەرفەتی بۆ زۆر بوار رەخساندووە کە مرۆڤە ئایینییەکان دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن.

 

بڕوا بۆ ئایین و، دونیا بۆ زانست

فەڕۆخ نێعمەتپوور

چیرۆکی نێوان زانست و ئینجیل لە سەردەمی رێنسانس و لەوەبەدووا، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە. کلیسای سەدەکانی ناوەڕاست کە لەسەر فەلسەفە و بۆچوونی ئەرەستو، بەتایبەت لەبابەت روانگەی بۆ گەردوون، راوەستابوو، کاتێک زانستوانەکان بە بۆچوونی تر لەمەڕ گەردوون و شێوازی پێوەندیی نێوان هەتاو و هەسارەکان گەیشتن، دەستی کرد بە گوشارهێنان بۆ زانست و، گەلێک لێکۆڵەر و زانستوانی نوێیان ئازاردا و کوشت.

بە گوێرەی بۆچوونی گالیلە، ئینجیل بۆ وێنە خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانەیە:

ـ زمان و دەربڕینەکەی بە گوێرەی تێگەیشتنی خەڵکی ئاسایی و نەخوێندەوارە،

ـ لە زەوی وەک سەنتەری دونیا دەڕوانێ (بۆچوونێک کە بە هۆی شۆڕشی زانستیانەی 'کۆپرنیکۆس' کە وتی هەتاو سەنتەرە و نەک زەوی و ئەوە هەسارەکانن بەدەوری هەتاودا دەگەڕێن، گۆڕانی بەسەردا هات)،

ـ ئینجیل کتێبێک نیە لەسەر گەردوون و لەسەر ئەستێرەناسی،

ـ ئینجیل کتێبێکە لەسەر ئەوەی مرۆڤ کاتێک دەمرێ چۆن دەچێتە ئاسمانەکان، نەک لەسەر ئەوەی ئاسمان چۆن دەجوڵێ.

 

گالیلە، وەک مێژوو پێمان دەڵێ، خرایە بەردەم دادەگای ئەنکزیسیۆن و خەریک بوو بیکوژن. وەک دەگوترێ گالیلە پاشەکشەی کرد، بەڵام هاوکات بە قاچەکانی، بەپێچەوانەی زاری، ئاماژەی بە گەڕانی زەوی دا. ئەو پێی وابوو پێدانەگرتنی ئەو لەسەر گەڕانی زەوی، هیچ لە راستیی هەبوونی ئەم گەڕانە کەم ناکاتەوە. ئەو تەنانەت پێی وابوو کلیسا دەتوانێ تیۆری نوێی (کۆپرنیکۆس) قبوڵ بکا بە بێ هیچ کێشەیەک.

راستییەکەی ئەوەیە سەرئەنجام ئەم راوبۆچوونەی گالیلە سەرکەوت. واتە کلیسا، ساڵەکانی دوواتر، خۆی لەگەڵ زانستی کپلەر و گالیلە گونجاند و زەوی ئیتر بە پێچەوانەی سەدەکانی ناوەڕاست، سەنتەربوونی خۆی لە گەردووندا لە دەست دا. وەک ئەو پیاوە زانستییە پیشنیاری کرد، ئینجیل پاشەکەشەی کرد بۆ ئەوەی کتێبێک بێت سەبارەت بە رۆیشتنی مرۆڤ بۆ ئاسمانەکان لەپاش مردنی. واتە ئینجیل جگە لە کێشە موڕاڵییەکان، دەیەوێ پرسی مردن و بەسەرهاتی مرۆڤ لە دووای مەرگ بۆ باوەڕداران شیبکاتەوە.

کەواتە مەسیحییەت کرۆکی بنەڕەتی خۆی پاراست و هەنووکەیش بە سەدان میلیۆن مرۆڤ باوەڕیان پێی هەیە بە بێ ئەوەی چیتر لە سەر بڕوای کلیسای سەدەکانی ناوەڕاست بن لەمەڕ زانستی گەردوون و شێوازی گەڕانی هەسارە و ئەستێرەکان. ئینجیل، زانستی بۆ زانست جێ هێشت. ئەمە نەک تەنیا بواری زانستە فیزیکییەکان، بەڵکو بواری زانستە رۆحییەکانیشی گرتەوە. بۆ وێنە فەلسەفەیش سەربەخۆیی خۆی وەرگرتەوە و چووەوە سەر هەمان رێچکەی سەردەمی یۆنانی کۆن. تیۆلۆگی و فەلسەفە بەشەبرایەتییان نەما!

بێگومان ئەمە شۆڕشێکی گەورە لەو سەردەمدا بوو. خۆجیاکردنەوەی ئایین لە زانست، شەڕێکی گەورە بوو بۆ رەخساندنی هەل بۆ بەرەوپێشچوونی زانست. دیارە مەبەست ئەوە نیە بڵێین ئیتر زانست بێ کەم و کوڕییە. بەتایبەت کە لەم سەردەمەی ئێمەدا و بەهۆی دوو شەڕی گەورەی جیهانییەوە کە تێیدا بە سەدان میلیۆن کوژران و بریندار بوون، گومانیش کرا لەوەی زانست، بە پێچەوانەی راوبۆچوونی مودێرنیستەکان سەردەمی رۆشنگەری، بتوانێ بە ئەرکی خۆی کە دابینکردنی پێگەی ئەقڵ و ئازادی و پێشکەوتن بوو، بەگوێرەی پێویست مسۆگەری بکا. بەڵام هاوکات بە بێ ئەم خۆجیاکردنەوەیە و دەست تێوەرنەدان و خۆتێهەڵنەقورتاندنی ئایینەوە، رێگا بۆ گەشەی تەکنەلۆژیا و زانست ئامادەکرا و، بۆ وێنە ئەو نەخۆشییانەی (وەک کۆلێرا و وەبا) کە بە میلیۆنان مرۆڤی لە یەک گورزی ئان و ساتیی خۆیاندا لەناودەبرد، بسڕێنەوە و ژیان مسۆگەرتر بێت.

ئەوەی لە ئایینی مەسیح بۆ زانست جێماوە، دەتوانێ بڕیارە ئەخلاقی و موڕاڵییەکانی بێت. ئەوەیکە مەسیح گوتەنی مرۆڤ مرۆڤ نەکوژێ و ئەویتری وەک خۆی خۆش بووێت. ئەو ئایینە ئەخلاقییانەی کە وشیارمان دەکاتەوە لەئاست ئەرکە ئەخلاقییەکانی مرۆڤدا.

لە راستیدا مەسیحییەت وەک هەموو ئەو رێچکانەی کە هەوڵی گرێدانی موڕاڵیان بە سیاسەتەوە داوە، هەتا ئەم جیاوازییە هەبێ ئەویش قسەی پێیە. راستییەکەی ئەوەیە یاسا ئەخلاقییەکان قەت کۆن نابن. بەشەر هەنووکەیش هەر لەبەر دەم پرسیار و داواکارییە بنەڕەتییە ئەخلاقییەکاندا راوەستاوە.

گالیلە بە داواکەی خۆی لەمەڕ قبوڵکردنی ئایدیای کۆپرنیکۆس لە لایەن کلیساوە، بێگومان پشت ئەستوور بوو بە مێژووی ئەم ئایینەوە. ئەوەیکە مەسیحییەت لە رەوتی مێژوودا توانیبووی خۆی لەگەڵ بیرمەندانی وەک ئیفلاتون و ئەرەستودا بگونجێنێ. گالیلە لەوە تێگەیشتبوو کە جیاوازیی نیوان بڕوا و زانست، دەرفەتی بۆ زۆر بوار رەخساندووە کە مرۆڤە ئایینییەکان دەتوانن کەڵکی لێوەربگرن.

گالیلە، بە مانایەک، زیاتر لە خودی قەشەکانی ئەو سەردەمە خزمەتی بە ئایینی مەسیح و بەردەوامبوونی کرد!

 

لێگەڕێین با بڕوا بۆ ئایین بێت و، دونیا بۆ زانست!

 Relatert bilde

گەڕان بۆ بابەت