ما 710 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رەنگە ئیتر کاتی ئەوە هاتبێتەوە بەدەر لەهەموو شکستەکان، جارێکی تر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەدڵ بیر لەم کێشەیە بکاتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی بدا. لەبیرمان بێت کە بە جۆریک لە جۆرەکان هەڵگیرساندنی دوو شەڕی گەورەی جیهانی پێوەندی بە هەژارییەوە هەبووە. بۆ وێنە کاتێک گەلی ئاڵمان دۆخی خراپ هەڵگەڕا و ئیتر باوەڕی بە فاشیزم هێنا. 

 

هەژاری دزێوترین دیاردەی کۆمەڵگا

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دونیا لەباری سەروەت و سامانەوە بەتایبەت لەم سەدەی ئێمەی تیادەژین، نەک کەم ناهێنێ بەڵکو رەنگە زیاتری هەبێت لە پێداویستییە ئاساییەکانی مرۆڤ. بەڵام بە داخەوە دەبینین کە هەمیشە زۆرینەیەکی یەکجار زۆر بەدەست هەژاری و کەم و کوڕییەکانی رۆژانەوە دەناڵێنێ. بەڕاستی هۆکار چییە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە گەلێک بیرمەند هەوڵیان داوە وەڵامی بۆ بدۆزنەوە. مارکس هۆکاری ئەمە بە چینایەتی دەزانێ، واتە کۆمەڵێک خەڵکی دەوڵەمەند دەستیان بەسەر ئامرازەکانی بەرهەم هێناندا گرتووە و هەر ئەوانیشن پشکی شێریان بەردەکەوێ. لە روانگەی ئۆنتۆلۆگیی بیرمەندێکی وەک مەکیاڤیللی کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خۆخواز پێناسەدەکرێ، دەتوانین بڵێین ئەم خۆخوازییەیە دەبێتە سەرچاوەی نابەرابەری لە نێوان مرۆڤەکاندا. هەر ئەمەیش بە جۆرێک لای فرۆید دووپات دەبێتەوە. لای ئەم دەروونناسە، مرۆڤ لە بنەڕەتدا یەخسیری غەریزەکانییەتی و هەربۆیە ئەوانن لەدووا قۆناغدا بڕیار دەدەن مرۆڤ چۆن هەڵس و کەوت بکا. بەڵام چ باوەڕمان بە هۆکاری ئابوری ـ کۆمەڵایەتی بێت و چ بە هۆکارە دەروونی و زاتییەکان، راستییەکەی ئەوەیە لە مێژووی مرۆڤدا بەلەبەرچاوگرتنی توانای بۆ بەرهەم هێنان، قەت ئەوەندە هەژاری بەربینگی پێنەگرتووە.

کاتێک باس لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنییەتی، بە گشتی دەتوانین بڵێین لە ناو بیرمەندەکاندا سێ روانگە هەیە: دەستەی یەکەم وەک مارکس پێی وایە بەلابردنی کۆمەڵگای چینایەتی، هەژاری چارەسەر دەکرێ (روانگەی شۆڕشگێڕی). دەستەی دووهەم پێیان وایە مرۆڤی دەوڵەمەند و هەژار هەر بوون و هەر دەبن و ئەمە دیاردەیەکە مرۆڤ دەبێ لەگەڵیا رابێ و بەس (کۆنسێرڤاتیڤەکان). دەستەی سێهەمیش پێی وایە دەکرێ ئەم کێشەیە تارادەیەک چارەسەر کرێ، ئەویش لە رێگای یارمەتی گەیاندن بە هەژاران و سەندنی بەشێک لە سەروەتی دەوڵەمەندان و دابەشکردنەوەی سەرلەنوێی لە نێوان بەشمەینەتاندا (روانگەی ریفۆرمیستەکان، یاخود بەشێوەیەکی دیارتر سۆسیال دیمۆکراتەکان).

لە دونیادا زۆر شۆڕش بە مەبەستی رەواندنەوەی هەژاری بەرپاکراون کە قەت بە ئامانج نەگەیشتوون. بگرە لە دووای شکستەکانیان، بەرەی باوەڕمەند بە سڕینەوەی هەژاری لاوازتر بوونە و هەر ئیستاکە وای لێهاتووە کە لەناو سێ گروپەکەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێدا، ئەم گروپە، واتە گروپی شۆڕشگێر، لەچاو ئەوانی تر لاوازترن. ئەگەرچی ئامار و سەرژمێرییەک لەم بارەیەوە نیە، بەڵام بە گوێرەی جۆری بزووتنەوەکان و داواکارییەکانیان دەتوانین بڵێین کە بەرەی دووهەم و سێهەم زیاترن و ئەگەر باوەڕێکیش بە لابردنی هەژاری هەبێ، ئەوا بەرەی سێهەم زاڵە، واتە ریفۆرمیستەکان، کە پێیان وایە دەکرێ هێور بکرێتەوە. هەرچەند ئەوانیش لەپاش شکستی شۆڕشگێڕەکان ئەو پێگەی جارانیان نەماوە.

گومان لەوەدا نیە هەژاری ناشیرین ترین دیمەنی ناو کۆمەڵگایە. هیچ شتێک بە قەدەر هەژاری، مرۆڤەکان ملکەج، دەستەوەستان و دۆشداماو ناکا. هەر لە ناو مەزهەبییەکانەوە بگرە هەتا 'ئاتەئیستەکان' گەلێک لەم بارەیەوە گوتراوە. بۆ وێنە موسوڵمانەکان دەڵێن گەر لە دەرگایەکەوە هەژاری خۆی بە ژوورەوەدا بکا ئەوا لە دەرگاکەی ترەوە بڕوا و ئیمان دەچێتە دەرەوە. کەچی هەتا هەنووکە ئەم گرفتە گرینگە چارەسەر نەکراوە.

رەنگە ئیتر کاتی ئەوە هاتبێتەوە بەدەر لەهەموو شکستەکان، جارێکی تر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەدڵ بیر لەم کێشەیە بکاتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی بدا. لەبیرمان بێت کە بە جۆریک لە جۆرەکان هەڵگیرساندنی دوو شەڕی گەورەی جیهانی پێوەندی بە هەژارییەوە هەبووە. بۆ وێنە کاتێک گەلی ئاڵمان دۆخی خراپ هەڵگەڕا و ئیتر باوەڕی بە فاشیزم هێنا.

هەژاری، نەک تەنیا شەڕە گەڕەک، بەڵکو سەرچاوەی شەڕە قورسە جیهانییەکانیشە. دەیشزانین لەم سەردەمی ئێمەدا بەو تەکنەلۆژیا سەربازییە یەکجار پێشکەوتووەوە کە هەیە، شەڕ دەتوانێ چ مانایەکی هەبێ! هەر لەم ماوەیەدا بوو ژەنڕاڵێکی ئەمریکی لە نۆروێژ داوای لە خەڵکی رۆژئاوا کرد خۆیان بۆ شەڕێکی جیهانی ئامادە بکەن، هەرچەند دوواتر بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم قسەیەیان دیزەبەدەرخونە کرد!

 

مرۆڤ لەبنەڕەتدا بوونەوەرێکی ئەخلاقیشە. کاتێک ئەم ئەخلاقە (واتە بۆ وێنە هەستی هاوسۆزیمان بۆ یەکتر) لاواز دەبێ، ژیانی هەموومان دەکەوێتە ژێر مەترسی و پرسیارەوە.

Bilderesultat for fattigdom kunst

گەڕان بۆ بابەت