ما 3864 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

رۆژێک میوانێکیان لەگەرمیانەوە هات، یەکی لە پێشمەرگەکان گوتی هاورێ کامیل ئەو میوانە دەتناسێ! کە کامیلیش چاوێ پێ کەوت یەکسەر ماچی ئەم لاو ئەولای کرد و پرسی مام جبرائیل چۆنی، مندالەکانت چۆنن،هۆشیارو عاسی و شیرین چۆنن، پورە خەزیم چۆنە. دەستبەجێ مام جبرائیل پڕ چاوانی فرمێسک بوو.

 

ئەفسانەی مام جبرائیل

هاوڕێ نەهرۆ

سەرەتا ناوی 'مام جبرائیل' م لەدوورەوە بیستبوو کە پیاوێکی ئازاو بەجەرگ و هۆشیارەوخاوەنی منداڵ و خیزانە و دوژمنێکی سەرسەختی رژیمی بەعسە. دەیانگوت مام جبرائیل چەکێکی ژێسێی هەیە هەمیشە بەشانیەوەیەتی. هەروا دەیانگوت جووتیارێکی بەدەست و بردە. کاتێ گوێبیستی ناوی مام جبرائیل دەبووی، وێنەی جبایوفی روسی و زاباتەی مەکسیکی لە مێشک دا بەرجەستە دەبوو. وەک جووتیارێکی شۆڕشگیری ئازاو سەرسەخت. کامیل و سەردار دوو پێشمەرگەی لایەنێکی ناسیونالیستی بوون کە زانییان جڵەوی بزوتنەوەکە بەدەست بورژوازییەوە، چەکیان داناو وازیان لە پێشمەرگایەتی هینا. بەرێکەوت لە گوندەکەی مام جبرائیل نیشتەجێ بوون. گوندەکە کەوتبووە دەم زێیی دوکان و پردی و دەیڕوانیە سەر چەمێکی چڕ، بەدیوی پشتەوەی دا پاڵی دابووەوە سەر زنجیرە شاخێکەوە. گوندێکی عاسی بوو. تەنانەت کە رژیم هێرشی دەهێنا سوپاو جاش هەتا سەر کەلەکە دەهاتن و نەیاندەتوانی بێنە ناو گوندەکەوە. گوندەکە پێکهاتبوو لە بیست ماڵ. کات زستان بوو کە کامیل و سەردار روویان لە گوندەکە کرد. لە خانویەک دا نیشتەجێ بوون رێک دڕاوسێ ماڵی مام جبرائیل بوون. ئیدی لە نزیکەوە ئاشنای مام جبرائیل بوون. هەر جارەو کردەوەیەکی سەرسووڕهێنەر لێ بەدی دەکرا. مام جبرائیل وێرای ئەوەی جووتیارێکی بەدەست و برد بوو، بەیتاڵیش بوو. دەست و قاچی شکاوی ئەگرتەوە بە بێ بەرانبەر، لە گوندەکانی دەوروبەر ناوی بڵاوببووەوە وەک کابرایەکی دەست ڕەنگین. هەر کەسەو دەست و قاچی بشکابایە ئەیانهێنا بۆ لای مام جبرائیل و ئەویش لێزانانە دەیگرتەوە.

جاران وابوو هەر کەسێ تازە لە گوندێک دا نیشتەجێ بوایە، دراوسێکان یەک لە دوای یەک دەعوەتیان دەکرد بۆ خواردنی ئێوارە. هەر بۆیە کامیل و سەردار لەلایەن تێکرای ماڵەکانەوە دەعوەت کران، بەڵام یەکەم ماڵ کە دەستپێشخەریی کرد لە دەعوەت کردن دا ماڵی مام جبرائیل بوو. ئەو ئێوارەیە کە دەعوەت کران بۆیان دەرکەوت کە مام جبرائیل چەند کەسێکی دڵ و دەروون فراوانە، خێزانەکەی لە خۆی دڵفراوان تر بوو گوشتی قەلی بۆ لێنا بوون لەبەرئەوەی قەل و مرێشکیان بە خێو دەکرد. ئیدی ئەو ئێوارەیە مام جبرائیل باسی ژیان و گوزەرانی خویانی دەکرد. دەیگوت هاوینان شینایی دەکەم هەر لە باینجان و بامیەو تەماتەو بیبەرو بگرە تا دەگاتە شوتی و کاڵەک و لوبیەو پیاز. لەگەڵ ئۆتۆمبیلی گوند دەینێرین بۆ شار. ئەویش بە وەکالەت بۆمان دەفرۆشێ. وێرای فرۆشتن، بامیەو باینجان بۆ زستان وشک ئەکەینەوە، ئاوی تەماتە دەگرین، پیاز هەڵدەگرین بەشیوەیەک کە زستان تەنیا پیویستمان بە شەکرو چاو ئاردو رۆنە کە لەشار دایکی مناڵەکان دەیکڕێ. مام جبرائیل لە رۆژگاری زستانیش دا هەمیشە سەرقاڵ بوو. جارێ ئەچوو بۆ چەمەکەی خوارەوەی ماڵیان بەتەورو داس داری ئەبڕی و چیلگەی کۆئەکردەوە بۆ تەنورو خۆ گەرم کردنەوە، جاریکیش تۆڕێکی هەڵدەگرت و دەچوو بۆ ڕاوە ماسی. هەر کاتێ زۆری بگرتایە بەش دراوسێکانی ئەدا. مام جبرائیل بەژنی مام ناوەندی بوو، ڕیشیکی تەنکی سپی هەبوو، تەمەنی نزیکەی پەنجا ساڵێک دەبوو، دوو کوڕی هەبوو یەکەمیان تەمەنی بیست و دوو ساڵێک دەبوو بە نێوی هۆشیار. ئەوێ دیکەیان تەمەنی دوازدە ساڵان دەبوو بە نێوی عاسی. هەروەها کچێکی پانزدە ساڵانی هەبوو بە نێوی شیرین. مام جبرائیل حیسابی وردی کردبوو بۆ هێرشی دوژمن. هەر بۆیە کونە تەیارەیەکی گەورەی لێ دابوو بە ئاسانی جێگای خۆی و خێزانەکەی تیا ئەبووەوە. هەر کاتێ فرۆکەی رژیم بە ئاسمانی ناوچەکە بسوڕابایەوە، هۆشیار کوڕە گەورەکەی هاواری دەکرد و بانگی خۆشک و براکەی دەکرد بۆ نێو کونە تەیارەکە. هۆشیار دووچاری نەخۆشی دەروونی هاتبوو، قسەی نەدەکرد، هەمیشە ترس لە چاوانیادا بوو.

رؤژێکیان یەکی لە دڕاوسێکان باسی دۆخی هۆشیاری کرد بۆ کامیل و سەردار. دەیگوت ساڵی هەشتاو دوو کەشەڕ دەبێ لە گوندی قەشقە لە نێوان هێزی پێشمەرگەو جاش وجەیشی رژیم، هۆشیارو ئاسۆی برای پێشمەرگە دەبن، لەو شەڕە بەشدار ئەبن جەربەزانە تا ئێوارە شەڕ دەکەن، بەڵام لە دوایی دا ئاسۆ برای شەهید دەبێ. ئیدی لەو دەمەوە تا ئێستا هۆشیار واقی وڕماوەو ترس لەچاوەکانی دایە و قسە ناکا.

مام جبرائیل وێڕای ئەوەی کوڕێکی لەدەست دابوو، وەک شەهیدی شۆڕش، بەڵام هەمیشە لایەنگرێ پێشمەرگەو شۆڕش بوو. هەمیشە هانی کامیل و سەرداری ئەدا کە جارێکی تر ببنەوە پێشمەرگە لە ریزی حزبێکی چینایەتی. دەیگوت گەرچی ئێمە کوردین و کێشەی نەتەوایەتیمان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبی جڵەوی شۆڕش بەدەست کرێکارو جووتیارو زەحمەتکێشانەوە بێ.

ئەوە بوو دواتر کامیل پەیوەندی کرد بە حزبێکی چینایەتی یەوە کە مام جبرائیل مەبەستی بوو.

کە هاوین دەهات، خەڵکی گوندەکە ماڵەکانیان جێدەهێشت و دەچوونە حاوی و سەر زەوییەکانی کشتوکاڵکردن. لەوێ یەکەم جار کەپریان دروست دەکرد، یەکەم کەپر کەسەرنجی خەڵکی ڕادەکێشا کەپرەکەی مام جبرائیل بوو کە بە قەمیش دروستی کردبوو. هەر لەوێ کونە تەیاریەکی لێدا بۆ کاتێ تەنگانەو هاتنی کۆپتەر. دواتر دەستی کردە چاندنی شەتڵ. رۆژێکیان دەیگوت زەوی ئەم ناوچەیە بە پێت و بەرەکەتە، بەڵام کاتێ شەتڵی تەماتە دەچێنێ لەگەڵیا کاجوڕ دەرئەچێ، کاجوڕ رەگێکی زەردە وەک کرم وایە لەگەڵ هەڵکەنینی دا دەست و پەنجە ئازار ئەدا.

رۆژێکیان لە بەرەبەیان دا لەگەڵ هاتنی گزنگ سوپاو جاش هاتبوونە سەر کەل کە دەڕوانێتە سەر گوندەکە، ئیدی خەڵکەکە ڕایان کرد بەرەو سنوری حاویەکانی تر. ئەو رۆژە مام جبرائیل هەر لەبەیانی یەوە  سەنگەری لێ داو شەڕی کرد تا ئێوارە.

هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە بوون. ئیدی نەیانهێشت بستێک سوپاو جاش بێنە پێشەوە. کە ئێوارەش هات پێشمەرگە بە ڕاکردن پەلاماری دان. چەندین تەرمی سوپاو جاش لێ بە جێ هێشتن. دووای ئەو شەڕە زیاتر نێوبانگی مام جبرائیل بڵاوبۆەوە وەک کەسێکی قارەمان چاویان لێ دەکرد و، بەرێزەوە باسیان دەکرد.

ئەو هاوینە کامیل ناوچەکەی بە جێهێشت بووە پێشمەرگە لە ناوچە شاخاوییەکان. قەدەر وابوو جارێکی دیکە لەو ماوەیەدا مام جبرائیل نەبینێتەوە. کامیل ماوەی دوو ساڵ پێشمەرگە بوو تا پروسەی ئەنفالەکان دەستی پێکرد. ئەوە بوو پێشمەرگە کێشایەوە بۆ ناوچەکانی سەر سنوری ئیران کە پێکهاتبوو لە زەڵێ و ناوزەنگ و نۆکان، لەوێ بەو زستانە دەستیان کردە بارەگا دروست کردن دوای ساڵ و نێوێک رژێم وڵاتی کویتی داگیر کرد. ئەنجام هیزی هاوپەیمان لەشەڕی گەردەلوولی بیابان بە رابەرایەتی جەنڕاڵ شوارتسکوف هێرشیان کردە سەر سوپا تێکشکاوەکەی رژیم لە ئاکام دا دام و دەزگاکانی رژیم کەوتنە گیانەڵلا.

ئەوە بوو هێزی پێشمەرگە شۆڕ بووەوە بۆ نێو شارەکانی کوردستان و راپەرینی خەڵکی دەستی پێکرد. کامیلیش خەڵکی ناوچە دابراوەکان بوو. هەر بۆیە شوین حەوانەوەی بارەگای حزب بوو، رۆژێک میوانێکیان لەگەرمیانەوە هات، یەکی لە پێشمەرگەکان گوتی هاورێ کامیل ئەو میوانە دەتناسێ! کە کامیلیش چاوێ پێ کەوت یەکسەر ماچی ئەم لاو ئەولای کرد و پرسی مام جبرائیل چۆنی، مندالەکانت چۆنن،هۆشیارو عاسی و شیرین چۆنن، پورە خەزیم چۆنە. دەستبەجێ مام جبرائیل پڕ چاوانی فرمێسک بوو گووتی ئەمە دوو ساڵە لێیان دابڕاوم، کەوتنە بەر پروسەی ئەنفال دەڵێن کراونەتە ژێر خاک و خوڵەوە، ئێستا خۆم تەنیا ماوم گوتم با سەرێکی هاورێ یا ن بدەم بزانم کامیل لەوێ یە.

 

 Bilderesultat for ‫دهقان پیر هنر‬‎

گەڕان بۆ بابەت