ما 5986 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

باشوور هەمیشە رووناک و گەرم و سەرنجڕاکێشە. مرۆڤەکانی هەدانادەن. هەمیشە لەدەرەوەن و، دێن و دەڕۆن. شەو و رۆژیان بۆ نیە. بەڕاستی بە شوێن چییەوەن؟ بۆ نایبیننەوە؟ بۆ لەوسەرە، لە باکوور، مرۆڤەکان لەناو ئەو سەرما و بەستەڵەک و تاریکییەدا دەیبیننەوە؟ نەکا هی تەنیاییەکان بێت!

 

سەفەری باشوور

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەموو ساڵێک حەزی لەسەفەری باشووری ئۆرووپایە. لە ئینتەرێت بلیت و هۆتێل پێکەوە دەگرێ. هەولدەدا فڕۆکەکە راستەوخۆ نەچێتە شوێنی مەبەست و لە شوێنێک، لە نێوان، بۆ چەند کاتژمێرێک دابەزێ و لە فڕۆکە خانەیەکی تر پێش ئەوەی سوار فڕۆکەیەکی تر بێتەوە، چەند سەعاتێک بەناو هۆڵەکانی چاوەڕوانیدا بگەڕێ و سەیری خەڵک و سەیری دووکانەکان بکا. بۆ نێوان؟ بۆخۆیشی نازانێ. رەنگە هۆکارەکەی خێرایی فڕۆکەکان بێت کە ناهیلی هیج شوێنێک بەو ئاسمانەوە ببینێ. هەموو شتێ چەند خێرا لەو سەرە تێپەڕدەبێ. وچانێک پێویستە.

لە باشوور، شارەکان لەژێر فڕۆکەکان راکشاون و چاوەڕوانن. فڕۆکەکەکان هەمیشە پێش ئەوەی بنیشنەوە، سووڕێک دەخۆن. وەک باڵندە. هەر لەوانیشەوە فێربوون. ئەو باڵندانەی فڕینیان فێرکردین، کەچی ئەوان هەر وەک باڵندە مانەوە و ئێمە بووین بە شتێکی تر.

گرمەی بەسامی ماتۆڕی فڕۆکەکان گوێ کپ و کاس دەکەن، بەڵام ئەو حەزی لێیە. ئەمە بەشێکە لە مانای سەفەر. ئەی وانەبێ، دەی دەبێ بە چی بیناسێتەوە. سەری مرۆڤەکان لەم سەر تا ئەو سەر دیارن. تاس، سپی، کەم موو، مودێل و هتد. لێرە و لەوێ بە هێدفۆن بە تەوقی سەریانەوە کە لە بەر تیشکی گڵۆپەکاندا دەدرەوشێنەوە. کتیب، نیت، کامپیوتر، ئایپاد، کایەی دیجیتاڵی، بێدەنگی، گفتوگۆ، دەنگی پیکەنین و ئەو منداڵانەی بێتاقەتانە خۆیان دەکێشنەوە. ئەوان لەناو دەنگی ماتۆڕە بەهێزەکاندا جاری وایە ون دەبن و دیسان لەشوێنێکی تر دیسان لەدایک دەبنەوە. فڕۆکەکە بۆ هەر شوێنێک بڕوات ئەوانیشی لەگەڵە. پەنجەرەکانیش تەنیا مەودایەکن بۆ روانین.

هەورەکان لەوژێرە رێک لە نێوان ئەو و زەویدان. هەورەکان دەریایەکی هەورینی نەرم لە بێکۆتایی. لۆکەئاسا. بیردەکاتەوە هەر ئەم ئاسمانە بوو لە شەڕی دووهەمی جیهانی شوێنی تەراتێنی فڕۆکە شەڕکەرەکان بووە. لە پەنجەرە گچکەکەوە لە دەرەوە دەڕوانێتەوە. هەوڵدەدا بگەڕێتەوە بۆ هەفتا و پێنج ساڵ لەمەوبەر. هەوڵدەدا لەوێوە خۆی بخاتە جێگای ئەو فڕۆکەوانانەی ئیستاکە نەماون و ئەو ساڵانە بە چ دڵەڕاوکێیەکەوە لێرە لەم بەرزاییانە فڕیبوون. بە کۆمەڵ باڵندە ئاسنینەکان دێنەوە بەرچاوی. بڵێی ئاسمان ئەوانی لەبیری مابێ؟ بڵێی هەورەکان و ئاسۆ شتێکیان لەو دەنگە ترسناکانە لە خۆیاندا حەشاردابێ؟ چاو دەگێڕێ.

باشوور، شوێنی گەرما و شوێنی بەکۆمەڵایەتی بوون. شوێنێک بۆ خۆکێشانەوەی تەنیاییەکان و بۆ هەستکردن بە قەرەباڵغی. بە سواڵکەرەکانییەوە. سواڵکەری رەشپێست و باشووری ئاسیا. ئەوانەی بە کڵاوی سەرسەر بە دەستەوە لەبەردەم فرۆشگاکاندا رادەوەستن و لە کڕیارە عەلاگەبەدەستەکان دەڕوانن،... بە تەمای عانەیەک. عانەیەکیش هەمیشە دەست دەکەوێ. بیردەکاتەوە مرۆڤ بە خۆشییەوە ناتوانێ چاو لەزۆر شت بقونجێنێ، هەرچەند ئەم روانینە هەتا ئێستا بێسوود بووە. بێسوودییەکی پڕاوپڕ بەدوور لە دادوەری. رەشپێستە دەستفرۆشە روودارەکان لەهەموو شوێنێک هەن. بە شتە کەمباییەکانی دەستیانەوە. بە خاڵخاڵۆکە دارینە وردەکانییانەوە. میهرەبانانە بە بزەیەکەوە سڵاو دەکەن و دەڵێن لە کوێوە هاتوون. خەڵکی هەر کوێیەک بیت، ئەوان لانیکەم چەند وشەیەک لە زمانەکەت دەزانن و بە بزەوە دەیدرکێنن و ئەوسا بە زۆرەملییەکی میهرەبانانە خاڵخاڵۆکە دارینەکان دەخەنە مشتتەوە و، دەڵێن خۆشبەختی دێنێ 'گود لاک،... گود لاک...!'. کە وەریشت گرت ئەوسا داوای پارە دەکەن! تۆیش دەیدەی، هەرچەند بە هەستێکی خەڵەتێندراوەوە. مەعامەلەیەکی میهرەبانانە و زۆرەملی لە پێناوی خۆشبەختییەکی زۆرە ملی! تۆیش سەیری خاڵخاڵۆکەکە دەکەی و لە گیرفانی دەهاوی و دەڕۆی. بیر دەکەیتەوە "وادیارە خاڵخاڵۆکە لە هەموو وڵاتە گەرمەسێر و سەرسەوزەکان نیشانەی خۆشبەختییە!... ئەو وڵاتانەی وا هێشتا لە خۆشبەختی یەکجار دوورن!"

توریستەکان زۆرتر سەرقاڵی شوێنە مێژووییەکانن. کۆلسیۆم، تەپۆڵکەی پلاتینۆ، فوارەکان و پەیکەرە مەڕمەڕینە هەرە کۆنەکان. تابلۆی بەناوبانگی میکڵ ئانژ کە تێیداپەنجەی خوا و مرۆڤ بەیەک دەگەن. دووهەم پەنجەرەی ئەو بینا بەرزەی وا پاپ لەوێوە دەست لە خەڵکی رادەوەشێنێ و لە خوا داوای بەخشینت بۆ دەکا. مێژوو بەهەموو مەزنیی خۆیەوە لێرەیە. بۆنی خوێنی گلادیاتۆرەکان هەر لێرەن،... ماون! گیاندانەکانی ناو چەپڵەی شێتانەی جەماوەر. جەماوەری ئۆخژن بە مەرگی ئەوانی تر. تۆریستەکان نیگایان لەوێیە، لەسەر ئاسەوارە کۆنینەکان و، دەستفرۆش و سواڵکەرە رەشپێست و ئاسیاییەکانیش نیگایان لەسەر توریستەکان. نیگای مێژوواویی گەشتیاران و نیگای پڕ لە پاڕانەوەی کڕینێک لە ئەوانی تردا. بێگومان لە شوێنێک، لە سەر سنووری مێژوو، بەیەک دەگەنەوە و ئەوجا توریستێک سڵفیشێک دەکڕێ. سڵفیشێک بۆ وینەگرتن لەخۆ لەبەردەم بینایەکی داڕماوی دووهەزار ساڵ لەمەوبەر. وێنەکە وەک خودی بیناکە لە مێژووی ژیانی گەشتیارەکەدا بێگومان دەمێنێتەوە. لەناو ئەلبومەکەیدا، یان رەنگە لە ماپێکی ناو کۆمپیوترەکەی بە ناوی 'گەشتی باشوور'. هەموو شتێک چەند ئاسان دەبێ بە رابردوو و بە مێژوو.

کە لە سەیری شار، خەڵک و بینا مێژووییەکان وەڕەز دەبێ، ئایپادەکەی دەکاتەوە. هەواڵ، وتار، فەیسبووک، یاهوو، ڤایبێر، وێنە و سەرئەنجام کایە. کایەکان زیاتر سەرنجڕاکێشن. نوقمی دەکا. کات چەندە تێدەپەڕێ،... نازانێ. چاو ماندوودەبێ. منداڵی بەرۆکمان بەرنادا. بگرە زیاتر گەڕاوەتەوە. لە قووڵاییەکانی مێژووەوە گەڕاوەتەوە. هەست دەکا منداڵی شتێکە لە رەگەزی سەیرکردنی ئاسەوارە مێژووییەکان. مێژوو و منداڵیی لەیەک رەگەزن، لەیەک چێژن. دەمانبەن. ختولکەمان دەدەن. وەڕەزانە بزەیەک دەیگرێ. یان رەنگە تاوانی هەواڵە ناخۆشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ. نا، وانیە. ئەوەی لاتەنیشتیشی کە سووروسپییەکی قژزەردە، وەک ئەو بە هەمان شتەوە سەرگەرمە. باشە ئەو بۆ؟ مرۆڤی ئەم سەردەمە چەند ئاسان خۆی دەدزێتەوە. ئامرازە دیجیتاڵییەکان چەند یارمەتیدەرن. کۆڵانەکانی ونبوون،... تا بێکۆتایی. یان رەنگە چێژی رووانینی پەیکەرە بەردینەکان بێت. ئەو مرۆڤانەی نەماون، بەڵام هەن بە بێ ئەوەی خوێناوی بن. بگرە پەیکەرێک لە ماسولکە و لە هێز و لە نەمری کە هەستێکی رۆمانسی دەبەخشن. دەنگی زیق و زاق و هات و هاواری رەشەکوژییەکانی ناو مێژوو دێنەوە گوێی. "نا، هەمیشە وابووە و رەنگە هەمیشەیش وابمێنێتەوە!" دیسان پەنجەی دەچێتەوە سەر کایەکان. ئەمجارە نازانێ کامیان هەڵبژێرێ: شەڕ، دۆزینەوەی رێگا، یان گۆچانیی جادوویی کچێکی نەشمیل. چ جیاوازییەکیان هەیە؟ پەنجە بە یەکیاندا دێنێ. شەڕە!

باشوور هەمیشە رووناک و گەرم و سەرنجڕاکێشە. مرۆڤەکانی هەدانادەن. هەمیشە لەدەرەوەن و، دێن و دەڕۆن. شەو و رۆژیان بۆ نیە. بەڕاستی بە شوێن چییەوەن؟ بۆ نایبیننەوە؟ بۆ لەوسەرە، لە باکوور، مرۆڤەکان لەناو ئەو سەرما و بەستەڵەک و تاریکییەدا دەیبیننەوە؟ نەکا هی تەنیاییەکان بێت! سەرئەنجام بەدەم کایەکردنەوە بەو ئەنجامە دەگا هی تەنیاییەکانە. تەنیایی، بیر لە گەڵ خۆیدا دێنێ و بیریش بەجۆرێک خۆشبەختی. لانیکەم دووپاتنەبوونەوەی مێژوو لەگەڵ خۆیدا دێنێ. لەخۆوە نیە خەڵکی ئەوێ ئەوەندە حەزیان بە دیتنی شوێنە مێژووییەکانە،... لە باشوور. چێژ، لە دووپاتنەبوونەوەدا دەگاتە ترۆپک. لای ئەوانیش، لای باکوورنشینەکان هەمیشە لە ترۆپکدایە،... چێژ. کەس بەقەدەر ئەوان وێنە هەڵناگرنەوە. لە گەشتەکانیاندا لە هەموو شتێ وێنە هەڵدەگرنەوە. داخۆ دوواتر تەمەن و کات بەشی بەسەرکردنەوەی ئەو هەموو وێنانە دەکا؟

لە دارودیواری شوێنە کۆنینەکان هەڵمی بیرەوەری و مێژوو هەڵدەستێ. ئەگەرچی هیچ کام لە گەشتیارەکان لەو سەردەمانەدا نەژیاون، بەڵام دەڵێی رێک بە دیتنی قڵشێک، بەرزاییەک یاخود دیوارێکی داڕووخاو، شتێک دێتەوە یادیان. مرۆڤ سەرەڕای مردنی لەهەموو چاخێکدا دەژی. نیگاکان و وێنە هەڵگرتنەوەکانن ئەمە دەڵێن. ئەوان هەموو شتێک هەست پێدەکەنەوە، ژانی لووتی شمشێر و دەمی چەقۆ و نووکی رم نەبێت. مێژوویش بەم شێوەیە خۆشە. میژوو چەند ئاسان ئەم ژانە لەناخی خۆیدا دەشارێتەوە و، تەنیا رووداوە روواڵەتییەکان دەهێڵێتەوە. وێنەگرتنیش لەم جۆرە وێنانە چەند ئاسانە. تەنیا چرکەی دەست پیانانێک بەسە. چرکەکان وەڕەزی دەکەن.

بەناو راستەشەقامێکدا کە ئەمبەراوبەری پڕی دووکان، مرۆڤ و تیشکی بێبەزەیی گڵۆپە رەنگاوڕەنگەکانن، تێدەپەڕێ. گەشت ئەوەندەی نەماوە. تا لادەکاتەوە چەند رۆژێک تێپەڕیوە. شەوەکان گوزەراون. هەستدەکا لە گەشتیاریی، لە مێژوو و لە باشوور وەڕەز بووە. بیری ژوورەکەی خۆی دەکاتەوە. بەو پەنجەرەوە، لە بەفر و لە تاریکی و لە سەرما دەڕوانێ. ئەمەیش بۆ خۆی جیهانێکە. رەنگە باشترین شوێنی خۆحەشاردان لە باشوور، بە هەموو شوێن و رووداوە سەرنجڕاکێشەکانییەوە. بگاتەوە ئەو شوێنەی وا بەفر مێژووی لە بنی بنەوەی خۆی حەشارداوە. تەنیا سپی. سپییەک کە دەگاتە سەهۆڵی سەر دەریاکان.

هێدفۆنەکە گوێیەکانی دادەپۆشێ. فڕۆکەکە جەستەی دێنێتە لەرزین. هێشتا مۆسیقایەکی ئارام نەڕژاوەتە گیانییەوە کە چەند هاوڕێیەکی پیر و بەتەمەن لە خوارەوە، لەریزی هەرە پێشەوە، دەنگی پێکەنینیان دەگاتە ئەم و ریزەکانی دووای ئەمیش. جۆرێک لە شادییەکی بەهێز بە رەگێکی نادیاری خەمینەوە هەموو فەزای تەنگی ناو فڕۆکەکە دەگرێتەخۆ. هاوڕێکان بە زمانی نۆروێژی دەدوێن و، بیری خاترەیەکی کۆن دەکەنەوە. خاترەیەک تەنیا بۆ ئەوان.

مۆسیقاکە دەست پێدەکا. بیردەکاتەوە گەر مێژوو وەک ئەو بیرەوەرییە تەنیا هی تاکەکان بایە و نەک هی کۆ، کەس سەفەری باشووری نەدەکرد،... کەس،... بە ئەمیشەوە. هەرچەند دڵنیایە ساڵێکی تر دیسان لە فڕۆکەیەکی لەم چەشنەدا دیسان بە هەمان مەبەست و بە هەمان خولیا و بیرەبیرەوە روودەکاتەوە باشوور،... باشووری لەبیرنەکراو و لەبیرکراوی راکشاو لەژێر ئاسمانی شین و خنکێندراو لەناو ئاپۆرای هات و چۆی دانیشتووەکانی. باشووری ترساو و خوونەگرتوو بە تەنیاییەکان.

Bilderesultat for roma kunst

گەڕان بۆ بابەت