ما 10541 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

من وای بۆ دەچم ماوەیەکی چاک تەنیا سەرقاڵی گێڕانەوەی رووداوەکە دەبێ. رووداو هەتا دووربکەوێتەوە تامی گێڕانەوەکەی خۆشترە، بەتایبەت کە ترسناک بووبێت. ئەوسا رۆژێک لەگەڵ هەندێ هاوڕێی دەچێتەوە هەمان شوێن، سڵفیشێک دەگرێ و دەیکاتە بەڵگە بۆ رۆژی رووداوەکە.

 

وێنەی سڵفیش!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

پشکۆ کەوتبوو و هەوا بەرەبەرە بەرەو گەرمی دەڕۆیشت. سەرما، پشتی نەویبوو. ئەو بەشە بەفرەی بەسەر شاخاندا مابووەوە، بای گەرمی باشوور لێی دەئاڵا و شیرەی گیانی دەمژی و دەیپوکاندەوە. بەفر، بۆش بۆش بەسەر خاکی ژێریدا دەتوایەوە. کرتەی شکاندنی لە ژێر هەنگاوەکاندا، لەززەتی بەهاری دەبەخشی. هەر ئەم لەززەتە و لەپاڵیشیدا لەززەتی یەکەم وێنەی سڵفی لە بەرزاییەکان ئەو رۆژە ئەوی کێشابووە شاخی. خۆی و موبایلەکەی هەڵگرتبوو، بە داوێنی تاقە کێوەکەی باکووری شار هەڵزنابوو و خۆی گەیاندبووە قوتە. قوتەی بەرزی گەردەنکەش، نوقمی لێڕەوار، بەو گڕە بەردانەوە وا خۆیان جیادەکردەوە و مەودای رووانینێکی بەرفراوانیان دەڕەخساند. ئاسمان تا دووا سنووری توانا خۆی دەکێشایەوە.

ئەویش تا دڵ حەز بکا، دەیڕوانی،... تا چاو یارمەتی دەدا لە دوورەکان مۆڕدەبووەوە. بەڵام خڕیی زەوی، زۆر زوو دوورەکان دەشارێتەوە. وەک بڵێی دەڵێ ئیتر هەموو شتێ بۆ رووانین نیە، گەر دەتەوێ بیبینی، دەبێ وەڕێ بکەوی! 

موبایلە تازەکەی دەرهێنا و چەند وێنەیەکی دەرەکی گرت. لە ئاسۆ، لە دیمەنی شار، لە لێڕەوارەکەی بەردەمی و،... لە خۆی. بە روونی و گەشیی وێنەکان سەری سووڕدەما. بەڕاستی لە لای، موبایل، داهێنانێکی گرینگ بوو.  لەوکاتەدا خەریکی دیاریکردنی شوێنێکی شیاو بۆ خۆی لەناو کامێرای موبایلەکەدا بوو، دیاریکردنێک کە لەچاو هەڵگرتنی وێنە دەرەکییەکان زۆر ئاسان نەیدەنواند، هەستی کرد تەنیا نیە و کەس یان شتێکی تریش لەناو رووبەری موبایلەکە، شتێک کە رێک وەک ئەو زەقزەق لە کامێراکەی دەڕوانی، بە وێنەکەوە سەرقاڵە! سەرەتا نەک ترس، بەڵام هەستێکی ناخۆش دایگرت. ئەوە چی بوو؟ ئەمجارە بە ئارامی کامێرای موبایلەکەی گێڕایەوە و رێک لە پشت سەری خۆیەوە چاوی بە ئاژەڵێک کەوت، ئاژەڵێک وەک سەگ. بروسکەیەکی ترس بە ناو پشتی دا گەڕا. بەپەلە لایکردەوە. نەک سەگ، گورگێکی بینی! چۆن زانی گورگە، بۆ خۆیشی بە جوانی نازانێ. بەلام دڵنیایە. رەنگە لەبەر ئەوەی هیچ سەگێک لەم رۆژگارەدا ناگاتە لوتکەی شاخان و، جگە لەمە تووکی ساف و لووس و نیگای تیژی ئەو چوارپێیە زۆر لە سروشت دەچوو. هیچ ئاسەوارێک لە حیزیی شاری تیا بەدی نەدەکرا. لەم بیرانەدا بوو کە چاوی بە دانەیەکی تریش لەولاترەوە کەوت. دانەیەک لە هەمان شێوەی راوەستان، تێڕوانین و بڕیارێکی نهێنی. ئیتر تەواو دڵنیا بوو گورگن. "رەوە گورگ!" بۆمبی ترس گەیشتە ژمارەی سفر و تەقییەوە. هەتا هێزی تیابوو موبایلەکەی بەرەو گورگەکەی پێشەوە هاویشت،... بە خۆشییەوە پێکای. لەو کاتەدا گورگەکە هەڵدەبەزییەوە و خۆی کەمێک بەرەو دوواوە دەکێشایەوە، ئەمیش هەتا هێزی تیا بوو سەرەو خوار بووەوە و دەستی کرد بە راکردنێکی شێتانە. نازانێ داخۆ گورگەکان بەشوێنیەوەن یان نا، هەڵبەت ئەمەی زۆر لا گرینگ نیە، گرینگ خۆدەربازکردنە لە شوێنێک کە سروشت یەکجار نامۆیە بە مرۆڤ. ئەوەندە نامۆ کە دەتوانێ هەڵتدڕێ! دەنگی نەڕە و هات و هاواری شیتانەی لە دۆڵەکەدا دەنگ دەداتەوە و لە شوێنێک لە ناو بەفرە بۆشەکاندا نامەردانە کپ دەبێ. هەستی تەنیایی و بێ کەسی خەریکە ئەژنۆی شل دەکا، بەڵام بە خۆشییەوە دووسەد مەترێک لە خواروویەوە ماشینێک بە چەند کەسەوە دەبینێ. دڵی، ناهومێدانە دەکرێتەوە. لەم ساڵانەی دووایی خەڵکی بە ماشین روو لە هەموو شوێنێک دەکەن. ئەگەرچی یەکێک لەو کەسانە بوو بەردەوام ئەمەی دەدایە بەر رەخنە، بەڵام ئیستاکە لە لای جوانترین دیمەنی جیهان بوو. شێتانە هاواریان لێدەکا و داوای یارمەتی: "گورگ،... گورگ،... ئەی هاوار... فریام کەون!" بۆخۆیشی نازانێ بەو قوڕگە وشکەیەوە چۆن چۆنی دەیتوانی ئاوەها هاوار بکا. ئەوەندەی پێناچێ ئەوانیش لە خوارەوە  دەیکەن بە قولە. دیتنی ئەوان و دەنگی قولەیان، پێکەوە، وزەیەکی زیاتری تیا دەگەڕێنێ و هەست دەکا ئەمجارە قاچەکانی بۆ راکردن ئەو قورساییەی ساتێک لەوە پێشیان نەماوە. بە خۆشییەوە شاخەکان جۆرەیەکن، گەر قاچت هەڵنەکەوێ، ئەوا دەتوانی زوو بگەیتە خوارەوە.

دەگاتە لایان. چەند خۆی بە بەختەوەر دەزانێ. لادەکاتەوە و بە هەناسەبڕکێ سەیرێکی لووتکەکە دەکاتەوە کە ئێستاکە زۆر ئارام و بێوەی دەنوێنێ. وەک بڵێی هیچ نەقەومابێ! سروشت بە هەموو بێدەنگی و بێ ئازاریی خۆیەوە، هەڵکشاو، بە سەرسوڕمانەوە لێی دەڕوانێ. شەرمێک دەیگرێ، ئەگەرچی بە گێڕانەوەی بەردەوامی رووداوەکە بۆ ئەو چەند کەسە هەوڵدەدا لێی دەرباز بێت.

***.

لەوێ لە شاری راکشاوی داوێنی ئەم چیایەی باکوور، کۆمەڵێک کەس هەن کە حەزیان بە لێکدانەوەی شت و رووداوە غەریب و دەگمەنەکانە. بۆ وێنە کاتێک کچ و کوڕێکی ئاشق کە لە ماڵێکدا بە دزییەوە لە ژوانن و خەڵکی پێیان دەزانن، ئەوان دەستبەجێ دەکەونە لێکدانەوەی. یان کاتێک ئارەقخۆرێک دەڕشێتەوە، پەتاتەفرۆشێکی تورک خۆ بە شارەکەدا دەکا، حاجییەکی دەوڵەمەند حەزی کەباب دەیگرێ و لە دووای ژماردنی چەند جارەی باخەڵی بە ئەسپایی و دڵەڕاوکێوە بە سەر دوو پلیکانەکەی کەبابخانەکەی نزیک تاقە گاراژەکەی شاردا سەردەکەوێ، یان یەکێک لە سۆزانییە دەگمەنەکانی شار لە مزگەوت نوێژ دەکا. ئەوان هەمیشە ئامادەی گفتوگۆ گرینگ و چارەنووس سازەکانن. لای ئەوان شار خۆی دووپاتدەکاتەوە، چونکە ناتوانن لەسەر بابەتە هەستیارەکان بدوێن و گفتوگۆبکەن.

هەمیشە لە چایخانەکەی بەر مزگەوتی گەورەیە دادەنیشن و، باسەکان دەوروژێنن. چۆن چۆنیش هەواڵەکانیان بۆ دێ، کەس نازانێ. بەڵام هەمیشە وەهایە کە یەکیان هەواڵەکە دەبیستێ، ئەوسا دەستبەجێ خۆی بە چایخانەکەدا دەکا و ئیتر سەری قسە و باس دەکەنەوە. ئەوان چوارن. هەموویان ئەهلی کتێبن. یان باشتر وایە بڵێین لانیکەم هەمیشە کتێبێک لە بن باغەڵیاندایە. کتێبەکانی تێکەڵ بە بۆنی ئارەق و ئارەقە و دووکەڵ. زۆریش جگەرە دەکێشن. بۆنێکی تریش دەدەن کە ئەمەیان ئیتر نهێنییە، لەبەر ئەوەی هێشتا خەڵکی شارەکە بەو ئاستە نەگەیشتوون بتوانن قبوڵكی بکەن!

کە خۆی بە چایخانەکەدا کرد، سیانەکەی تر (هەمیشە وا هەڵدەکەوێ یەکیان لە کاتی هەواڵە دەگمەنەکان لە دەرەوەیە و سیانەکەی تریان لە ژوورەوە)، لەوێ بوون و وەک هەمیشە چاوەڕوانی بابەت. لە کاتێکدا هەناسەی سوارە، دەڵێ:

ـ دەزانم نەتان بیستووە. خەبەرێکی تازەکورە! ئەمڕۆ، یان دوێنێ چەند گورگێک پیاوێک کە زۆر حەزی بە رواڵەت و قیافەی خۆیەتی و بە موبیلەکەیەوە رووی لە کێو کردبوو، راوناوە. گوایا خەریکی وێنەی 'سڵفیش' بووە کە بە گورگەکان دەزانێ. یان رەنگە باشتر وایە بڵێین گورگەکان بەو دەزانن. ئاخر سڵفیش جۆرێک لە خۆپەرستییە و ئیتر بۆ خۆتان دەزانن خۆپەرستی دەگاتە کوێ. ئەم ئینگلیزییەیش پەککوو زمانێکی بەقوەتە، بزانە چۆن کەلیمەی سڵفیشی بۆ ئەم جۆرە وێنەهەڵگرتنەوەیە پەیداکردووە بۆ ئەوەی بە تیرێک دوو نیشان لێبدا!١ بەهەرحاڵ،... بە پەلەپڕوزێ رزگاری بووە. بەختی هەبووە لە کاتی راکردندا بە تووش جەماعەتێکەوە دەبێ کە بڕنۆیان پێدەبێ،... لەو سەرە. لە کاتی سڵفیشەکە بە گورگەکە دەزانێ، رێک لە پشت سەرییەوە بووە. پیای کێشاوە و هەڵاتووە.

دەستبەجێ بە حەماسەتەوە جێگای بۆ دەکەنەوە و ئەویش دادەنیشێ. هاواری چایچی دەکەن دەورێک چایی بێنێ. سەروجگەرە دادەگیرسێنن. تەپکێک دووکەڵ دەبێ بە لووتکە.

ـ ئەمەیان ئیتر زۆر دەگمەنە. شتی وا یەکجار زۆر کەم روودەدات. زۆر خۆشە،... هەر زۆر خۆشە!

ـ هەر زۆر. هەڵبەت مەبەستم رووداوەکەیە نەک خۆشەکەی تۆ. بەڵام پێتان وایە کاری باشی کردووە هەڵاتووە؟

ـ من پێم وایە دەتوانرێ لە دوو روانگەوە جوابی پرسیارەکەی تۆ بدرێتەوە: گەر مەبەست دەربازکردنی گیان بێت، ئا، کاری باشی کردووە. بەڵام گەر مەبەست مرۆڤایەتی بە گشتی بێت، ئەوا نا، ئەو بەم راکردنە حورمەت و گەورەیی مرۆڤی شکاند!

ـ من پێم وایە مرۆڤەکان جاری وایە لەخۆوە رادەکەن، بە بێ ئەوەی هۆکارەکە بە جوانی لێکبدەنەوە. جارێ ئەو برادەرە دەبێ بیزانیایە کە داخۆ مەبەستی ئەو گورگانە داخۆ خواردنی ئەو بووە یان نا. ئاخر لە سەردەمێکدا کە هەموو کەس موبیلێکی پێیە و خەریکی سلفیشە، ئاساییە چوارپێکانیش بیرەبیرە بیانگرێ و بیانەوێ بزانن چ خەبەرە. رەنگە مەبەستی ئەو گورگانە موبیلەکە و سلفیش بووبێ. جگە لەمە ئاژەڵیش خاوەن هەستی مڵ و مۆیە، دەیەوێ بزانێ دونیا چ خەبەرە.

ـ بەراستی جوانی بۆ چووی. من پێم وایە گەر ئەو برادەرە وێنەیەکی سڵفیشی لەگەڵ گورگەکە بگرتایە، بەزمەکە تەواو دەبوو. ئیتر نە ئەو هەڵدەهات و نە گورگەکە موبیلەکەی پیادەکێشرا و بگرە نە کابرایش زەرەری دەکرد. هەر کام بە رێگای خۆیاندا.

ـ زەرەر؟ پێم سەیرە وا دەڵێی. من پێم وایە کاری چاکی کردووە هەڵاتووە. ئیستا گورگەکان خاوەنی موبیلن و بۆخۆیان خەریکی سڵفیش. چ پێویستیان بە کەسێکی بوودەڵەی وەها هەیە! هەر لە ئەزەلەوە حیکمەتێک لەم کێوچوونەی ئەو برادەرەدا هەبووە، بەبێ ئەوەی رۆحیشی ئاگادار بووبێ!

ـ سڵفیشی مرۆڤێکی زیندوو و گورگێکی کێوی،... پێکەوە،... بەڕاستی وێنەیەکی دەگمەنە. بەناوبانگ دەبوو. هەموو کامێراکان روویان تێدەکرد. بەلام تف لە ترس کە ئەقڵ لە مرۆڤ دەستێنێ. بڵێم چی بۆ ئێمەومانان هەڵناکەوێ.

ـ من لەوە پێش، ئەگەرچی لای ئێوە نەمدرکاندووە، بەلام بەتووش گورگەوە بوومە. راستییەکەی ئەوەیە گورگ تا برسی نەبێ کەس ناخوا، بەتایبەت مرۆڤ. من پێم وابێ بە رێکەوت لەگەڵ ئەو برادەرە رێگایان بەر یەک کەوتووە. چونکە بە بێ چاوەڕوانی بەتووش یەکترەوە بوون بۆیە ترساون، هەر دوولا ترساون. من پێم وایە ئەو برادەرە چەندە بەم لای شاخەکەدا رووەو شار هەڵاتووە، گورگەکانیش هەر بەو رادەیە بەو لایەی تردا بازیانداوە و رایانکردووە. تازە ئەوان چونکە چوار قاچیان هەیە زۆر خێراتر سەرەوخوار بوونەتەوە! لەم دەورەوزەمانەیەدا خۆ ناشوکری نەبێ هەموو کەس ترسنۆکە!

ـ ئیتر ناتوانم ئەم بۆچوونەت بسەلمێنم. راستە من زۆربەی کات لەگەڵ راوبۆچوونەکانتم، بەڵام ئیزن بدە ئەمجارە لەگەڵتا نەبم. ئاخر کاکی خۆم مەگەر نەتبیستووە کە گورگ تەمەحکارە و گەر بەتووش رانەمەڕێکەوە بێت، سەرەتا هەموویان دەخنکێنێ ئەوجار یەکیان دەخوا؟

ـ ئا، راستە، بەلام ئەمە لە کاتی برسیەتیدایە.

ـ جا تۆ گورگت بە شک دێت برسی نەبێت؟

ـ ئا، گورگی ناو سڵفیش!

ـ ئەگەرچی ئەو راکردنە حەیای مرۆڤ و مرۆڤایەتی بردووە، بەلام لە سەرێکی ترەوە هێز و کەڵکی تکنۆلۆژیا نیشان دەدات. گەر ئەو موبیل و سڵفیشە نەبووایە بێگومان خواردبوویان. سڵفیش کارێک دەکا دوواوەی خۆیشت ببینی. کەواتە سڵفیش کت و مت خۆپەرستی نیە. هەڵبەت قسەیش لەسەر ئەوەیە بۆ وا گورگەکان ماتڵیان کردووە،... بۆ دەستبەجێ پەلاماریان نەداوە؟

ـ پێم وایە هی ئەوە بێت هەموو ئاژەڵان کاتێک بە تووش ئینسانەوە دەبن، سەرەتا سەریان سوڕدەمێنێ. یەکەم بەو هۆیە کە دەبینن شتێکی ئاوەها زل تەنیا لەسەر دوو پێ دەڕوا. دووهەم ئەوەیکە دەڵێن مرۆڤ لە لووتی ئەواندا زۆر بەدبووە. لەبیریشتان بێت کە تەنیا ورچ هەندێ جار هەڵدەستێتە سەر دوو پێ. جا گورگیش لە ورچ دەترسێ!

ـ باشە پێتان وایە موبیلەکە چی لێهاتبێ؟

ـ من پێم وایە چونکە لەشی گورگ نەرمە، نەشکاوە. هەڵبەت بەمەرجێک گورگەکە لەسەر بەفریش راوەستابێ، نەک لەسەر بەرد. چونکە وەک دەزانن کاتێک موبیلەکە دەدرێ بە لەشدا، دوواتر دەکەوێتە سەر عەرز. عەرزیش رەقە. شرکەتی ئیستایش زۆر زۆڵن. موبیلەکان وەها دروست دەکەن کە زوو هەر بەر شتێ بکەوێ بشکێ. ئیتر بازاڕە و پارە و خێر.

ـ گەر مەبەستی گورکەکان خوارنی کابرا نەبووبێ و هەروەها بە رێکەوتیش لەوێ نەبووبن، ئەوا من پێم وایە ئیستا موبیلەکەیان پێیە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. لەبیرتان نەچێ ئەو دیمەنانەی ئەوان دەیبینن هیچ مرۆڤێک بە حەیاتی ناتوانێ هەر بیریشی لێبکاتەوە. وێنە لای ئەوانە و بەس!

ـ بەراستی بێ غیرەتە. ئاخر چۆن پیاو موبیلێک فڕێدەدا و بە جێی دێڵێ کە دەتوانێ یەک دنیا وێنەی لەوە پێشی تیابێت. ئاخر کابرا چۆن دەتوانێ ئاوا بە ئاسانی رابردووی خۆی بدا بە ئاوا؟ تف لە ئینسانی بێ غیرەت! هۆکاری دوواکەوتوویی ئێمە هەر ئەم دابڕانە مێژووییانەیە. بۆیە دەڵێم، ئەو برادەرە بیانخواردایە باشتر بوو تا ببێ بە دووپێیەکی بێ مێژوو.

ـ بەڕاستی وایە! گورگەکان تەنیا خۆیان دەخوارد و موبیلەکە دەمایەوە. رۆژێکیش کەسێک موبیلەکەی دەدۆزییەوە و ئیتر مێژووی ئەو برادەرە بەردەوام دەبوو. بەڵام ئیستا ئەو چییە،... هیچ، جگە لە پیاوێکی بێ بن و بنەچە کە تەنیا بۆ مردن باشە!

ـ ئەو بێ غیرەتە لە جوغرافیایش شارەزا نەبووە. ئاخر کاتێک پشکۆ دەکەوێ، گورگیش ئەو تەمەح و برسیەتییەی نامێنێ. ئەمەیش ئاساییە. وەرزی ساردو سەرما بەو شێوەیە باوی نامێنێ و بۆیە گورگ ئارامترە. ئەو دەبوایە هەم دەرفەتی بە خۆی و هەم بە گورگەکە بدایە. وەک دەڵێن هەموو گورگێک گۆشتخۆر نیە!

ـ ئەی تەڕەماشخۆرە! کاکە ئەم قسانە چییە دەیکەی؟ تا ئیستا گورگی گۆشت نەخۆر نەبینراوە! گورگ یان برسییە یان تێر. لەو بەینەدا شتی ترمان نیە. دونیا یان رۆژە یان شەو، پیاو یان چاکە یان خراپ.

ـ من لام وایە گورگ جیاوازە، دەتوانێ لەیەک کاتدا هەر دووکیان بێت، هەم برسی و هەم تێر. لەخۆوە نیە ئەو برادەرە رایکردووە، هەر زۆر کاری باشی کردووە. تەنیا یەک هەڵەی هەبووە، گەر هاواری نەکردایە و ئەو کەسانەی لای ماشینەکە لەوێ نەبوونایە، کێشەی حەیاچوونی مرۆڤیش حەل بوو. تەواو!... ئیتر ئەم درێژدادڕییەی ناوێ!

ـ پەلەنەکردن شەرتی بیرکردنەوە و پێشکەوتنە. کە پەلەت کرد حەتمەن بە تووش هەڵەوە دەبی. دەکرێ ئەو گورگە، گەر مێینە بووبێت، لە رەگەزی ئەو گورگە بێت وا لە رۆمی کۆن شیری بە رۆمۆلۆس و رۆموس ئەو دوو برایە دا وا دوواتر دووای ئەوەی گەورە بوون شاری رۆمیان بیناکرد. من پێم وایە هەڵتروشکایە، گوانەکانی دەبینی و ئیتر نەک راینەدەکرد، بەڵکو دەرفەتی دەستپێکی مێژوویەکی نوێیشی بۆ دەڕەخسا.

ـ کاکە! گوان تا جوان بۆی دانەنەوی، نایبینی، ئەمە تۆ چی دەڵێی! تازە ئەو برادەرە پیاوێکی کامڵی گەورە بووە. ئیتر کەی لەو تەمەنەدا دەرفەتی شتی وا هەیە. مێژووی راستەقینە لەسەردەمی منداڵی و لاوەتییەوە دەست پێدەکا.

ـ بە گوێمدا ناچێ،... هەزار قسەی تریش بکەن من هەر لەسەر ئەو باوەڕەم ئەو پیاوە دوو شت نەجاتی داوە، یەکەم کەوتنی پشکۆ و دووهەم ترس. پشکۆ ئەم قاچ و ترس ئەوی تر. جا وەرە و راکە! پشکۆ، گورگەکانی دوودڵ کردووە و ترس وزەی داوەتە ئەم. تەواو!... ئەمە کرۆکی چیرۆکەکەیە.

لێرەدا روودەکەنە ئەوەی وا هەواڵەکەی هێنابوو. یەکیان دەپرسێ:

ـ راستی نەتزانی کێ بوو و ناوی چی بوو؟ بێگومان دەیناسین. لەم شارە کەس نیە ئەوی تر نەناسێ.

بە گومان و دوودڵییەوە دەڵێ:

ـ وەڵلا راستییەکەی،... راستییەکەی،... ئا، بێگومان دەیناسین، بەڵام ئیستا نا. من لە خۆشیی خودی هەواڵەکە لەبیرم چووەوە بپرسم کێ بوو. گرینگیش نیە. رۆژێک هەر دەزانین. کەس ون نابێ. بەتایبەت کەسێک کە بە رۆژی روون لە سەر شاخ موبیلەکەی بە هۆی وێنەی سڵفیشەوە لەدەستدابێ و سەرەوخوار هەڵاتبێ و دوواتر بە چەند سەعات و چەندین رۆژ رووداوەکەی گێڕابێتەوە بۆ ئەوەی شەرمەکەی خۆی لە خۆی بشارێتەوە!

ـ کاکە شەرمی چی و شتی چی! نەکا پێت وابێ تۆ یا خۆمان زۆر لەو ئازاتر دەبووین؟ هێزی سەرەکیتر کە هات، کاری ئاقڵانە ئەوەیە رێگای بۆ چۆڵ بکەیت. ئەی نەتبیستووە شاعیر دەڵێ "هەستنە سەرپێ!" قوڕبەسەریی مرۆڤ ئەوەیە هەر لە سەرەتاوە نە چنگی تیژی بەڕەوا بینرا و نە شەویلکەیەکی قایم بە دوو ریز دیانی درێژ و تیژی ترسناکەوە.

ـ کەواتە دەبێ بەو ئاکامە بگەین ئەو برادەرە نەدەبوو بە تەنیا بچوایە بۆ شاخ. چونکە نە چنگی تیژی هەیە و نە دیانی شێر.

ـ رێک وایە. کە کەرەسەی پێویستیشت پێ نەبوو، لە دۆخی وادا حورمەتی خۆت و هەموو بەشەر دەشکێنێ.

ـ من لام وایە شەرمی تیانیە. گرینگ ئەوەیە گیانی خۆی دەربازکردووە. ئەمە لە دەست هەموو کەس نایەت.

ـ خودی گیانی مەبەست نیە ئەوەندەی چۆنیەتی دەربازکردنەکەی مەبەستە.

ـ بەتەنیا چووە چونکە پێی عەیب بووە لەبەر چاوی خەڵکی سڵفیش بگرێ. ئەوێ چۆڵ بووە. وەک چۆن قەدیم چوونە بەر ئاوێنە عەیب بوو و گاڵتەیان پێدەکردی.

ـ باشە دوواتر هەر ئەو ماشینە بردبوویانەوە بۆ ماڵەوە؟

ـ نازانم.

ـ ئێمە هێشتا زۆر شت نازانین. چیرۆکەکە لە راستیدا لەلای ماشینەکە کۆتایی نایە.

ـ با رێک لەوێ کۆتایی دێ. لەوێ سنوورە. هیچ ئاژەڵێکی کێوی ناگاتە ئەوێ.

ـ دەبێ زیاتر لە هۆکاری چوونی بۆ سەر شاخەکە بکۆڵینەوە. ئەمە زۆر موهیمە. داخۆ لەگەڵ ژنەکەی شەڕی بووە، بە تەمای ژووانی تر بووە، رقی لە خۆی هەستاوە، بێتاقەت بووە،.... کەس نازانێ کامی ئەمانە بووە.

ـ سەر شاخ و ژووان!... تەح ح ح!

ـ وایە، وایە. لەبیرت نەچێ ژنانیش ئیستا دەچن بۆ کێو. ترسیان شکاوە.

ـ بە کۆمەڵ ئا، بەس بە تەنیا نا.

ـ چووزانی؟

ـ دەزانم!

ـ ئێ ێ ێ...؟

ـ ئێ.

ـ ئەسڵەن گورگ ماوە؟ من کە باوەڕناکەم. رەنگە لە ناوچە دوورەکان، بەڵام نەک لە تەنیشتی شار. ئەویش لەو شاخە.

ـ ماوە. کە بشمێنن دەکرێ بگەنە هەر شوێنێک کە ئەقڵ نایبڕێ. ئەمە یاسای جووڵەیە.

چایچییەکە هاواری دەورێ چایی تریان لێدەکا. هەر چواریان بەسەر قسەکەی دەسەلمێنن.

ـ باشە پێتان وایە نێوانی ئەو برادەرە دووای ئەم کارەساتە لەگەڵ سڵفیش چی دەبێ؟

هەموو بێدەنگ دەبن. پاش ماوەیەک:

ـ ماوەیەکی چاک تەرکی دەکا! بگرە هەر واز لە موبیل و شتی وا دێنێ.

ـ پێم وانیە وازی لێ بێنێ. موبیلێکی تر دەکڕێ (رەنگە هەر ئیستاکەیش کڕیبێتی)، ئەمجا دەچێ لەسەر بان سڵفیش دەگرێ.

ـ من وای بۆ دەچم ماوەیەکی چاک تەنیا سەرقاڵی گێڕانەوەی رووداوەکە دەبێ. رووداو هەتا دووربکەوێتەوە تامی گێڕانەوەکەی خۆشترە، بەتایبەت کە ترسناک بووبێت. ئەوسا رۆژێک لەگەڵ هەندێ هاوڕێی دەچێتەوە هەمان شوێن، سڵفیشێک دەگرێ و دەیکاتە بەڵگە بۆ رۆژی رووداوەکە.

ـ شتی وانابێ، تاریخی بەسەرەوەیە. ناسڕێتەوە، مەبەستم وێنەکەیە.

هەموو بێدەنگ دەبن.

ـ چەند کەس تائیستا لە کاتی سەیرکردنی وێنەی ناو موبیل دیقەتی تاریخی داوە، تا ئەوان بیدەن. تاریخ هی زەمانی کۆنە.

ـ ئەم زەمانەیش کۆن دەبێ.

ـ من وای بۆ دەچم سڵفیش شتێک نیە مرۆڤ لێی بوگزەرێ. قەت شتی وانابێ.

بۆنی چاییە تازەکانی سەر مێزەکە لە کەپۆیان دەئاڵێ. هەموو دەستی بۆ دەبەن. ئەو دانەیان کە زۆربەی جار ئاخردانەیە لە دەوری رادەڕبڕینەکاندا، دەلێ:

ـ من ئیستایش پێم وایە ئەو گورگە بۆ سڵفیش هاتبوو. گەر دەپرسن ئەو گورگەی تر چی، یان گورگەکانی تر چی، دەبێ بڵێم ئەوانیش هاتبوون بزانن سڵفیش چییە. لەهەموو شوێنێ خەڵکی ئاقڵ و نەزان هەیە. نەزانەکانیش هەمیشە لە زاناکانەوە فێردەبن. ئەمە مەنتقی مێژووە! ئەو برادەرەیش رایکرد چونکە لە نییەت و مەبەستی گورگە بەستەزمانەکە ئاگادار نەبوو. ئاکام ئەوەیکە هەم ئەو برادەرە موبایل و سڵفیشەکەی لەدەست چوو، هەم گورگەکەیش یەکەم سڵفیشی ژیانی خۆی. لە یەک رستەدا "کە پشکۆ کەوت، هەوڵبدە لە گورگەکان وەک زستان نەڕوانی!"

 

ژێرنووس:

Selfie -1 : وێنە لەخۆگرتن،  Selfish: خۆپەرەست

 

 Image result for selfie ulv

 

گەڕان بۆ بابەت