ما 2137 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەحمەد ڕەسوڵ

چەند ناسکین و چەند وریا

هەمان کۆتر بە هەمان گمە و بە هەمان فڕین
دەمانباتەوە هەمان باغ
تا بەدەستی باغەوان بکوژرێینەوە.

 

چەند جوانین

ئەحمەد ڕەسوڵ

لە هەمان ئاهەنگ و بە هەمان ئاواز و هەمان سەما

لە داوەتی هەمان تاریکیدا

دەستگیردەکرێینەوە.

...

چەند پاکین

بە هەمان سیحر و بە هەمان نیگا

فریودەدرێینەوە

...

چەند بێباکین و چەند پڕ ئەڤین،

هەمان مەعشوق، لە هەمان جێگا و لەگەڵ هەمان ئەغیار،

هەمان تیری خیانەت دەداتەوە لە جەرگمان.

...

چەند بەجەرگین و چەند ئازا

لە هەمان کێڵگە و لە هەمان وەرز و

لە ژێر هەمان هەوردا، گەمارۆ دەدرێینەوە.

...

چەند ناسکین و چەند ووریا

هەمان کۆتر بە هەمان گمە و بە هەمان فڕین

دەمانباتەوە هەمان باغ

تا بەدەستی باغەوان بکوژرێینەوە.

...

لەوانەیە ئاهەنگ، ئاواز یان سەما بگۆڕێن،

بەڵام لە داوەتی هەمان تاریکیدا

سەد جار دەستگیردەکرێینەوە.

...

لەوانەیە هەمان سیحر، هەمان نیگا و هەمان جێگا نەبێت،

بەڵام هەمان مەعشوق لەگەڵ هەمان ئەغیار

سەدان تیر دەداتەوە لە جەرگمان.

...

دەشێت کێڵگە بگۆڕێ، وەرزیش بگۆڕێ

بەڵام لە ژێر هەمان هەور و هەمان ئاسمان

بێهەژمار گەمارۆ دەدرێینەوە

...

دەشێت کۆتر ببێتە کەناری، گمە ببێتە نەغمەیەک و

هەمان فڕینیش نەبێت،

بەڵام بەدەستی هەمان باغەوان لە نێو هەمان باغ سەد جار دەکوژرێینەوە.

...

ئێمە کێین؟!

میللەتێکی خۆڕاگر و قارەمان.

دەتوانین بەنێو دڕک و زیبەندەکاندا

بە ڕووتی و بە سکەخشێ تێپەڕین.

دەتوانین

هەموو خەیاڵمان لە بریقانەوەی کەوشی

پادشاکانماندا خەرجبکەین.

دەتوانین

هەموو تێڕامانمان تەرخانبکەین بۆ شکۆمەندی

سەرۆکەکانمان.

پێمانخۆشە نەخەوین و ئێشکگری

شوراکانی جوامێری و

قەڵاکانی پڕ حیکمەتی

مەزنەکان بین.

ئای کە بەوەفاین، ئای چەند ملکەچین

بۆ خوداکانمان.

ئەوەی دەیەوێت لە گوێڕایەڵی تێبگات

بابێت لە ئێمەوە فێر ببێت.

ئاخر ئێمە چیین ئەگەر سەرۆکەکانمان نەبن؟!

ئاخر ئێمە وون دەبین و سەرگەردان،

ئەگەر پاشاکانمان نەبن؟!

ئێمە لە بریسکەی کانزای ملکەچی و

لە ڕوونیی و سازگاریی ئاوی نوشتانەوە

ناتوانین هیچیتر ببین.

...

ئێمە داهێنەرین

ڕەنگەکان بێڕەحمانە ناپاکبوون بە ئێمە

ڕەنگی تر دادەهێنین.

.....

وەک سەگێک ڕۆژی چەند جار

فڕێماندەدەن،
بەڵام قیرسچمەییمان و وەفامان،

دەمانبەنەوە بەر قاپی سەروەرانمان و

بەسەر پێکانیاندا دەکەوین

تا بمانبەخشن.

...

ئێمە سیحرێکین بۆ ئەبەد کەشف نابین.

 Image result for mørket kunst

 

گەڕان بۆ بابەت