ما 3128 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

 قادر نیکپوور

نێو ئەشکەوت تەواو تاریک دەبوو. وتم ئەگەر ئەم شەو تا بەیانی بژیم، زوو لەم شوێنە رادەکەم و دەگڕێمەو لای دایک و باوکم. لەم بیرانە دابووم، هەرچی باڵندەیە فڕی بۆ شوێنە رووناکەکە. منیش بە ترس و لەرزەوە نزیک بوومەوە تا لە دوورەوە بزانم چ باسە. 

 

بەسەرهاتێکی دڵتەزێن (٢)

قادر نیکپوور

لە ماڵی ئێمە، دایکم پێش هەموومان لە خەو هەڵ ئەستا یەکسەر دەهاتە ژووری خەوەکەم. ئەمجارەش ئەو کارە دەکات بەڵام من لەوێ نەماوم.  دەس دەکات بە گەڕان لەو دیو بۆ ئەو دیو، زۆر دەگەڕێ کەچی من نادۆزێتەوە. لایی خۆی دەڵێ، دەمزانی ئەم کچە شتێکی لەبن سەرایە. لەخۆڕا نەبوو جلوبەرگەکانی بزر بوون، و دوو رۆژ دوایی بە پاک و خاوێنی و بۆنخۆشی هاتنەوە شوێنی خۆیان. گشتی کاری خۆی بوو، داخوا بە دزی سەفەری کردووە؛ ئەم  خەون و هات و هاورا و رۆڕۆیە لە خۆرایی نەبوو. دەبێ پیش ئەوەی باوکی بزانێت بیدۆزمەوە. ئەگینا هەموو تاوانەکەی دەخاتە ئەستۆی من. ئەو کات وابوو، بەرد لە ئاسمان باریبایە دەیانگوت کاری ژنانە. دایکم بە پەلە و دڵەراوکێ دەچێتە حەوشە، دەبینێ جل و بەرگەکان لە شوێنی خۆیانن. تەواو سەری سووڕ دەمێنێت و دەڵێ، کەواتە سەفەری نەکردووە ئەگینا ئەم جلوبەرگە خاوێنانەی لەبەر ئەکرد. دەبێ لەم نزیکانە بێت، با بڕۆم خێرا بیدۆزمەوە، ئەگینا .... دەقەومێت!

قسەکانی تەواو نابێت، لە ژوورەوە دەنگە دەنگی باوکم دێت. باوکم کە لەخەو هەڵدەستێ، یەکسەر دەگەڕێ بە دوایی تەزبێحەکانی. بەڵێ، ئەمجارەش تەزبێحەکانی بزر دەکات، باوکم کە تەزبێحەکانی بزر دەکرد دنیایی لێ  وێران دەبوو. دەیوت، ئەم تەزبێحانە لە باوکم بۆم بە جێ ماون، بۆنی ئەویان لێ دێت. دایکم لە ترسی باوکم دەردی خۆی لە بیر دەکات،  زوو دەچێتە لای باوکم. دایکم ژنێکی زۆر حەیا بەخۆ بوو، کە شتێکی بۆ پێش دەهات لەشەرمان سەری لەبەر خۆ دەنا، باوکیشم ئەمەی باش دەزانی. باوکم کە دایکم بەم جۆرە دەبینێ، دەزانێ شتێک روویداوە، بە تووڕەیی دەڵێ، ئەڵێی شتێک قەوماوە لە منی ئەشاریتەوە؟

گەورەترین هەڵەی دایکم ئەمە دەبێ لە کاتی تەزبێح ون بوونی باوکم دەچێتە ژوور. ئەگەر کاتێکیتر ئەو کارەی کردبایە شتێکی تر، بەڵام ئەمجارەیان تەواو فەرقی دەکرد، چونکی تەزبێح ون بوونی باوکم گاڵتەیی پێ نەدەکرا، دنیای وێران دەکرد! بەڵێ، دایکم لەترسان رووداوەکە بۆ باوکم ئەگێڕێتەوە. باوکم بە بیستنی ئەم قسەیە، تاوێک بێدەنگ دەبێت، لە پاشان بە هێمنی دەڵێ، وەمدازنی تەسپێح ون بوون لە هەموو شتێک ناخۆشترە، بەڵام وا نیە! لەوە ناخۆشتریش هەیە!

دایکوباوکم بە دوو قۆڵی دەس دەکەن بە گەڕان، پێش هەموو شتێک لە ماڵی خزم و دۆستان، کەچی هیچیان دەس ناکەوێت. ئەگەڕین و ئەگەڕین، هیچ نیشانەیەک لەمن وەدی ناکەن. چەند رۆژ بەسەر دەچێت، ئیتر هەواڵی بزر بوونی من لە هەموو لایەک بڵاو دەبێتەوە. خەڵک زۆر دەترسن، چونکە لەم چەند رۆژەدا دوو شتی سەیر رووی دابوو، یەکەم بەردەکە، دووهەم بزر بووونی من. خەڵک لە بەڵای سێهەم ئەترسن، و چاوەڕوانی شتی لەمە خەراپتر دەکەن. لای من تەنیا یەک شت زۆر گرینگ بوو، ئەویش بە پەرۆش بوونی باوکم بۆ من. قەت نەمدەزانی باوکم منی لە تەزبێحەکانی خۆشتر دەوێت. زۆرجار لای خۆم بیرم ئەکردەوە و ئارەزووم دەکرد تەزبێحەکانی باوکم بام، کەچی وا نەبوو. ئەگەر زانیبام باوکم تا ئەو رادەیە منی خۆش دەوێت، یەکەم جار هەموو شتێکم لای ئەو باس دەکرد، و ئەم شتەش روویی نەدەدا؛ بەڵام کێ دەیزانی؟ 

ئیتر هەواڵی بزر بوونی من و نەمانی بەردەکە لە شار و دێ بڵاو دەبێتەوە، تاکو دەگاتە گوێی پاشا. پاشا بە بیستنی ئەم هەواڵە داوا لە باوکم دەکات پچتێتە بارەگایی ئەو، بە وردی بەسەرهاتەکەی بۆ بگێڕێتەوە. باوکم ئەو کارە دەکات. پاشا پیاوکی باش و دڵسۆز بوو. خەڵکی خۆش دەویست، خۆشی بە خەمخۆری خەڵک دەزانی. ئەویش وەک باوکم یەک مناڵی هەبوو، بەڵام ئی ئەو کوڕ بوو. کوڕەکەی زۆر لە خۆی دەچوو، لەگەڵ ئەوەش جوان چاک و بەغیرەت بوو. پاشا داوا لە خەڵک دەکا، یەکەم من بدۆزنەوە، دووهەم بزانن ئەو بەردە زلە چی بەسەر هاتووە، سێهەم دەبێ تاوانبار بە سزایی خۆی بگات! بۆ دۆزینەوەی من گەورەترین خەڵات دیاری دەکات، هەوروەها داوا لە کوڕەکەی دەکات وێڕای خەڵک بگەڕێت.

 

نازانم دوایی چەند رۆژ چاوم هەڵێنا، ناژزانم ئەو کاتەی هۆش هاتمەوە چ کات بوو! تەواو وە هۆش نەهاتبوومەوە، سەرم ژانی مابوو، شتەکان دوو دوو دەهاتنە بەر چاوم و لە پێش چاوم دەسووڕان. تارماییەک پێش چاومی گرتبوو، تۆزێک چاوم کوشی، کەم کەم پێش چاوم روون دەبوو. هەرچی زۆرتر ئەو کارەم دەکرد، پێش چاوم روونتر دەبوو. کەمێک هۆشم هاتەوە بەرخۆ، سەیرم کرد لە نێو ئەشکەوتێکی زەلام، سەد هێندی ژوورەکەی من، لەسەر کەوڵێکی گەرم و نەرم راکشاوم. باڵە فڕکەی باڵندە و سریوە سریوی چولەکان تەواو سرنجی راکێشام. کەم کەم شتەکان دەهاتنەوە بیرم، هەوڵم ئەدا بزانم چ قەوماوە و چم بەسەر هاتووە. تیشکی هەتاو وەک مار خۆی بە نێو تاریکی ئەشکەوت داکێشابوو، بەشێکی زۆر لە ئەشکەوتەکەی رووناک کردبوو. ئەگەرچی  چاوم هێشتا دوورایی باش نەدەبینی، بەڵام گۆشەیەک لەوێ تەواو تاریک بوو کە ئەویش خۆی لە ئەشکەوتێکی تر دەچوو. هەوڵمدا هەستمە سەر پێ، بەڵام قاچم هێزی تێدانەبوو، ناچار لە شوێنی خۆم دانیشتم. 

سەرم هەڵێنا، لە هەر کەڵێن و قوژبنێک بوونەوەرێک سەری دەرهێنابوو و جۆرێک سەیری ئەکردم. پێش چاوم تاریک و رووناک دەبوو، جاروبار شتێک پێش تیشکەکەی دەگرت و نێو ئەشکەوتەکەی تاریک دەکرد. شتەکان زۆرتر و زۆرتر دەهاتنەوە بیرم. وتم ها، ئەمە هەمان ئەو شتە زلەی قەراغ گۆمەکەیە بۆ لام دێت. هەرچی نزیکتر دەبوو، زۆرتر خۆم کۆ دەکردەوە. ئەمەم لە دایکم وەگرتبوو، ئەویش زۆرجار ئەو کارەی دەکرد. ئەوەندە نزیک بوو فوویەکی کردبایە بە قەدی ئەشکەوتی دادەدام. توانایی دیتنم تێدا نەبوو، سەرم لەبەر خۆنا و دوو گوێم هەبوون دوویی تریشم قەرز کردن، تا بزانم چ باسە و چم بەسەر دێت؟

کەمن ئەو کارەم کرد ئەویش بێدەنگ بوو. شتێکی دانا و دوور کەوتەوە. دزانە، بە سیلەی چاو سەیری شتەکەم کرد، لە خواردن دەچوو. پێش ئەوەی دەستی بۆ درێژ بکەم، شتێک هاتەوە بیرم. ئەشکەوت، ئەو ئەشکەوتی تاریک و سامناک، ئەو ئەشکەوتەی کە هەموو خەڵک باسیان دەکرد، ئەو دێوەی کە هەموو مناڵان لێی ئەترسان. بەڵام ئەو ئەشکەوتەی من بینیم، ئەوە نەبوو کە وا بە سەیری باسیان دەکرد. ئارەزووم دەکرد هەر ئەو کات بڕۆمە لای مناڵەکان و بۆیان باس بکەم ئیتر لە ئەشکەوەت نەترسن.

کە سەیرم کرد، تیشکەکە کەم کەم لادەچوو. دەبێ بکەومە شوێنی و بزانم لە کوێیوە هاتووە، بە خۆم وت. کەوتمە شوێنی، رووناکییەکی زۆر لە دوورەوە هاتە بەر چاوم. هەوە خۆیەتی، ئەمە شوێنی راکردنە و دەبێ پێش تاریک بوون خۆم رزگار بکەم، ئەگەر ئەوکارە نەکەم شەو بەسەر دادێت و لەترسان نازانم چ بکەم؟ هەرچی نزیکتر دەبووم دڵم توندتر لێیدەدا، ئەوەندە نزیک بوومەوە تاکو بە چاوی خۆم دیتم. بەردەکەی قەراغ گۆمەکە بە قیتی دانرابوو و پێش ئەشکەوتی گرتبووە. لای خۆم وتم، کەواتە چۆن ئەم بەردە زلە بە من لادەچێ؟ ئەوە کاری دێوە، هەر دێو ئەو کارەی پێ دەکرێت. بە وردی سەیری بەردەکەم دەکرد تاکو شوێنیک بدۆزمەوە بۆ راکردن، بەڵام وا وێدەچوو چەند وەستای چاک ئەم بەردەیان لە شوێنی خۆی دانابێت. زۆر ناهومێد بووم و دەستم کرد بە گریان. فرمێسکەکان تک تک دەهاتنە خوار، لە دەرەوەی ئەشکەوت دەنگێکم بیست. دەنگی دێو بوو، بە پشوو سواری دەهاتە لای بەردەکە. لەترسان گەڕامەوە ئەو شوێنەی لێی دانیشتبووم. دیسان سەرم لەبەر خۆناو بە وردی گوێم هەڵخست. خۆی بوو، دەنگی رۆیشتنی دێو بوو، ئەم دەنگە بە گوێم ئاشنا بوو. مرتەقم لەخۆم بڕی، گوێم هەڵخست.

وەک کێوێک بە تەنیشتمدا تێپەڕ بوو. کەمێک دوورکەوتەوە، بە سیلەی چاوم سەیرم کرد رۆیشتە لای شوێنە تاریکەکە، ئەو شوێنەی لە ئەشکەوتێکی دیکە دەچوو. وتم، لەم شوێنە تاریکە بەڵایەکم بەسەر دێنێ، داخی بە جەرگم هیچ کەس نازانێت چم بەسەر هاتووە. رۆیشتە شوێنە تاریکەکە، زۆری نەخایاند رووناک بوو. تیشکی هەتاویش کەم کەم ماڵئاوایی دەکرد و نێو ئەشکەوت بەرەو تاریکی دەرۆیی. هەستم بە برسییەتی کرد. زانیم بەرە بەری ئێوارەیە و ولات تاریک دەبێت. کەم کەم ئارەزوویی خواردنەکانی دایکم دەکرد. ئەو خواردنانەی بۆن وبەرامی هەموو کۆڵانی  پڕ دەکرد. سەیرێکی شتەکەم کرد لە خواردن دەچوو. پرێسکەیەکی رەش پڕ بوو لە شتی خر و خۆش. دەستم درێژ کرد ویستم گرێیەکەی بکەمەوە، شتەکان کەمێک جوڵانەوە. لەگەڵ ئەو هەموو ترسەی کە هەم بوو، دیسان حەزم دەکرد بزانم ئەو شتە خڕانە چن؟ گرێیەکەم کردەوە، پڕ بوو لە خواردنی خۆش و بەتام. پڕم دا هەنارێک، هەنارەکە زۆر گەورە بوو، هەناری وا زلم نەبینیبوو، کونێکم تێکرد و کەم کەم ئاوەکەم دەمژت، جار وباریش چاوێکم بە دەوروو و بەردا دەگێڕا. بەراستی کەس هەناری وا خۆشی تام نەکردبوو! سەیر نیە کە دەڵێن هەنار میوەی بەحەشتە. پێم خۆش بوو هەنارێکی دیکە بخۆم، بەڵام ئەو کارەم نەکرد.

نێو ئەشکەوت تەواو تاریک دەبوو. وتم ئەگەر ئەم شەو تا بەیانی بژیم، زوو لەم شوێنە رادەکەم و دەگڕێمەو لای دایک و باوکم. لەم بیرانە دابووم، هەرچی باڵندەیە فڕی بۆ شوێنە رووناکەکە. منیش بە ترس و لەرزەوە نزیک بوومەوە تا لە دوورەوە بزانم چ باسە. لە دوورەوە سەیرم کرد، هەموو خەریکی خواردن بوون. دێوەش وەک پاسەوان بە وردی سەیری دەکردن تا کەس حەقی کەس نەخوا. وتم، ئەمە تەڵەیە بۆمن. ئەوان سەرقاڵ دەکات، لە پاشان بە بێ دەنگی بەڵایەکم بەسەر دێنێت! بە دڵنیایی ئەم شەو دەمخوات. باڵندەکان پاش ئەوەی تێڕیان خوارد هەموو گەڕانەوە شوێنی خۆیان. وڵات تەواو بێ دەنگ بوو. ئەمجار نۆبەی من بوو شوێنێک بدۆزمەوە تاکو دێوە نەمدۆزێتەوە. منی بێچارە کە کونە مشکم لێ ببوو بە ئەشکەوەت، لەم ئەشکەوتە زلەدا جێگام نەبوو.

ئەوەم لە بیر چوو باسی بکەم، لای ئێوارێ زۆر کونی بچووکم دەهاتنە بەرچاوی کە لە تاقچە دەچوون. وتم، دەبێ پێش ئەوەی دێو بگەڕێتەوە خۆم لە نێو یەکێک لەم کونانەدا بشارمەوە. هەر ئەم شەو بەسە، بەیانی زوو رادەکەم! ئەشکەوتەکەی دیکەش تاریک بوو. بوونەوەرەکان هەر یەک لە شوێنی خۆیان خەوتبوون. پێم خۆش بوو بزانم لە نێو ئەشکەوتەکەی دیکە چ باسە و چیتری لێیە؟ هەر ئەوەندەم زانی دێویش پرخەی لێوەهات. لای خۆم وتم، ئەوە من تاقی دەکاتەوە تا بخەوم. زۆرم هەست و هۆش راگرت بەڵام وڵات مات و بێدەبگ بوو. پێش ئەوی خەوم لێ بکەوێت شتێک هاتەوە بیرم، ئەویش پرخەی باوکم. وتم، چۆن دەبێ باوکم بە قەت دەستێکی دێو نابێت، بەڵام پرخەی ئەو لە پرخەی دیو بەرزترە؟ پێکەنینم بەمە هات و وتم، "قەول بێت، ئەگەر رۆژێک بگەڕێمەوە لای باوکم ئەم شتەیەی بۆ دەگێڕمەوە، ئیتر لەبەر ئەم قسەیەش بێت ئەمجار پرخە ناکات".

درێژەی هەیە...

   Image result for eventyr

 

 

گەڕان بۆ بابەت