رەسول سەفەریانی
پەنجەرەکەی بەرەو باشور/ قەت ناوێرم بیکەمەوە
دوکەڵێکی تۆخی رەشی چڵکنی کۆن / بە هەیکەلی ئینسانێکی ترسناکەوە
راوەستاوە و هەوڵیش ئەدات بێتە ژوورۆ
ژورەکەی من چوار پەنجەرە لە چوارلاوە دەوری داوە
پەنجەرەکان رەنگاورەنگن
سەوزەکەیان ئەڕوانێ بۆ کوێستانێک و تا چاو دەڕوات
دارە و بەرد و سەوزایی و ژیین
بەرەو باکور پەنجەرەکەم رەنگی سورە
سورێکی وەک رەنگی خوێن و پەڕەی گوڵ و لێوی ئاڵ و سوری ئاڵای دراوسێکەم
لە پەنجەرە زەردەکەوە
هەموو رۆژێ ئەڕوانمە
زەردەی خۆر و پێکەنینی قەتیسکراو
لەسەر لێوی گەڵاکانی دارە خۆرهەڵاتییەکان
پەنجەرەکەی بەرەو باشور
قەت ناوێرم بیکەمەوە
دوکەڵێکی تۆخی رەشی چڵکنی کۆن
بە هەیکەلی ئینسانێکی ترسناکەوە
راوەستاوە و هەوڵیش ئەدات بێتە ژوورۆ
ئەم دووکەڵە خنکێنەرە تاکو ئێستا چەن جاریتر هەوڵیداوە
بخزێتە نێو ژوورەکەم و
ژین و ژوور و ژیواری من دووکەڵی کات
یەکەم جاری لە حەڕاوە هەڵیکرد و
ئەمجارە شیان لە چاڵە نەوتەکانی سەعودییەوە
بە هەیکەلی ئەتاتورک و عەرەبێکی عەبا رەش و شمشێر بە دەس خۆ دەنوێنێت