ما 2312 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شاهۆ حەسەنپوور

بۆچوونێکی باو بەڵام هەڵە هەیە کە پێیوایە زۆر کارکردن لە سەر خوێندنەوە، شیکردنەوە و دوان لە سەر دەقەکان خۆبەخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو کەسە بتوانێ بنووسێ. بە وردبوونەوەیەکی کورت بۆمان دەردەکەوێ ئەم بۆچوونە هەڵەیە. 

 

گفتوگۆ ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی نووسینی منداڵان

شاهۆ حەسەنپوور

ئاوڕدانەوە لە نووسینەکانی منداڵان، گوێگرتن لە هەستی ئەوان و بایخدان بە بۆچوونەکانیان، رێزگرتنە لە ئەوان. بەلایەکی دیکەشدا گفتوگۆ لە سەر بەرهەمی منداڵان لە پۆلدا ئەو دەرفەتە دەدا بە ئەوان کە بۆچوونی هاوپۆلییەکان لەسەر کارەکانیان بزانن و هاوکات بە کارەکانی خۆیاندا بێنەوە. ئەمانە و چەندین فاکتی دیکە دەبنە هۆی باشتر بوونی دەقەکان. زۆر جار ئێمە لە خۆمان دەپرسین کە کامە دەق بەکار بێنین بۆ کار لە سەرکردن و لەو نێوەدا لەبیرمان چووە ئێمە نووسەرانی بە رواڵەت بچووک بەڵام بەتوانامان لە پەنا دەستی خۆمان لە بیرکردوون. ئەو مرۆڤە خاوەن هەست و بە ئەزموونانە لە دەرفەتەکان دەگەڕێن هەست و بۆچوونەکانیان بێننە سەر کاغەز، بەڵام ئەگەر ژینگەی پۆل و بە گشتی دنیای دەورووبەر بۆ نووسین نەرەخسێ و ئەم هەستانە بە جیدی وەرنەگیرێن و بایەخ نەدرێ بە روانگەکانی ئەوان، ئەوە ئەم هەستانە بە رادەی پێویست گەشە ناکەن. وێناچێ تاقە مرۆڤێک هەبێت لەم دنیایە کە نەیەوێت ئەزموون و بۆچوونەکانی لە سەر دیاردە جۆراوجۆرەکان بۆ ئەوانی دیکە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەرنەبرێت. ئەوەی کە دەمێنێتەوە درووست کردنی دەرفەتەکانە، چێکردنی ژینگەیەکە کە تێدا بۆچوونەکان، هەستەکان، ئەزموونەکان دەرببردرێن  و گەشە بکەن.

دیاردەیەکی دیکە کە ئێمە لێی بێ ئاگاین کاتێ دەقی منداڵەکان بە هێند وەرناگرین ئەوەیە کە ئەوان بەرهەمهێن بارناهێنین، بەڵکوو کارێک دەکەین کە تەنیا بەرهەمی ئەوانی دیکە جارێکی دیکە بەرهەم بێننەوە، بە تایبەتی ئەو کاتانەی تەنیا کار لەسەر ئەو ئاستەی دەق دەکەین کە زنیارییەکانی دیارن و زۆرتر ڕۆچنە ناکەینە دەقەوە. پرسی پرۆسەی نووسین و خوێندنەوە (بە گشتی فێربوون) پێچهەڵپێچە و پێشکەوتنی منداڵان پێوەندی بە جۆری کارکردنی مامۆستاوە هەیە کە ئەویش بە نۆرەی خۆی هەڵقووڵاوی روانگەی مامۆستایە بۆ پرسی فێربوون و زانست. کاتێ قوتابی چالاکە لە بەرهەمهێنان و بە حەزەوە بەشداری لە پرسی فێربوون دەکا و ڕکێفی فێربوون بە دەستی خۆیەوە دەگرێ ئێمە قوتابییەکمان هەیە کە بەرهەمی ئەو جۆرە لە زانستە پێێ دەگووترێ کۆنسترۆکتیڤیست (constructivism). ئەم تێۆرییە لە فەلسەفەی پێداگۆگیدا جەخت لە سەر فێربوونێک دەکا کە تێدا قوتابی لە رێگای ئەزموونەکانی خۆیەوە لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتیدا ئاڵوگۆری زانست دەکا و لەم رێێەوە کارەکانی بەرهەم دێنێت.

بۆچوونێکی باو بەڵام هەڵە هەیە کە پێیوایە کە زۆر کارکردن لە سەر خوێندنەوە و شیکردنە و دوان لە سەر دەقەکان خۆبەخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو کەسە بتوانێ بنووسێ. بە وردبوونەوەیەکی کورت بۆمان دەردەکەوێ ئەم بۆچوونە هەڵەیە. ئێمە زۆر کەس دەناسین کە کەسانێکی بەتوانان لە قسە کردن و لێکدانەوەکاندان، بەڵام کە دێنە سەر نووسین ئاستی نووسینیان باش نیە، یان لاوازە. ئەوە راستە کە تواناییەکانی (competence) نووسین و خوێندنەوە تێکچندراون لە گەڵ ئەوەشدا لێکۆلەرەکان سەلماندوویانە کە گەشەی ناسینی (cognitive) نووسین و خوێندنەوە هەر یەکەی رەهەندی گەشەی خۆی هەیە.[1] باربرۆ وێسترلوند (و زۆر پسپۆری دیکەی) شارەزای بواری دەقی منداڵان جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە نووسەرێکی باشی دەقە جۆراوجۆرەکان لە رێگای نووسین و کارلەسەرکردنی ژانرەکانی دەقەوە بەرهەم دێ، واتە بۆ ئەوەی منداڵێک نووسەرێکی باشی ژانرەکان (دەقی جۆراوجۆر) بێ پێویستە لە رێگای دەرس پێگووتنەوە ئەو شارەزاییە وەدەست بێنێ. بۆ نموونە ئەو دەقانە چۆن درووست دەبن و ستروکتووریان چ تایبەتمەندییەکی هەیە، یان ئەو وشانەی کە تایبەتن بە دەقێک کامانەن و پێویستەچۆن دەکار بکرێن[2] کە ئەوەش بابەتێکە دەکرێ بە جیا باسی لە سەر بکرێت.

زمان و شوناس پێوەندییەکی نێزیکیان بە یەکەوە هەیە. راهێنان لە سەر نووسین بە ئامانجی جۆراجۆر و بۆ وەرگری جۆراجۆر بە واتەی ئەوەش دێ کە رووبەرووی خۆت ببیەوە وەک نووسەر. بە واتای ئەوەش دێ  رووبەرووی زمانت، رووبەرووی شوناست ببیەوە. بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن زمانیان گەشە بکات دەبێ دەقەکانیان رووبەرووی خوێنەر ببێتەوە و لەو پێوەندییەدا گرینگە بەستینیکی کار کردن لە سەر دەق لە پۆلدا هەبێت. بۆ ئەم مەبەستە ژینگەیەک دەبێ هەبێ کە قوتابی وا هەست بکات کاتێ دەقێک بەرهەم دێ قسەکردن لە سەر دەقیش بەشێکی جیا نەکراوەیە لە پرۆسەی بەرهەم هێنانی دەق [3]. لەو پێوەندییەدا ئەرکی مامۆستایە کە دوان لە سەر دەق بکاتە بنەمای کاری خۆی. کاتێ ئێمە ڕاگۆرینەوە لە سەر دەقەکان دەخەینە پلانی کارمانەوە، هەلی ئەوەمان رەخساندووە کە منداڵ چالاک بێ و چالاک بوونی منداڵ وەک باس کرا وا دەکات کە منداڵ بەرهەم هێن بێ، بە واتایەکی دیکە زانست بەرهەم بێنێ.

بۆ کارکردن لە سەر دەق رێگای جۆراوجۆر هەیە. ئەوەی گرینگە کە لە کاتی دوان لە سەر دەق جەخت لە سەر پرۆسەی نووسین بکرێت هەتا ئەوەی هەڵەکانی قوتابی چاک بکرێ. چاککردنی دەقەکان بە دەستی خودی منداڵان لە پرۆسەیەکی کاریدا بەرهەم دێ کە پێێ دەگوترێ مێتۆدی بازنەیی (teachinglearning cycle) کە لە لایەن پێداگۆگە ئۆسترالیاییەکان داهاتووە. پاولین گیبۆنز (Pauline Gibbons) یەکێک لە پێشەنگەکانی ئەم بواری کارکردنەیە. من هەوڵدەدەم کە لە بابەتێکی دیکەدا ئەم شێوەکارکردنەوە زۆرتر بکەمەوە.

 ئێمە دەزانین کارکردن لە سەر نووسین وەک راگەیشتن بە گوڵی نێو گوڵدانەکانە و بۆ ئەوەی  گوڵەکان گوڵ بکەن، دەبێ هەم پێیان رابگەین و هەم سەبرمان هەبێ هەتا بەری زەحمەتەکانمان دەبینین.  

 


[1] Graham, Steve, and Michael Hebert. Writing to Read: Evidence for How Writing Can Improve. Carnegie Corporation Time to Act Report. Washington, DC: Alliance for Excellent Education.

[2] Westrlund, Brbro (2015), Aktiv läskraft, att undervisa i lässtrategier i läsförståelse Högstadiet, Natur & Kultur: Stockholm.

Image result for lærer med skolebarn

 

گەڕان بۆ بابەت