د. مه‌سعوود بینه‌نده
له به‌رھه‌می «کراسێ نه‌ماوه دووریتی تێدا نه‌گریم»ی شاعیری سنه‌یی، شوعه‌یب میرزاییدا ھه‌وڵێک له چه‌شنی ئه‌م رێبازه نوێباوه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌ره‌وپێشبردنی «پرسگری ئاوارته و ئاڵۆزی ئێستا» له ئارادایه.
- خوێندنه‌وه‌ی به‌رھه‌می شێعری "کراسێ نه‌ماوه دووریتی تیا نهگرییم"
ماوه‌یه‌که له پانتاییی ژیانی ئه‌ده‌بیی ئێمه‌ی رۆژھه‌ڵاتیدا شێعر روو نادات! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که فانتازیای شێعر له ته‌واوی به‌ستێنه‌کانی ژیانی ئێمه‌دا حوزووری قورس و قایمی ھه‌یه به‌ڵام ده‌قی شێعری له ئارادا نییه! واته دره‌خته‌کان رێگه ناده‌ن دارستان سه‌ر ھه ڵبدات! لێره‌دا به شێوه‌یه‌کی پارادۆکسیاڵ، ئه‌وه فانتازیای شێعرییه که رێگای له روودانی شێعر گرتووه؛ فانتازیایه‌ک که ھێشتا خۆی به ھێما کلاسیکه‌کانی جوانیناسی و چێژه‌وه، توندوتۆڵ گرێ داوه و ھه‌سته‌وه‌ره‌کانی به لاواندنه‌وه‌ی ریتم و موسیقای رووکهشیانهوه سه‌رقاڵ کردووه. فانتازیای شێعری، له شێوازی باو و ناسراودا، ھێشتا ره‌گه‌زی ره‌شبینانه‌ی ئه‌فلاتوونی و دوانهبینی جهمسهرخوازانهی ره‌وتی ریالیزمی سه‌باره‌ت به شێعر له ھه‌ناوی خۆیدا راگرتووه و له خه‌ونی خۆشی شێعری خۆماڵی و ھهستورووژێندا دۆشداماوهتهوه.
ره‌وتی شێعری جیاواز له رۆژھه‌ڵات، له راستیدا ھهۆلێک بوو بۆ شکاندنی ئه‌و فانتازیا شێعرییه، که رێگای له روودانی شێعر و قووڵترکردنه‌وه‌ی ئاستی قه‌یرانی واتا گرتووه. ئه‌م ره‌وته نوێباوه، له ھه‌مبه‌ر ستالینیزمی واتا و ناوه‌رۆکدا، رابوونێکی ھه‌ڵگیرساند و شوناسی چه‌قبه‌ستوو و گشتگیرخوازانهی له شێوازی جیاوازدا به‌ره‌وڕووی کێشه و گومان کرده‌وه. گوتاری شێعری جیاواز له ئاکامی پرۆبلێماتیککردنی ژیان و ھزری ھونه‌ری؛ وێنا و پێناسه جێکه‌وتووه‌کانی جوانیناسیی باو و سه‌پاو ره‌ت ده‌کاته‌وه و له‌وێوه فه‌رمانی شهھوهتپهرستانهی «چێژ ببه»ی ئه‌ویدییه مه‌زنه‌کانی شێعر تووشی ھه‌ڵپه‌ساردن ده‌کات. ئه‌م رێبازه شێعرییه ھاوکات که دوانه بینی میتافیزیکی «من- ئه‌ویدی»، له ئاماژه‌پێدان به ئیتۆسی جیاوازی و ئاکاری چهندهنگی، به‌تاڵ ده‌کاته‌وه، به‌رانبه‌رکێی «سیاسه‌ت- شێعر» و ھه‌روه‌ھا «خود رێبازی–دیتر رێبازی» ده‌خاته ژێر ته‌وژمی پرسیار و ھه‌ڵی ده‌وه‌شێنێته‌وه.
له به‌رھه‌می «کراسێ نه‌ماوه دووریتی تێدا نه‌گریم»ی شاعیری سنه‌یی، شوعه‌یب میرزاییدا ھه‌وڵێک له چه‌شنی ئه‌م رێبازه نوێباوه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌ره‌وپێشبردنی «پرسگری ئاوارته و ئاڵۆزی ئێستا» له ئارادایه.
چه‌مکی ھه‌بوون به (be coming) ی دلۆز، ده‌توانێت ره‌ھه‌نده جیاوازه‌کانی پراکتیسی شێعریی ئه‌م بهرھهمهمان بۆ روون بکاته‌وه که ده‌کرێ له سێ بواره‌وه ئاماژه‌کانی بخوێنینه‌وه و بەپێی پێکهاته‌ی ده‌ق دیاریی بکه‌ین.
له‌م ده‌قه شێعرییه‌دا:
یه‌که‌م) شته‌کان له ھه‌بوونی گهوھهرخوازانهی خۆیان داده‌بڕدرێن.
دووھه‌م) ھه‌ر دیارده‌یه‌ک له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دیارده‌کانی تردا و ھه‌روه‌ھا له‌گه‌ڵ گشتێکی بێ‌سنووردا ناسه و پێناسه وه‌رده‌گرێت.
سێھه‌م) ھه‌رشتێک به‌پێی داھاتووی ئه‌و شته ده‌خوێندرێته‌وه و ده‌ناسرێت.
له‌م ده‌قه شێعرییه‌دا، رووداوه‌کان و ئۆبژه نوێنراوهکان له به‌ستێن و فه‌زای شاردا روو ده‌ده‌ن، واته سنووره‌کانی ده‌ق ھه‌مان سنووره‌کانی شاره؛ به‌ڵام بێگومان پێویسته به‌پێی راڤه‌ی ئیماژه‌کان و ھه‌روه‌ھا له سۆنگه‌ی شیکاریی گۆتارهوه، چۆنیه‌تیی ئه‌زموونی شار؛ واته بهدهقبوونی شار و بهفۆرمبوونی مێژووی سه‌رده‌م له‌م به‌رھه‌مه شێعرییه‌دا تاوتوێ بکه‌ین.
- شار ده‌رفه‌تێک بوو که نه‌قه‌وما... (ل37)
- شار پهشیمانیێکه له بالغێیکا ... (ل38)
- ئه‌م شاره به‌شی مردنی که‌س ناکان... (ل48)
- شار بهڕهگهکانما ده‌می کێشاوه ... (ل56)
- کچ ته‌نیا بوو / شار ھهڵیگرد ... (ل87)
شار لێره‌دا نه ئۆبژه‌یه‌که له ته‌نیشت ئۆبژهکانیتردا و نه‌ش شوێنێکی تۆپوگرافیکی سهقامداره؛ شار له‌م ده‌قه‌دا فه‌زایه‌کی سه‌یاله و له ته‌واوی پێوه‌ندی و پێناسه‌کاندا حوزوورێکی غایبی ھه‌یه. شار له راستیدا ئه‌و سیسته‌مه دهلالییهیه که واتا و وتاری پێ ده‌نووسرێته‌وه و پێوندییه‌کانی پێ رێکده‌خرێت. به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له ئه‌زموونی شار له ده‌قه شێعرییه‌کانی پێشوودا ده‌توانین ئاماژه به ئه‌زموونی سواره بده‌ین؛ ئه‌زموونی سواره له شار به‌گشتی ئه‌زموونێکی تراژیک بوو؛ به‌و واتایه‌ی که ھه‌رچه‌نده سواره به‌و راستییه گه‌یشتبوو که ھه‌رچه‌شنه دابڕانێک له سونه‌تی ئه‌ده‌بی و ھزری پێویستی به فه‌زای شار و ئه‌زموونی مودێڕنیتی شارییه به‌ڵام له لایه‌ن مودێرنیزمی په‌ره سهندوویی شاره‌وه که‌وته په‌راوێزه‌وه و رێگای ئه‌زموونی ناکۆکی و دژوازییه‌کانی «ئاژاوه‌ی بزۆزی» شاری لێ وه‌رگیرا. شێعری شاری سواره ره‌وایه‌تی شاربهدهربوونی سووژهیهکه که له‌سه‌ر ھێڵه‌کانی سنووری قۆناغێکی مێژوویی راوه‌ستاوه و ھه‌وڵ ئه‌دا ئاکاری دابڕان له پراکتیسی شێعریدا فورمووڵایز بکاته‌وه. شار له ده‌قی شێعری «کراسێ نه‌ماوه ... »دا، جیھانبینی و ئاسۆی روانینی گوتاری شێعری داگیر کردووه و به چه‌شنێک ھه‌بوونایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی بێسنووری خۆی سه‌پاندووه به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م حوزووره حاشاھه‌ڵنه‌گره، گوتاری ده‌ق له ئه‌زموونی مودێڕنیتی شاردا تووشی که‌ڵێن و بۆشایییه و ئه‌مه‌ش ناو به ناوێ له شێوازی گومان و راوه‌ستان و گه‌ڕانه‌وه‌دا خۆی ده‌نوێنێت. شار ئه‌گه‌رچی ھێشتا نه‌قه‌وماوه به‌ڵام به ره‌گه‌کانی شاعیره‌وه ده‌می کێشاوه و له دووی کچانی ته‌نیا ده‌که‌وێت و ھه‌ڵیانده‌گرێت. که‌وایه "ماتریکسی شار" له ھه‌موو کردار و وتارێکدا ده‌نوێنرێته‌وه؛ به‌ڵام دیسان له فۆرموهرگرتنی ئه‌زموونی شاردا بۆشاییه‌ک ھه‌یه که به که‌ڵکوه‌رگرتن له چه‌شنێک فانتازیای رۆمانتیک پڕ ده‌کرێته‌وه!
- ئاخری ئه‌م خیابانه ئه‌گاته مناڵیم ... (ل13)
- دڵته‌نگی خیابانێکه بێلایه‌ن... (ل28)
- له پاییزدا په‌نجه‌ره‌یه‌کم بۆدانن/ جاریم که‌ن/ بهسکووتی به‌ردێکا ... (ل12&13)
- ته‌نیا گوڵدانێک بۆ حافزه‌ی په‌نجه‌ره به‌جێ دێڵم ...(ل18)
له ھه‌ر شوێنێکدا که حوزووری شار برز ده‌بێت و وێنه‌ی بهرڕوانین، ته‌ماوی و ناخوێنده ده‌بێته‌وه، گوتاری شێعری ئاڕاسته‌ی رۆمانتیکی به‌خۆوه ده‌گرێت و «سووکێتی تاقه‌تپڕووکێنی» نه‌بوونی شار، به قورسایی میتافیزیکی نوستالژیا و گه‌ڕانه‌وه بۆ جیھانی مه‌نگ و بێخه‌وشی ھه‌رێمی دایک، پڕ ده‌کرێته‌وه.
وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا له‌م ده‌قه شێعرییه‌دا ئۆبژه‌کان و دیارده‌کان خاوه‌نی ئیگزیستانسێکی گه‌وھه‌ری و ره‌ھا نین و به‌رده‌وام له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ شته‌کانی تر روو ئه‌ده‌ن:
- ئه‌گه‌ر چۆله‌که رووی نه‌دا / دڵته‌نگییه‌کانم ئه‌که‌مه به‌ر قاڵاو... (ل13)
- پارک ئه‌و وه‌خته‌یه که ھه‌ناسه‌ی سهندهڵیێک له خهڵوهتیهکانتا خه‌فه که‌ی ...(ل58)
- خۆشه‌ویستی رووداوێکه روو له په‌نجه‌ره ...
- مردن له‌مندا گۆمێکه / نه له ئاپارتمانا ئهقۆمێ / نه له خه‌یاڵی شاعیرێکا...(ل12)
چه‌مکی ته‌مسیل (Allegory) ی بێنیامین، ئاماژه به‌و شتومه‌ک و وردهواڵانه (bits and pieces)ی ژیانی رۆژانه ئه‌دات که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له روانگه‌ی باودا، زۆر گرنک و سه‌رنجڕاکێش نانوێنن به‌ڵام له راستیدا گوتارێکی ئووستووره‌یی پێک دێنن که له ھه‌ر قۆناغێکی مێژوویی‌دا ره‌وتی تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی جیھانی سه‌رده‌م ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن. بێنیامین له «پرۆژه‌ی پاساژهکاندا»، پاساژ، په‌راوێزی شار، داستانی پۆلیسی، له‌شفرۆشیی شه‌وانه و... به ئۆبژه سه‌ره‌کییه‌کانی پاریسی سه‌ده‌ی 18 ناو ده‌بات و پێی وایه مرۆڤه‌کان و لانیکه‌م ھونه‌رمه‌ندان به پێی ئه‌م دال (signifier) ه سه‌ره‌کییانه، واتا به ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان ده‌به‌خشن. له ده‌قی شێعریی «کراسێ نه‌ماوه... »دا، ئۆبژهگهلێکی وه‌کوو بووتیک، کراس، پارک، قاڵاو، خیابان، په‌نجه‌ره، ئاپارتمان، ھه‌ینی و... کۆی ئه‌و تهمسیلانه پێک ده‌ھێنن که گوتاری شێعری، به پێی تێگه‌یشتنی سه‌رده‌م به‌رساز ئه‌ده‌ن و بەگشتی ئه‌زموونی پۆیهتیکی شاعیر به‌رھه‌م دێنن.
- ئێستا ئاپارتمان له ھهراسما / قه‌ره‌باڵغه... (ل12)
- له بیرته له‌م کراسه چه‌نێ چه‌مه‌دان خه‌وتبوو...(ل68)
- گوێم له قاڕه‌ی قاڵاو و ته‌عتیلی قاوه‌ی ئه‌م پارکه پڕه...(ل58)
- من نازانم خیابان / یان بۆچی مه‌جبووره پیاده‌ڕه‌و...(ل37)
- تۆ وتت ئه‌م شاره ھه‌ر مانکنه و دیوار به ھهناسهماندا ئه‌ڕووخێ...(ل47)
ئیماژی «کراس» له گوتاری ئه‌م ده‌قه شێعرییه‌دا، ده‌وری دالێکی سه‌ره‌کی ده‌بینێت و ده‌کرێت ده‌لاله‌تی جیاواز به خۆوه بگرێت. کراس لێره‌دا وه‌کوو ھاوتهنیشتی جه‌سته ده‌توانێت به شێوه‌یه‌کی میتافۆریک جێنشینی جه‌سته کرابێت؛ واته بۆن و به‌رامه‌ی کراس ئاماژه به ئه‌ستاتیکای له‌شی ژنانه و فانتازیای به‌رسازدراوی جه‌سته (body) بدات. ھه‌روه‌ھا له روویه‌کی تره‌وه کراس ده‌توانێت نه وه‌کوو وێنا و نوێنه‌ری جه‌سته به‌ڵکوو له بنه‌مادا خۆی وه‌کوو ئۆبژیه‌کی سێکسی، مه‌به‌ستی خه‌یاڵی فتیشیستی پێک بھێنێت. لاکان پێی وایه خه‌یاڵی فتیشیستی به‌رھه‌می ئینکاری ناته‌واویی دایکه (له لایه‌ن منداڵه‌وه)، ھه‌ر بۆیه ئۆبژه- فتیشێک له‌م چه‌شنه کرداره‌دا بۆشاییی ناته‌واوی دایک به شێوه‌یه‌کی سه‌مبولیک پڕده‌کاته‌وه. ئیماژی کراس یان ته‌نانه‌ت به‌شێک له جه‌سته که ئیرۆتیکای ره‌وایه‌تی شێعری به‌ره‌و پێش ده‌به‌ن، ده‌توانێت له ھێمای فتیشێکدا نه‌وه‌ک جێنشینی جه‌سته به‌ڵکوو وه‌کوو جێنشینی «فالۆس»(شێوازی سه‌مبولیکی ئه‌ندامی نێرینه) ده‌ور ببینێت.
- کراسێ نه‌ماوه دووریتی تیا نه‌گریم...(ل45)
- خه‌ریکم له کراسه‌که‌ت / بێتاقه‌ت ئه‌شکم ...(ل24)
- ھه‌رچه‌ن ئه‌که‌م / کراسه‌که‌ت لێم شه‌رمنه ...(ل33)
- تۆ فێرم کە چون شه‌وێ چوار کراس له ژنێکا / چوار کراس جه‌حانم بچم...(ل75)
- من له کراسه‌که‌ت کاڵتر ئه‌خه‌وتم / تا پشیله‌یه‌ک به وهیلانیما بمیاونێ...(ل60)
یه‌کێکی تر له ئیماژه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م ده‌قه شێعرییه، چه‌مکی په‌نجه‌ره‌یه که له پێوه‌ندییه‌کی دیالێکتیکی له‌گه‌ڵ واتای دیواردا خوازه و حه‌زێکی رزگاریبه‌خش له ھه‌ناوی ره‌وایه‌تی شێعرییه‌وه به‌رجه‌سته ده‌که‌نه‌وه. ھه‌رچه‌نده چه‌مکی په‌نجه‌ره و دیوار نه‌توانراوه له واتای باو و جێکه‌وتووی خۆیان دهربھاوێژرێن و چه‌شنێک ئاشناییسڕینهوهیان بۆ دابین بکرێت به‌ڵام به‌کارھێنانی داھێنه‌رانه‌ی په‌نجه‌ره و دیوار له ریزبه‌ندیی وشه و ده‌سته‌واژه‌کانی تردا گه‌مه‌یه‌کی شاعیرانه‌ی سه‌رنجڕاکێشیان رێکخستووه. له راستیدا سووژه‌ی شێعری له‌م ده‌قه‌دا سووژه‌ی ئه‌مه‌گداری "ژینگه- جیھان"ی په‌نجه‌ره‌یه که به‌رده‌وام له لایه‌ن سنووره‌کانی دیوار و دیکه‌ی به‌ربه‌سته‌کانه‌وه، بونبه‌ستی بۆ چێ ده‌کرێت و خه‌ونی کرانه‌وه و ئاوه‌ڵایی لێ ده‌ستێندرێت. ته‌نیا گوناحی شاعیر ئه‌وه‌یه که گوتاری په‌نجه‌ره‌ی فێری دایک و رۆژنامه کردووه و به‌رده‌وام له دووی پیاوێک ده‌گه‌ڕێت که ئه‌ویش وه‌یلانی په‌نجه‌ره‌یه و له پێناوی ده‌ربازبوون و رزگاریدا ماندوو که‌وتووه.
- ژنێ ئه‌وه‌نده په‌نجه‌ره / له خه‌یاڵیا گڵۆڵه بووه / گڵۆڵە بووەو /سه‌فه‌ر به سه‌ری بلیتهکانیا په‌نجه‌ره ...(ل45)
- که‌نی / په‌نجه‌ره‌م لێ لێڵ بووه/ وهیلانتر له کۆڵان...(ل58)
- بۆ ھه‌ر دیوارێ/ په‌نجه‌ره‌یه‌ک بنووسه...(ل67)
- ئه‌گه‌ر په‌نجه‌ره نه‌بێ/ ته‌واو ئه‌بین...()
- من پشتی ده‌ستم دیوار کردوه/ ئیتر بۆ ھیچ په‌رده‌یێ په‌نجه‌ره نه‌بم...(ل67)
- زۆر سه‌خته په‌رده بیت و پهنجهرهیێکت بۆ نه‌کرێته‌وه ...(ل82)
له‌م ده‌قه‌دا له لایه‌که‌وه ره‌وتی بهکراسبوونی جه‌سته، واته فیتیشیزمی کراس له فه‌زای ڤیتالیستی و زیندووگهرانهوه به‌ره‌و فه‌زای مردوو و بێجمهی فتیشهکان رامان ده‌نێت و ئۆبژه‌ی ده‌سکرد و سرووشتی بێ‌گیان به‌سه‌ر شته زیندووه‌کان و ئێلێمانه گیانله‌به‌ره‌کاندا زاڵ ده‌کات؛ و له‌لایه‌کی تره‌وه رۆحی جموجووڵ و هه‌سته‌وه‌ری ده‌خاته ناخی جیهانی سڕوساردی په‌نجه‌ره‌کان و ده‌ورێکی کارا و کاریگه‌رییان پێ ده‌به‌خشێت. که‌وایه له‌م ده‌قه‌دا ئێمه به‌ره‌وڕووی ململانێیه‌کی بنه‌مایی و ئانتاگوونیستی له نێوان دوو ره‌وتی "بهکراسبوونی جه‌سته‌کان" و "رابوونی په‌نجه‌ره‌کان" ده‌بینه‌وه که ساتی کۆتایی(closure) له قه‌یرانی بێکۆتاییدا(disclosure) رۆ ده‌به‌ن و ره‌وایه‌تێکی ناکۆک له ململانێی سیاسه‌ت و پۆلیس یان ئیرۆس و تاناتووس به‌رهه‌م دێنن...
هه‌روه‌ها له‌م ده‌قه شێعرییه‌دا جێگوڕیکردن به وشه‌کان و به‌کارھێنانیان له جێی نه‌خوازراو و ناوازه‌دا جار وایه موتیڤی شاعیرانه‌ی به‌رچاو ده‌خوڵقێنێت و ھه‌ندێ جاریش له ھه‌وڵێکی میکانیکی و ده‌سکرد نزیک ئه‌بێته‌وه که ئه‌مانه له فۆرمگه‌لی وشکهه‌ڵگه‌ڕاو و راوهستاودا خۆ ده‌نوێنن.
- به دۆعای کامه باران شه‌و دایکرد...(ل68)
- نیوه‌ڕۆ له رادیۆکهمانا باش که‌وتووه...(ل68)
- چۆار کراس له ژنێکا جه‌حانم ئه‌چم...(ل75)
- هێڵه‌کانی ئه‌م جاده، قاڵاوتر له بارانن...(ل89)
پرسیارێ که به‌رده‌وام له سه‌ر سه‌ری ده‌قه شێعرییه‌کانی تایبه‌ت به ره‌وتی جیاواز سێبه‌ری چاندووه ئه‌وه‌یه که ئایا کوو گه‌مه‌ی فۆرم و ته‌کنیکه جیاوازه‌کانی توانیویه رواڵه‌تێکی زیندوو له ئۆرگانیسمی شێعریدا به‌خۆوه بگرێت یان وه‌کوو مردوویه‌کی زیندوونوێن ته‌نیا بۆشایییه‌کانی حوزووری لۆگۆسی شێعر پڕده‌که‌نه‌وه و وه‌کوو بارێکی قورس و گران، چالاکی و بزۆریی گوتاری شێعرییان له‌خشته‌بردووه!؟ ده‌کرێ بڵێین سنووری نێوان فۆرماڵیزمی ده‌سکرد و نیهیلیزمی زمانپهرێشانه له‌گه‌ڵ خولقاندنی رووداو/حه‌قیقه‌تی بووتیقای شێعرییدا مه‌ودایه‌کی کورت و فه‌زایه‌کی خۆڵه‌مێشییه که ھه‌ڵسه‌نگاندن و دیاریکردنی له ئاژاوه‌ی شێعری سه‌رده‌مدا کارێکی ئه‌سته‌م و ھه‌ستیاره. به‌ڵام بێگومان ده‌قی شێعریی «کراسێ نه‌ماوه دووریتی تیا نه‌گریم»ی شوعه‌یب میرزایی ھه‌وڵ ئه‌دا له‌م که‌شوھه‌وا قه‌یراناوییه رێگای ده‌ربازبوونێک بدۆزێته‌وه و په‌نجه‌ره‌یه‌ک به‌ره‌و «ناشوێن» بکاته‌وه. ئه‌م ده‌قه شێعرییه تێ ده‌کۆشێ به ناوه‌کی مێژوویی فۆرم ئه‌مه‌گدار بمێنێته‌وه و نێوهنجیبوونی زمان، له رواڵه‌تی ژێستێکی بێمهبهستدا، رووتوقووت نیشان بدات؛ واته ده‌یهه‌وێت کانتێکستی جیھان / مرۆڤ له فۆرمدا رۆبنێ و پاشتر به زینوونهوهی حه‌قیقه‌تی مێژوویی له دڵی فۆرمدا، ئاوه‌ھا پهنجهرهئاسا، به‌ره‌نگاری گه‌مارۆی دیواره‌کان ببێته‌وه:
- له چنار پیاوێکیان کێشا بوو
د
ا
ر
دار دڵڕه‌قه بنووسه دره‌خت
ئه‌م رۆژانه جه‌رسه‌قیل
کاری ھه‌موومان ----- ئه‌کاو
قاڵاو له بێکاریا کڵاو ئه‌کاته به‌ر باران!
· ئه‌م بابه‌ته به‌شێک له باس و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌می شێعری " کراسێک نه‌ماوه دووریتی تێا نه‌گریم"ه که له ره‌شه‌مه‌ی 1392ی هه‌تاوی له کۆڕی پێناسه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی کتێبه شێعرییهکهدا له شاری سنه پێشکه‌ش کراوه. ئه‌م بابه‌ته هه‌روه‌ها له دووحه‌وته‌نامه‌ی "دیار که‌ن"، ژماره 75، رێکه‌وتی 22ی ره‌زبه‌ری 93ی هه‌تاوی بڵاوکراوه‌ته‌وه.