ما 6105 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

و. نەژاد عزیز سورمێ

بەرەو قوڵایی شۆڕدەبیەوە

بەڵام نقوم نابى
داخۆ لە تاراوگەدا
بەرەو سوڵتانخانى عەشق
بەسەر هەورێکى سەوزەوە گەڕایتەوە؟

 

مەرگ لە بسفۆردا 

بۆ یادى (نازم حیکمەت)

 

عەبدولوەهاب ئەلبەیاتى

و. نەژاد عزیز سورمێ

 

(1)

دواى شەوى هەزارە و

پاش ساڵى دەیەم

بە ئەستەمبۆڵ دا تێپەڕیم

بە هاوڕێیان گەیشتم:

                        هەندێکیان مرد بوون

                        هەندێ پیر ببوون و

                        هەندێ خیانەتیان کردبوو

تریفەى مانگى لە (بسفۆر)دا هەڵاتوو

پاش شەوى یەکەم ..

هەندێکیشیان – وەک خۆیان ماونەتەوە

کە بەجێم هێشتبوون –

بەناو وێنە و

شیعر و مەى و خۆشەویستیدا

بەرەو شارى خەون دەچێ و

هەر وەختێ (تەڕوادە)

لە خەونەکانیدا گەمارۆ دەدرێ... دەگرى

 

( گریکەکان ) شوورەکانییان کوتایەوە و

ژنەکانیان لاقە کردن

مەینەتى هەژاران

گەمارۆ دەدرێن و

بەسەر شوورەى

ئەو شارە شەهیدانەوە

لە بێن دەبرێن

دەگرى و ناگرى

 

      بە هاوڕێیان گەیشتم:

            یونسە شەل مردبوو

            یوسفى زیندانیش لە سەرچاوە بوو

            هێشتا بۆ (مەدرید)

            لە کەشتیەکى کاغەزیدا کۆچ دەکا و

        بە تێکشکاوى

     پاسەوانى بەندیخانە

    لە سەرچاوەدا فریو دەدا

(شێخ بەدرەددین)یش لە عەبایەکى سوورى

گوڵاڵە سوورەدا

لە دەمارەوە بۆ دەمار سەربڕاو

ماهى ڕەشى ناپاکى

لە بازن و گوارەى ژنان و

مەیخانە و بازاڕ و

گەمییە سپییەکانى بسفۆر دایە

کرێکارى بەندەرەکە

بە جل و بەرگى شینەوە

تارمایی بوو بەسەر کورسییەکەیەوە

لە مەیخانەدا

فیلەتەنێکە بێ چەک:

وەک بڵێى بە شمشێرى برووسکە

لە دەریامان نەدابێ

یان تێنەپەڕیبووین

لە پێناوى ئەوەى شەوى ئادەمزاد

  خوداوەند – باڵداران

ڕووناک بکەینەوە

 

هەندێکیان

وەک بەجێم هێشتبوون

وا مابوونەوە

بەسەر شانۆى چۆل و

لە سێرکدا

بەسەر پشتى ئەسپێکى دارینەوە

نمایش دەکەن.

هاوڕێیان

بەسەر شۆستەى بەندەردا

لەسەرخۆ

دەبنیسان و دەمردن

لێ سترانبێژ، بە گۆرانییەکانى

بەرەنگارى

سیس بوون و مەرگ دەبووەوە و

لە دۆزەخیدا، هەڵقرچاو

شەوى ئادەمزاد و خوداوەند و باڵدارانى

ڕووناک دەکردەوە.

 

(2)

دواى تۆ

مەرگ و جودایی لە ئەستەمبۆڵ

گەمەى چاو لە ڕێى هەڵخەڵەتاوى دەکرد

(مننەوەر) شووى کردەوە و ڕۆیی

ئەوانى دیش پردەکانیان سووتاند.

 

(3)

بەرەو قوڵایی شۆڕدەبیەوە

بەڵام نقوم نابى

داخۆ لە تاراوگەدا

بەرەو سوڵتانخانى عەشق

بەسەر هەورێکى سەوزەوە گەڕایتەوە ؟

ئایا حەریم و مانگت

لە چاویدا دى ؟

ئەستێرەى جەوسەر

نهێنى نادرکێنێ

 

وەختێ کەنیزەى چاو زەیتى

دەروازەى باخچەم بۆ دەکاتەوە

کە مافوورى سوورم لەژێر پێ ڕادەخا

دەگریم

(یونس)

بە دارشەقەکەى بەدوامەوەیە

سوڵتانى مەملەکەتى مەرگ:

منم

ئەو پۆستەچیەم

فرمێسک و شەختە و خۆرى

بۆ عاشقان هەڵگرتووە

 

سەرچاوەکانى بەهارت

لە پەنجەرەى زیندانەوە: دیوە؟

یا شەمەندەفەرى شەو

کە لوورەى

لە ڕەشەبایەکى بەفریدا دەنێرێ؟

بە قژى سوورییەوە کۆت کرا بووم

بەرەو مەنفا یان دەبردم

دەلوورێنم و کۆت دەگەزم

کێ لە مندا دەڕوا و ناگەڕێتەوە؟

بینیت ؟

شتێک نییە

لە ژاوەژاو و

چەپڵەى هۆڵەکان زیاتر

شەو لە هەموو شوێنێکدا بوو

منیش بە قژییەوە کۆت کرابووم

وەک کۆیلە

بەدوایەوە بووم

بینیت؟

یوسفى زیندانى

ببووە جاسووسى دەسەڵات

کرێکارى چیکەنە و

چاپخانەى نهێنى بووە .

ڕۆژگار وەرسووڕا

بەفر بەسەر دەروازەى

باخچەدا بارى

من، سوڵتانى مەملەکەتى مەرگ

بەدواى گەورەوەمم

بەرەو تاراوگە

میراتم ، گۆڕى شەهیدانە

تا ماوم

میدالەکانیان

لە دەرەوەى هۆڵى پاشا و

دزیکەرانى شیعر و

هۆزە نوێیەکان... هەڵدەگرم

 

هاوڕێیان هەندێکیان بزرکران

یان ون بوون

هەندێکیشیان هێشتا

بە ئازایەتییەوە

لەگەڵ کاروانە مەزنەکە دەڕوا و

یونسە شەلیش

هەر لەسەر بیروباوەڕى خۆیەتى

هەموو شەوێ

نەخشەى جیهان

بە دار شەقەکەى دەپێوێ

کە دەگەڕێتەوە گۆڕیش

دەست درێژ دەکا و

خۆڵ لەسەر دەم و چاوى سترانبێژ

بسڕێتەوە ،

کە لە گۆرانییەکانیدا

بەرەنگارى

سیس بوون و مەرگ دەبێتەوە و

لە دۆزەخیدا دەسووتێ

شەوى ئادەمزاد و خوداوەند و باڵداران

ڕووناک بکاتەوە.

 Image result for døden kunst

 

عەبدولوەهاب ئەلبەیاتى: (1926 – 1999 ) شاعیرى عێراقى ناسراو یەکێکە لە دامەزرێنەرانى شیعریی نوێى عەرەبى لە عێراق .

لە بەغدا لە دایک بووە و بکالۆریۆسى لە بەشى عەرەبى وەرگرتووە.

لە نێوان 1980 تا 1989 لە ئیسپانیا ژیاوە، لەو ماوەیەدا زۆر لە کۆشیعرەکانى کراونەتە ئیسپانى.

لە ساڵى 1991 چووەتە ئەردەن... یەکێکە لەو شاعیرانەى بایەخى بە مێژوو و کەسایەتییەکانى مێژوو داوە و هەمیشە وەکو ماسک لە شیعرەکانیدا بەکارى هێناون.

زیاتر لە 25 کۆشیعرى بڵاوکردووەتەوە بێجگە لە چەندان وەرگێڕان . بەیاتى لەو شاعیرانەیە زۆرترین تێزى ماستەر و دکتۆراى لەسەر شبعرەکانى نووسراوە.

(مەرگ لە بسفۆر)دا لە کۆشیعرى ( سیرە ژاتیە لسارق النار ) بڵاوکردنەوەى (دار الشروق) چاپى دووەم 1985 . ل60 . کراوە بە کوردى .

 

گەڕان بۆ بابەت